شێخ، زادەی پەروەردەیەكی ئایینی بوو، بەهەمان شێوە خاوەن پێگەیەكی ئایینیش بوو، بەڵام ڕۆشنبیر و خەڵك دۆست بوو، باوەڕی بە سیستمی سیاسی سیكولار هەبوو.
“شوێن و پێگەی شێخ عیزهدینی حوسەینی لە كۆمەڵگا و شۆڕشی ڕۆژهەڵاتی كوردستاندا”
“دەستپێك”
شۆڕشی گەلانی ئێران و ڕووخانی ڕژێمی شانشاهی، قۆناغێكی تازەی لەو وڵاتەدا هێنایە ئاراوە، گەلانی ئێران بە گشتی و گەلی كورد بە تایبەتی، لە پێناو ڕزگاری و بە دیهێنانی ئازادی و دادپەروەری تێكەڵاوی ڕووداوەكان بوون، لەم پێناوەدا كەسایەتییە سیاسیەكانی كورد دەستیان بە چالاكی سیاسی و خەباتی نەتەوەیی كرد؛ یەكێك لەو كەسایەتییانە “شێخ عیزهدینی حوسەینی” بوو دوای ڕووخانی ڕژێمی شانەشهایی و هاتنەسەركاری مەلاكان ڕۆڵی ناوبراو زیاتر بەرجەستەبوو، چونكە ئەو مەلا بوو، هاوكات خاوەن پێگەیەكی جەماوەریش بوو، بە خاتری ئەو هۆكارانە دەسەڵاتدارانی نوێ ئەویان وەك لایەنی بەرانبەر دادەنا بۆ گتووبێژ و قسەكردن لە سەر كێشەكان. لە یەكەمین كابینەی حكوومەتی ئێران وەك نوێنەری كورد هەڵبژێردرا، بەڵام ئەوهی دەسەڵاتداران چاوەڕێیان دەكرد وانەبوو، چونكە “شێخ عیزهدین” هەمیشە جەختی دەكردەوە كە داواكارێكانی كورد نەتەوەیی و سیاسین، نەك ئایینی و مەزهەبی. حكوومەت داواكارێكانی كوردی جێبەجێنەكرد، تەنانەت خومەینی شێخی بە “مفسد فی الارچ” گەندەڵكار لە سەر زەوی ناوبرد و فەرمانی هێرشی بۆ سەركوردستان دەركرد.
“لەدایكبوون و خانەوادەی شێخ عیزهدین”
خانەوادەكەی لە بنەڕەتدا لە گوندی “واژەی”ی شارباژێڕەوە هاتوون، دواتر لە بانە گیرساونەتەوە و مزگەوتێكیان بوونیاد نیاوە و شۆرەتی بە “مزگەوتی شێخ ساڵح” ڕۆیشتووە، بابی “شێخ عیزهدین” لە سەروبەندی دەسەڵاتی ڕەزاشادا ماوەیەك قازی شاری بانە بووە، دواتر دەستی لە كار كێشاوەتەوە.
“شێخ ساڵح” كەسێكی لێبوردە بووە و ڕێزێكی زۆریشی لە خەڵكی ناموسڵمان گرتووە و خاوەن هەستێكی بەرزی نیشتمانی بووە، ئەو هۆكارانە پاساو بوون كە خۆشەویستی خەڵكیبن و ڕێزێكی زۆریان لێ گرتووە، بەشێوەی نهێنی پەیوەندی لە تەك “شێخ مەحمود” دا هەبووە، كەسێكی شارەزابووە لە مێژووی ئیسلام و ماتماتیك، دانراوی لە سەر فەرائز و زانستی بەیاندا هەیە، “شێخ ساڵح” دووجار لەژیاندا هاوسەرگیری كردووە، لە ژنی یەكەمی كچێكی بووە، لە ژنی دووەمی چوار كوڕ و كچێكی بووە، نۆبەرەی ژنی دووەمی “شێخ عیزهدین” بووە، شێخ ساڵح لە ساڵی 1940 بە نەخۆشی كۆچی دوایكردووە.
