(ڕه‌گوڕیشه و تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی سه‌له‌فییه‌ت له کوردستان)
له به‌شه‌کانی پێشوودا به‌ستێنه‌کان و هۆکاره‌کان و زه‌مینه کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌کانی سه‌رهه‌ڵدان و ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی سه‌له‌فییه‌تمان باس کرد و تایبه‌تمه‌ندی و کۆڵه‌که سه‌ره‌کییه‌کانی جیهانبینی سه‌له‌فیه‌تمان ڕوون کرده‌وه و ته‌نانه‌ت ئه‌و ئاسته‌نگ و له‌مپه‌رانه‌ش که له به‌رده‌م باس و توێژینه‌وه‌که‌دا بوون، خرانه ڕوو. باسی تێڕوانینی ئه‌و بیرمه‌ندانه‌ش کرا که له ڕێگه‌ی چه‌مک و ده‌سته‌واژه‌ی شوناس و سه‌رچاوه‌کانی شوناس، پیرۆزی و ڕه‌گه‌زه‌کانی پیرۆزی و جۆره‌کانی سه‌له‌فییه‌ت له‌سه‌ر بنه‌مای ته‌فسیر و ڕاڤه و خوێندنه‌وه‌ی بابه‌تی پیرۆز، له ڕه‌هه‌ندی جۆراوجۆره‌وه بابه‌ته‌ی سه‌له‌فیه‌تیان شی کرده‌وه. ئێسته ئه‌نجامی باسه‌که و ده‌رهاوێشته‌ی شیکارییه‌که به کورتی و پوختی لێره ده‌خه‌ینه ڕوو.
“ئه‌نجامه گشتییه‌کانی لێکۆڵینه‌وه”
ئه‌م وتاره عه‌وداڵی دۆزینه‌وه و دیاریکردن و ناسینی گوتاری سه‌له‌فییه‌ت و سه‌رچاوه شوناسسازه‌که‌ی ڕه‌وتی سه‌له‌فییه‌ت له نێو کورده سونییه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان بووه. ئه‌م ڕه‌وته فیکری و کۆمه‌ڵایه‌تییه دوای هێرشی هێزه‌کانی هاوپه‌یمان بۆ ئێراق له ساڵی 2003ی زاینی هاته ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و تاکوو ئێسته هه‌ندێک هۆگر و لایه‌نگری بۆ خۆی په‌یدا کردووه. ئه‌م گرووپه له ڕێگه‌ی یارمه‌تیدانی گرووپه سه‌له‌فییه ڕادیکاڵه‌کانی دیکه له جیهان، به تایبه‌ت له ئێراق و ئه‌فغانستان، و هه‌روه‌ها ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تووندئاژۆ و تووندوتیژ له‌گه‌ڵ که‌سان و خه‌ڵکانی غه‌یری سه‌له‌فیی ناوخۆی کوردستان، بوون به بابه‌ت و دیارده و پرسێکی سه‌رنجڕاکێش بۆ کۆمه‌ڵگا.
ئولیڤییه ڕۆی(1994) باوه‌ڕی وایه؛ که ئه‌م ڕه‌وته به دوای شکستی ئه‌زموونی ئیسلامگه‌را سیاسییه‌کان له چاره‌سه‌رکردنی قه‌یران و ئاریشه جۆراوجۆره‌کاندا هاته ئاراوه و سه‌رنجی په‌تی و ڕووت به ڕه‌هه‌ندی ئیسلامیی شوناسته‌وه‌رانه‌ی موسڵمانان و جموجووڵه سیاسییه‌کانی ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست(که له درێژه‌یدا ڕۆژ دوای ڕۆژ له ئاماده‌یی و هه‌بوونی هێزه کۆمۆنیستییه‌کان که‌م بوویه‌وه و ئاماده‌یی هێزه ئه‌مریکییه‌کانی زیادی کرد) ئاستی ڕادیکاڵیزمی ئه‌م ڕه‌وته‌ی زیاد کرد و بردییه سه‌ره‌وه. ئیمانۆئێل کاستێلز(1384) به بێ جیاکردنه‌وه‌ی ڕه‌وته میانه‌ڕۆ و ڕادیکاڵه ئیسلامییه‌کان له یه‌کتر، باوه‌ڕی وایه؛ که هه‌موو ئه‌م ڕه‌وتانه له ئه‌نجامی شکست و هه‌ره‌سهێنانی ده‌وڵه‌ته‌کانی جیهانی ئیسلام له ڕه‌وت و پرۆسه‌ی مۆدێڕنیزم و نوێکردنه‌وه و له ئه‌نجامدا به‌ره‌وڕووبوونه‌وه‌ی خه‌ڵکی ئه‌م وڵاتانه له گه‌ڵ هه‌موو جۆره قه‌یرانی ئابووری، کۆمه‌ڵایه‌تیی و سیاسی‌دا هاتوونه‌ته ئاراوه. کاستێلز ئه‌م ڕه‌وتانه له دونیای ئێستادا به یه‌کێک له گرینگ‌ترین سه‌رچاوه‌کانی شوناس داده‌نێت.
