که‌لتووری یارسانی یه‌کێک له سه‌رچاوه که‌ونی و دیرۆکییه نووسراوه‌ییه‌کانی کورد و یه‌کێک له بنه‌ما و کۆڵه‌که‌کانی مێژوو بەشی زۆری چوارپارچەی کوردستان دەگرێتەوە.
“تایبه‌تمه‌ندی زمانی و کۆمه‌ڵایه‌تی ئایینی یارسان له سه‌رده‌می “شا خۆشین”دا”
پێشه‌کی
که‌لتووری یارسانی یه‌کێک له سه‌رچاوه که‌ونی و دیرۆکییه نووسراوه‌ییه‌کانی کورد و یه‌کێک له بنه‌ما و کۆڵه‌که‌کانی مێژوو و دیرۆکی زاگرۆس(زاگرۆس لە بنەمادا ناوی زنچیرە چیایەکە بەڵام لە کۆنەوە تاکوو ئێستە بە جوگرافیایەک وتراوە کە بەشی زۆری چوارپارچەی کوردستان دەگرێتەوە و تا قووڵاییەکانی سنوور و ناوەندی ئێرانی ئێستاش لەخۆ دەگرێت) به درێژایی هه‌زاران ساڵ بووه که تایبه‌تمه‌ندیگه‌لێکی زمانناسانه و ئه‌ده‌بی و ئوستووره‌ناسانه(میتۆلۆژیکانه)ی له خۆیدا هه‌ڵگرتووه و به هۆکاری زۆر و زه‌به‌ند و جیاوازی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌ر له سه‌ده و سه‌رده‌مانی کۆنه‌وه تاکوو ئێسته بۆ به‌شێکی زۆر له خه‌ڵک نه‌ناسراو ماوه‌ته‌وه. ده‌فته‌ر و که‌لامی یارسان که به‌ڵگه‌ی ئه‌ده‌بی نووسراوه‌یی کوردن له سووچی ماڵ و کتێبخانه‌کانی یارسانییه‌کان به غه‌ریبی ماوه‌ته‌وه و تۆزی له‌سه‌ر نیشتووه.
هه‌ڵبژاردنی زاراوه‌ی (گۆران) ی له لای گه‌وره‌پیاوان و پێشه‌نگان و بیرمه‌ندانی ئایینی یاری یان یارسان هه‌ر له سه‌ده‌کانی پێشووه‌وه و له سه‌رتاسه‌ری کوردستان ئه‌مه‌مان پی ده‌ڵێت که هه‌ر له سنووری له‌کستان و لوڕستانه‌وه و له خوارترین جوغرافیای کوردستان له سه‌رده‌می شاخۆشینهوه بگره تاکوو ته‌ورێز و ئازه‌ربایجان و هەروەها له دووتوێی که‌لام و شیعره‌کانی بنه‌ماڵه‌ی )ئاته‌ش به‌گی( یان له که‌رکووک و مووسڵ له باشووری کوردستان بگره تا که‌لام و ده‌فته‌ری) شێخ ئامیر( و ) سه‌ید فه‌رزی له شاری سه‌حنه‌ی پارێزگای کرماشان، هه‌موویان ده‌رخه‌ری ئه‌م ڕاستییه‌ن که پیران و پێشه‌نگانی یارسان توانیویانه به زاروهی گۆرانی، زمان و خه‌ت و شێوە نوسینێکی یه‌کده‌ست و یه‌کگرتوو و سه‌نگین و سه‌لار له ناو نوسراوه‌ی یارسانییه‌کان پێشکه‌ش بكه‌ن.
“کلیل وشه‌کان: شاخۆشین، یارسان، کورد، که‌لام”
یه‌کێک له که‌سایه‌تیگه‌لی ناودار و ناسراوی ئیسلامی که له ده‌فته‌ر و که‌لامی یارساندا فره ناوی هاتووه و کتێب و سه‌رچاوه ئیسلامی و به‌تایبه‌ت سەرچاوەکانی شیعه له‌باره‌یه‌وه قسه‌یان کردووه (به‌هلوول ماهیی)ه که له (ته‌نگ گوڵ) له گوندی کانی چه‌رمووی شاری کیریندی سه‌ر به پارێزگای کرماشان کۆچی دوایی ده‌کات.
له ناو به‌ڵگه ده‌ستنووسه‌کانی یارسان و کتێبه ئایینییه‌کانی وه‌ک (نامه‌ی سه‌رئه‌نجام) و ده‌فته‌ره‌کانی سه‌ده‌ی نۆی هه‌تاوی و له زاری گه‌وره‌پیاوانی یارسانییشهوه وه‌ک (کاکا ڕه‌دا) ئاماژه به له‌دایکبوونی به‌هلوول له شاری ماکووفه(ناوچه‌ی دینه‌وه‌ری سه‌ر به کرماشان) کراوه که ڕه‌گه‌زی کورد بووه. هه‌روه‌ها له ناو ئه‌م نوسخانه ئاماژه به کۆچ و سه‌ردانی به‌هلوول له‌گه‌ڵ چه‌ند که‌س له هاوڕێکانی به‌ره‌و به‌غدا کراوه که سه‌ردانی ئیمام سادقیان کردووه و ئه‌م ئاماژه‌یه به ڕوونی هاتووه.
