ئه‌وانه‌ی سه‌رقاڵن به نوسینه‌وه‌ی مێژووییه‌وه، دیارترین كێشه‌یان ئه‌وه‌یه كه به‌شێكی زۆری وه‌رگره‌كان بۆ زانینی مێژوو، زانیارییه‌كانیان له كاره ئه‌ده‌بییه‌كان و دراما مێژووییه‌كان و ته‌نانه‌ت له چیرۆكه میللییه باوه‌كانه‌وه وه‌رده‌گرن.
دەبێ چه‌ند كه‌س ده‌بێت چاوی پڕ له فرمێسك و كاریگه‌ر بووبێت ئه‌و كاته‌ی (تاریقی كوڕی زیاد)به‌له‌می سه‌ربازانی موسڵمان ده‌سوتێنێت و هاواریان لێده‌كات: “دوژمن له پێشتانه‌وه‌یه‌و ده‌ریا له دواتانه‌وه، كه‌واته بۆ كوێ ڕاده‌كه‌ن؟”، یان چه‌ند كه‌س هاوسۆز بووه له‌گه‌ڵ (قوتوز)كاتێك له گیانه‌ڵادا گله‌یی له (پیپرۆس)ی هاوڕێی ده‌كات كه ده‌ستی چووته ئه‌م و كوشتوویه‌تی له‌كاتێكدا (قوتوز) ویستوویه‌تی پیپرۆس بكاته سوڵتان؟ چه‌ندین كه‌سیش ئه‌و وته‌زا به‌ناوبانگه‌ی یولیۆس قه‌یسه‌ر ده‌ڵینه‌وه: “ته‌نانه‌ت تۆش په‌رتوس؟ كه‌واته بابروخێ قه‌یسه‌ر”. یان چه‌ندین كه‌س تووشی هه‌ڵچوون بوون له‌كاتی بینینی دیمه‌نی داگیركردنی شاری تیبه‌ی میسری كۆن له‌لایه‌ن هه‌كسوسه‌وه.
ئه‌مانه‌ی باسمان كردن هه‌مووی جگه له خه‌یاڵ هیچی تر نین، چونكه (تاریقی كوڕی زیاد) كه‌شتییه‌كانی نه‌سووتاندووه‌و ئه‌و وتاره‌ی نه‌داوه، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی هه‌یه ئه‌و وتاره‌ی له‌و چیرۆكه میللییانه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه كه سه‌باره‌ت به‌و ڕووداوه گێردراونه‌ته‌وه.
گله‌ییه‌كه‌ی (قوتوز)یش سه‌رچاوه‌كه‌ی ڕۆمانی (وا اسلاماه)ی عه‌لی ئه‌حمه‌د باكسیره، یولیوس قه‌یسه‌ریش ئه‌و قسه‌یه‌ی كۆتایی نه‌وتووه له شانۆگه‌ریی (یۆلیۆس قه‌یسه‌ر)ی شكسپیردا نه‌بێت، هه‌كسوسه‌كانیش له ڕاسیتیدا نه‌چوونه‌ته شاری تیبه‌وه ته‌نها له ڕۆمانی (خه‌باتی تیبه)ی نه‌جیب مه‌حفوزدا نه‌بێت.
له‌به‌رئه‌وه، هۆشداریی ده‌ده‌ینه ئه‌وانه‌ی كه بایه‌خ ده‌ده‌ن به مێژوو، با له كتێبه مێژووییه زانستییه‌كان یان له فیلمه به‌ڵگه‌نامه‌ییه‌كاندا بگه‌ڕێن بۆ زانیارییه‌كان، نه‌ك له ڕۆمان و زنجیره‌و فیلم و چیرۆكی میللی‌دا، چونكه دروستكه‌ری كارێكی ئه‌ده‌بیی یان درامایی پانتاییه‌كی زۆری هه‌یه بۆ ئازادیی ئه‌فراندن و داهێنان كه هێزی ئه‌وه‌ی ده‌داتێ مێژوو ڕام بكات بۆ مه‌به‌ستی درامیی، له‌كاتێكدا نووسه‌رو توێژه‌ری بواری مێژوو به‌شێوه‌یه‌كی زانستیی پابه‌نده به یاسا جێگیره‌كانی توێژینه‌وه‌ی زانستیی و بابه‌تی جدییه‌وه.
