هیچ فەیلەسوفێک لە مێژووی فەلسەفەدا، هێندەی ژیان و بەرهەمەکانی “سۆکرات” ناڕوون و لێڵ نییە. ئێمە لەبارەی ژیانی ئەو فەیلەسوفە مەزنەوە شتێکی ئەوتۆ نازانین، چونکە هیچ بەرهەمێکی لەدوای خۆی بۆ بەجێنەهێشتووین، هیچ سەرچاوەیەکمان لەبەردەستدا نییە مایەی متمانەی ڕەها بن، ئەوەی دەربارەی سۆکرات بە ئێمە گەیشتووە، داتا و نوسینەکانی دووان لە قوتابییەکانیەتی ئەوانیش: (زەینەفۆن و پلاتۆن)ن. سۆکرات لە ئەتینا ساڵی (469 پ.ز) لە باوکێکی پەیکەرتاش و دایکێکی مامان لەدایکبووە. لە ڕووی چینایەتییەوە سەر بە خێزانێکی ئەشرافزادەی گریکیی بووە، لە سەردەمی لاوێتییدا پەیوەندیی بە سوپاوە کردووە و بەهۆی ئازایەتیی و بەتواناییەوە زۆر چاوی لەسەر بووە[1]. بە پێچەوانەوە هەمووان لەسەر ئەو بابەتە کۆکن، کە سۆکرات ڕوخسارێکی نابووت و لوتێکی پانی هەبووە، کە لە هەموو سیلینۆسەکانی شانۆنامە ساتێرەکان ناشرینتر بووە.
بەردەوام جلی شڕ و کۆنەی لەبەرکردووە و بە پێخاوسیی هاتۆچۆیکردووە[2]. بە درێژایی (23) ساڵ كەسێكی ناشرین و پێخاوس و بەردەوام جلێكی چڵكن و پیسی لەبەركردووە و بەناو بازاڕدا بە شێوەیەكی ناڕێك ڕۆیشتووە و، گوێی بە نۆڕم و نەریتەکان نەداوە، كۆمەڵێك گەنجی لە خۆی كۆكردووەتەوە، بە تایبەتیی لاوە ڕۆشنبیرەكان؛ بەدەم پیاسەوە قسەی بۆ كردوون، هەتا سوچە تاریكەكانی لای پەرستگاكە، داوایلێكردوون گوزارشتەكانیان دیاریبكەن[3]. ئەوانەی كە دەوریاندابوو دەستی یارمەتییان بۆ درێژكرد هەتا فەلسەفەی ئەوروپیی دابهێنێت.
لەگەڵ هەستنەكردنمان بە ژیانی ئەم فەیلەسوفە گەورەیە، لە ڕێگەی ئەو زانیارییە دەگمەنەی كە پێی گەیشتووین، دەتوانین بە ڕاستیی لە ڕیزی ئەو كەسانەی دابنێین كە ژیانی لەپێناو ئامانجی عیرفانیی و بنەماكانی بڵاوكردنەوەی هەقیقەت و دادپەروەریی و یەكسانیی تەرخانکردووە و لەو ئاڕاستەیەوە كارلێكدەكات لەناو خۆیدا لە بەها چاكەكانەوە سەچاوەیان گرتووە. سۆکرات لە ئەتینادا کەسێکی بەناوبانگ بووە، چونکە “ئەریستۆڤان” لە شیعری هەورەکاندا ئەوی هەجووکردووە. ئەو ژیانی ڕۆژانەی خۆی بە وتووێژی فەلسەفەیی و پەروەدەکردنی لاوانەوە سەرقاڵکردبوو؛ بەڵام بە پێچەوانەی سۆفستاییەکانەوە، هیچ بڕە پارەیەکی بەرانبەر کرێی فێرکردن وەرنەدەگرت. سۆکرات بە داهێنەری میتۆدی دیالەکتیکیی دادەنرێت (شێوازی دیالەکتیی، واتە گەڕان بەدوای زانست لە ڕێگەی پرسیار و وەڵامەوە)[4]. سۆکرات لە تەمەنی پەنجا ساڵییدا لەگەڵ “كزانتیبی” هاوسەرگیرییکردووە، ئەو ژنەی سۆزدارییەكەی كردی بە هاوسەر و تووندوتیژییەكەیشی كردی بە ژنی ماڵەوە، یان دایک. هاوار و قیژەکانی وای لە سۆکرات كرد، كە وتە بەناوبانگەكەی بڵێت كە بەردەوام نەوە دوای نەوە دەیڵێنەوە: (كوڕەكەم ژن بهێنە ئەگەر لە ژنهێناندا سەركەوتو بوویت، ئەوا بە خۆشیی ژیان دەبەیتەسەر، بەڵام ئەگەر سەركەوتوو نەبوویت، دەبیتە فەیلەسوف)[5].