ئه‌و شته‌ی که ئه‌ده‌ب و که‌لتووری کورد له ناو دیرۆکی یارساندا تایبه‌ت ده‌کات، شێوی نوسینی شیعر له که‌لامه‌کانی ئه‌م ئایینه یه که له شێوازی ده پیتی ئه‌وێستایه. واته به‌و شیوازه‌ی که زه‌رده‌شت له نوسینی گاتاکان که‌ڵکی لێ وه‌رگرتووه که هه‌مان شێواز له که‌لامی یارسانیشدا به‌کار هێنراوه. هه‌موو قاڵبه شیعرییه‌کانی شاعیرانی دوای ئیسلام له جوگرافیایه‌ک که ناونراوه ئێران له شێوازگه‌لی قاڵبی عه‌ره‌بی وه‌ک غه‌زه‌ڵ، قه‌سیده، مه‌سنه‌وی و…بووه؛ ده‌توانین بڵێین ده‌فته‌ری که‌لامی یارسان ته‌نها ئاسه‌واری به‌جێماوی شێوه‌ی شیعریی کۆنه له سه‌رتاسه‌ری ناوچه‌که‌دا که توانیویه‌تی فۆرم و شێوه دێرینه‌که‌ی خۆی بپارێزێت.
له که‌لامێک که له زاری بههلوولهوه هاتووه کە ده‌ڵێت: ئاو واتەی یاران/ئاو واتەی یاران/ئێمە دیوانەین/ئاو واتەی یاران/هەنەی مەگیلین/یەک یەک شاران/تا زندە کەریم/ئایین یاران (صفی زاده 1387ص58) له ناو شیعره‌کانی به‌هلوولی مادی و ئه‌و چوار هاوڕێیه‌ی که نێزیکه‌ی سه‌ده‌ی دووی هه‌تاوی ژیاون و ناوه‌کانیان بریتییه له (بابا نوجوم لوڕستانی، بابا ره‌جه‌ب لوڕستانی، بابا حاته‌م لوڕستانی و بابا لۆڕهی لوڕستانی) په‌یوه‌ندیی ڕاسته‌وخۆی ئه‌ده‌بیی به‌رهه‌مه یارسانییه‌کان له‌گه‌ڵ شیعره ده پیتییهکانی ئاوێستا و هه‌ڵبژاردنی زاراوه‌ی گۆرانی بۆ زمانی فه‌رمی و ئه‌ده‌بی نوسراوه‌یی کورده‌کانی یارسان به ڕوونی دیاره.
له که‌لامێک له بابا نوجوم لوڕستانی ئاوا ده‌خوێنینه‌وه: بەرەی ویم گردێن/نە بەرەی یاری/بەرەی ویم گردێن/چەنی هەم یاران زما یەشت وردێن/ساور١ و ئەرژەنگ٢ یوشتمان وردێن (صفی زاده 1387ص65)
یان له بابا نوجوم وا هاتووه که ده‌ڵێت: زەڕوان٣ بیانی/زەڕوان بیانی/نه دەورەی وەرین/زەڕوان بیانی/ئەهری و ورمه ز یاران دیانی/کالای خاس یار ئاو دم شیانی(صفی زاده1387 ص64)
1 – ساور: له کتێبی ئاوێستادا ناوی (سئوور) هاتووه. له کتێبی بوندههێشن و سه‌رچاوه‌کانی ئایینی زه‌رده‌شت له سه‌رده‌می ساسانییه‌کاندا به‌رهه‌می موبید فهرنبهغ، ساور یه‌کێک بووه له دێوه‌کان و دوژمنی ئیمشاسپهند و شه‌هریوه‌ر بووه.
2 – ئه‌رژه‌نگ: له شانامه‌ی فیرده‌وسیدا که زۆر ئه‌فسانه و ئه‌ده‌بی زاره‌کیی کوردی هه‌ڵگرتووه ئه‌رژه‌نگ یه‌کێک له‌و دێوانه بووه که له‌گه‌ڵ ڕۆسهمدا شه‌ڕ ده‌کات و له دواجاردا ئه‌م دێوه خوێنمژه به ده‌ستی ڕۆسه‌م ده‌کوژرێت.
3 – زهڕوان: زهڕوان یه‌کێک له ئایینه کۆن و دێرینه‌کانه که به‌ر له زه‌رده‌شت ناوی له مێژوو و دیرۆکدا هاتووه. زهڕوان له کتێبی ئاوێستادا چه‌ند جار له‌باتی ئیزه‌ده‌کان یان خوداکان هاتووه و فریشته‌ی زه‌مانی ناکۆتایە (فرهنگ لغت معین)
ئه‌وه‌ی که له‌سه‌ر که‌لامه‌کانی یارسان له سه‌ده‌ی دووی هیجری به‌رده‌ست ده‌که‌وێت ئه‌و ڕاستییه‌یه که ڕێبه‌رانی ئایینیی یارسان له دیرۆک و ئوستووره پێشووه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی خۆیان ئاگادار بوونه و له ناو شیعر و کهلامیاندا ئاماژه‌یان پێ داوه.
دوای مه‌رگی به‌هلوول و هاوڕێکانی که‌لامی یارسان ته‌راکه‌وته بووه و که‌سانێکی وه‌ک (شافهزلیی وه‌لی، بابا قه‌یسه‌ر هه‌ورامی و دایه ته‌ورێز هه‌ورامی) درێژه‌یان به قۆناغه‌کانی پێشوو داوه و بڵاوبوونه‌وه‌ی ئایینی یارسان له شار و شارۆچکه دوور و نێزیکه‌کانی وڵات به‌رده‌وام بووه.