به‌داخێكی زۆره‌وه ئه‌م دیارده‌یه واته (وه‌رگرتنی زانیاریی مێژوویی له زنجیره‌ی ته‌له‌فزیۆنیی یان ڕۆمان)وا بڵاوده‌بێته‌وه‌و وایان كردووه ئه‌ركی جیاوازیی كردن له‌نێوان هه‌ردوو زانستیی مێژوویی و خه‌یاڵی قورس بێت، ئه‌مه‌ش به تێپه‌ڕبوونی كات بووه‌ته هۆی دروستكردنی توێژێك كه ده‌كرێت ناوبنرێن (دراما په‌رستان)و به‌تایبه‌ت درامای توركیی.
با دان بنێین به ڕاستییه‌كدا: كاره دراماییه‌كان یه‌كێكن له هێزه نه‌رمه‌كان، له‌ڕێگه‌ی ئه‌و درامایانه‌وه ده‌توانیت بیروڕاو ئاراسته‌ی بۆچوونی خۆت بڵاوبكه‌یته‌وه به ناو هه‌موو ماڵێكدا كه شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆن یان كۆمپیوته‌ریان هه‌بێت. به‌شێوه‌یه‌ك هێزی كۆنترۆڵكردنت ده‌بێت به‌سه‌ر (وێنه‌ی هزریی)دا، چ له‌سه‌ر ئاستی تاك یان له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو كۆمه‌ڵ.
هه‌روه‌ك چۆن هه‌موو سیستم و حكومه‌ته‌كان له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا له قۆناغی پێش داهێنانی ته‌له‌فزیۆنه‌وه دركیان به‌وه كردووه، ده‌وڵه‌تی نوێی توركیاش ئه‌وه‌ی زانیووه كه سه‌رنجدانی ئاسان كردووه سه‌باره‌ت به ئاراسته عوسمانییه‌كه‌ی و ئاره‌زووی زیندووكردنه‌وه‌ی ته‌ووژمی عوسمانیی به‌تایبه‌ت له ناوچه‌ی عه‌ره‌بیدا.
ئه‌م ئاراسته‌یه‌ش زۆر به ڕوونی ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه له دراما مێژووییه توركییه‌كانداو هه‌روه‌ها ڕوونی ئاراسته‌كانی بۆ بینه‌ری عه‌ره‌بی و یاریكردن له‌سه‌ر ژێی (نۆستالیژیای مێژوویی) ئه‌وان و ڕاكێشانی هه‌ستوسۆزیان به‌ره‌و ئایكۆنه‌كانی عوسمانی، بۆ نمونه له زنجیره‌ی ته‌له‌فزیۆنی (فاتیح 1453) بینه‌ر په‌یوه‌ست ده‌بێت به (محه‌مه‌د فاتیح)و له (حه‌ریم سوڵتان)دا بینه‌ر په‌رۆشیی ژیاننامه‌ی (عه‌بدولحه‌میدی دووه‌م) ده‌بێت، له (قیامه‌تی ئه‌رتۆغول)یشدا بینه‌ر سه‌رسام ده‌بێت به هێزو خه‌باتی (ئه‌رتۆغول)ی باپیری عوسمانییه‌كان.
نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌نده، به‌ڵكو توركیا هه‌وڵیدا سینه‌ماكانی جیهانیش داگیربكات به فیلمێك كه له هۆلیود به‌رهه‌مهێنرا به‌ناوی (ئه‌فسه‌ری عوسمانیی) یان (The Ottoman lieutenant) كه تێیدا دیدگای توركیا خراوه‌ته ڕوو و عوسمانییه‌كان بێبه‌ریی ده‌كات له جینۆسایدكردنی ئه‌رمه‌نییه‌كان، به‌ڵام ئه‌م هه‌وڵه‌ی توركیا سه‌ركه‌وتنی به‌رچاوی به‌ده‌ست نه‌هێنا.