“شێخ عیزهدین”، ناوی ڕەشیدە و كوڕی مەلا شێخ ساڵحە، لە ساڵی 1922 لە شاری بانە لە دایكبووە، شێخ سەبارەت بە بنهچە و تۆڕەمەی خۆی دەڵێت:- من لە ساداتی بەرزنجەم و ساڵی 1922 لە بانە لەدایكبووم، لە خێزانێكی ڕووحانیم و باوكم مەلا بووە، لە تەمەنی پێنج ساڵی و یاخود شەش ساڵی لە كن بابی دەستی بە خوێندنی ئایینی كردووە، ئارەزووی بووە بچێنە خوێندگەی سەردەمیانە، مخابن مەكتەبی هاوچەرخ تا ساڵی 1926 لە شاری بانە نەبووە، سەرەتا كتێبەكانی “گوڵستان و بوستان، ئەحمەدی و تەسریفی زنجانی” لای باوكی خوێندوە. سەبارەت بەم خوێندنەی دەڵێت:- وەك هەر كوڕە مەلایەك لە خوێندنگەی ئاینی خوێندم، ئارەزووم بووە بڕۆمە خوێندنگەی هاوچەرخ بابم ڕێگر بوو. دواتر بوومە فەقێ و چوومە ناوفەقێیان و فیكرم زۆر گۆڕا، لە كوردستان، لە شارەكانی مەهاباد و مەریوان خوێندوومە. ساڵی 1938 لە گوندی “سیسێر” لای ” مەلا سەید حسین” دەستی بە خوێندن كردووە و سێ ساڵ ماوەتەوە، ساڵی 1946 پاش ڕووخانی كۆماری كوردستان بۆ ماوەی حەوت مانگ لای مامۆستا “باقر” خوێندویەتی و لە سەر دەستی ناوبراو مۆڵەتی مەلایەتی وەرگرتووە. لەو سەروبەندەدا لەگەڵ “زولەیخا” ناوێك كە كچی ماڵە شێخێك بووە بە ناوی “سەید بابەی گەورە” هاوسەرگیری كردووە، بەرهەمی ئەو كارەش حەوت منداڵە شەشیان كیژن و كوڕە تاقانەكەشی جەمالە، شێخ لە 10/ شوباتی/ 2011 لە نەخۆشخانەی ” ئەكادیمیای زانستی “ئۆپسالا” لە تەمەنی هەشتا و نۆ ساڵی كۆچی دووایكردووە. دواتر تەرمەكی دەگەڕێنرێتەوە كوردستان و لە گردی سەیوان ئەسپەردەی خاك دەكرێت.
“بیروباوەڕی شێخ عیزهدینی حوسەینی”
شێخ خاوەن مێژوویەكی سیاسی بەرجەستەیە، لە لایەك مەلا بوو، لە لایەكیتر كەسایەتییەكی ناسراوی بزوتنەوەیەكی چەپ بوو لە كوردستان، سەرەتا لە شاری مهاباد مامۆستای زمانی عەرەبی بوو، دواتر لە مزگەوتی”سوری مهاباد” مەلایەتی كردووە، بە هۆی شارەزای و توانستی لە بواری شەرعدا خاوەن بۆچوونی تایبەت بوو، لە بەرانبەردا هاوپیشەكانی زۆربەیان لەو بوارەدا تێگەیشتنیان كۆڵ و لاسەنگ بووە، ئەوكارە پاساو بوو ئەو پێشەنگ و ناسراوبێت.
شێخ باوەڕی وابوو مرۆڤ لە ژیاندا ئەقڵ و سۆزی هەیە و ئایین لایەنیكی ڕووحانییە لە ژیانی مرۆڤدا، هەركات ئەقڵ بە سەر هەستە خراپەكەدا زاڵبێت، ئەوا لۆجیك ئهو هەستە خراپە دەسڕێتەوە. لایەنی سۆزداری، بریتییە لە پەیوەندی مرۆڤ لەگەڵا خودا، مرۆڤ لە تەك ئادەمزادا، هەندێجار ئەو هەستە لە تەك خراپەدا ئالوودە دەبێت، جاری واهەیە مرۆڤ بەردێك دەپەرستێت یان شێخێك ئەوكارانە ئایین نین و لە هەستەوە سەرچاوەیان گرتووە.