به‌ڵام یه‌کێک له دره‌وشاوه‌ترین قۆناغی گه‌شانه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی یارسان، سه‌رده‌م و قۆناغی ده‌سه‌ڵاتداریی(شا خۆشین لوڕستانی) بووه که له‌باره‌ی چۆنێتی و ورده‌کارییه‌کانی ژیانی شاخۆشین به‌رهه‌مانێکی وه‌ک کتێبی فرمانروایان گمنام (فه‌رمانره‌وا بێناوه‌کان) به‌رهه‌می په‌رویزی ئهزکایی و کتێبی “تاریخ تحلیلی اهل حق (مێژووی شیکارانه‌ی ئه‌هلی حه‌ق)” به‌رهه‌می د.محه‌مه‌د عه‌لی سوڵتانی بڵاو بوونه‌ته‌وه که له به‌ڵگه مێژووییه‌کان و سه‌رچاوه‌گه‌لێکی وه‌ک (مجمل التواریخ و القصص) و به‌رگی نۆیه‌می (تاریخ ابن اثیر) بۆ نوسینیان که‌ڵکیان وه‌رگرتووه.
شاخۆشین یه‌که‌م که‌س بووه له میژووی یارساندا که هه‌وڵی داوه ده‌زگا و سیسته‌مێکی سیاسی، چه‌کداری و له‌شکه‌ری دروست بکات و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی ده‌ر و دراوسێی خۆی بگرێت.
له به‌ڵگه‌کانی سه‌رچاوی (تاریخ ابن اثیر) شاخۆشین که وه‌ک (حسێن بنی مه‌سعوودی الکوردی) ناوی هاتووه، ئاماژه به ڕووداوێکی گرینگ کراوه. شاخۆشین له قه‌ڵای کۆسه‌ی هه‌جێج که هه‌نووکه‌ش کهلاوە و ئاسه‌واره ڕووخاوه‌کانی ئه‌و دژ و دێهاته له هه‌ورامان له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ماوه‌ته‌وه له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتداریی حکوومه‌تی “حه‌سنه‌وییه” شه‌ڕ ده‌کات و پاش ئه‌م شه‌ڕه سوپای حه‌سنه‌وییه شاخۆشین و هێزه‌کانی له قه‌ڵای هه‌جێج گه‌مارۆ ده‌ده‌ن و ئه‌م ڕووداوه یه‌که‌م هه‌نگاوی هاتنه‌مه‌یدانی هێزی له‌شکریی و چه‌کداری گۆران بۆ پاراستنی شاخۆشین و ئایینی یارسانه که تا هه‌زار ساڵ دواتر درێژه‌ی په‌یدا کردووه. چه‌کداره‌کانی گۆران که خۆیان به‌شێک بوون له هیزه‌کانی سوپای حه‌سنه‌وییه له میانه‌ی گه‌مارۆدانی شاخۆشیندا پشت ده‌که‌نه فه‌رمانده‌ی حه‌سنه‌وییه و پشتیوانی و پشتگیریی له شاخۆشین ده‌که‌ن. که له ئه‌نجامی ئه‌م جه‌نگه‌دا (بدر بن حه‌سنه‌وییه) به ده‌ستی جەنگاوەرانی سوپای یارسانییه‌کان ده‌کوژرێت.
پاش شه‌ڕی هه‌جێج حکوومه‌تی حه‌سنه‌وییه زوو به‌ره‌و لاوازی ده‌چێت و شاره‌کانی کرماشان، هه‌مه‌دان، خوڕه‌مئاوا، شوشته‌ر، هه‌ورامان و برووجێرد که تا ئێستاکه له ژێر ده‌سه‌لاتی حه‌سنه‌وییه بوون، بۆ په‌ره‌پێدانی ئایینی یارسان هه‌ڵده‌ستن و له‌م سه‌رده‌مەدا ده‌زانین که ژماره‌ی یارسانییه‌کان به‌ره‌و زیادی ده‌چێت. بۆ نموونه له ناوچه‌ی هه‌وراماندا و له‌م سه‌رده‌مه‌دا پیری شالیار ده‌توانێت ئایینی یاری یان هەمان یارسان ڕه‌ونه‌ق پێ بدات و خوڕهمدینهکانی هه‌ورامانی ته‌خت بێنێته لای خۆی که له ئه‌نجامدا خوڕهمدینهکانی هه‌ورامانی ته‌خت، کرماشان، لوڕستان و ئازه‌ربایجان( هه‌ڵبه‌ت له ڕووی ئایینییه‌وه به‌شێکی زۆر له باوه‌ڕه‌کانی خوڕه‌مدینی و یارسان هاوبه‌شن) له ژێر ئاڵای یارساندا کۆبوونه‌وه و یه‌کیان گرت.
سه‌رهه‌ڵدانی شاخۆشین، پاڵپشتی گۆرانه جه‌نگاوه‌ره‌کان و پشتیوانیکردنی ده‌سه‌ڵاتدارانی (ئالی بوویه) له شاخۆشین و یارسان، له دێرزه‌مانه‌وه ده‌بێته هۆی نێزیکبوونهوهیان و له ناوچوونی ته‌واوه‌تی حکوومه‌تی حه‌سنه‌وییه له سه‌رماج (پایته‌ختی حه‌سنه‌وییه له نێزیکی شاری هه‌رسینی سه‌ر به پارێزگای کرماشان) له‌باره‌ی بارگه و شوێنگه‌ی شاخۆشین سه‌رچاوه‌گه‌ل و به‌ڵگه‌گه‌لی مێژوویی ئاماژه به شارێک ده‌ده‌ن که له ده‌وروبه‌ری شاره‌زووره له باشووری کوردستان که زۆر له شاری “شیز”ی خوڕهمدینهکانی ئازه‌ربایجان چووه که بێگومان مه‌به‌ست شاری نه‌وسوودی ئێستایه له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان.
