“فەرهەنگی پشت بەستن بەدەرەوە، شکستێکی گشتیی کارگێڕیی و فەرهەنگییە”
لە زۆربەی پرسە نەتەوەیی و نیشتمانی و بەرگریکردنی گەلانی ژێردەست، بایکۆت کردن و وازهێنان لە بەکارهێنانی کاڵای داگیرکار، ڕێگەیەکی سەرەکی و بنەڕەتییە. پشتکردن لە کاڵای بیانی و ڕووکردنە کاڵای خۆجێیی وەک جێگرەوە، لە هیندستان لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدە تا ناوەڕاستی سەدەی بیست نزیکەی یەک سەدەی درێژەکێشا، تا کار گەیشتە زیان گەیاندن بە بەریتانیای داگیرکار و زیانی ٢٠% بە تێکڕای کاڵاکانیان لە ناوەڕاستی سەدەی رابردوو. سەرکەوتنە ستراتیژییە لە سەردەمی “مەهاتما گاندی” بوو، کە گەیشتە ترۆپک و ئەو کات زیانێکی زۆری دا لە پێگە و ناوبانگی بەریتانیا.
دەکرێت بپرسین بۆچی کورد بیری لە وەها بایکۆتێک نەکردۆتەوە، یاخود زەمینەی کورد ئەوەندە ساز و لەبارە کاڵای خۆجێیی ببنە جێگرەوە و پرسی کورد زەقتر و ڕوونتر بکات؟ پشت بەستن بە کاڵا و بەروبوومی خۆجێیی کلیلێکی بنچینەییە بۆ سەرکەوتنی سیاسی هەر پێکهاتەیەکی سیاسی و، نەبوونی شکستێکی فەرهەنگیی و سیاسیی دەگەیەنێت. ئەوەی جێی تێڕامان و خەوزڕان و بێسەروبەری وەبەرهێنەر و بازرگان و سەرمایەداران لەم بازاڕە کراوە و ئازادە دەگەیەنێت، ئەمە سەرباری کەمتەرخەمی بەرپرسانی وڵات، کە بریتییە لە نەبوونی ڕوانگەیەکی بەرهەمهێن و نیشتمانسازی بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی کۆمەڵگە لە بازاڕ. ئەمەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە:-
هۆکاری یەکەم: بریتیە لە لاوازی رۆشنبیری نیشتیمانی سەرمایەداران، چونکە نیشتیمانییانە بیر لە وڵات ناکەنەوە و زیاتر سەودای قازانجی زۆرن و بیر لە پرۆژەی ساخکردنەوەی بەروبوومی کشتوکاڵی ناکەنەوە، تا بازاڕی کوردستان پڕبکەنەوە لە کاڵای خۆجێی دروستکراو. بۆ نمونە کارگەی دروستکرنی ئاوە تەماتە، کارگەی دروستکردنی کێک و بسکویت، کارگەی دۆشا و شەربەت لە بەروبوومی خۆماڵی و تەنانەت نانی کوردی/تیریش یان ماستاوی کوردیش نابیندرێن. ئەوە دەرخەری نەبوونی ستراتیژیەتێکی ئابووری و قوڵی نیشتیمانییە لە لایەن بەناو سەرمایەدار و دەوڵەمەندانی کوردستان، کە ڕەگە داکوتاوەکەشی نەبوونی رۆشنبیری سیاسی و فەرهەنگییە.
لە تەک نەبوونی رۆشنبیری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ستراتیژی نیشتیمانی، هۆکاری قازانج لەڕێگەی هاوردەی هەرزان و بێ چۆنایەتییە. ئەمە دەرخەری شکستی ستراتژی سەرمایەدارانی کوردستانە، وێڕای ئەوەی یاسا و رێسا ئابوورییەکان هاندەری بەروبوومی نێوەخۆ نین تا بازاڕ بە بەرووبوومی بیانی لەق بکات. سەرەڕای ئەوەش، رەخنە و تێبینی ورد لەسەر ئەو کاڵا و بەروبوومانەش هەیە، کە هاوردە دەکرێن و هاووڵاتییانیش بە گومانەوە روویان تێدەکەن و لە چەندین بەرنامە و ریپۆرت بە ناتەندروست باس لە کەلوپەل و کالا و بەروبوومی هاوردەکراو کراوە.