هاوكات باوەڕی تەواوی بە یەكسانی ڕەگەزی لە كۆمەڵگادا هەبووە، هەرگیز كچی بە منداڵی مارە نەكردووە، دژی ژن بە ژن و گەورە بە بیچك و …هتد بووە. هاوكات لە ژێر پەردەی ناموسدا دژ بە كوشتنی ژنان بووە، هەمیشە جەختی دەكردەوە؛ لە فیقهدا كوشتن بە نێوی نامووس وجودی نییە، تەنانەت ڕەجمیش باوەڕێكی تەوراتییە، ئەوكارانە گشتی دەمارگیرییە و سەرچاوەكەی دوا كەوتوویی كۆمەڵگایە، تەنانەت بە ڕادەیەك ئازادی بە هاوژینەكەی دابوو، لە دانیشتنەكانیدا حوزوری هەبوو. هاوكات خاوەن قسەی خۆیشی بوو، ڕێگای بە هەر شەش كچەكەی دابوو ڕێگای ژیانی خۆیان دیاری بكەن لە خوێندن، پۆشینی پۆشاك، هاوسەرگیری و تەنانەت بوون بە پێشمەرگەش، دووكیژی ئەو لە ڕیزەكانی كۆمەڵەدا چەكداربوون. ئەو پێچەوانەی مامۆستایانی تر بیری دەكردەوە، تەنانەت بۆ تەڵاق باوەڕی وابوو ناكرێت بە دووشە شیرازەی خێزانێك هەڵوەشێنرێتەوە بێ ئەوەی گەڕانەوە بۆ بەڵگە شەرعێكان لە بەرچاو بگیرێت.
“شێخ عیزهدین” باوەڕی وابوو، پێویستە ئایینی ئیسلام لە تێڕوانینی سیاسی و بەڕێوەبردنی دەسەڵاتدا گۆڕانی بە سەردا بێت، زۆر چشت لە ڕابردوودا زەمیینە هەبووە بۆ ئەنجامدانی، بەڵام ئەمێستاكە گونجاو نییە و پیادە ناكرێت، ناكرێت وەك ڕابردوو هەڵسووكەوت بكەین، ئەو وەك شێخێك خاوەنی مورید نەبووە، دژبەری شێخایەتی، تەكیە و خورافات بووە. “شێخ عیزهدین” زانستی عەرەبی و ئیسلامی كۆنی تێكەڵ بە بیروباوەڕی مۆدێرن و پێشكەوتنخواز دەكرد، مەبەستی ئاڵوگۆڕی كۆمەڵایەتی و ڕیفۆرمی مەزهەبی، باوەڕی وابوو ناكرێت مرۆڤ ئاین بكاتە ئامرازێك بۆ دەستبەسەراگرتنی ژیانی خەڵك و دیاریكردنی چارەنووسیان. باوەڕی وابوو هێزی ئەقڵ و ماریفەت دەتوانێت خۆی بەڕێوەببات. ئەم خوێندنەوانە لەو كاتەدا پڕ بایەخ بووە؛ چونكە مەلاكان دژایەتیان كردووە. ئەو هەمیشە دەیگووت:- ئایین مەسەلەیەكی ڕووحانیە، ئێمە لایەنگری پرۆسەی پەرەسەندنین، گشت مرۆڤێك بە كۆمەڵێك قۆناغدا تێدەپەڕێت تا دەگات بە ئامانج، مرۆڤایەتی بە درێژایی مێژوو وایهێناوە، پاشئەوەی مرۆڤایەتی گەشەی كردووە، ئینجا پەیامبەران و چاكسازان دەركەوتوون. بە ڕاشكاوانە گوتوویەتی:- من باوەڕم بە حكوومەتی ئایینی و مەزهەبی نییە.
پاش شۆڕشی گەلانی ئێران و جێگیركردنی “ولایەتی فەقییه” شێخ باوەڕی وابوو، بەردی بناغەی ولایەتی فەقییه لە سەر دیكتاتۆرییەت دامەزراوە. چونكە بڕوای وابوو، ئایین بە پێی قۆناغە جیاوازەكان ئەرك و ڕۆڵی دەگۆڕێت، زۆر جار لە سەر بیروبۆچوونەكانی تەكفیر كراوە. دەردەكەوێت “شێخ عیزهدین” ئەگەرچی مەلا بووە، بەڵام خاوەن بیروبۆچوونێكی كراوە بووە و جیاواز لە هاوپیشەكانی خۆی بیركردۆتەوە، لێكدانەوەیەكی مرۆڤ دۆستانەیی وردیشی هەبووە، دژ بە چەقبەستوویی، كۆنەپەرستی و خورافات بووە. ساڵی 1979 لە پەیامێكدا داوای لە جووتیاران كرد بۆ بەرگری لە مافە ڕەواكانیان لە ڕێكخراوی جووتیاراندا ببنە ئەندام.