مێژووناسی ڕووس؛ مینۆرسکی دوژمنایه‌تیی خه‌ڵکی ده‌وروبه‌ری شوێنگه‌ی شاخۆشین(نه‌وسوود) له‌گه‌ڵ یارسانییه‌کانی ناوخۆی شاره‌که، ده‌گه‌ڕینێته‌وه بۆ به‌هادایینی یارسانییه‌کان به یاسا شه‌رعییه‌کان. (ئهبودلوف) شاعیر و گه‌شتیاری عه‌ره‌ب له سه‌فه‌رنامه‌که‌ی خۆیدا نوسیویه‌تی که له ساڵی 341ی هه‌تاوی ژماره‌یه‌ک کەس هێرش ده‌که‌نه سه‌ر شاری نه‌وسوود و به‌شێک له خه‌ڵک ده‌کوژن و ماڵیان به تاڵان ده‌به‌ن.
شاخۆشین یه‌که‌مین ڕاپه‌ڕین و ڕابوونی بێ چه‌ک بووه له دوای هاتنی ئیسلام بۆ جوگرافیای زاگرۆس که بۆ سه‌قامگیرکردن و جێگیرکردنی فه‌رهه‌نگ و زمانی کوردی له به‌رامبه‌ر خه‌لیفه‌ی عه‌باسیدا وه‌ستاونەتەوە.
به‌ڵگه مێژووییه‌کان له‌باره‌ی سه‌رهه‌ڵدانی چه‌کداریی وه‌ک بابه‌ک و سه‌ندباد ئه‌و ڕاستییه‌ی ده‌رخستووه که پێکدادان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتداره عه‌ره‌به‌کان له‌و سه‌رده‌مه‌دا جگه له ده‌ربه‌ده‌ری و ماڵوێرانی و کۆمه‌ڵکوژی هیچ ده‌سکه‌وتێکی نه‌بووه.
چه‌ند شت که له سه‌رده‌می شاخۆشیندا بوونه هۆی په‌ره‌سه‌ندنی زۆری ئایینی یارسان بریتین له:
1 – لاوازبوونی خەلیفەی عەباسی لەڕووی هێز و دەسەڵاتەوە.
2 – هەڵوەشانەوە و ڕووخانی دەوڵەتی نیوەسەربەخۆی حەسنەوییە کە پارێزگای کرماشان و لوڕستانی لە ژێر دەسەڵاتدا هەبوو.
3 – ڕوانگەیەکی دۆستانە کە ئالی بوویە بۆ کۆمەڵ و جڤاکی یارسان هەیبوو.
سێ ڕووداو و هۆکاری سەرەوە بوونە هۆی پێشکەوتنی زیاتری ئایینی یارسان و بەرفراوانکردنی ئەو ئایینە لە جوگرافیای زاگرۆس‌دا. هەڵبەت بەر لەوەی کە شاخۆشین بانگهێشت و داوەتی خەڵک بکات بۆ ئایینی یارسان، ئەندێشەی یارسانی لەلای زۆرینەی خەڵکی زاگرۆس پەسەند کرابوو. بە شایەتیی بەڵگە مێژووییەکان لە سەدەی یەکەم و دووهەمی هەتاویدا کوێستانەکانی کوردستان پەناگا و هانادەری پاشماوەکانی ئایینە دێرینەکانی وەک مەزدەک و مانی و زەڕوانی بووە. خوڕەمدینەکانیش پاش ئەوەی کە بابەک دەکوژرێت بە بێ سەرۆک و ڕێبەر دەمێننەوە. بەهۆی ئەوەی کە یارسان و خوڕەمدینەکان لەسەر دۆنادۆن و سەنەویت یان تەناسوخ هاودەنگ و کۆکن، سەقامگیری دەزگا و سیستەمی شاخۆشین دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی بێنە پاڵ خوڕەمدینەکان و ژمارەی یارسانەکان زۆرتر دەبێت.
هەر لەم ڕووەوە عەبدولحوسەین زەڕینکووب دەڵێت:
“لە سنووری دیالە تاکوو ڕووباری کەرخە بەشێکی زۆر لە کوردەکانی گۆران و عێلە لوڕەکان لە نێوان ماوەی زەمەنیی دەسەڵاتداریی ئالی بوویە تا موغولەکان، هاتنە سەر ئایینی گنووسییەکان کە لە دێرزەمانەوە بە ئەهلی حەق یان یارسان ناسرابوون.” بێگومان بەشێکی زۆر لە ڕێباز و گرووپەکانی (حوروفییە) (جەلالییە) (خاکسار) (ئیسماعیلی) لەگەڵ یارسان هاوسەنگ و هاوکۆک بوون. بەڵام چون زۆرینەی ڕێباز و دەستەکان هەوڵیان داوە باوەڕ و بیری خۆیان بشارنەوە و ئاشکرای نەکەن مێژوویەکی ڕوون و دیار لەبەردەستدا نییە.