هۆکارێکی گەشە نەکردنی فەلسەفە، یان لە خراپترین بارودۆخ، بیرۆکەی پشت بەخۆ بەستن، لاوازی گەشەی سیاسەتی ئابوری خۆجێیی و فرەدەسەڵاتی و نەبوونی ناوەندە لە بڕیاری ئابووری و تایبەتریش لە بڕیاری بازرگانی هەرێم. ئەوەش بەهۆی ئەو دابەشبوونە مێژووییە خراپەیە وایکردووە حکومەت لە نێو حوکمەت، وەک حکومەتی خۆجێیی سیبەر و سەربەخۆ مامەڵە بکەن. دەرئەنجام نەتواندرێت سیاسەتەکان لەو چوارچێوەیە وەکو خۆی لە زاخۆ تا خانەقین جێبەجێ بکرین. لە لایەکی دیکە.
لەوەش خراپتر بە سیاسی کردنی پرسی ئابووریی و بازرگانی و پرسە پەیوەستەکانە لە نێوەخۆ لە لایەن بەرهەڵستکارەکان. ئەمە بە تایبەت لە راگەیاندنەکانیان بە زەقی ڕەنگی داوەتە ئەوان، لە بری خزمەتکردنی پرسەکە، نانیشتیمانیاینە دەپرژێنە سەر پێویستی بایکۆتی کاڵای دەورووبەر و بەهەمان شێوە تیریان ڕووە و حکومەتە. لایەنی نەبوونی سیاسەت یان فەرهەنگێکی سەرەتایی بایکۆتی کاڵای هاوردە لە وڵاتە داگیرکارەکانی کوردستان، تێکڕای راگەیاندنەکانی گرتۆتەوە و هیچان ئەوەندە لە پرسەکە قووڵ نەبوونەتەوە و کاری لەسەر ناکەن. ڕەنگە لە لایەک ترس لەوە هەبێت گەمارۆ و قەیرانی ئابووری لێ بکەوێتەوە و لە لایەکی دیکەش بەرهەڵستکارەکان نیشتیمانیانە خوازیارن بارودۆخ و قەیرانی ئابووری لە هەرێم خراپتر ببێت، تا بە شێوەیەک لە شێوەکان، ئەگەر بە دەسەڵاتیش نەگەن، بارودۆخەکە خراپتر ببێت و رەخنە و تۆمەتەکان زیاتر بکەن.
لە کۆتایی، گرنگە حکومەت و بەرهەڵستکارەکان سیاسهتی گونجاوی ئابووری و بازرگانییان هەبێت، کە چوارچێوە نیشتیمانییەکان نەبڕێت، بەڵام لەوە گرنگتر ئەوەیە فەرهەنگیی پشت بەخۆبەستن و پشتکردن لە کاڵا هاوردکراوەکان هەبێت. ئەمە لە لایەک بوونی سیاسەتێکی ئابووری خۆجێیی وا دەکات کەرتە گشتییەکان و بە تایبەت کشتوکاڵ و بازرگانی و پیشەسازی و ئاژەڵداری ببوژێنەوە و لە لایەکی دیکە دڵنیایی بەرهەمی خۆماڵی زیاتر و تەندروستترە، ئەمەش راستەوخۆ پابەندی نیشتیمانی و خۆجێیی زیاتر دەکات. ڕەنگە گرنگترین کار بە ئاراستەی خۆییبوونی ئابووری و سەربەخۆیی ئابووری بکرێت دانانی بابەتی ئابووری و بەڕێوەبردن بێت لە پەرتووک و وانەکانی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا، تا لە لایەک لەگەڵ بازاڕی کار لەگەڵ گەنجان گونجاوتر بێت و لە لایەکی دیکە خۆبەڕێوەبردن و پشت بەستن بە توانای خۆمان زیاتر ببێت، چونکە دواجار ئەو فەرهەنگە کۆلۆنیالیە داگیرکارییەی وای کردووە لە فەرهەنگی پشت بەستن بە ئەوانی دیکە بتوێینەوە؛ ئەو فەرهەنگەش درەنگ بێت یان زوو هەر دەبێت بگۆڕدرێت و ئێستاش ئەو هەنگاوە بهاوێژرێت باشترە لە بەردەوام بوونی بەم شێوەیەی کە هەیە.