مەبەستی ئەم باسە لێکۆڵینەوەیە لە چۆنێتیی ئیدارەدان و مامەڵەکردنی بەریتانیایە بۆ ناسیۆنالیزمی کوردی لە ویلایەتی مووسڵ لە ماوەی ساڵانی ١٩١٨ – ١٩٢٦دا.
“جیهانی نوێی ئازا و بوێر”: سیستەمی ماندێت و مەسەلەی مووسڵ
دەکرێ ئەو پرۆسەیەی بە بەخشینی ویلایەتی مووسڵ بە ئێراق بەم شێوەیەی خوارەوە کورتبکەینەوە: سیستەمی ماندێت لە کۆنگرەی ئاشتیی ساڵی ١٩١٩وە سەریهەڵدا، کە کۆمەلەی گەلانیشی پێکهێنا٨٧. بە ئیلهام وەرگرتن لە چواردە بەندەکەی وودرۆ ویڵسن کە جەی. سی. سمەتی دەوڵەتمەداری باشووری ئەفریقا پەسەندی کرد و پاڵپشتیی لێکرد، پێشنیازی کۆمەڵەی گەلانی کرد وەک پێشنیازێکی پراکتیکی A practical Suggestion٨٨. سیستەمی ماندێت بریتیبوو لە دابەشکردنی خاک و قەڵەمڕەوی ئیمپراتۆرییەتە بەزیوەکان، واتە ئەڵمانیا و ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی. هاڵس تێبینی دەکات کەوا، “لە جەنگەکانی پێشوودا، ئەو ناوچانەی داگیر دەکران بەعادەت هەموو خاکە داگیرکراوەکە یان بەشێکی دەخرایە سەر دەوڵەتی داگیرکەر”٨٩. بەڵام سیستەمی ماندێت نکووڵییەکی تەواوبوو بۆ هەر خاک بچڕین و داگیرکردنێک. پرەنسیپەکانی ئەم سیستەمە لە مادەی ٢٢ی پەیمانی کۆمەڵەی گەلاندا هاتووە٩٠. مادەی ٢٢ سێ جۆر ماندێتی جیاکردووەتەوە: ١) ماندێتی A لە ناوچەکانی پێشووی عوسمانی پێکهاتووە. 2) ماندێتی B بۆ ناوەڕاستی ئەفریقا و 3) ماندێتی C لە ئۆقیانووسی پاسیفیک (زەریای ئارام) و باشووری ڕۆژئاوای ئەفریقا. کۆنگرەی سان ڕیمۆ کە لە ١٩ – ٢٦ی نیسانی ١٩٢٠ بەسترا ماندێتی بە سەر ئێراق و فەلەستیندا دیاریکرد بۆ بەریتانیای مەزن و ماندێتیش بە سەر سووریا و لوبناندا بۆ فەرەنسا. بەهەرحاڵ، مەسەلەی سنوورکێشانی وردی جێهێشت بۆ ئەوەی لەلایەن هێزە سەرەکییە هاوپەیمانەکانەوە دەسنیشان بکرێت و هەلومەرجی ڕێککەوتن تەنها لەلایەن ئەنجومەنی کۆمەڵەی گەلانەوە دەسەلمێت و بڕیاری لە سەر دەدرێت لە ٢٤ی تەمووزی ١٩٢٢دا.