زنجیره ته‌له‌فزیۆنی و فیلمه‌كان ته‌نها كارێكی درامیی نین كه به‌رهه‌مهێنه‌رانی په‌رۆش بۆ دروستكردنی كارێكی هونه‌ری هه‌یانبێت كه مه‌به‌ستیان به‌ده‌ستهێنانی جه‌ماوه‌ر و داهاتێكی ماددی بێت به‌ته‌نها، به‌ڵكو له‌ڕاستیدا ئه‌مه (ڕاسپارده‌یه‌كی میدیایی ڕه‌سمییه)ئه‌وه‌ش له گرنگیپێدانی ڕژێمی توركیادا زۆر ڕوونه تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی خودی (ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان) به‌دواداچوون بۆ وێنه‌گرتن و دروستكردنی زنجیره‌ی ( قیامه‌ی ئۆرتۆغول)و دوای ئه‌ویش (قیامه‌ی عوسمان) كردووه‌و چه‌ندین جار چووه‌ته شوێنی وێنه‌گرتنه‌كان و له‌گه‌ڵ ستافی ئه‌و كارانه‌دا كۆبووه‌ته‌وه.
به دڵنیاییشه‌وه گرنگیپێدانی ئه‌م كارانه له‌لایه‌ن ڕژێمی توركیاوه، شتێكی تری به‌دوادا دێت ئه‌ویش خوێندنه‌وه‌ی كاریگه‌ریی ئه‌و كارانه‌یه له‌سه‌ر بینه‌رو لێكۆڵینه‌وه‌یه له چۆنییه‌تی سوود وه‌رگرتن له‌و كارانه وه‌ك هێزێكی نه‌رمی ده‌ره‌كیی.
وه‌ك كه‌سێك كه سه‌رقاڵم به بواری مێژوو و كارلێكه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ی كه به‌تایبه‌ت بایه‌خ به مێژووی ئیسلامیی ده‌ده‌ن، ده‌توانم به متمانه‌وه بڵێم كه چالاكییه‌كی ئاشكرا هه‌یه‌و ده‌توانم به ( به‌عوسمانیكردنی مێژووی ئیسلامیی لای وه‌رگری عه‌ره‌بی)ناوبنێم و به‌داخێكی زۆره‌وه ئه‌م چالاكییه زه‌مینه‌یه‌كی به‌پیتی هه‌یه به‌تایبه‌ت لای ئه‌وانه‌ی سه‌ر به ته‌وژمی (ئیسلامی سیاسیی)ن، كاره‌ساتباریی شته‌كه به‌وه‌نده‌وه نه‌وه‌ستاوه كه به‌م په‌یامه ڕازین، به‌ڵكو له‌وه‌ش تێپه‌ڕی كردووه‌و خه‌ریكن پشتگیریی لێده‌كه‌ن و له‌خۆی ده‌گرن و موژده‌ی بۆ ده‌ده‌ن.
ئه‌گه‌ر ئێمه پێمان نه‌كرێت دروستكه‌رانی ئه‌و كارانه- نیازیان هه‌رچییه‌ك بێت- لۆمه بكه‌ین كه مێژوویان ڕامكردووه بۆ دیده‌كه‌ی خۆیان به‌و پێیه‌ی (ئه‌وه كارێكه و هه‌موان ده‌یكه‌ن)ئه‌وا به دڵنیاییه‌وه ده‌توانین ئه‌و وه‌رگره لۆمه بكه‌ین كه زانیارییه‌كانی له‌و كارانه‌وه وه‌رده‌گرێت و به‌ته‌واوی ئه‌قڵی خۆی ته‌سلیم ده‌كات به‌و كارانه، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌نده، به‌ڵكو له‌بری ئه‌وه‌ی كتێبێك بكاته‌وه یان سه‌یری به‌رنامه‌یه‌كی دیكۆمێنتاری بكات و بیروڕاكانی له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه دروست بكات، كه‌سایه‌تییه‌كان ده‌كاته بت و شه‌و ڕۆژ به‌شان و باڵیاندا هه‌ڵده‌دات.