ئه‌و هۆکارانه‌ی که له لایه‌ن ئه‌م دوو بیرمه‌نده کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه خراونه‌ته ڕوو، سه‌رهه‌ڵدان و ده‌رکه‌وتنی ڕه‌وتی سه‌له‌فییه‌تی جیهانی تا ڕاده‌یه‌ک ڕوون ده‌که‌نه‌وه. ئه‌وان ته‌نها سه‌رنجیان نه‌خستۆته سه‌ر لایه‌ن و هۆکاره سیاسییه‌کانی ئه‌م ڕه‌وته، به‌ڵکوو سه‌له‌فییه‌تیان له به‌ستێنی شکڵگیری و سه‌رهه‌ڵدانی خۆی و به تایبه‌تمه‌ندیی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌م به‌ستێن و زه‌مینه‌یه له‌پێش چاو گرتووه. بیروڕاکانی ئه‌م دوو بیرمه‌نده له‌باره‌ی سه‌له‌فییه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانیش به ڕاست ده‌گه‌ڕێت، چونکه سه‌له‌فییه کورده‌کان باڵێکی جیا نین له ڕه‌وتی سه‌له‌فییه‌تی جیهانی و به ته‌واوه‌تی له‌گه‌ڵ گرووپه سه‌له‌فییه‌کان له ئاستی دونیادا له په‌یوه‌ندیدان. به‌ڵام ئه‌م بیروڕا و تێڕوانینانه ناتوانن هه‌موو ڕاستییه‌کانی په‌یوه‌ست به سه‌له‌فییه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان بخه‌نه ڕوو. کۆمه‌ڵگای کوردی خاوه‌ن تایبه‌تمه‌ندیی کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و ئابووریی خۆیه‌تی و له ئه‌نجامدا ئه‌و گرووپانه‌ش که له ناو ئه‌م کۆمه‌ڵگایه‌دا سه‌ریان هه‌ڵداوه، هه‌ڵگر و خاوه‌نی تایبه‌تمه‌ندی خۆیانن. هه‌ر بۆیه له‌م ڕووه‌وه بۆ ته‌واوکردنی تێڕوانین و بیروڕاکانی ڕۆی و کاستێلز له‌م بواره و دۆزینه‌وه‌ی هۆکاره‌کانی گۆڕینی ئه‌م ڕه‌وته بۆ سه‌رچاوه‌یه‌کی شووناسساز بۆ هه‌ندێک له کورده‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، ئه‌م توێژینه‌وه‌یه له چوارچێوه و فۆرمی خوێندنه‌وه و موتاڵای که‌یسیانه و بابه‌تیانه، ئه‌و که‌سانه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندووه که هاتوونه‌ته ناو ئه‌م گرووپه‌وه و خۆیان به سه‌له‌فی ناوزه‌د ده‌که‌ن. هه‌ر بۆیه بیرکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و جیهانبینی ئه‌م گرووپه له ڕێگه‌ی وتووێژه نیوه‌دروستکراوه‌کان و هه‌ڵهێنجانی زانیاری و ده‌یتاکانه و به که‌ڵکوه‌رگرتن له کۆددانانی بیردۆزانه و ناوه‌رۆکیانه گه‌یشتووه‌ته ئه‌نجام.