دایکی سۆکرات مامان بووە، بۆیە سۆکرات بەرمامانی فەلسەفە ناسراوە، ئەو میتۆدی دیالەتیکیی لە فەلسەفەکەیدا پەیڕەوکردووە. میتۆدی دیالەکتیک لەسەر دوو بنەما بەندە:- یەکەم: گومان و پرسیارکردن:- خۆی وەکو کەسێکی نەزان پیشانداوە و کۆمەڵێک پرسیاری ڕووبەڕووی بەرانبەرەکەی کردووەتەوە وەکو: بەختەوەریی چییە؟ ئازایەتیی چییە؟ میانڕەویی چییە؟ دادپەروەریی چییە؟ و… هتد. ئەو لەژێر فشاری ڕەخنەی لۆژیکییدا وەڵامەکانی بەرانبەری هەڵدەوەشاندەوە و بەرانبەریش دانی بە نەزانی و کۆتاییهێنان بە دیالۆگەکە دەنا، ئەو کات سوکرات چەمکە هەڵەکانی لە زەینیدا دەسڕییەوە و وەڵامی دروستی بۆ دەردەبڕی. دووهەم:- بەرهەمهێنان: سوکرات لە ڕێگەی پرسیارکردنەوە یارمەتیی بەرانبەرەکەی دەدا هەتا بیرۆکەی ڕاست لە هزری بەرانبەرەکەی لەدایک ببێت. بۆ نموونە: ئەگەر کەسێک لە وەڵامی پرسیاری ئازایەتیی چییەدا بیگوتایە نەبەزییە، ئەوا سوکرات دەیپرسی: ئایا کەللەڕەقیی شایستەی پیاهەڵدانە؟ بەم شێوەیە خاوەن وەڵام پاشگەز دەبوویەوە، یان ناچاردەبوو زیاتر وەڵامەکەی ڕوون بکاتەوە، لەم جۆرە دیالۆگەدا دەردەکەوت ئەو وەڵامانە چەندە لاوازن. شێوازی دیالەکتیک دووژمنێکی سەرسەختی بۆ درووستکردبوو، ئەوانەی وایاندەزانی کە دەزانن و ناچاردەکرێن نەزانییەکەی خۆیان تاقیبکەنەوە. بۆیە هەرگیز ئەم بابەتەیان بەدڵ نەبووە و ڕقیان لە سۆکرات دەبوویەوە، چونکە بەرەو دۆخی گاڵتەجاڕیی دەبردن. سۆکرات، پێی وابوو کەسێک زانایە، کە بزانێت زاناییەکەی هیچ بە هایەکی نییە. ئەم شێوازە دیالۆگە نەزانیی ئەو کەسانەی دەردەخست کە پیانوابوو دەزانن. بەم شێوازە پەردەی نەزانینی لەسەر دادەماڵین و ئەمەیش هۆکارێک بوو کەسانێکی زۆر کەوتنە دژایەتییکردنی. ئەم شێوازە هاوتەریبە لەگەڵ تیۆری وەبیرهێنانەنەوە بەپێی ئەم تێۆرییە فێربوونی ئێمە تەنها وەبیرهێنانەوەی ئەو بابەتانەیە کە ئێمە لە ژیانی پێشووی خۆماندا ئەزموونمانکردووە. لە (423 پ.