كار گه‌یشتووه‌ته ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر یه‌كێكمان بوێریی بنوێنێت (مه‌به‌ستیشم ئه‌وانه‌یه كه سه‌رقاڵی مێژوون)كه ڕه‌خنه له كه‌سایه‌تییه‌ك بگرین كه پێشتر دراما توركییه‌كان وێنه‌یه‌كی دره‌وشاوه‌و ڕوناكی ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌یان پێشكه‌ش كردووه، ئه‌وا ده‌كه‌وێته به‌ر تیری ئه‌وانه‌ی كاریگه‌ر بوون به‌و وێنه‌یه، له‌كاتێكدا زۆربه‌یان هیچ شتێك ده‌رباره‌ی (بته‌كه‌یان) نازانن، ئه‌وه نه‌بێت له زنجیره و فیلمه توركییه‌كانه‌وه بینیویانه.
ئه‌گه‌ر تۆزێك به‌ناو پانتایی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا بگه‌ڕێین سه‌رنج له‌وه ده‌ده‌ین كه‌سانی سه‌ر به ئیسلامی سیاسیی چه‌نده به شان و باڵی دراما مێژووییه توركییه‌كاندا هه‌ڵده‌ده‌ن، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی كه هه‌ندێكیان چه‌ند گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی داده‌نێن كه هه‌ڵویستی قاره‌مانانه‌و دادپه‌روه‌رانه‌ی سوڵتان عه‌بدولحه‌میدی دووه‌م یان (ئۆرتۆرغول) یان (سلێمانی قانونی) پیشان ده‌دات، له‌گه‌ڵ نوسینێكی ستایشئامێز و ڕه‌حمه‌ت ناردن بۆ ئه‌و كه‌سه، به‌و بڕوایه‌ی ئه‌و دیمه‌نه به‌ده‌ستی نووسه‌رێك نه‌نوسراوه و ئه‌وه ئه‌كته‌رێك نییه كه ئه‌و ڕۆڵه به‌رجه‌سته ده‌كات و به دیدی ده‌رهێنه‌رێك پێشكه‌ش نه‌كراوه، به‌ڵكو به‌پێی لۆژیكی ئه‌وان ئه‌وه- گواستنه‌وه‌ی وردی ڕاستیی و واقیعه كه هیچ گومانی تێدا نییه (ئه‌مه‌ش زیاتر له جارێك ئه‌وه‌م بیرده‌خاته‌وه كه هه‌ندێك ڕه‌حمه‌ت بۆ شه‌هید (عومه‌رئه‌لموختار) ده‌نێرن، له‌كاتێكدا وێنه‌ی ( ئه‌نتۆنی كوین)ی ئه‌كته‌ر داده‌نێن!
كه‌چی له به‌رامبه‌ردا هێرشێكی گه‌رده‌لولئاسا ده‌بینین له‌سه‌ر زنجیره‌ی عه‌ره‌بی (ممالك النار) ته‌نانه‌ت به‌رله‌وه‌ی نمایشیش بكرێت و تۆمه‌تی ئه‌وه ده‌ده‌نه پاڵ دروستكه‌رانی و له سه‌روو هه‌مووشیانه‌وه (محمه‌د سلیمان عه‌بد مالك)ی نووسه‌ری دراماكه، به‌وه‌ی مێژووی تێكداوه بۆ به‌رژه‌وه‌ندی دیدی تایبه‌تی خۆی، هه‌ندێكیش چوون چه‌ند پۆستێكیان له‌سه‌ر دیواره‌كانی خۆیان له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان داناوه بۆ ده‌رخستنی هه‌ڵه مێژووییه‌كانی كاره‌كه، له‌گه‌ڵ جه‌ختكردنه‌وه‌یان له‌وه‌ی پێویسته دروستكه‌رانی درامای مێژوویی زۆر ورد بن له گه‌یاندنی زانیارییه‌كان.