یەکێک لە بنکە کۆمەڵایەتی و جڤاکییە سەرەکییه‌كانی یارسان لە سەردەمی شاخۆشیندا شاری هەمەدانە. تا ئەو جێگەیەی کە دەتوانین بڵێین هەورامان و نەوسوود بارگە و بنکەی دژبەری چالاکیی یارسان و هەمەدان کۆمەڵگای هۆگر و باوەڕداری ئەم ئایینە بوونە و باباتاهیری عوریان وەکوو گەورەترین نوێنەر و دەمڕاستی فیکریی شاخۆشین لە هەمەدان سەرقاڵی باس و قسەکردن لەگەڵ مامۆستاگەل و شێخەکانی ئەو شارە بووە.
بەسەرهاتی سەردان و مێوانبوونی شاخۆشین لەگەڵ سوپای ناوداری خۆی لە داوێنی کێوی ئەڵوەن و مێوانداریی باباتاهیر و فاتمە لوڕە خاتوونی ژنی باباتاهیر لە شاخۆشین و هاوڕێکانی لە دەفتەر و کەلامی یارسانەکاندا بە ڕوونی هاتووە.
یەکێکی دیکە لە نوێنەران و دەمڕاستەکانی فیکریی یارسان لە هەمەدان (عین القضات) هەمەدانی بووە کە دوای ئەوەی کە تۆمەتیان بۆ هەڵبەست و تاوانباریان کرد لە ئەنجامدا گیانی خۆی لەم ڕێگایەدا کردە قوربانی. هۆکاری کوژرانی عین القچاتیان گەڕاندووەتەوە بۆ دەستێوەردانی گرووپ و دەستەیەکی ڕازاوی و سڕۆکی ئایینی.
لە نامەی سەرئەنجامدا هاتووە کە شاخۆشین سەردانی باباتاهیر لە شاری هەمەدان دەکات و باباتاهیر هۆگری و موریدبوونی خۆی لە خزمەت شاخۆشین ڕادەگەیەنێت. لە کتێبگەلێکی دیکە ئاماژە بە پەیوەندیی باباتاهیر و یارسان کراوە بە تایبەت ڕاوەندی لە بەڵگەی (راحە الصدور) یەکتربینینی سوڵتان توغرولی سەلجووقی و بابا تاهیریی لەسەر کێوی خیزر، باس کردووە کە لەو دیدار و بینینەدا دوو پیری ناوداری یارسان یانی (بابا جەعفەر و شێخ حەمشاد) یش لەگەڵ باباتاهیر ئامادە بوونە.
توغرولی سەلجووقی ڕێز و حورمەتی خۆی لە هەمبەر بابا تاهیر ڕادەگەیەنێت و باباتاهیریش هەندێ ئامۆژگاری و ڕێنوێنی لە ڕووی ڕەوشت و ئەخلاقی دەسەڵاتاداری و حوکمڕانییەوە پێشکەشی دەسەڵاتداری سەلجووقی دەکات.
ئەم یەکتربینینە لە لای ڕاوەندی هەندێ ڕاستیی گرینگی دەرخستووە:
1 – باباتاهیر لە کەسانی ناودار و ناسراوی ئایینی وڵات بووە و جێگەیەکی بەرزی لە ناو خەڵکدا هەبووە کە سوڵتانی سەلجووقی ئان‌وسات پاش گەیشتنی بۆ ئەو شارە دەچێت و سەردانی بابا تاهیر دەکات.
2 – دیدار لە کێوی خیزر ئەمەمان بۆ ڕون دەکاتەوە کە بابا لە جەرگەی دەروێشان و گۆشەنشینان و عارفەکان بووە و وەکوو فەقێکان لە کاروباری ڕۆژانەی خەڵک و هەڵسوکەوتی خەڵک و کێشە شەرعییەکان خۆی هەڵنەقورتاندووە و هەر ئەو نازناوی عوریانە و کاکڵ و ناوەرۆکی شیعرەکانی باباتاهیر ئەم عیرفان و گۆشەنشینییەی بابا تاهیرمان بۆ دەردەخەن.
ئەم دوو خاڵە یانی پێگەی ئایینی بابا تاهیر لە هەمەدان و چالاکی و هەڵسوکەوتی عاریفانە و خۆدوورگرتن لە بڕیارە فیقهی و شەرعییەکان کەسایەتیی بابا تاهیر ناکات بە ئەو کەسایەتییە خوازراوەی سۆفی و فەقێکانی شەرع لەو شارەدا و هەر ئەو بێدەنگییە مانادارەی بەڵگە مێژووییەکان لە سەردەمی باباتاهیر و سەدەکانی پاش مردنی ئەم ڕاستییەمان بۆ دەردەخەن. بێجگە لە نامەکانی عین القضات ی هەمەدانی کە ڕێز و هۆگری خۆی بۆ (شێخ بیرکە و شێخ فەتحە) کە ئەڵقەی ڕەسەنی پەیوەندی عین القچات و بابا تاهیرن دەردەخەن، بەڵگەی مێژوویی دیکە و نوسەرانی سەر بە حکوومەت شتێکیان لەبارەی باباتاهیرەوە نەنوسیوە کە بە ڕوونی دیار بێت و ئەگەریش هەبووبێ هەمووی لەناو چوون و لە مێژوودا هەر ئەم هۆکارەش بووەتە هۆی مەرگی عین القچات(دەستەیەکی ئایینی ڕازاوی). دەتوانین پەیوەندی لە نێوان باباتاهیر و عێن القضات لە نامەکانی عین القچاتدا لە ساڵەکانی 520-525ی هەتاوی ببینینەوە.