ز) لە ئاهەنگێکی گەورەی شاردا، لە شانۆییەکدا نوسەری کۆمیدیا “ئەریستۆڤان” بە وێنەیەکی کاریکاتێریی و گاڵتەجاڕییەوە کارەکتەری سۆکرات نیمایشدەکات[7]. سوکرات دەڵێت: (لەبەرئەوەی لاوانی چین و توێژە خانەدانەکان کاروبارێکی وەهایان نییە حەزیان لێیە گوێ بۆ وتەکانی ڕادێرن، کە ئاشکراکردنی هەقیقەت/ڕاستییە، دواتر ئەم لاوانە بەم کارە هەڵدەسن و دوژمنەکانی ئەو زیاتردەکەن، چونکە خەڵکی حەزیان بەوە نییە، ئەو زاناییەی بانگەشەی بۆ دەکەن بکەوێتە ژێر گومان و پرسیارەوە)[8]. لە ساڵی (399 پ.ز) سۆکرات بە تۆمەتی گومڕابوون و نکۆڵییکردن لە خوداکان و بەلاڕێدابردنی لاوان درا بە دادگا و بە ئامادەبوونی (565) هاووڵاتیی یۆنانی دادگاییکرا و بە دەنگی (281) کەس سزای مەرگ و ژەهرخواردنی بەسەردادرا[9]. سەربوردە و حیکایەتی دادگاییکردن و ژەهرخواردنەوەکەی سۆکرات بە یەکێک لە هەرە ڕووداوە دڵتەزێنەکانی مێژووی فەلسەفە دادەنێرێت.
سەربوردە و حیکایەتی دادگاییکردن و ژەهرخواردنەوەکەی سۆکرات بە یەکێک لە هەرە ڕوداوە دڵتەزێنەکانی مێژووی فەلسەفە دادەنێرێت. سۆکرات بە سەرەنجدان لەوەی کە خۆی بە دانەری باشەی هاووڵاتییانی ئەتینا دادەنا، سازشی نەدەکرد. هەرچەندە هەڵهاتن یان قەبووڵکردنی بە واتای پەسەندکردنی تاوانباریی بوو. کاتێک قوتابییەکانی داوایان لێکرد ڕێگەی هەڵهاتنی بۆ بدۆزنەوە، ئەو ئامادەنەبوو سازش بکات و بە بڕوای ئەو هەڵهاتن و پابەندنەبوون بە یاساکان کارێکی نادروستە، چونکە هەموو هاووڵاتییەک ڕێککەوتنێکی کۆمەڵایەتیی پەسەندکردووە و پێویستە پابەندی ئەو یاسایانە بێت. هەروەها پێی وابوو، ئەو کەسانەی پابەندی یاساکانی کۆمەڵگەی خۆیان نابن، بنەماکانی ژیانی بەکۆمەڵ وێراندەکەن. لە نەریتی گریکییدا داوەریی پایەبەندی نەریتەکان تایبەتە بە بانگەشەی ڕێزگرتن لە یاساکان، ئیدی ئەم یاسایانە دەستکردی داناکان بن، یان یاسای ئیلاهیی بن جیاوازیی نییە؛ پابەندبوون بە یاساکانەوە گوزارشت لە ئاستی چاکەخوازیی و پێوەرەکانی فەزیلەت دەکات[10]. سۆکرات لەو باوەڕەدا بووە کە ڕێزگرتن لە یاساکان چەشنێکە لە ملکەچکردنی خواستە دنیاییەکان لەبەردەم ئەقڵدا. هەڵوێستی سۆکرات پشتبەستوو بوو بە بنەمای ڕەهایی فەلسەفەکەی، ئەو ژیانی خۆی لەپێناو پابەندبوون بە بە فەلسەفەکەیەوە بەخشی. ئەو لەبەر دروستیی فەلسەفەکەی پێشوازیی لە مەرگ کرد، بابپرسین ئەو فەلسەفەیە چی بوو؟
“تیۆری زانین”