ئێراق دوا وڵات بوو کە وەکو ماندێتی A دەسنیشانکرا. وەک لە سەرەوە باسمکردووە، بەریتانییەکان دامەزراندنی سیستەمێکی پاشایەتییان هەڵبژارد بۆ ئێراق لە ژێر حوکمی هاشمیدا و فەیسەڵیش بکرێتە مەلیک. لە ئابی ١٩٢١دا، فەیسەڵ بە زۆرینەیەکی ڕەها بە مەلیک هەڵبژێردرا٩١ و دانوستانی لەگەڵ بەریتانییەکان دەستپێکرد بۆ ئەوەی پەیوەندیی نێوان هەردوو وڵات بە پێی بنەمای پەیماننامەیەک دابڕێژرێت. لەئەنجامدا ڕەشنووسێکی ماندێتی ئێراق لە سێپتەمبەردا پێشکەشی ئەنجومەن کرا (واتە ئەنجومەنی کۆمەڵەی گەلان – و)٩٢. دامەزراندنی ڕژێمێکی پاشایەتی لە ژێر سایەی حوکمڕانێکی عەرەبدا بەم شێوەیەی خوارەوە پاساودرا لە لایەن بەریتانییەکانەوە:
“حکوومەتی خاوەن شکۆ (بەریتانیا – و) ڕوانی کە ناتوانێت بەرهەڵستیی خواست و ئارەزووی دڵگەرمانەی گەلی ئێراق بکات بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی نیشتمانی لە ژێر سایەی حوکمڕانێکی عەرەبدا. ڕەوتی ڕووداوەکان هێندە خێرابوون و بە ئاستێک بوو کە ڕێگەی نەدا بە ڕاوێژکردن بە ئەنجومەن لە پێش هەنگاوناندا و دڵنیابوون لەوەی کە ئەو ئەنجومەنە ڕەزامەندیی لە سەر دەردەبڕێت، کە بەدیاریکراوی دانپیانانە بە مەلیک کە چوونە سەر تەختی بەدوای داواکاریی گشتگیری گەلی وڵاتەکەدا هاتووە”٩٣.
بەهەرحاڵ، تا ساڵی 1924 بارودۆخی وڵاتەکە شێوەی کۆتایی خۆی وەرنەگرت. بەدوای بڕینەوەی یەکەم پەیمانی ئەنگلۆ – ئێراقی لە ئۆکتۆبەری ١٩٢٢دا، پرۆتۆکۆلێکی پاشکۆ و تەواوکەری پەیماننامەکە ئیمزاکرا.
هاڵس پرۆسەکە بەم شێوەیەی خوارەوە کورتدەکاتەوە: “ئەم بەڵگەنامانە لەلایەن ئەنجومەنێکی تازە دامەزراندنی نوێی ئێراقەوە ڕەزامەندیی لە سەر دراوە، پاش ئەوەی بە دواییە تورکیا بەگوێرەی پەیماننامەی لۆزان دەسبەرداری مافەکانی خۆی بوو لە ویلایەتە عەرەبییەکاندا. […] بەو پێیە لە کۆبوونەوەی خۆیدا لە ڕۆژی [27ی سێپتەمبەری 1924دا]، ئەنجومەن ڕەزامەندیی دەربڕی لە سەر ئەو کارەی بەریتانیا بە دامەزراندنی سیستەمێکی پاشایەتیی دەستووری لە ئێراقدا، لە ڕیگەی ئامرازێکەوە کە بە ‘بڕیاری ئەنجومەن’ ناسراوە نەک بە ماندێتێک، بەڵام بووە بە ئەرک لە سەر بەریتانیای مەزن وەکو هێزیکی ماندێت مامەڵە بکات لە حاڵەتی ماندێتی Aدا”٩٤.
هەرچەندە تورکیا دەسبەرداری مافەکانی خۆی بوو لە ویلایەتە عەرەبییەکاندا، بەڵام تا ئەو کاتە هێڵی سنوور دیاری نەکرابوو لە نێوان تورکیا و ئێراقدا و گفتوگۆ و دانوستان بەردەوام بوو لەبارەی لکاندنی ویلایەتی مووسڵ بە تورکیا یان ئێراقەوە. ئەوان لە لۆزاندا نەگەیشتنە هیچ ڕێککەوتنێک، بۆیە کێشە و ناکۆکیی مووسڵ بەرزکرایەوە بۆ ئەنجومەنی کۆمەڵەی گەلان و ماوەی نۆ مانگی تریش درا بە دانوستان لە دوای پەیمانەکە بەڵام هەر بێسوود مایەوە٩٥. لە سێپتەمبەری ١٩٢٤دا، کۆمیسیۆنێکی تەکنیکی، کە پێکهاتبوو لە مستەر ویرسن و کۆنت تێلێکی و کۆڵۆنێڵ پاولیس، دەسەڵاتی درایە بۆ لێکۆڵینەوەی دەسبەجێ لە ڕاستییەکانی ویلایەتە لە سەر ئەرزی واقیع. لەو ماوەیەدا، کۆمیسیۆنەکە سنوورێکی کاتیی داڕشت کە دەسنیشانی حاڵەتی دۆخی سەربازیی هەنووکەیی یان ئەو کاتەی دیاریکردبوو (الوچع الراهن، status quo) و ئەم سنوورە بە هێڵی برۆکسل ناسرا٩٦. لە سێپتەمبەری ١٩٢٥دا، ئەنجومەن (مەبەست ئەنجومەنی کۆمەڵەی گەلانە – و) راپۆرتەکەی کۆمیسیۆنی تاوتوێ کرد، کە تێیدا ڕایسپاردبوو هێلی برۆکسل بکرێتە بنەمای سنوور و ماوەی بیست و پێنج ساڵی ماندێت بدرێتە بەریتانیای مەزن و سەربەخۆیی کولتووری ببەخشرێتە کوردەکان. لە ١٦ی دیسەمبەری ١٩٢٥دا، ئەنجومەنی کۆمەڵەی گەلان ئەم ناوچە کێشە لە سەرەی بەخشییە ئێراق (بەو پێیەش بە بەریتانیا) بە گوێرەی ئەو مەرجانەی لە سەرەوە باسکراون، ئەگەر ئێراق نەبێتە ئەندامێکی کۆمەڵەی گەلان لە مێژوویەکی پێشتردا٩٧. بەم پێیە، کەمینەیەکی نوێ لە چوارچێوەی سیستەمی دەوڵەتدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروستکرا، کە کورد بوون.