عین القچات لە نامەکانی خۆیدا ئاماژە بە تاهیری عارف و مەزاری بابا تاهیر لە هەمەدان و دوو کەس لە عارفە گەورەکانی شاری هەمەدان واتە شێخ برکە و شێخ فەتحە دەکات. کە ناوی شێخ برکە هەر لە دێرزەمانەوە لای ئەهلی حەق و یارسان وەکوو ناوێکی بەردەوام ئامادە و تەنانەت پیرۆز هاتووە. لە لێکدانەوەی نامەکانی عین القضات بەم ئەنجامە دەگەین کە شێخ بیرکە و شێخ فەتحە خۆیان بە پێگەیشتووان و موریدەکانی بابا تاهیر دەزانن کە پەیوەندیی مامۆستا و خوێندکاریان لەگەڵ یەکدا هەبووە.
تا ئەو شوێنەی کە عین القضات بەم شێوەیە لە شێخ فەتحە یاد دەکات و لە زمانی شێخەوە دەڵێت: حەفتا ساڵ هەوڵم دا کە هۆگری و ڕێزی خۆم بە نیسبەت بابا تاهیرەوە دەرببڕم بەڵام نەمتوانی.
بە پێی ئەم نامە و بەڵگانە و هەستیاربوونی مەلا و سۆفییەکانی هەمەدان بە نیسبەت عین القچات و ڕێبەرانی فیکری واتە شێخ بیرکە و شێخ فەتحە دەگەین بەم ئەنجامە کە بیرکە و فەتحە لە گەورەکانی یارسان بوونە و هۆگری و ڕێز و ئەمەگناسییان بۆ بابا تاهیر لە ناو نامەکانی عین القضاتدا دیارە.
زەڕین کووب نوسیویەتی فەقێکانی شەرع لەسەر پەیوەندییەک کە لە نێوان عین القچات و شێخ بیرکە و شێخ فەتحە بووە بڕیاری لەسێدارەدانی عین القضاتیان دەرکردووە. فەقێکان هەوڵی زۆریان داوە کە سەرچاوە مێژووییەکان لەبارەی هۆکاری مەرگی عین القضات بێدەنگ بکەن تاکوو پەیوەندی عین القضات لەگەڵ فیکر و فەلسەفەی یارسان بە نادیاری بمێنێتەوە.
بەڵام عین القضات لە ناو نامەکاندا هۆگری و ئەمەگناسیی خۆی بۆ شێخ بیرکە نوسیوە و شێخ بیرکەش لە کتێبی قورئان جگە لە سوڕەتی حەمد و چەند سوڕەتی دیکە شتێکی دیکەی لەبەر نەبووە و بێگومان جێگەی پەسندی مامۆستا ئایینییەکان نەبووە. پاش مردنی شێخ بیرکە عین القضات تا دوو مانگ بەهۆی ناڕەحەتی و خەمی زۆرە پەیوەندیی خۆی لەگەڵ هەمووان دەپچڕێت. کە بەشێکی زۆر لە مێژووناسەکان ئەمە بە هۆگری و ئەمەگناسی عین القضات بۆ شێخ بیرکە دەزانن و تەنانەت پلە و جێگەی شێخ بیرکەیان بە نیسبەت عین القضاتەوە نێزیک لە پلەی ئیمام محەمەد غەزالی زانیوە. لە بەڵگە مێژووییەکاندا شوێنگە و پێگەی شێخ بیرکە وەکوو بابا تاهیر و بابا جەعفەر پاک و بڵند بووە و تەنها لە بەڵگەی “راحە الصدور”ی ڕاوەندیدا ئاماژە بە ناوی ئەم سێ کەسە دراوە.
ئاسەوارەکان ئەمەمان پێ دەڵێن کە شێخ بیرکە و بابا تاهیر و بابا جەعفەر لەگەڵ ئایینێکی عیرفانیدا پەیوەندییاب هەبووە کە ئێستە بە ئەهلی حەق یان یارسان ناسراوە و جیاواز بووە لە سۆفیگەرێتی دەسەڵاتدارەکان.
لە ناو نوسین و نامەکانی عین القضات هەندێ ئاماژە و قسە و باس هەن کە تێڕوانینی عین القضات هاوسەنگ و هاوسان دەکات بە ڕێبازی مەنسووری حەلاج. ئەوان باوەڕیان بە بابەتانێکی وەکوو دۆنادۆن و تەناسوخ هەبووە کە دواجار دەبێتە هۆکاری دوژمنایەتی فەقێکان لەگەڵ عین القضات و لە ئەنجامیشدا دەبێتە هۆی مردنی. بەڵام ڕووداوگەلێک کە لە مێژوودا بەسەر مەنسوری حەلاج و عین القضاتی هەمەدانیدا هاتووە بە باشی ڕوونی دەکاتەوە کە بۆچی کەسایەتییەکی گرینگ و بەنرخی وەکوو شاخۆشین لە ناو ڕووداوە مێژووییەکاندا نادیار و کەمڕەنگ ماوەتەوە و ئەگەریش دیار کەوتووە بابەتێک بەناوی سڕمەگوو(ڕاز مەڵێ واتە ڕاز و کرۆکی ڕاستەقینەی شتەکە مەدرکێنە) لە ناو کۆمەڵ و جڤاکی یارسان چ بووە و ئەو دەمەی کە لە ئەنجام و کۆتاییدا دادوەرێک، گەنجێکی وەکوو عین القضات بە تاوانی پەیوەندی لەگەڵ ئایینی یارسان لەسێدارە دەدا.