ئه‌م هه‌ڵویسته وته‌زای شاعیرێكم بیرده‌خاته‌وه” أُسدٌ عَڵیَّ وفی الحروب نعامه “واتا “له به‌رامبه‌ر مندا شێره و له جه‌نگیشدا نه‌عامه”، ئه‌م پارێزكارییه له ئه‌مانه‌تی مێژوویی له دارما توركییه‌كاندا له‌كوێ بوو؟ بۆچی دیار نه‌بوو تا ئه‌و كاته‌ی لایه‌نێكی عه‌ره‌بی بڕیاریدا دیدی عه‌ره‌ب بخاته‌ڕوو سه‌باره‌ت به ڕاستیی داگیركاریی عوسمانیی بۆ وڵاتانی عه‌ره‌ب و ململانێی له‌گه‌ڵ مه‌مالیكه‌كاندا؟
ئایا بۆ توركه‌كان حه‌ڵاڵه دیدی مێژوویی خۆیان پێشكه‌ش بكه‌ن و بۆ ئێمه‌ش حه‌رامه وا بكه‌ین؟
هه‌ڵوێستێكی نزیك هه‌یه كه به‌شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌خۆ تێیدا هه‌ستم به‌و دوو ڕووییه كرد، له لاپه‌ره‌یه‌كی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی كه تایبه‌تمه‌ند بوو به مێژوو شوێنه‌وار – دوای ئه‌وه بۆم ئاسان بوو بگه‌مه ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ی كه ئه‌دمنه‌كانی لایه‌نگری كێن- ئه‌دمینی لاپه‌ڕه‌كه پۆستێكی كردبوو تێیدا هێرشی كردبووه سه‌ر زنجیره‌ی (ممالك النار)، چونكه پێچه‌وانه‌ی وورده‌كاری مێژووییه، كاتێكیش هه‌ندێك كه‌س سه‌رنجیان نوسیبوو و ڕه‌خنه‌یان گرتبوو، ئه‌دمینه‌كان به نوسینی سه‌رنجێك پاساوی ئه‌وه‌یان هێنابووه‌وه كه بۆچی به‌هه‌مان شێوه هێرش ناكه‌نه سه‌ر زنجیره‌كانی (قیامه‌ی ئۆرتۆغول)و ڕایانگه‌یاندبوو كه زنجیره‌ی (ئۆرتۆغول) ته‌نها زنجیره‌یه‌كه‌و تۆ ئازادیت سه‌یری بكه‌یت یان نا، به‌ڵام (ممالك النار) زنجیره‌یه‌كی مه‌زنه ده‌بێت وێنه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه‌ی مێژوویی بخاته‌ڕوو، كاتێكیش من سه‌رنجێكم نووسی به‌و سیفه‌ته‌ی تایبه‌تمه‌ندم له مێژوودا قسه‌كانیانم به درۆ خسته‌وه، سه‌رنجه‌كه‌یان سڕیمه‌وه‌و وایان كرد نه‌توانم سه‌رنجی تر بنوسم!