سۆکرات کۆشاوە لە پڕۆسەی زانین و گەیشتن بەڕاستی، لەو کایەیەشدا خۆی لە ڕۆڵی هەست و زانینی هەستەکی بەدوورگرتووە و پەنای بردۆتە بەر میتۆدی ڕاشیۆنالیست/پشت بەستن بەژیر و ئاوەز[13]. سۆکرات بۆ دۆزینەوەی کەلێن و کەموکورتی لە فەلسەفەکەیدا پشت بە میتۆدی ڕەخنەگرانە دەبەستێت. خاڵی سەرەکی فەلسەفەی سۆکرات ئەوەیە: کە خۆت بزانی هیچ نازانیت. کاتێک پێشبینیکارەکەی پەرەستگەی دێلفی ووتبووی هیچ مرۆڤێکی زیندوو لە سۆکرات ئاقڵتر نیە. سۆکرات دەڵێت؛ لەم شتە سەری سوڕماوە، چونکە ئەو خۆی هیچ زانستێکی نیە، ناشکرێت خودا درۆبکات[14]. ئەو دەچێتە لای سیاستەمەدارێک کە بە زانا ناوی دەرکردبوو بۆی دەردەکەوێت کە نەزانترینە، دەچێتە لای شاعیران و هونەرمەندان، بۆی دەردەکەوێت نەزانن. بۆیە دەڵێت: ئەوەی ئەو پێشبینیکارە لە بارەی سۆکراتەوە گوتویەتی بەواتای ئەوە نەبووە کە سۆکرات زانایە، بەڵکو مەبەستی ئەوەبووە بەلانی کەمەوە سۆکرات ئەوە دەزانێت، لە ڕاستیدا کە هیچ نازانێت[15]. لێرەدا ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە گرنگی زانین لەدیدی سۆکراتەوە ئەوەیە درک بە کەرەستەکانی زانین بکەین، یان درک بە ئاستی زانینی خۆمان بکەین، بۆئەوەی ئاشنایی شتەکانی دەروبەربین.
بۆنمونە:- ئێمە ئەگەر لەڕێگەی چاویلکەیەکەوە تەماشایی دەووروبەر بکەین دهووروبەر دەبیینین، بەڵام پێویستە سەرەتا چاولێکەکە بناسین و ڕەنگ و ئاستی بیینی درک بپێکەین. سۆکرات هاوکێشەیەکی زۆر جێی سەرەنجی دەربڕیوە، ئەویش ئاوێتەکردنی چەمکی فەزیلەتە بە زانینەوە، دەتوانین بڵێن یەکەمین فەیلەسووفە کە چەمکی فەزیلەت بە ئیپستمۆلۆژیاوە گرێی دەدات. ئەو پێی وایە زانینی چاکە ئەنجامدانی کاری چاکەیە. خراپە یان هەڵە بە لەدەستدانی زانین یان نەزانییەوە گرێدراوە[16]. واتا؛ ئەقڵانییەت زانینەو بریتیە لە چاکە، ئەگەر زانینی چاکە ئەنجامدانی کاری چاکەیە کەواتە هەڵە لە بێتوانایی و نەزانینی چاکەوە سەرچاوە دەگرێت. لە وتەیەکی بەناوبانگدا دەڵێت:(هیچ کەس بەویستی خۆی، کاری خراپە ئەنجام نادات). ئاوێتەکردنی چەمکی (فەزیلەت و زانست) گرنترین تەوەری فەلسەفەی سوکراتە، کە بە فەلسەفەی ئەخلاقی سۆکرات ناسراوە.