ڕەتکردنەوە و نکۆڵیکردنی عین القضات هیچ کاریگەرییەکی نابێت تاکوو لێی ببوورن و لە ڕاستیدا چارە و ڕێگەیەک بۆ ڕێبەران و گەورەپیاوانی یارسان نەماوە جگە لەوەی کە بە بۆنەی ڕزگارکردنی گیانی خەڵک و پێشگری لە کۆمەڵکوژی یارسان، هیچ کات باوەڕ ئایینییەکانی خۆیان دیاری نەکەن و نەیخەنە بەرچاو و تێڕوانینێکی وەکوو سڕ مەگوو دروست بکەن تاکوو مورید و یارسانییە ژیر و تێگەیشتووەکان بۆ ئەوانیدی باسی نەکەن و ئەمەش بە هۆکاری ئەو زۆر و ترساندن و تۆقاندنە بووە کە لە سەدەکانی ڕابردوودا بە نیسبەت یارسانەوە هەبووە و هەر بەم هۆیەشەوە لە ژمارە و حەشامەتی کۆمەڵ و جڤاکی یارسانییەکان کەم بووەتەوە و ئێستە بەشێکی بچووکتر لەسەر ئایینی یارسان ماونەتەوە کە ئەگەر پاشەکشەی کۆمەڵێک یارسانی نەبوایە بەدڵنیاییەوە لە ژێر توندوتیژی و بریسک و خوڕی شمشێری دەسەڵاتدارانی تورک و عەرەب بە درێژایی مێژوو لەناو چووبوون و ئێستە تەنها ناوێکی ڕووت و قووت لە یارسان مابووەوە.
چەند بەشێک لە کەلامی شاخۆشینمان لە خوارەوە هێناوە کە ڕێباز و ڕێگای فیکریی ئەو کەسایەتییە مێژووییە زیاتر ڕوون دەکاتەوە.
یارسان ورا/یارسان ورا
رای حق راسین /برانن ورا
پاکی و راستی نیستی و ردا
قدم و قدم تا و منزلگا(بورەکه یی1387 ص82)
تەنیا بەسە ئەمە بزانین کە (ڕاستی و پاکی و نیستی و ڕەدا) چوار پایە و کۆڵەکەی یارسانن کە لەگەڵ سێ بنەمای زەردەشت واتە قسەی چاک، بیری چاک و کردەی چاک پەیوەندییەکی توند و تۆڵیان هەیە. لە جێگایەکی دیکە لە شاخۆشین دەخوێنینەوە:
مامام جلاله/کاکام رنگینه
دون و دون ێمام/چینه و چینه
ها ایسا یورت و/ نامم خوشینه
هرکس بشناسوم/پاکش م‌و کینه(بوره که یی1387 ص83)
هەر وەکوو دیارە شاخۆشین باوەڕی بە دۆنادۆن و تەناسوخ هەبووە. لە کەلام و وتەیەکی دیکەدا دەخوێنینەوە کە:
جه مهمانی و سور/ جه مهمانی و سور
بنوشن سورا١/جه مهمانی و سور
بوانن نامم جه/ نزار و دور
هتا درونتان بو/ و کان هور (بوره کەیی1387 ص83)
1 – سورا: جۆرێک خواردنەوەیە کە لە ئایینی زەردەشتییەکاندا هەبووە و زەردەشتییەکان وەک پێشکەشی یان نەزری دەیدەنە مامۆستای ئایینی و ڕێبەری مەعنەویی خۆیان و لە زمانی سانسیکریتدا بە سورا دەیخوێننەوە. کە لە کەلامی یارساندا ئاماژەی پێ کراوە و شاخۆشین فەرمانی بە بووژاندنەوە و ئەنجامدانی ئەو ڕێوڕەسمە کەونینە و نەتەوەییە دەرکردووە.
شتێک کە لە کەلام و وتەی شاخۆشیندا دیار و بەرچاوە ئەمەیە کە شاخۆشین خەریکی خستنەڕووی کۆمەڵێک ئامۆژگارییە دژی توندوتیژی و ستەمی دەسەڵاتدارەکان و بە شێوەی سرووشتی و ئاساییش وەڵامی توند و تۆڵی دژی ستەم هەیە بەڵام کەلامی یارسان بێگومان و بە بێ مەرج لە لوتکەی مرۆڤایەتی و میهرەبانی خۆیدا دژی تۆڵەسەندنەوە و لێدان بووە و فەرمانی ئاشتیخوازی و دڵداری و شادی بۆ گشت مرۆڤایەتی ڕاگەیاندووە کە بێگومان ئەمەش ڕەگ و ڕیشەی لە کەلتووری ڕەسەنی کوردەواریی یارساندا هەیە بە شایەتیی مێژوو زیاترین و بەرزترین جەژن و دیلان و هەڵپەڕکێ و شایی لە ناو خەڵکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هی نەتەوەی کوردە.
یارسانیش بە پێڕەوکردن لەم تایبەتمەندییە کوردەوارییە دەسی داوەتە چالاکی و لە ناو دانە بە دانەی چالاکییە ئایینییەکاندا شادی و خۆشی و بەختیاری لەگەڵ دەنگی ساز و تەموورە تێکەڵ بووە و تەنانەت لە کاتوساتی پەیوەندی لەگەڵ خودایشدا یارسانەکان ساز دەژەنن و شادی و خۆشحاڵییان لەبیر ناچێت.