“كەسایەتی شێخ عیزهدین”
كاتێك مەلاكانی ئەو ڕۆژگارە لە دەستی دوو و سێ ئیسلامیان ناسكردبوو، ئەو گەورە زانایەك بوو، هەڵكەوتوو، پێشەنگی هەمووان و ناسراوترینیان بوو، لە زۆر باس و خواسی مەزهەبی و ئایینی دیدو بۆچوونی خۆی هەبوو. كەسێكی بیر تەسك نەبوو، دید و هۆشیارییەكی فراوانی هەبوو، بە خاتری ئەو هۆكارانە زۆر شوێن فەقێی شێخیان وەرنەدەگرت بۆ نموونە شاری “لاجان” لە بەرانبەردا كەسانی خەباتكار و ڕۆشنبیر قوتابی مامۆستا بوون، چەندین كەسیان دەرسیان لە كن خوێندووە، بۆ نموونە مەلا ئەحمەدی شڵماشی ناسراو بە “مەلا ئاوارە” و عهبدولڵا حەسەن زادە.
شێخ كەسێكی ڕۆشنبیر و خوێنەر بوو، ئاگاداری ڕەوتی ڕووداوەكان بوو، لە بوارەكانی ئاینی، سیاسی و كۆمەڵایەتییدا، زمانەكانی كوردی، فارسی و عەرەبی زۆر بەباشی زانیوە، مشتاقی خوێندەوەی بوارەكانی ئایین، فەڵسەفە، كۆمەڵناسی، ئەدەبی و سیاسی بووە. پەیوەندییەكی زۆر باشی لە تەك چین و توێژە جیاوازەكانی كۆمەڵگادا هەبووە، ماڵ و حوجرەكەی شوێنی ڕۆشنبیران و خوێنەرانی كورد بووە. لە چاوپێكەوتنێكی بۆ گۆڤاری بەربانگ دەڵێت:- وەختایەك مەلا بووم دەستمكرد بە خوێندنەوەی گشت جۆرە كتبێك، بە تایبەت كتێبەكانی جەمالهدین ئەفغانی و محەمەد عەبدە.
شێخ لە بواری كۆمەڵایەتیشدا باوەڕی تایبەت بە خۆی هەبووە، مرۆڤێكی ئازادیخواز بووە، لایەنگری دادپەروەری كۆمەڵایەتی بووە، دژ بە چەوساندنەوە و چینایەتی وەستاوەتەوە، هەمیشە هەژارانی هانداوە لە سەر پای خۆیان بووەستن، وەبیری هێناونەتەوە كە پەیامبەر “سڵێمان” نەبێت، پاكی پێغهمبەران لە چینەكانی خوارەوەی كۆمەڵگابوون. هەژران چینی بژاردە ئێوەن دەبێت ئاگاداربن، گشت گەورە پیاوان لەو نێوەندەدا دەركەوتوون. “یوسف ئەردەڵان” سەبارەت بە كەسایەتی “شێخ عیزهدین” دەڵێت:- هەرگیز خواستی بە دەستهێنانی دەسەڵاتی نەبووە، گووتویەتی:- هەركات مەزهەب دەسەڵات بگرێتە دەست، شەریعەت جێگای قانوون دەگرێتەوە، هەمیشە دەیگووت:- من كوردم، ئەوجا موسڵمانم، چونكە كوردایەتی پێش ئیسلام هەبووە، بەڵام ئیسلام بەر لە كوردایەتی وجودی نییە. هیچكات هەوڵی نەداوە جێگەو پێگەی كەسایەتییەك بۆ بەرژەوەندی خۆی لێژ بكات، ئەو شیعرێكی دڵخوازی هەبوو هەمیشە دەیگووت-
تێكۆشەرێكی هەژاری كوردم هیچ پەشیمان نیم لەوەی كردم
“شێخ عیزهدین و كوردایەتی”