“فەلسەفەی ئەخلاق”
ئەوەی بۆ ئێمە تا ڕادەیەکی باش ڕوونە، ئەو دۆزەی هزری “سۆکرات” ی بەخۆیەوە سەرقاڵکردبوو دۆزی ئەخلاق بوو. فەیلەسووفانی پێش سۆکرات لە بابەتە سروشتیەکانی وەکو؛ ماددەیی سەرەتایی و ئەستێرەناسی و ..هتد کۆڵیوەتەوە، بەڵام سۆکرات لە دیالۆگی بەرگریکردن دەڵێت: (من چیم داوە لە بیرکردنەوە سەبارەت بەشتە سروشتییەکان). سوکرات زانست بە شتێکی بێ بەرهەم نازانێت، بەڵکو گرنگی بەفێربوون و گەڕان بەدوای زانست دەدات. ئەو چەمکی ئەخلاقیی وەکو بابەتێکی ئیپستمۆلۆژی بەکارهێناوە. ئەگەر چی شانبەشانی سوکرات سۆفستاییەکانی یۆنانیش دەربارەی ئەم چەمکە دواون، بەڵام یەکەمین فەیلەسووف سوکرات بووە کە تیۆرییەکی ئیپستمۆلۆژی ئاوێتەی ئەم چەمکە دەکات. سۆکرات دەڵێت:(کاتێک مرۆڤێک کردەیەکی هەڵە ئەنجام دەدات، نەزانە، چونکە زانیاری پێشینەی دەربارەی کردەکەی نیە). لێرەوە ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە لەدیدی سۆکراتەوە ئاوەز سەنتەری بیرکردنەوەو کردە ئاکارییەکانی مرۆڤە. تێڕوانینی سۆکرات دەربارەی ئەخلاق بریتیە لە دۆزینەوەی ڕاستی و چاکە لەڕێگەی لۆگۆسەوە. ئەو دەڵێت:(هیچ کەسێک بە قەستی و لە ئەنجامی هۆشیارییەوە تووشی گوناهـ نایات، هەر بۆیە تەنها هۆشیاری دەتوانێت مرۆ بگەیەنێت بە فەزیڵەتێکی تەواو)[17]. سۆکرات پێی وایە: مرۆڤ بەزانینی چاکە، بەویستی خۆی خراپە هەڵنابژێرێت. ئێمە زۆرجار دەڵێن، بریا باشترم بکردایە، ئایا من لەمە باشترم دەزانی؟ بەبۆچوونی سۆکرات ئەمە پشت گوێ خراو و پووچە، چوون ئەگەر باشترت بزانیایە هەرگیز ئەوکارەت ئەنجام نەدەدا. ئەگەر تۆ دادوەرییەکی لەوە باشترت شیبکردایەتەوە کە ئەنجامتداوە لەبەرژەوەندی ئەو کارەت دەکرد، نەک لەدژی.
سۆکرات پێی وایە، کاتێک مرۆڤ کارێکی خراپ ئەنجام دەدات، بەردەوام لەو ئەندێشەیەدایە ئەنجامێکی باش بەرهەمبهێنێت کە گەرەنتی چاکەیەک دەکات. بۆ نمونە دزێک دەزانێت کە دزی کارێکی هەڵەیە بەڵام مستیلەیەکی ئاڵتوون دەدزێت، چونکە لەو باوەڕەدایە کە بەبوونە خاوەنی خۆشەویستەکەی بۆلای خۆی ڕادەکێشێت. بەم شێوەیە کەسانێک بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات یان سامان هەوڵدەدەن دەزانن کە یەکێک لەوانە باشە و ئەوان خۆشبەخت دەکات، بەڵام ئەوان نازانن چی شتێک چاکە. ئەم میتۆدە بە ئەخلاقی ڕاشیۆنالیست(ئاوەزگەرایی)ناسراوە. لەدیدی سۆکراتەوە تاکە مۆتیڤ و ئەنگیزە ئاکارییەکان