نوێنەرانی ڕۆژئاوای کوردستان و حکومەتی بەشار ئەسەد بە نێوەندگیریی ڕوسیا کۆدەبنەوە.
رۆژنامەی (زەمان)ی تورکی بڵاوی کردووەتەوە کە وەفدێکی پارتە سیاسییە کوردییەکان و نوینەرانی حکومەتی بەشار ئەسەد لە بنکەی حمێمیم و دیمەشق کۆبوونەتەوەو دواجار لەسەر ئەوە ڕێککەوتوون کە هەردوولا دەست بە دانوستانی سیاسی بکەن.
بەگوێرەی هەواڵی ڕۆژنامەکە، نوێنەرە کوردەکان پێکهاتوون لە (مستەفا مشایخ) یاریدەدەری سکرتیری گشتیی پەیەدەو دەستەیەکی پێکهاتوو لە پارتە کوردییەکانی نێو ئیدارەی خۆسەریی ڕۆژاڤا، لەگەڵ وەفدێکی حکومەتی ئەسەد بەسەرۆکایەتی (عەلی مەملوک) جێگری ئەسەدو سەرۆکی نوسینگەی ئاسایشی نیشتمانی سوریاو نێوەندگیرە ڕووسەکان.
مشایخ بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندووە: “کۆبونەوەیەکی سێقۆڵیمان ئەنجامدا، پاش گۆڕینەوەی ڕەخنەو بیروڕاو پێشنیارەکان، هەردوولا دووپاتیان کردەوە کە ئامادەی گفتوگۆن”.
لەدوای لەشکرکێشییەکانی تورکیا بۆ سەر عەفرین، یەکەم جارە نوێنەرانی ڕۆژاڤاو حکومەتی بەشار ئەسەد بەشێوەیەکی ئاشکرا کۆببنەوە. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا هێزە کوردییەکان لە چەند ناوچەیەکی ڕۆژاڤا کشانەوەو یەکەکانی سوپای سوریا لە شوینی ئەوان جێگیر بوون.
مشایخ ڕوونیکردەوە کە هەردوولا هاوڕابوون لەسەر دەستپێکردنی دانوستان، بۆ ئەو مەبەستەش بڕیاریان داوە لەسەر پێکهێنانی دەستەیەکی شارەزای یاسایی و کارگێڕی و فێرکردن و پرسە سەربازییەکان و کێشەی نەوت، بەرپرسانی وەزاریی سوریا لەو دەستەیەدا دەبن.
هەروەها ڕایگەیاندووە: ڕوسیا سوورە لەسەر ئەوەی ڕۆڵی نێوەندگیر بگێڕیت، بەو پێیەی کە زامنی پرۆسەی سیاسی و دەستپێکردنی دانوستانە لەگەڵ حکومەتی ئەسەد. لەوبارەیەوە ڕوونی کردووەتەوە: “روسیا بەڵێنی پێداوین گوشار بخاتە سەر ڕژێم لەپێناو نزیککردنەوەی دیدو بۆچوونەکان، جگە لەوەش چارەسەری هەموو کێشەکان بە هەردوولا دەسپێرێت. بۆیە ئەگەر حکومەتی سوریا جددی بێت، ئێمەش ئامادەی گفتوگۆین”.
مانگی کانوونی یەکەمی ڕابردوو (ساڵح موسلیم) ڕایگەیاند: “بە نێوەندگیریی ڕوسیا، گفتوگۆی سیاسی لەگەڵ دیمەشق دەستی پێکردووە… کێشەی کورد لە سوریا کێشەی دیموکراسییە، دیموکراسی زامنی چارەسەری کێسەی کوردە. ئامانجمان دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی نیە. ئەگەر دیموکراسی لە سوریا بچەسپێت، کێشەی کوردیش چارەسەر دەبێت. پێشنیارەکانمان چارەسەرن بۆ سوریا”.
ژێدەر/ زەمانی تورکی
ئا/ سیڤەر