ئەنجام
کوردەکانی مووسڵ: لە ئۆتۆنۆمییەوە بۆ دۆخی کەمینە
هەرچەندە دەکرێت رەگوڕیشەی مێژوویی ناسیۆنالیزمی کوردی لە سەدەی حەڤدەوە بدۆزرێتەوە بەڵام “لە فۆرمی نوێیدا لە ماوەی نیوەی دووەمت سەدەی نۆزدەدا پەرەسەندنی بەخۆوە بینیوە هاوشان لەگەڵ جووڵانەوە هاوشێوەکانی ڕەعییەتەکانی تری ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی لە ئاسیادا، وەک عەرەب و ئەرمەن”٩٨. بەزین و شکستهێنانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی ساڵی ١٩١٨ لە جەنگی جیهانیی یەکەمدا و ئیمزاکردنی پەیماننامەی سیڤەر، لەپاڵ بەندی دوانزەهەمی چواردە بەندەکەی وودرۆ ویڵسندا، ڕۆلی خۆیان بینی لە بەرزکردنەوەی ئاوات و خواستی کورد بۆ دەوڵەتێکی سەربەخۆ. پرۆژەکان بۆ دەوڵەتە سەربەخۆیە و بەشداربوونی سیاسی و کۆمەڵایەتی و سەربازی جۆراوجۆر بوون بە درێژایی ماوەی دوای جەنگ و بەتەواوی کاریگەر بوو بەو دوودڵی و گومانانەی باڵیان کێشابوو بە سەر ماوەی دوای جەنگدا. هەروەها لە ساڵی ١٩١٨وە تا ساڵی ١٩٢٦، سیاسەتەکانی بەریتانیاش ڕۆڵی خۆیان گێڕا لە پێکهاتنی ناسیۆنالیزمی کوردیدا. لە حاڵەتی نەبوونی سیاسەتیكی بەریتانیی دیاریکراو سەبارەت بە میسۆپۆتامیا و کوردەکان، ئەوە ناسیۆنالیزمی کوردی بە پێی وەرچەرخان و هەڵبەز و دابەزی دید و تێڕوانینی بەریتانییەکان پەرەیسەندووە. ئەمەش وادەگەیەنێت کە ئەم ناسیۆنالیزمە بووە بە کرۆکی سیاسەتەکانی بەریتانیا و تەحەدایەکی جیددی بۆ ئەم سیاسەتانە.