مرۆڤ ئاوەزە. “بێرتنراند ڕاسڵ” لەبارەی فەلسەفەی ئەخلاقی سوکراتی دەڵێت: (زانین لەسەر بنەمای زانینی باڵا بەندە لە ماناو بەها ئەخلاقییە جێگیر و سەقامگیرەکاندا پوخت دەبێتەوە)[18]. پەیوەندی نێوان فەزیلەت و زانین یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی فەلسەفەی سۆکرات، ئەم پەیوەندیە لە تەواوی فەلسەفەی یۆنانی بەرانبەر فەلسەفەی مەسیحی بوونی هەیە. لەم بارەیەوە بێرتراند ڕاسڵ دەڵێت: (لە ئەخلاقی مەسیحیدا ڕێنوێنی کردنی دڵ گرنگییەکی بنەڕەتی هەیە؛ یان دەتوانین ئەم وێناکردنە لە نێو چینی کاڵفام و خوێنەواری مەسیحیدا لە یەک ئاستدا بەدی بکەین)[19]. واتا: لە فەلسەفەی ئەخلاقی مەسیحیدا سەرچاوەی ڕێنوینیکردنی کردەئاکارییەکانی مرۆڤ دڵ و دەروونە، ئەم جیاوازییەکی ڕوونە بەرانبەر فەلسەفەی ئەخلاقی سۆکرات، چونکە بنەڕەتی فەلسەفەی ئەخلاقی سۆکرات تێڕوانێنێکی ئەقڵانییە و ئەقڵ پاڵنەری دەسەڵاتدارە بەسەر کردەی ئەخلاقییەوە.
“فەلسەفەی سیاسی”
هەمووان لەسەر ئەو بۆچوونە کۆکن کە سیستەمی سیاسی یۆنانی دێرین بە سیستەمی دیموکراسی دەناسرێتەوە. وشەی دیموکراسى- démocratie لە بنەڕەتدا وشەیەکی گریکیەو لە دوو وشە پێکهاتووە Demos واتا؛ خەڵک (گەل) و کراسیا- Cratia دەسەڵات، هەردوو وشەکە پێکەوە بەواتای (دەسەڵاتی گەل) دێت[20]. مەبەست لە سیستەمی دیموکراسی democray or the rule of the people ئەو سیستەمە فەرمانڕەواییە کە تێدا هاووڵاتیانی ئازاد فەرمانڕەوایی دەکەن. لەسەردەمى یۆنانی دێریندا راستەوخۆ گەل لە ڕێگاى پەیڕەوکردنی دیموکراسى راستەوخۆ، زۆرینە دەسەڵاتێکیان بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردووە، ئافرەت و کۆیلەکان مافی بەشداریکردنیان لەم پرۆسەیەدا نەبوو. بەم جۆرە دیموکراسیەش دەگوترێت، دیموکراسی ڕاستەوخۆ. سۆکرات ڕەخنەی لە دیموکراسی شارەکۆنەکانی یۆنان و ئەو تیۆرەش گرتووە کە بنەمایی دیموکراسی لەسەر بونیادنراوە. بەپێ پەیڕەوکردنی سیستەمی دیموکراسی هاووڵاتیان یەکسانن لە دیاریکردن و هەڵبژاردنی فەرمانڕەوا. لە بەرانبەر ئەمەدا سۆکرات پێی وایە؛ دەبێت مافی هەڵبژاردن و فەرمانڕەواییکردن بە زاناکان بسپێردرێت. چونکە فەرمانڕەوای ڕاستەقینە ئەو کەسەیە سەرچاوەکانی فەرمانڕەوایی لە زانست و مەعریفەوە سەرچاوە دەگرێت. سوکرات دژ بە پڕۆسەی دەنگدان بوو، چونکە ناشارەزاکان بەهونەری سیاسەت و بە شارەزاکان یەکسان دەبن.