خاڵێکی گرینگتر کە لە کەلامی یارسان دەردەکەوێت بەدەر لە شێوە و فۆرمی شیعرییەکانی یارسان کە درێژەی ڕێگە و ڕێبازی شیعری زەردەشت و ئەوێستایە ئەمەیە کە ڕێبەرە مەزنەکانی ئەم ئایینە زمانی نەتەوەیی خۆیان بۆ نوسینی بەڵگە مێژوویی و ئایینییەکانی خۆیان بەکار هێناوە کە هەم زانیویانە ئەمە بۆ خەڵک و نەتەوەی کورد ئاسانترە و هەم پێشگرییان کردووە لەوەی کە دوژمنەکان و غەیری کوردەکان لە کەلامی یارسان تێبگەن تاکوو بەو بیانووەوە و تێگەیشتن لە کرۆکی پەیامی یارسان بە دوورخستنەوە و لێدان کۆمەڵکوژیان نەکەن. سەرەکیترین خاڵ و بابەت هەڵگرتن و پاراستنی زمانی ڕەسەنی کوردی لە ناو بەڵگە یارسانییەکانە کە ئەمڕۆ و هەنووکە بووەتە مێژوویەکی زمانیی قورس و بەنرخ لە وتووێژە زانستی و ئاکادیمیکەکانی زمان و مێژوو و بووە بە بەهێزترین بەڵگەی مێژوویی کورد بۆ پاراستنی خۆی و زمانەکەی.
ئەنجامگیری:
لەم وتارەدا پەرژاینە سەر بنەما و ڕەگوڕیشەی سەرهەڵدان و پەیدابوونی یارسان و بابەتی “سڕ مەگوو” کە بۆ پاراستن و ئاشکرانەبوونی بنەما و کرۆکی ئایینی یارسان لە لای دەسەڵاتدارە توندڕەوەکان بەکار هێنراوە تاکوو یارسان و یارسانییەکان لەو سەردەمەدا نەکەونە بەر پەلامار و شاڵاوی حکوومەت و دەسەڵاتدارەکان. بەڵام بەهۆی بابەتی سڕمەگووەوە بەشێکی زۆر لە ئایینی یارسان بۆ مێژوونووسان و ڕەخنەگران نادیار و نەناسراو ماوەتەوە و نوسەر و تۆژەرەکان زانیاری و ئاگادارییەکیان لەسەر سەرچاوەکانی کەلام و دەفتەری یارسان نەبووە و ئەم ئایینەیان لەگەڵ علی الله‌ی و ڕافزی و شەیتانپەرەستی بە یەکێک زانیوە کە بێگومان دوورە لە ڕاستییەوە.
کە ئەمەش بە چەند هۆکار بووە:
1 – لەبەردەست نەبوونی سەرچاوە و بەڵگە باوەڕپێکراوەکان سەبارەت بە یارسان لە ناو زانکۆ و چاپەمەنییەکان هەر جۆرە لێکۆڵینەوە و هەوڵێکی زانستی و ڕەخنەگرانەی لەم بوارەدا پەک خستووە.
2 – دژایەتیی بەشێک لە توندڕەوە ئایینییەکان لە هەر قۆناغێک لە مێژوودا لە هەمبەر دەرکەوتنی بنەما و کۆڵەکەی یارسان.
3 – بێدەنگیی دەسەڵاتدارەکانی یارسان لە سەدەکانی ڕابردوودا کە بە هۆکاری جۆراوجۆر نەیانویستووە یان نەیانتوانیوە لەبارەی خۆیان و ئایینەکەیان بنوسن و نادیارەکان بۆ ڕەخنەگران و تۆژەران و بیرمەندان بخەنە ڕوو.
4- بەشێکی زۆر لە خەڵکی ئاسایی یارسان بە هۆکاری زەخت و زۆری دەسەڵاتدارەکان زانیاری و ناسیاوەتییەکی ئەوتۆیان لەبارەی ئامیان و کاکڵی ئایینەکەی خۆیان نەبووە تاکوو بەڵگەی نوسراوەیی باوەڕپێکراو بخەنە ڕوو.
سەرچاوەکان:
1 – دولتشاهی ،عماد ا‌لدین ، جغرافیای غربی ایران یا کوه های نا شناخته اوستا ، 1363 شمسی.
2 – اوستا ، جلیل دوست خواه ، 1376 ش .
3 – زرین کوب ، عبدالحسین ، جستجو در تصرف ایران ،تهران ،1357 ش .
4 – زرین کوب ، عبدالحسین ، دنباله جستجو در تصرف ایران ، تهران ، 1357 ش .
5 – اردلان ،شیرین ،خاندان کرد اردلان در تلاقی امپراتوری ها ،ترجمه مرتضی اردلان 1387 ش .
6 – صفی زاده ، فاروق ، ادیان باستانی ایران ، تهران 1385 ش.
7 – سلطانی ،محمد علی ، تاریخ خاندان های حقیقت ،تهران ،1384 ش.
8 – سلطانی ،محمد علی ، قیام و نهضت علویان زاگرس ، تهران 1376 ش.
9 – صفی زاده ،صدیق ،اهل حق پیران ومشاهیر ،تهران 1387.
10 – زرین کوب ، غلام‌حسین ، ارزش میراث صوفیه ، تهران.
11 – دایره المعارف تشیع ، جلد3 ، تهران ، 1382 ش.
نووسین: پیدرام ئه‌سه‌دی
وه‌رگێڕان: سه‌عید شیری