کرێکاران لە یەکەمین بوونەوەرانی زەوین.ئهوان بناتنهرانی زهوین و کۆڵهکه کۆمکرێتهکانی شارستانییهت بوون. ڕەنگە تا پێش هاتنەکایەی سیستەمە کۆن و نوێ سەرمایەدارییەکان “کرێکار” لە پێگەی وشەدا دهلالهتێکی بەم واتە و مەدلوولەوە نەبووبێت کە ئێستە مانا دەکرێتەوە: کەسێک کە لە باتی “کار”، “کرێ” وەردەگرێت، واتە (هێزی)کار دەفرۆشێت.
لە زمانی ئینگلیزیدا وشەی man(پیاو)، labor (ڕەنجدەر، کرێکار)، workman(پیاوی کار). هەر سێیان بۆ کرێکار بەکار چووگن، شتێکی جهوههری کە لەم وشانەدا هەڵدەهێنجرێت چەمک و واتایەکە بە ناوی توانست، هێز.
ئەوە دواتر بوو کە بەسەرهەڵدانی سیستەمە سیاسی و دیسپۆتیزم (پلەخوازی خودا/بەندە یان ئاغا و کۆیلە)ە ئاڵۆزە سەرەتاییەکان ئەم هێزە لە دەست بنیاتنەرانی زەوی؛ بنیاتنەرانی شارستانییەت، بنیاتنەرانی ئەهرامی میسر… وەرگیرایەوە و لە پێگەی وشەش مانایەکی “زۆرتر” ئایدۆلۆژیکی و کارکردیی وەرگرت.
بێ هۆ نەبوو کە لەنیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەهەم نیوەیەک لە خەڵکی دونیا بەرەو ڕووی ڕەوت و گەڕیانە مارکسیستییەکان هاتن. هەر چەند پێناسەی کرێکار زۆر گۆڕاوە لە گوتارە فیکری و فەلسەفی و سیاسییەکاندا، من لێرە بەڕوانینی هیرمینۆتیکی و نێوان دەقییەوە دەیخوێنمەوە.
ئهگهرچی پێوەندی “کار” بە مرۆڤهوه وەکوو بوونهوهرێکی ئاوەزمەند پێوەندییەکی زۆر ئاڵۆزە و ئەو فۆرمەی پێوەندی و پێناسە بۆ کار له ئێستادا هەر هەمان پێوەندی و ڕوانین نییە بۆ مانا و پێگەی “کار” لە ڕابردوودا. کرێکاری جیهانی کۆن “کار”ی بە خزمەتکردن و مافێک دەزانی کە دەبێت بۆ خاوەنکار بیخاتە ڕوو.
خاوەنکار لە سۆنگەی کرێکارەوە هێز و دەسەڵاتی جێبەجێکاری(اجرایی) و سزادەریی(قهریە) خۆی وەردەگرت و بە بۆنەی ئەوەوە “بوون”ی واتای وەردەگرت بەڵام ئێمە لێرەدا سهرهڕای هێزی چهوسانهوهی چهوسێنهر لە گەڵ ئاستی خوار و نزم لە وشیاری کرێکاریشدا ڕووبەڕووین، نەبوونی وشیاری لای کرێکار بە هەر هۆیەک بوو بێت، هۆکاری درێژبوونی تەمەنی سیستەمه جۆراوجۆره خاوەنکارییهکان بووه کە خۆی لە ڕێگەی خوێن و ڕەگەزێکی جیاواز و سەرتر بە خاوەنی زەوی و زار و موڵک دەزانی و غەیبەتی وشیاری و هزرێکی پرسیارساز دەبووە هۆی مەشرووعییەت و ڕهوابوونی وەها باوەڕێک لای کرێکار.
کرێکاری زگماک لەو کاتەوە لە دایک بوو کە باوەڕی ههبوونی توخمێکی بانسرووشتی و میتافیزیکی بە خاوەنکار و زەوی و موڵک پەیدا کرد.
خاڵی ئەفسووناوی و سەیر لەمە دایە کە لە قۆناغگەلێکدا ئەوەندی کرێکار پارێزەری خاوەنکار و بەرژەوەندی و هاوکێشەکانی بووه ئەوەندە خودی خاوەنکار و دەسەڵاتداری زەوی بە پەرۆش و خەمخۆر نەبوون.
ڕازی جاویدبوونی ڕەنجی کرێکار لە ئیمان و باوەڕی دایە بە “ناخود” و لە بێ ئیمانی دایە بە”خود”. واتە ئەگەر بە شێوەیەکی گشتی تەماشای کەین بەشێک لە مێژووی چەوساندنەوەی کرێکاران پێی لە ناو میتافیزیک و سیستەمە ئایینییەکانیشە.