“پلاتۆن” لە بەشی شەشەمی کتێبی کۆماردا، دیالۆگی سوکرات لەگەڵ ئادێمینۆتۆس دەگێڕێتەوە. سوکرات لەو دیالۆگەدا دەیەوێت کەموکورتییەکانی سیستەمی دیموکراسی لە ڕێگەی وێناکردنی کۆمەڵگە بەکەشتیەک بگێڕێتەوە. سۆکرات دەپرسێت ئەگەر تۆ لەناو کەشتێکدا بیت لە گەشتێکی دەریایدا پێت باشە کێ بڕیاڕ بدات لە دیاریکردنی کاپتنی کەشتیەکە؟ هەرکەسێک بێت، یان پێت باشە کەسێک شارەزایی ڕێساکانی کەشتیوانی و شارەزای دەریابێت؟ ئادێمینۆتۆس وەڵام دەداتەوە بەدڵنیاییەوە دووەم، کەسێک شارەزایی ڕێساکانی کەشتیوانی و شارەزایی دەریابێت. سۆکرات دەڵێت؛ کەواتە بۆچی ئێمە بڕوامان وایە کێ بەتەمەن بوو ئیدی بۆ ئەوە شیاوە بڕیار بدات کێ فەرمان ڕەوایی وڵات بکات؟[21]. سۆکرات پێی وایە، چۆن ناکرێت سەرپەرشتیاری کەشتییەک بدرێتە دەستی کەسێکی نەشارەزاوە؛ ناکرێت بەو جۆرەش فەرمانڕەوایی وڵات بدرێتە دەست کەسێکی نەشارەزاوە.
سەرچاوەکان:
1.کارل یاسبرس: فلاسفة ٳنسانیون، ترجمة د. عادل عوا، منشورات عويدات، بيروت_1975…ص 8
2.برتراند راسل: تاریخ الفلسفة الغربية كتاب الأول الفلسفة القديمة، ترجمة: د. زکي نجیب محمود، لجنة التأليف و الترجمة و النشر، القاهرة_ 1967 ص 157
3.د.مستەفا غالب: نامیلکەی ئاشنابوون بە سوکرات، و/لوقمان رەئوف. دەزگای ئایدیا، چاپی یەکەم… لا 3
4.هەمان سەرچاوەی پێشوو. 5.
5.برتراند راسل: هەمان سەرچاوەی پێشوو.
6.د.مستەفا غالب لا4…هەمان سەرچاوەی پێشوو.
7.برایان ماگی: مێژووی فەلسەفە،و/ عوسمان حەمە ڕەشید. چاپخانەی حەمدی، چاپی یەکەم.2010… لا 35.
8.برتراند راسل: هەمان سەرچاوەی پێشوو
9.کارل یاسبرس: هەمان سەرچاوەی پێشوو..لا 26
10.Barkre, Ernest, Greet, Popolitical theorey macmilan co…LTD.,London, 1960…p104 11.برتراند راسل: هەمان سەرچاوەی پێشوو.
12.ٳبراهیم درویش: النظرية السياسية في العصر الذهبي، دار النهضة العربية؛القاهرة 1965. 13.حەمید عەزیز: تیۆری زانینی زانستیانە، دەزگای ئایدیا، چاپی یەکەم… 2016 لا11
14.ت.ز لافین: من سقرات ٳلی سارتر(البحث الفلسفي)دار نشر؛ المرکز القومي للترجمة.سنة النشر 2012.ص19_20
15.ت.ز لافین: من سقرات ٳلی سارتر(البحث الفلسفي)…
16.ت.ز لافین: من سقرات ٳلی سارتر(البحث الفلسفي)…
17.ئاراس سەعید: فەلسەفەی ئەخلاق. گۆڤاری گوڵچن، ژمارە(1)ساڵی 2022…لا 48
18.برتراند راسل: هەمان سەرچاوەی پێشوو.
19.برتراند راسل: هەمان سەرچاوەی پێشوو.
20.احمد صابر حوحو، مبادء و مقومات الديمقراطية، مجلة المفكره، عدد الخامس،ص321.
21.https://youtu.be/fLJBzhcSWTk