بەخشینی ویلایەتی مووسڵ بە ئێراق، واتە بە دیاریکراوی نووساندن و تێکەڵکردنی کوردەکان لەگەڵ دەوڵەتێکی نەتەوەیی عەرەبدا دروستکردنی کەمینەیەکی ئیتنیکی دەگەیەنێت لە ئێراقدا، کە ئەمەش بەتایبەتی یارمەتیدانی قووڵبوونەوەی دابەشبوونی خاک و وڵاتی کوردە. لە ناو ئەم سیستەمە نوێیەی دەوڵەت – نەتەوەدا، ئەم دابەشبوونەش ڕەنگڕیژی پەرەسەندنی ناسیۆنالیزمی کوردیی کردووە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. هاوڕێ لەگەڵ کۆمەڵێک لووتبەرزیی ئەوروپی و مۆرکی گۆڕانکاری و هەڵبەز و دابەزی سیاسەتەکانی بەریتانیا بوون بە بەشێکی پێکهێنەری ئەم پەرەسەندنە و بوون بە سەرەتایەکی زۆر زووی مەسەلەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
پاشکۆی ١: بڕیاری ساڵی ١٩٢٠ی سان ڕیمۆ:
کۆنگرەی سان ریمو ، (19 – 26ی نیسانی 1920)، کۆبوونەوەیەکی نێودەوڵەتی بووە لە سان ڕیمۆی ئیتالیا بۆ بڕیاردان لە سەر داهاتووی ناوجەکانی پێشووی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیی تورکی، کە یەک لە هێزەکانی شکستخواردووی تەوەر بووە لە جەنگی جیهانیی یەکەمدا. بەشدارانی کۆنگرەکە سەرۆک وەزیرانی هەر یەکە لە بەریتانیا و فەرەنسا و ئیتالیا و نوێنەرانی ژاپۆن و یۆنان بەلجیکا بوون.
کۆنگرەکە ڕێککەوتووە لە سەر چوارچێوەی کۆتایی پەیماننامەی ئاشتی لەگەڵ تورکیادا، کە دواتر لە سیڤەر ئیمزاکرا لە ١٠ی ئابی ١٩٢٠دا. پەیماننامەی سیڤەر ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیی هەڵوەشاندەوە و تورکیای پابەند کرد دەسبەرداری هەموو مافێک بێت لە ئاسیای عەرەبی و باکووری ئەفریقا، هەروەها زەمینەی ڕەخساند بۆ سەربەخۆیی ئەرمینیا و کوردستان و بوونی یۆنانی لە ڕۆژهەڵاتی تراکیا و کەناری ڕۆژئاوای ئەنەدۆڵ و کۆنترۆڵکردنی یۆنان بە سەر دوورگەکانی دەریای ئیجە. دواتر لە ساڵی ١٩٢٣دا و لە ئەنجامی ڕەتکردنەوەی لەلایەن ڕژیمە ناسیۆنالیستە نوێکەی تورکیاوە، پەیمانی سیڤەر گۆرا بە لۆزان، کە داواکاریی پێشتری هاوپەیمانانی ڕەتکردەوە لە ئۆتۆنۆمیی کورد و سەبەخۆیی ئەرمینیا، بەڵام دانی بە سنووری ئێستای تورکیادا نا.لە کۆنگرەی سان ڕیمۆدا شێوازی ماندێت بۆ ویلایەتە عوسمانییەکان بڕیاری لە سەردرا: سووریا و لوبنان بۆ فەرەنسا و میسۆپۆتامیا (ئێراق) و فەلەستین بۆ بەریتانیا.
(ئە) بۆ قبووڵکردنی مەرجەکانی مادەی ماندێت سەبارەت بە فەلەستین، بەپێی ئەو بنەمایە بەڵێننامەیەک هاتووە لە کۆنووسدا لەلایەن دەسەڵاتی ماندێتەوە کە ئەمە دەسبەرداربوون نیە لەو مافانەی کە تا ئێستا کۆمەڵگەکانی غەیرە جوو هەیانبووە لە فەلەستیندا. ئەم بەڵێننامەیە ئیشارەت نیە بۆ مەسەلەی پارێزگاریی ئاینیی لەلایەن فەرەنساوە، کەوا لە کاتێکی پێشتری دواینیوەڕۆی ڕۆژی پێشتردا چارەسەر کراوە لە لایەن حکوومەتی فەرەنسییەوە کە دانی بەوەدا ناوە کە ئەم مەحمییە تەواوبووە.
(بێ) مەرجەکانی مادەی ماندێت دەبێت وەک ئەمانەی خوارەوە بێت: لایەنە باڵاکانی کۆنتراکتەکە (بەڵێننامەکە) ڕێکدەکەون کەوا سووریا و میسۆپۆتامیا، بە گوێرەی بڕگەی چوارەمی مادەی ٢٢، بەشی ١ (لە پەیماننامەی کۆمەڵەی گەلان)، بە شێوەیەکی کاتی وەک دوو دەوڵەتی سەربەخۆ دەناسرێن و دانایان پێدا دەنرێت، بەمەرجێ لایەنێکی ماندێت راوێژ و هاوکاریی ئیدارییان بۆ بڕەخسێنێت تاوەکو بەتەنها لە سەر پێی خۆیان دەوەستن. دەوڵەتانی هاوپەیمان سنوورەکا نی ئەو دوو دەوڵەتەی باسیان هاتووە دیاری دەکەن و دەوڵەتانی ماندێتیان بۆ دەسنیشان دەکەن.