ئه‌و ئه‌نجامانه‌ی که له‌م به‌شه‌ی ئیشه‌که‌دا ده‌رکه‌وتن، ده‌ربڕ و ده‌رخه‌ری ئه‌م بابه‌ته‌یه که ناکرێت ئه‌م ڕه‌وته له ژێر ناوی بزووتنه‌وه یان ڕێکخراوێکی ئایینی ناو ببه‌ین، چونکه نه ڕیکخستنێکی دیاریکراوی هه‌یه و نه بابه‌ت و دیارده‌یه‌کی سه‌رتاپاگیر و گشته‌کییه له نێو کورده‌کاندا، به‌ڵکوو ڕه‌وتێکی فیکرییه که ئایدۆلۆژیای دینی ئه‌ندامه‌کانی پێکه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه و ڕێکیان ده‌خات. ئه‌م ڕه‌وته زۆر بزۆز و گه‌ڕۆکه و بێنیشتیمانه. ئه‌وان هه‌ر خاکێک که موسڵمانێک تێیدا ده‌ژی به وڵات و سه‌رزه‌مینی ئیسلامیی ده‌زانن و خۆیان له هه‌مبه‌ریدا به به‌رپرس ده‌زانن. هه‌ر به‌م هۆیه‌وه، زیاترین ئامرازه‌کانی په‌یوه‌ندییان ئه‌نته‌رنێت و سه‌ته‌لایته. ته‌وه‌ر و خولێنکه‌ی ئه‌ندێشه‌ی ئه‌م ڕه‌وته ناڕه‌زایه‌تییه له هه‌مبه‌ر دۆخی هه‌نووکه و سه‌پێنراوه واته دۆخی ئاماده‌ی ئێستا. ئه‌وان دژی نه‌زمی جیهانی و ناوچه‌یی خۆیان هه‌ستاونه‌ته‌وه و ئاره‌زوویان تێکدان و نه‌هێشتنی ئه‌م نه‌زم و ته‌کوزییه و دروستکردنی نه‌زم و ڕیکخستنێکی نوێیه له جیهاندا. نه‌زم و ڕێکخستنه‌وه‌یه‌ک که موسڵمانه‌کان بگه‌ڕێنێته‌وه بۆ ترۆپکی شارستانییه‌تی ئیسلامی، له ڕوانگه‌ی ئه‌واندا گرینگ‌ترین هۆکارێک که موسڵمانانی له هه‌مبه‌ر شارستانییه‌ته‌کانی دیکه لاواز کردووه، بره‌وپه‌یداکردنی شیرک و جه‌هل و خورافه‌یه. ئه‌وان باوه‌ڕیان وایه ئه‌گه‌ر بێتوو موسوڵمانه‌کان ته‌وحید به باشی تێ بگه‌ن و له هه‌موو ژیانیاندا جێبه‌جێ و پراکتیزه‌ی بکه‌ن، ئێستا له ناو ئه‌م هه‌موو جه‌هل و خورافه‌یه‌دا نغرۆ نه‌بووبوون و به‌م جۆره شارستانییه‌تی ئیسلامی خوار و سووک و چرووک نه‌ده‌بوو. موسوڵمانان ده‌بێت ته‌وحید که به مانای یه‌کێک زانینی خودا له بابه‌ته‌کانی خالیقبوون، ئامرییه‌ت و ڕوبوبییه‌ت و ئولوهییه‌ته، بپارێزن. به پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه بێت تووشی کوفر و شیرک ده‌بن و له بازنه‌ی ئیسلام ده‌چنه ده‌ره‌وه. هه‌ر به‌م پێیه واجیبه له سه‌ر موسوڵمانانی دیکه که له که‌سی خه‌تاکار دوور بگرن و بێزاری و بێزی لێ بکه‌ن.