ساڵی 1944 پەیوەندی كردووە بە ڕێكخستنەكانی “ژ.ك”ەوە و ناوی نهێنی “هەوێن” بووە، لێرە بە دواوە دەست لە ئامانجی نەتەوایەتی هەڵناگرێت و بە درێژای تەمەنی لەگەڵیدا ژیاوە، ئەوكات سوێندی خواردووە خیانەت نەكات، تا كۆتایی تەمەنی وەفاداری ئەو سوێندە بووە، لە ڕێوڕەسمی هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە شاری بۆكان بەشداریكردووە. ساڵی 1951 – 1953 لایەنگری حكوومەتی موسەدەق و ریفۆرمە لیبراڵێكانی بووە، لەو ڕۆژگارەدا؛ ئەو كەش و هەوایە بارودۆخێكی لە باری بۆ چینە چەوساوەكان ڕەخساند، لەو سەروبەندەدا، “شێخ عیزهدین” مەلابووە لە گوندەكانی “كانییە ڕەش، گۆڵی و قاراوەی” موكریان، بزووتنەوەی جووتیاران لە ناوچەكەدا بەهێزبووە شێخیش پشتیوانی لەو بزوتنەوەیە كردووە، دواتر كەوتۆتە بەر هەڕەشەی ئاغا و خاوەن موڵكەكانی ناوچەكە ئەویش ناچار بووە گوندی ” گۆڵێ” بە جێبهێلێت،
“ئەحمەد ئەسكەندەری” لە زاری شێخەوە هۆكاری دەركردنی لە گوندە گۆڵێ بەمشێوە دەگێڕێتەوە:- وەختایەك ئاغای گوند ژن بۆ كوڕەكەی دەهێنێت، داوا لە پاكی ئاوایی دەكات جلكی جوان وزراڤ بپۆشن و ئامادەیی شاییەكەبن و بەو بۆنەیەوە ئاهەنگ و دیلانێ بگێڕن، كاتێك خەڵكی ئاوایی پرسیان لە شێخ كردووە لە وەڵامدا گوتوویەتی:- قەیدی ناكا، ئاغاو دەوروبەرهكەی هەمان شێوەی ژنك و كێژانی مە جلكی جوان لە بەر بكەن دگەل مە شایی و دیلانێ بكەن، كاتێك خەوەرەكە دەگاتەوە ئاغا، دەزانێت پیلانەكە لە ژێر سەری شێخدایە، پلان دادەنێت تۆڵەی لێ بكاتەوە، ئەویش پاشماوەیەك دێیەكە بەجێ دەهێڵێت. ساڵی 1968 لە شاڵاوە بەر بڵاوەكەی ساواك بۆ سەر ئازادیخوازان و نیشتمان پەروەران گیراوە، ماوەیەك لە سەربازخانەی “جڵدیان” یان پەستاوە، ئەو یەكێك بوو لەو مەلایانەی هەرگیز بە زوانی كوردی دوعای بۆ شا نەكردوە. تەنانەت هەركات بۆ بۆنەو مەرسیمەكان بانگهێشتكرابا تا ئەو جێگایەیی بوار هەبوایە نەدەچوو.
لەكاتی شۆڕشی گەلانی ئێراندا وەك ڕێبەری سەرجەم گەلی كورد لە ناوەو دەرەو چاوی لێ كرا، هەمیشە جەختی لە سەر كوردایەتی دەكردەوە، بە تێڕوانینی ئەو كوردایەتی بریتییە لە خەبات بۆ ڕزگاری میللەتی كورد لە هەموو چەوسانەوەیەك، سەرەتا چەوسانەوەیی نەتەوایەتی، پاشان فەرهەنگی و ئەدەبی و …هتد، باوەڕی وابوو كورد وەك نەتەوەیەك هەموو جۆرە چەوسانەوەیەكی لەسەرە، ئامانجێتی وەك نەتەوەیەك هەژماری بۆ بكرێت.
كاتێك قسە كردن دەهاتە سەر میللەتی كورد، شێخ دەیفەرموو:- كاتێك قسە لە سەر كورد دەكەین، لە سەر گشت كورد و كوردستان دەپەیڤین، ئەوكات میللەتی كورد وەك میللەتی موسڵمان سەیر ناكەین وەك میللەتێك سەیری دەكەین، بسڵمانە، سونە و شیعە، ئێزدی و كاكەیی، مەسیحی و جوو …هتد تیادایە. نەتەوەیەكە هەموو بیروباوەڕەكان لە خۆ دەگرێت، باسی و مسڵمان و نابسڵمان ناكەین، دەڵێین: كی كوردە و كێ خەبات و تێكۆشان بۆ ڕزگاری گەلی كورد دەكات، ئەوكات هەر كەسێك لەو ڕیزەدا بێت، هەر ئاین، بیروباوەڕ و بۆچونێكی هەیە قبوڵ دەكرێت.