ڕەنگە بەم هۆ سایکۆلۆژییەوە بێت کە لەو هەموو بیرۆکە و تێزە زانستی و شیکارییانهی مارکس ڕستەی “ئاین تریاكی گەلانە” زۆرترین برەو پەیدا دەکات و دەکەوێتە سەر زاران. بەهەر حاڵ ڕەنگە ئەگەر مێژوو لە ڕوانگەیەکی فۆکۆییەوە واتە مێژوویەکی ناخەتی و لادەرخواز و داشکاو(گسست) بخوێنینەوە بەشێکی زۆری مێژوو هێشتا هەر کرێکاران تێیدا ئامادەن.
وەک چۆن بەناوبانگە و مەیشوورییە و دەڵێن: کرێکار نیشتمانی نییە، دەکرێت بڵێم کرێکار خۆی نیشتمانێکە کە خێو و خاوەنی زۆرە، جگە لە خۆی! هەڵبەت لای من ئەم ڕستانە مانا و تەئویلی زۆر هەڵدەگرن و دەشێت خوێندنەوەیتری لێبکرێت و بە تایبەتی لەم رۆژگارەی ئێستەدا زۆر شت گۆڕاوە و زۆر گۆڕانی گەورەش بەڕێوەیە. کرێکاران هاوخوێنترین نەتەوە و هاوڕەنجترین چینی جیهانن و جوێکردەوەیان لە پلەی ڕەنجدا لە یەکدی هەڵەیەکی بنەماییە لە تیۆری و خوێندنەوەدا بەڵام لە ڕووی دۆخ و هەلومەرجدا کرێکاران جیاوازییان زۆرە، ئەو کرێکارەی کە جۆرج ئۆروێڵ لە ڕۆمانت “1984”دا و له ناو سیستەمێکی چەوسێنەردا باسی دەکات زۆر جیاوازە لەو کرێکارەی کە ئیبراهیم ئەحمەد لە “بلە”دا باسی دەکات.
لەم دەروازەیەوە دێمە سەر چەند وتەی کورت لە سەر کرێکاری کورد. هەرچەندە ئەزموونی ئەم خوێندنەوەیهی من ناکرێت بێبەری بێت لە توخمگەلی تەجروبی کرێکاریکردنی خۆم. کەم کورد هەیە لە دونیا بە شێوەیەک کرێکاریی ئەزموون نەکردبێت. بۆیە ئەم خوێندنەوەیەی من ئەوەندە فامێکی کۆمەڵگایی و هەرێمییە بۆ کرێکاری کورد، ئەوەندە لێکدانەوە و گێڕانەوەیەکی جیهانگیر و بانهەرێمی نییە بۆ “کرێکار” بە گشتی و چەمک و واتای “کار” بە تایبەتی. لە زمانی کوردی(دیارە بە پێی گەشەی کۆی کۆڵەکەکانی کۆمەڵگا/کە لە کۆمەڵگای کوردیدا هێشتا زۆر نزم و هێواشە و ئەو گەشەیەش کە کراوە زۆر ئاڵۆز و لارسەنگە) وشەکانی ڕەنجدەر، زەحمەتکێش، کۆڵنەدەر(لە هەندێ گوتاردا)، بەشخوراو، تێکۆشەر …هاوواتا و هاودەستی وشەی کرێکار بوون.
واته بوونی کرێکار پهیوهست دهبێتهوه به هێز و توانستی کارکردن و ئهو بوونهش لێرهدا واتای جهسته دهدات، جهستهیهک که شوێنی نیشتهجێبوون و حاوانهوهی وهکوو ههرێم و جوگرافیایهکی بچووک(ژوور و هۆده و…) و گهوره(دهوڵهت، دهسهڵات و…هتد) پێویسته بهڵام چ شتێک نیشتهجێبوون و حاوانهوهی کرێکار پهیوهست به شوێنی و جێگای ژیان و ئاسایش مسۆگهر دهکات؟ یان چ شتێکمان پێویسته بۆ مسۆگهربوونی ئهم نیشتمان و ههرێمه؟ ئەگەر خوێندنەوەیەک لەو ڕستەیەی کە له سهرهوه ئاماژهم پێ دا بکهین: “کرێکاران نیشتمانیان نییە یان بێ نیشتمانن”، بکەم دەڵێم لێرهدا جیاوازییهکی بنەمایی لە نێوان”بێ نیشتمانی” و “نانیشتمان”ی هەیە که لە پێکهات و مەدلوولە ژێرەوانکێکانی ئەو ڕستەیەدا دهبینرێتهوه.