هه‌روه‌ها ئه‌م بیرکردنه‌وه‌یه باوه‌ڕی وایه که حیزبحیزبۆکینێ بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی که موسوڵمانه‌کان له هه‌مبه‌ر هێزی مه‌زنی کافر و موشریکه‌کان په‌رش و بڵاو بن و لاواز که‌ون. هه‌ر بۆیه ده‌بێت هه‌موو موسڵمانه‌کان له حیزبایه‌تی و باڵباڵێنکردن خۆیان به‌دوور بگرن و ڕوو بکه‌نه سه‌له‌فیگه‌ری، چونکه سه‌له‌فییه‌ت ڕێگه‌ی حه‌قه و هه‌موو ڕێگاکانی دیکه باتڵن. له تێڕوانینی ئه‌ماندا جیهان دوو به‌شه: دارو‌لئیسلام و دارو‌لکوفر. ڕۆژئاوا ڕه‌مز و سیمبولی دارو‌لکوفره و کۆمه‌ڵگا ئیسلامییه‌کان یان دارو‌لکوفرن یان تێکه‌ڵه‌یه‌کن له دارو‌لکوفر و دارو‌لئیسلام. به‌ڵام دارو‌لئیسلام له‌م قۆناغه‌دا نییه و سه‌له‌فییه‌ت له‌سه‌ر شانێتی جیهان بکات به دارو‌لئیسلام. دارولئیسلامێک که تێیدا سنووره‌کان کاڵ بوونه‌ته‌وه و له‌ناو چوون، هه‌مووان له باشترین دۆخدا ژیان ده‌به‌نه سه‌ر و پارێزراون و شه‌رعی خودا زاڵه و له‌باتی حوکومه‌تی خه‌ڵک له سه‌ر خه‌ڵک که نموونه و نوێنه‌ری تاغووته، خودا له‌سه‌ر خه‌ڵک حوکومه‌ت ده‌کات و ته‌نها شتێک که له‌م کۆمه‌ڵگا ئیسلامییه‌دا نرخ و بایه‌خی هه‌یه ته‌قوای ئینسانه‌کانه.
به سه‌رنجدان به‌م گوتار و جیهانبینییه ده‌کرێت به‌پێی ڕۆی ئه‌م ڕه‌وته به ڕه‌وتێکی نوێ بناژۆخواز ناو ببرێت. ڕۆی(1994) باوه‌ڕی وایه له سه‌رده‌می هاوچه‌رخدا و له ئاستی جیهاندا ده‌شێت سێ ڕه‌وتی ئیسلامی له یه‌ک جوێ که‌ینه‌وه؛ ئه‌لف/ بناژۆخوازه‌کان؛ که هه‌مان عوله‌ما سووننه‌تی و کۆنه‌کانن. له تایبه‌تمه‌ندییه دیاره‌کانی ئه‌م گرووپه ئه‌وه‌یه که زۆر پێ‌داگر و داکۆکیکارن له‌سه‌ر شه‌ریعه‌ت و به شتێکی جێگیر و نه‌گۆڕ و ته‌واوی ده‌زانن. هه‌روه‌ها له کاورباری سیاسی‌دا ده‌ستێوه‌ردان ناکه‌ن و له‌م ڕوه‌وه پارێزکارانه و کۆنسێرڤاتیستانه ده‌جووڵێنه‌وه. ب/ ئیسلامگه‌را سیاسییه‌کان؛ ده‌کرێت له‌مانه ئاماژه به گرووپگه‌لێکی وه‌کوو ئیخوانولموسلیمینی میسر و ئه‌و گرووپه ئیسلامییانه که له ئێران‌دا شۆڕ‌شیان کرد، بدرێت. ئه‌وان باوه‌ڕیان به گۆڕانهه‌ڵگری و گۆڕانکاری له شه‌ریعه‌تدا هه‌یه و له بواری سیاسی‌دا چالاکن و زیاتریش ده‌ربڕی ناڕه‌زایه‌تی دژی سیاسه‌تی ده‌وڵه‌ته ئیسلامییه‌کانن. هه‌روه‌ها پێداگرن له ئاماده‌بوونی ژنان له کۆمه‌ڵگادا و له‌گه‌ڵ حوکومه‌ته‌کانی جیهانی ئیسلام له ڕێگه‌ی به‌شداریکردن له هه‌ڵبژاردندا په‌یوه‌ندی و دانوستانیان هه‌یه. ج/ نوێ بناژۆخوازه‌کان؛ سه‌له‌فیگه‌ری ڕیشه‌ی فیکریی هه‌موو گرووپه په‌یوه‌ست و په‌یوه‌ندیداره‌کان به‌م ڕه‌وته‌یه. ئه‌وان له ڕووی باوه‌ڕ و عه‌قیده‌وه و پێڕه‌وی له بنه‌ماکانی دین وه‌کوو بناژۆخوازه‌کانن، به‌ڵام جیاوازییان له پانتای سیاسی‌دا ده‌رده‌که‌وێت. نوێ بناژۆخوازه‌کان، به‌پێچه‌وانه‌ی بناژۆخوازه‌کان له کاروباری سیاسی‌دا ده‌ست وه‌رده‌ده‌ن و به‌شدار ده‌بن و باوه‌ڕیشیان به شۆڕش هه‌یه.