“شێخ عیزهدینی حوسەینی و ڕۆڵی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كورد” 1979-1989″
دوای شۆڕشی گەلانی ئێران، بە هۆی پێگەی سیاسی و كۆمەڵایهتی شێخەوە پێویستی بە نووسینگەیەك هەبوو، بۆ وەڵامدانەوەی خواست و ویستە ئایینێكان، هەروەسا پیشاندانی هەڵوێستی سەبارەت بە ڕووداوەكانی ئەو ڕۆژگارە، بەر لە دامەزراندنی دەفتەر بە پێشنیاری “مام جەلال” و بە هاوكاری زەبیحی هەوڵی دروستكردنی ڕێكخراوێك دەدرێت، بە هۆی ناكۆكی نێوانی لایەنەكان كارەكە سەرناگرێت، “یوسف ئەردەڵان” لەم بارەیەوە دەڵێت:- شێخ نەیدەویست ڕێكخراو پێكبهێنێت. تەنانەت ڕۆژێك بە خزمەتی شێخ گەیشتم لەگەڵ كۆمەڵێك مامۆستای ئایینیدا باس و خواسیان هاتبووە سەر پێكهێنانی دەفتەر، شێخ رازینەبوو، بەڵام دواتر دەفتەر دامەزرا.
“حوسێن موراد بێگی” سەبارەت بە دامەزراندنی دەفتەر دەڵێت:- دامەزراندنی دەفتەر بە دەست تێوەردانی كۆمەڵە و بۆ بە دەستهێنانی پشتیوانی خەڵك بوو، لە ئەیلولی 1979 لە “توژەڵە” دەفتەر دامەزرا، بە خاتری ئەوەی دەفتەر حیزب و ڕێكخراو نەبوو، كەسانێكی زۆر بەشداری كارو چالاكییەكانی بوون و یارمەتی دەفتەریاندا، “فاتیح شێخ ئیسلام” بوو بە سكرتێری دەفتەر، ناوەندەكەی لە شاری مهاباد بوو لە شارەكانیتریش لقی هەبوو، لە گرنگترین كارەكانی دەفتەر گتووبێژ بوو لە تەك كۆماری ئیسلامیدا.
ساڵی 1982 ” ئەحمەد ئەسكەندەر” وەك نۆێنەری دەفتەر گەشتی ئەوروپای كرد بەمەبەستی ئاگادار كردنەوەی ڕای جیهان لە سەر بارودۆخی گەلی كورد” هەروەها لە ڕێگای دەفتەرەوە چەندین نامە نێردرا بۆ پاپای ڤاتیكان و سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتۆكان، لە هەمان ساڵدا “شێخ حوسێن” گەشتێكی نۆ هەفتەیی بۆ فەرەنسا و وڵاتی سعودیە كرد.
سەرباری كارە دیبلۆماسێكانی دەفتەر، بە سەرپەرشتی “شێخ جەلالی حوسێنی” دەستیەكی سەربازی هەبوو كە لە لایەن كۆمەڵەوە دابینكرابوو، ئەگەرچی بە ژمارە كەمبوون، بەڵام كارابوون، تەنانەت لە كاتی هێرشی كۆماری ئیسلامی بۆ سەر كوردستان، هاوشانی هێزەكانی پارتی دیموكرات و كۆمەڵە شەڕیانكردووە و ڕۆڵیان هەبووە، دەفتەر هەتا هێرشی دووەمی ئێران بۆ سەر كوردستانی ڕۆژهەلات و چوونە دەرەوەی شێخ بۆ وڵاتی سوید بەردەوام بوو لە كارەكانی.
“هێرشی دووەمی كۆماری ئیسلامی بۆ سەر كوردستان و ڕۆڵی شێخ عیزهدینی حوسەینی”
لە 1/ كانوونی دووەمی/1980 كۆماری ئیسلامی ژمارەیەك چەكداری لە شاری سنە بڵاو كردەوە، ئەوكارەش پێچەوانەی ڕێككەوتنی نێوان دەستەی نوێنەرانی گەلی كورد و كۆماری ئیسلامی بوو، لە بەرانبەردا خەڵك خۆپیشاندانیان كرد، پاسداریش لە خۆپیشاندەران هاتنە دەست و پەرچەكردارەكە ژمارەیەك بریندارو كوژراوی لێ كەوتەوە، لەم نێوەندەدا شێخ پەیامێكی بڵاوكردەوە، لە كوردستاندا بازاڕ و بەڕێوەبەرێتێكان داخران. لەم نێوەندەدا، لە ئێران كار بۆ هەڵبژاردن و دانانی سەرەك كۆمار دەكرا، كورد كاندیدی نەبوو، دواتر بڕیاردرا بەشداری هەڵبژاردن بكات و دەنگ بە كاندیدی موجاهیدنی خەلق “مەسعود ڕەجەوی” بدرێت، هۆكارەكەش ئەوەبوو لە كاتی دەنگدان بە كاندیدی ناوبراو لە چوارچێوەی گەڵاڵە نامەی “26” مافی خودموختاری بۆ میللەتی كورد پەسەند دەكات.