“نانیشتمانی” ئەزموونێکە کە لە هەناوی کرێکاری وشیاردا دێتە ئاراوە، وشیارییەک کە زۆرتر لە هەست و تێگەیەکی غوربەتئامێز دەچێت وەک ئەوەی بگەن بە فامێک کە خاوەن نیشتمان نەبوون، یان ڕزگاربوون لە خواست و ئارەزووی موڵک/نیشتمان”دار”بوون، وهکوو ئازادی و ڕزگارییهکی مرۆییه و لە جیهانێکی پێچەوانەی ئەوەدا غوربەت زۆرتر بۆیان زەق بێت، ئەم هەستەشە کە گرێدراویی و هەڵپێکراویی قووڵ لە نێوانیاندا بەدی دێنێت و پێگەی خەون و ڕەنجەکانیان بێ سنوور و جیهانگیر دەکاتەوە.
ئەوەی کە مەبەستمە پەیوەست بە کرێکاری کوردەوە بیڵێم ئەمەیە کە کرێکاری کورد بە کەمترین حاڵەت لەو نانیشتمانییە نێزیک بۆتەوە، ڕەنگە بە هۆی ئەوەی کە هیچ کات تامی نیشتمان و زەوی خۆی لە ژینگە و زێدی خۆی نەچێشتبێت یان زۆر هۆکاری دیکە وهکوو کایهی ئهو دهوڵهته چهپانه لهگهڵ چهمکی کار و کرێکار له جوگرافیا جۆراوجۆرهکانی جیهان و…هتد .
تەنانەت بزووتنەوەی چەپی کوردیش وەک زۆر بزووتنەوەی چەپی دونیا بە تایبەتی ئەوانەی کە هاوشێوە بوون لەگهڵ دۆزی کورد، نەیانتوانی هەست و ڕۆحییەتێکی ڕاستەقینەی جێگر و جەماوەریی “نانیشتمانییانە” درووست بکەن بۆیه جەبرێکی مێژوویی ڕەوتی خەباتی سوسیالیزمی کوردی لە نانیشتمانییەوە بەرەو خەبات لەسەر “بێ نیشتمانی” و بێ بەش بوون لە زەوی و نیشتمان واتە گوتاری ناسیۆنالیزم ملکێش کرد.
ڕەنگە ئەمەش بمانباتەوە بۆ تەفسێرێکی نامارکسی لە هیگل و خوێندنەوەی دووبارەی خودی هیگل و واتاکانی ڕۆحی رەها و خودئاگایی و …هەڵبەت ناشبێت کرێکاری کورد بە تەواوی لە ڕووبەری گوتار و ڕەوتی چەپدا بناسرێت و بخوێنرێتەوە. هێشتا باس و فایلی نەکراوەی زۆر هەیە کە دەبێ بیکەینەوە تاکوو هەندێ لە واتاکانی “کرێکاری کورد”مان بۆ دەربکەوێت. وەکوو پێناسەی کار لە پێکهاتی کۆمەڵگای کوردی، چینەکانی کرێکار، خاوەنکار، ئامێرەکانی کار، بێکاری و زۆر شتی دیکە.
کوردێکی گەڕۆکی عەتر فرۆش: عەتری گوڵ، عەتر! عەتری گوڵ!
وهکوو وتم ئەم کارکردە زمانییە بەدەر لەوەی چ گوتارێک بەرهەمی هێناوە و چۆن لە ماناکانی ئیش کراوە، نیشانەیەکی زەقە بۆ ئەوەی کە لانیکەم لە کۆمەڵگای کوردیدا کرێکار واتاگەلی جۆراوجۆری هەیە. کرێکاری کورد دەبێت لە سەرەتادا پارچە عەرد و زەوییەکی هەبێت تاکوو خەونی کۆمەڵگایەک ببنێت بۆ دابینکردنی مافی کرێکار و دەرەوەستی تێکۆشان بۆ بەدیهێنانی ئەو خەونەی لا بڕوێت، چوون وەکوو مارکس دەڵێت: سواڵکەر و بێ موڵک نابێت لە شۆڕش بترسن و دەبێت خۆیانی تێکهڵ کهن و بەشدار بن چوون هیچیان نییە لە کیسی بدەن. کرێکاری کورد دەشێت یان دەبێتێکی مێژوویی کە لە سەرەوە ئاماژەم پێدا، بەناوی”بێ نیشتمانی/زەوی/عەرد/موڵک/ماف/وشیاری…” چارەسەر بکات تاکوو بگاتە ئاستی “نانیشتمانی، ئازادی، دادوەری، دیموکراسی…”