به هه‌مان شێوه که گوترا چه‌مکی سه‌ره‌کیی ئه‌م ڕه‌وته”ناڕه‌زایه‌تی”ییه. هه‌ر بۆیه تایبه‌تمه‌ندییه‌کی دیکه‌ی ئه‌م ڕه‌وته که ئه‌نجامی ده‌یتا و زانیارییه‌کانه، شوناسی خۆڕاگر و به‌رخۆده‌ری سه‌له‌فییه‌ته. ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه، کاستێلز(1384) به‌کاری بردووه؛ ئه‌و سێ جۆر شووناس له یه‌ک جوێ ده‌کاته‌وه؛ شووناسی ڕه‌واییبه‌خش، شوناسی پلاندار و شووناسی خۆڕاگر. له تێڕوانینی ئه‌ودا، شووناسی خۆڕاگر له لایه‌ن بکه‌ره کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و له بارودۆخ و هه‌لومه‌رجێکدا دروست ده‌بێت که ئه‌وان له لایه‌ن لۆژیکی ده‌سه‌ڵات به بێ به‌ها و نرخ له قه‌ڵه‌م دراون یان مۆرکی ڕه‌تکردنه‌وه‌یان لێ دراوه. له‌م حاڵه‌ته‌دا بکه‌ره‌کان شووناسی خۆیان له سه‌ر بنه‌مای به‌رخۆدان له هه‌مبه‌ر بنه‌ما و کۆڵه‌که‌کانی پشتیوانکراوی کۆمه‌ڵگا ده‌بیننه‌وه و پێناسه ده‌که‌ن. سه‌له‌فییه‌تیش هه‌موو چه‌مکه هاوبه‌شه‌کانی خۆی له سه‌ر بنه‌مای ناڕه‌زایه‌تی و له چوارچێوه‌ی سێ چه‌مکی؛ هۆگربوون به ڕابردوو، هه‌بوونی کۆمه‌ڵگایه‌کی ئایدیال و ناڕه‌زایه‌تی دژی دۆخی زاڵ و سه‌پاو، مانیفێست ده‌کات. ئه‌وان هه‌روه‌ها له لایه‌ن گوتاره زاڵه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به بێ بایه‌خ له‌قه‌ڵه‌م دراون و مۆرکی توندئاژۆیی و ته‌نانه‌ت تیرۆریستبوون له سه‌ر جه‌سته و گیانیان به قورسی هه‌ست پێ ده‌که‌ن.
گرینگ‌ترین و باوترین گوتاری زاڵ له کوردستان چه‌مکی سیکۆلاریزمه. ئه‌گه‌رچی ناسیۆنالیزم له کوردستانیش زۆر باوه، سه‌له‌فییه‌کان له دووتوێی وتووێژه‌کانی خۆیان ڕکابه‌رایه‌تییه‌کی ئه‌وتۆیان له‌گه‌ڵ ئه‌م چه‌مکه نیشان نه‌دا و ته‌نانه‌ت هه‌ندێکیان خۆیان به ناسیۆنالیست ده‌زانی، به‌ڵام به توندی له‌گه‌ڵ چه‌مکی سیکۆلاریزم دژبه‌ر بوون و به دژی ئیسلامیان ده‌زانی. ئه‌م گرووپه به پێداگریی له‌سه‌ر شموولییه‌ت و گشتگریی دین و ئاماده‌بوونی له هه‌موو بوار و ڕه‌هه‌نده کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، ده‌ست ده‌ده‌نه ڕه‌خه‌کردنی سیکۆلاریزم و ئه‌و تێڕوانینه‌ی مه‌به‌ستی به‌رته‌سککردنه‌وه‌ی بازنه‌ی دینه له ناو کۆمه‌ڵگا ڕه‌ت ده‌که‌نه‌وه.