خومەینی لە سەرو بەندی هەڵبژاردندا جاڕیدا، كە پشتگیری هیچ كاندیدێك ناكات، بەڵام دواتر پشتیوانی لە بەنی سەدر كرد!. لە كۆتاییدا بەنی سەدر بە سەرەككۆمار هەڵبژێردرا. دواتر بۆ گوتووبێژ دەستەیەكی ناردە كوردستان، “شێخ عیزهدین” وەك سەرۆكی دەستەی نوێنەرانی گەلی كورد ڕایگەیاند؛ گەڵاڵە نامەی ” 26″ مادەیمان قبوڵە، لە بەرانبەردا سەرەككۆمار داوای دانانی چەكی لە هێزە سیاسێكانی ڕۆژهەلات دەكرد. ڕۆژی 26/ ئازار/ 1980 جارێكیتر شەڕ دەستی پێكردەوە. حكوومەت بە خەستی قەڵاتانی تۆپبارانكرد، خەڵك ناچاربوون ماڵ و حاڵیان بە جێبهێڵن، لە ڕێگای بە یاننامەوە جارێكتر “شێخ عیزهدین” ئەم شەڕەی سەركۆنەكرد، لە درێژەی بەیاننامەكەیدا دەنووسێت:- بە درێژای ئەم شەڕە من لە بیری ئێوەدا بووم، جەنگ بیست و شەش ڕۆژ بەردەوام بوو، بۆ سەركوتكردنی خەڵك، حكوومەت گشت جۆرە چەكێكی بەكارهێنا، هەوڵدرا بە گفتووگۆ شەرەكە چارەسەر بكرێت، مخابن 17/ نیسان/ 1980 تا 2/ئایار/ 1980 جارێكیتر جەنگ هەڵئایسایەوە، ئەگەرچی جارێكتر ئاگر بەست ڕاگەیەندرا” بەڵام حكوومەت پابەندی ئاگربەستەكە نەبوو.
لە 22/ ئەیلول/ كۆماری ئیسلامی لە تەك وڵاتی ئێراقی دەرهاوسێیدا تووشی شەڕبوو، سەرئەنجام ساڵی 1983 هێزەكانی ڕۆهەڵات بارەگاكانیان بردە ناو خاكی ئێراقەوە.
سەرەتا شێخ بڕیایدا شار بە جێ نەهێڵێت و لە شاری مهاباد بمێنێتەوە، دواتر شارەكەی بە جێهێشت و ڕوویكردە ناوچە سنوورێكان. لە چاوپێكەوتنی لەگەڵ ڕۆژنامەی “ئایت دیز” فەڕەنسی لە مهاباد دەڵێت:- بە پێچەوانەی ڕاپۆرتەكانی تاران، خەباتی پارتیزانی ڕۆژهەڵات پەیوەندی بە جیابوونەوەی كوردانی ئێران و یەكگرتنیان نییە لە تەك پارچەكانیتری كوردستاندا نییە. دواتر بە هۆی ئەو باردۆخەوە نەخۆش دەكەوێت، بەڵام بەردەوام بووە لە كارو چالاكی سیاسی و دەركردنی بەیاننامەو بڵاو كردنەوەی بیرو بۆچوونەكانی. سەرەتا لە گوندی ” مالومە” نیشتەجێ بووە، دواتر ڕوویكردۆتە دێهاتەكانی “ئەرتەش و سورە قەڵان” لە كۆتاییدا ڕوویكردۆتە گوندی “چۆخماخ” و هەتا ساڵی 1988 لە ناوچەكەدا ماوەتەوە، ساڵی 1989 لە تەك لیژنەیەكدا چاویان بە “یاسر عهرفات” كەوتووە، ساڵی 1990 كوردستان بە جێدەهێلێت و لە وڵاتی سوید نیشتە جێبووە.