ئه‌م ڕه‌فتاره‌ش گوزارشته له هه‌ڵویستی ئه‌وانه‌ی (درامای توركیی ده‌په‌رستن)، چونكه ئه‌وان بیرۆكه‌ی ڕامكردنی مێژوو بۆ مه‌به‌ستی وێنه‌ی درامیی ڕه‌ت ناكه‌نه‌وه، به‌ڵام ته‌نها ئه‌گه‌ر له‌پێناوی مه‌زن نیشاندان و نه‌مركردنی مێژووی عوسمانیه‌كان بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كاره درامییه‌كه له‌و هێڵه ده‌رچێت ئه‌وا به‌لای ئه‌وانه‌وه درۆ و چاوبه‌ست و دوژمنایه‌تی مێژووه. واته ئه‌وان دان به‌وه‌دا ده‌نێن كه دروستكه‌رانی دراما مافی خۆیانه له ورده‌كاریی مێژوو ده‌رچن ئه‌گه‌ر له به‌رژه‌وه‌ندیی پێشكه‌شكردنی كارێكی چێژبه‌خشدا بێت، ئه‌م مافه‌ش كورت ده‌كه‌نه‌وه بۆ ئه‌و كه‌سه‌ی ده‌یه‌وێت به كاره‌كه‌ی وێنه‌یه‌كی دره‌وشاوه‌و پرشنگداری عوسمانییه‌كان پێشكه‌ش بكات.
ئێمه له‌به‌رده‌م وێنه‌یه‌كی ته‌واو دووفاقیداین (كه وه‌سفێكی زۆر به ئه‌ده‌بانه‌یه بۆ ئه‌و هه‌ڵوێسته)كه ئه‌وانه ده‌یگرنه‌به‌ر و ته‌نها خودا‌ش ده‌زانێت كامیان ئاراسته‌ی “گه‌وره‌كانیان” له عوسمانییه كۆنه‌كانی ده‌كات و كامیان مه‌به‌ستیان گه‌وره‌كانیانه له عوسمانیه نوێیه‌كان!
هۆكاری سه‌ره‌كیی ئه‌و دیارده‌یه، نه‌بوونی بیرۆكه‌ی جیاكارییه له‌نێوان “به‌رهه‌مهێنانی داهێنه‌رانه”و “ورده‌كاریی مێژوویی زانستیی”دا.
یه‌كه‌میان مل نادات بۆ هیچ یاسایه‌ك، چونكه ناتوانین كۆتوبه‌ند له‌سه‌ر خه‌یاڵی داهێنه‌ر دابنێین، له بنه‌ڕه‌تیشدا “كۆت”و “خه‌یاڵ” زۆر پێچه‌وانه‌ی یه‌كن، ئه‌گه‌ر ئه‌و جۆره كۆته‌مان دانا، ئه‌وا دروستكه‌ری كاری ئه‌ده‌بی و درامییمان ناچاركرد كه پابه‌ندیی بێت، ده‌بوو ده‌یان كاری ئه‌ده‌بی شكسپیرو ئه‌لكسانده‌ر دۆما و فیكتۆر هۆگۆ و نه‌جیب مه‌حفوز و جه‌مال غیتانی و گیلبرت سینویه و ئه‌مین مه‌علوف و سه‌عد مه‌كاوی و عه‌بدولحه‌مید جۆده ئه‌لسه‌حار و ڕه‌زه‌وی عاشور و ئه‌حمه‌د مورادمان بسووتانایه، هه‌روه‌ها نوسخه درامییه‌كانی ده‌رهێنه‌رانی وه‌ك یوسف شاهین و موسته‌فا عه‌قاد و ریدی سكۆت و و كوینتن تارنتینۆ و كه‌سانی دیكه‌مان له‌سێداره بدایه، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌نده، به‌ڵكو ده‌بوو شاكاره‌كانی ئه‌ده‌بی میللیی وه‌ك (كسیر بنی هلال)و (عه‌نته‌ره‌ی كوڕی شه‌داد)و (ذات الهمهة) و عه‌لی زه‌یبه‌ق و (سیف بن ذی یزن) و (هه‌زار و یه‌ك شه‌وه)مان تارومار بكردایه!
كه‌واته داواكردن له داهێنه‌ر “پابه‌ند بێت به وورده‌كاریی مێژووییه‌وه” مه‌حاڵه و دووركه‌وتنه‌وه‌یه له داهێنان!