هه‌ر بۆیه ده‌شێت بگوترێت که سه‌له‌فییه‌ت ئه‌گه‌رچی له هه‌مبه‌ر سیکۆلاریزمی زاڵ و باو له کو‌ردستاندا هاتۆته ئاراوه به‌ڵام به پێداگریی زۆر له سه‌ر ته‌وحید و پیرۆزیسڕینه‌وه له شوێنگه‌لێک که بۆ خه‌ڵک پیرۆزن، له پراکتیکدا یارمه‌تییان گه‌یاندۆته سیکۆلاریسم.
له لایه‌کی دیکه‌وه، سه‌له‌فییه‌ت ڕه‌وتێکی یه‌کسان و یه‌کده‌ست نییه. ئه‌م گرووپه له هه‌ندێک حاڵه‌تدا بیروڕایان له‌گه‌ڵ یه‌ک جیاوازه و به‌پێی هه‌ر ئه‌م جیاوازیانه ده‌کرێت سه‌له‌فییه کورده‌کان به سه‌ر چه‌ندین ده‌سته و گرووپ دابه‌ش بکرێ. دیارترین ده‌رکه‌ته‌ی جیاوازیی نێوانیان له چوار چه‌مکی سه‌ره‌کیدا خۆی ده‌بینێته‌وه؛ جیهاد، تاغووت، ته‌کفیر و ئاماده‌یی ژن له کۆمه‌ڵگادا. زۆربه‌ی سه‌له‌فییه‌کانی کوردستان باوه‌ڕیان به جیهادی ئه‌کبه‌ر هه‌یه و جیهادی دژی کوفار یان کافره‌کان به کۆڵه‌که‌ی بنه‌ڕه‌تیی دین داده‌نێن. به‌م ده‌سته له سه‌له‌فییه‌کان ده‌گوترێت جیهادی. به‌ڵام خودی جیهادییه‌کان له کوردستان دابه‌ش ده‌بن به سه‌ر دوو ده‌سته‌دا؛ ئه‌لف/ که‌سانێک که باوه‌ڕیان وایه نابێت به هیچ شێوه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ تاغووت که بریتییه له هه‌موو حوکومه‌ته‌کانی وڵاته ئیسلامییه‌کان و غه‌یره ئیسلامییه‌کانی جیهانی ئه‌مڕۆ، دانوستان و په‌یوه‌ندی هه‌بێت و له کێبڕکێ و ململانێی هه‌ڵبژاردندا به‌شداری بکرێت. ئه‌م گرووپه ده‌توانین به جیهادییه ڕادیکاڵه‌کان ناو ببه‌ین. ب/ ده‌سته‌یه‌کی دیکه له جیهادییه‌کان ئه‌گه‌رچی هه‌موو حوکومه‌ته‌کانی ئێستا به تاغووت ناو ده‌به‌ن، دانوستان له گه‌ڵیان له ڕێگه‌ی به‌شداریی له هه‌ڵبژاردن یان هه‌ر شێوه‌یه‌کی دیکه ڕه‌ت ناکه‌نه‌وه. ئه‌م ده‌سته‌یه له سه‌له‌فییه‌کان ده‌کرێت به جیهادییه میانڕۆکان ناوزه‌د بکرێن. باڵی دووهه‌می سه‌له‌فییه‌کان، که باوه‌ڕیان به جیهاد نییه و له‌سه‌ر نه‌بوونی هه‌لومه‌رجی جیهاد له کات و سه‌رده‌می ئێستادا پێداگرن، به سه‌له‌فییه غه‌یره جیهادییه‌کان ناویان ده‌برێت که ئه‌وانیش خۆیان دابه‌ش ده‌بن به سه‌ر دوو ده‌سته‌دا: ئه‌لف/ ئه‌و سه‌له‌فییانه‌ی که وه‌کوو گرووپی جیهادییه‌کان هه‌موو حوکومه‌ته‌کانی ئێستا به تاغووت ناو ده‌به‌ن، به‌ڵام باوه‌ڕیشیان به جیهاد له دژیان نییه که له‌م وتاره‌دا ئه‌مانه ناونران غه‌یره جیهادییه کۆنسێرڤاتیسته‌کان. ب/ ده‌سته‌ی دووهه‌م ئه‌و غه‌یره جیهادییانه‌ن که نه‌ک ته‌نها باوه‌ڕیان به جیهاد و ناڕه‌زایه‌تی دژی حوکومه‌ته‌کانی جیهانی ئیسلام نییه به‌ڵکوو زیاترین دژایه‌تی و دژبه‌رییان له هه‌مبه‌ر تاکه‌کانی ناو ئه‌م کۆمه‌ڵگایانه‌یه. ئه‌وان حوکومه‌ته‌کانی ئێران و عه‌ره‌بستانی سه‌عودی به ته‌واوی به ئیسلامی ده‌زانن. ئه‌م گرووپه ده‌کرێت به غه‌یره‌جیهادییه سونه‌تی یان نه‌رێتییه‌کان ناو ببرێن.