“پەیوەندی شێخ عیزهدینی حوسەینی لەگەڵ پارت و ڕێكخراوەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان”
شێخ، زادەی پەروەردەیەكی ئایینی بوو، بەهەمان شێوە خاوەن پێگەیەكی ئایینیش بوو، بەڵام ڕۆشنبیر و خەڵك دۆست بوو، باوەڕی بە سیستمی سیاسی سیكولار هەبوو، سەبارەت به پەیوەندی لە تەك كۆمەڵەدا دەڵێت: باوەڕم بە كوردایەتی و ڕێگای كوردستان هەبوو، شایەد كۆمەڵە گەشە بكات باشترە، چونكە ڕێكخراوێكی نوێیە و لە “حدكا” باشتر دەبێت. “عهبدولڵا موهتەدی” سەبارەت بە پەیوەندی شێخ لە تەك كۆمەڵەدا دەڵێت:- شێخ كەسێكی كوردپەرەوە، ئازادیخواز و ئاشتیخواز و لایەنگری چینە چەوساوەكان بوو، هۆكاری ئایینی و بنەماڵەی لە نزیكبوونەوەی هەردوو لا كاریگەریان نەبووە. “یوسف ئەردەڵان”یش لە مەر پەیوەندی هەردوولا دەڵێت:- شێخ نەیدەتوانی وەك كەسایەتییەكی سەربەخۆ لە كوردستاندا بمنێتەوە، دەبوو یەكێك لەو دوو هێزە هەڵبژێریت، دواتر لەتەك كۆمەڵەدا ڕێگای گرتە بەر. “ئیبراهیم عەلیزادە”ش دەڵێت:- لە سەرەتاوە كۆمەڵە لەگەڵ شێخ ناكۆك بوو، ئەو دەیگووت: ئێوە كوردستانیبن، ئێمە لە سەر دوو پا دەڕۆیشتین یەكێكیان كوردستانی و ئەویتریان ئێرانی.
هەروەها پەیوەندی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستاندا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی كۆماری كوردستان، بەڵام پاش هەڵوەشانەوەی “ژ.ك” نەبووە ئەندامی هیچ حیزبێك. “عهبدولڵا حهسهن زادە” دەڵێت:- دوای هەفتەیەك لەگەڕانەوەمان، پێمان خۆشبوو شێخ ڕەگەڵمان بكەوێت، بەڵام كۆمەڵە دەور و خولیان دابوو، كاریگەری زۆریان لە سەری هەبوو، گایەك گەرەكیان بوو وەك ڕێبەرێك خۆی بنوێنێ، بە دیوێكی تریشدا كاریگەرییان لەسەر دانابوو دژایەتی “حدكا” بكات.
“جەلیل گادانیش” دەڵێت:- چوومە لای شێخ و داوام لێكرد كارمان لە تەكدا بكات، لە وەڵامدا گووتی:- لە تەك “حدكا” كار ناكەم، گووتم لە تەك كێدا كار دەكەیت؟ گووتی ناوێك پەیدا دەبێت. هەروەها لە تەك “سازمانی خەبات”دا پەیوەندی هەبووە، بەهەمانشێوە پەیوەندی لە تەك مەكتەبی قورئان و ئەحمەدی موفتی زادەدا هەبووە، پەیوەندێكەشیان دەگەڕێتەوە بۆ بەر لە شۆڕی گەلانی ئێران، ئەگەر چی دوو كەسایەتی جیاوازیش بوون.
“ئەنجام”
“شێخ عیزهدین” توانی وەك خەباتگێرێكی نەتەوەی، مۆدێلێكی نوێی كاری سیاسی پێشكەش بكات، وەك مەلایەكی نەتەوەیی شۆڕشگیڕ، بزاووتێكی لە هەناوی بیری شۆڕگێڕانەی ئیسلامی تێكەڵ بە بیری چەپ بكات، تا كۆتایی تەمەنی بەردەوام بوو لەو خەباتە، لەتەك رۆشنفكرانی (كورد و ئێران) وەك كەسایەتێكی دیار، تا دوا ساتەكانی تەمەنی لەو پێناوەدا كارو كۆششی كرد.
سەرچاوە:
-شێخ عیزەدینی حوسەینی (1979- 1989) توێژینەوەیەكی مێژووی سیاسی.
-ماستەرنامەی خوێندكار “سنەوبەر سەردار ستار” چاپ و بڵاو نەكراوەتەوە.