هه‌روه‌ها دروستكه‌رانی كارێكی مێژوویی ئه‌ده‌بی و دراماش له‌خشته‌یان بردووین و بڵێن ئه‌مه شتێكی ڕاسته‌قینه‌یه، ئه‌وپه‌ڕی ده‌وترێت و هه‌ندێكیان ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ده‌كه‌ن “ئه‌م كاره پشتی به‌ستووه به رووداوی ڕاسته‌قینه” واته پشتبه‌ستووه به ڕووداوێكی ڕاسته‌قینه‌ی مێژوویی، به‌ڵام به دیدی دروستكه‌رانی كاره‌كه پێشكه‌ش ده‌كرێت، ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌یه كه نووسه‌ر ئه‌حمه‌د موراد به‌م وته‌یه‌ی گوزارشتی لێده‌كات: “ده‌بینم مێژوو خۆی له خۆیدا درامایه‌كی مرۆیی قووڵ ده‌نوێنێت و هه‌ر سه‌رده‌مێك له‌سه‌رده‌مه‌كان كه میسری پێدا تێپه‌ڕیوه ڕه‌نگه مادده‌یه‌كی به‌پیت بێت بۆ خه‌یاڵی ڕۆماننوس بۆ فڕین به ئاسمانی داهێناندا”. ئه‌م قسه‌یه‌ش بۆ ئه‌لكسانده‌ر دۆمای فه‌ره‌نسییه كه ده‌ڵێت: “ئاساییه ده‌ستدرێژیی بكه‌یته سه‌ر مێژوو به‌و مه‌رجه‌ی مناڵێكی جوانی له تۆ ببێت”.
چاره‌سه‌ره‌كه ئاسانه: تۆی ئازیزی بایه‌خده‌ر به مێژوو ئه‌گه‌ر پێویستت به زانیارییه‌كی پزیشكیی هه‌بوو ده‌چیته لای پزیشك، یان كتێبێكی پزیشكیی ده‌كه‌یته‌وه. ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستت فێربوونه له بواری كیمیا یان ئه‌ندازه یان یاسا ئه‌وا ڕووده‌كه‌یته تایبه‌تمه‌ندانی ئه‌و بواره و له كتێبه‌كانی ئه‌و بوارانه‌دا ده‌گه‌ڕێیت، ئه‌دی بۆچی مامه‌ڵه‌ت له‌گه‌ڵ مێژوودا جیاوازه؟
یاسایه‌كی ئاسان بۆ خۆت دانێ، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه كاری ئه‌ده‌بیی ته‌نها گێرانه‌وه‌یه، كاری دراماش ته‌نها وێنه‌یه‌كی نواندن و ده‌رهێنانه، هه‌ركه‌سه‌ش پشكی خۆی هه‌یه له چێژبه‌خشین و سه‌رسامكردن و بلیمه‌تیی پێشكه‌شكردن و زیادكردنی میراتیی هونه‌ریی، به‌ڵام ئه‌مانه به‌كه‌ڵكی ئه‌وه نایه‌ن وه‌ك سه‌رچاوه‌ی زانیاری و مێژویی سودیان لێ ببینرێت كه ته‌نها له كتێب یان وتارێكی تایبه‌تمه‌ند یان له فیلمێكی دیكۆمَنتاری و سیمینارێك یان له كۆڕێدا هه‌یه، پیاده‌كردنی ئه‌وه‌ش قورس نییه.
ته‌نها پابه‌ندبوون به‌و یاسایه واده‌كات له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی كات كه‌لێنێكی به‌رفراوان له ئاگایی ده‌سته‌جه‌معیماندا دروستبێت، كه كاره نه‌گریسه‌كانی ئه‌وانه دزه‌ی بۆ ده‌كات كه ئاره‌زوویانه مێژوومان كۆنتڕۆل بكه‌ن، به ته‌ماعی ئه‌وه‌ی ئێستامان داگیربكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له ئاینده‌دا حوكممان بكه‌ن!
و/ تابلۆ عوسمان