ته‌کفیر و ئاماده‌یی ژنان له کۆمه‌ڵگادا، وه‌کوو دوو چه‌مکی جیهاد و تاغووت، هۆکاری جوێکردنه‌وه‌ی ده‌سته و گرووپه سه‌له‌فییه‌کان له یه‌کتر نین، به‌ڵکوو له‌و چه‌مکانه‌ن که له خوێندنه‌وه‌یاندا له نێوان گرووپه سه‌له‌فییه‌کاندا جیاوازیی هه‌یه. له هه‌مان حاڵ‌دا ده‌شکرێ له نێوان ئه‌م چه‌مکانه ته‌کوزی و ڕیکوپێکییه‌ک به‌دی بکرێت. به‌م شێوه‌یه که زۆربه‌ی جیهادییه‌کان پێداگرن له سه‌ر ته‌کفیر و له‌گه‌ڵ ئاماده‌بوونی ژنان له کۆمه‌ڵگادا کێشه‌یان نییه و زۆربه‌ی غه‌یره جیهادییه‌کان له‌گه‌ڵ بابه‌تی ته‌کفیر له ئاسته به‌ربڵاوه‌که‌یدا هاوڕا نین و ئاماده‌یی ژنان له ناو کۆمه‌ڵگاشدا به شیاو نازانن.
ئه‌نجامێکی دیکه‌ی ئه‌م توێژینه‌وه‌یه ئه‌مه‌یه که ژنانی سه‌له‌فی هه‌ڵگر و خاوه‌نی هه‌ندێک تایبه‌تمه‌ندین که له پیاوان جودایان ده‌کاته‌وه. ئه‌م گرووپه گرینگ‌ترین تایبه‌تمه‌ندیی کۆمه‌ڵگای ئایدیال یان هه‌مان دارولئیسلامێک که له داهاتوودا دروست ده‌کرێت، به پاراستنی یاسا و ڕێساکانی ئیسلام له لایه‌ن ژنان ده‌زانن نه‌ک ته‌واوی مرۆڤه‌کان. ئه‌م یاسا و ڕێسایانه له پاراستنی حیجاب و په‌روه‌رده‌کردنی منداڵان و وه‌رگرتنی ڕه‌زامه‌ندیی هاوسه‌راندا کورت ده‌کرێته‌وه. ئه‌وان هه‌موو ئه‌رکه‌کانی ژنێک له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ هاوسه‌ر و منداڵه‌کانیدا پێناسه ده‌که‌ن و هاوسه‌ر، بنه‌ماییترین ڕۆڵی له جیهانی ژیانی ئه‌واندا هه‌یه. سه‌رباری ئه‌مه‌ش تێڕوانین و ڕوانگه‌ی ئه‌وان بۆ مافه‌کانی ژن و باوه‌ڕه سیاسییه‌کان زۆر کۆنسێرڤاتیستانه و پارێزکارانه‌تره له پیاوانی سه‌له‌فی.
سه‌رچاوه:
1- منصوره اعضم آزاده، هاوژین بقالی، تحلیل جامعه‌شناختی سلفیگری به مثابه‌ی یکی از منابع هویت ساز در کردستان ایران، پژوهشگاه علوم انسانی و مطالعات فرهنگی