لایەنە باڵاکانی کۆنتراکتەکە ڕێکدەکەون بۆ لەئەستۆگرتنی ئەحکامی مادەی ٢٢ی بەڕێوەبردنی فەلەستین، لە چوارچێوەی ئەو سنوورانەی کە دەوڵەتە سەرەکییەکانی هاوپەیمان دیاری دەکەن، بۆ دەوڵەتێکی ماندێت کە ئەم هێزانە هەڵیبژێرن. دەوڵەتی ماندێت بەرپرس دەبێت لە جێبەجێ کردنی ئەو ڕاگەیاندنەی کەوا حکوومەتی بەریتانی لە ٨ی نۆڤەمبەری ١٩١٧ دەریکردووە لە بەرژەوەندیی دامەزراندنی نیشتمانێکی نەتەوەیی بۆ گەلی جوولەکە لە فەلەستین، کە بائاشکرا ئەمە وادەگەیەنێت کە هیچ کارێک ئەنجام نادرێت زیان بە مافە مەدەنی و ئاینییەکانی کۆمەڵگە غەیرە جوولەکەکان بگەیەنێت کە لە فەلەستیندان، یان ئەو ماف و بارە سیاسییەی جوولەکە هەیبێت لە هەر وڵاتێکی تردا.
پاشکۆی ٢: چەند بڕگەیەک لە ڕاپۆرتی کۆمیسیۆنەکەی مووسڵ
فۆکەسی سەرەکیی ڕاپۆرتی کۆمیسیۆنەکە لەبارەی کێشەکەوە لە سەر خاسییەتە ئیتنیکی و رەگەزییەکانی ویلایەتەکەیە. راپۆرتی کۆمیسیۆنەکە و ئارگومێنتە سەرەکییەکانی تورکیا و بەریتانیای مەزن پاساون بۆ ئەم ڕاگەیاندنە و ڕاپۆرتەکە پێنج جۆر ئارگومێنت جیادەکاتەوە: ١) جوگرافی و ئیتنیکی ٢) مێژوویی ٤) ئابووری ٤) ستراتیجی [ئاوها] ٥) سیاسی. ٣٦ لاپەڕە لە کۆی ٩٠ لاپەڕەی ڕاپۆرتەکە بۆ ئارگومێنتە جوگرافی و ئیتنیکییەکانە. راپۆرتەکە وایدادەنێت کە “وڵاتەکە کورد و عەرەب و کریستیان و تورک و یەزیدی و جوولەکەی تێدا نیشتەجێن، بەم ڕیزبەندییە لە ڕووی بایەخی ژمارەوە” و “کورد و عەرەب بە تەنها بە کۆمەڵی فراوان و ناوچەی بەرفراواندا دەژین و دەکرێ هێڵێکی دابەشبوونی ئیتنیکی لە نێوانیاندا بکێشین.
خواست و ئارەزووەکانی دانیشتووان بەم شێوەیەی خوارەوە گوزارشی لێوە دەکرێت: “بە ڕەجاوکردنی ئەو تەحەفوزانەی لە ڕاپۆرتەکەدا هاتوون سەبارەت بە ڕاوبۆچوونەکان، پێدەچێت ئەو ڕاستییانەی کە دانیشتووان گوزارشیان لێوە کردووە، ئەگەر ناوچەکە بە تێکڕایی وەربگرین بەسەریەکەوە، زیاتر لە بەرژەوەندیی ئێراق بێت تا تورکیا. لەگەڵ ئەوەشدا، دەبێ لەوە تێبگەین کە هەڵوێستی زۆربەی خەڵک بەدەستهێنانی پاڵپشتییەکی کارایە لە سایەی ماندێتدا و لە ڕێگەی ڕەجاوکردنی ئابوورییەوە، زیاتر لەوەی هەستکردن بێت بە هاوسۆزی و یەکگرتن لەگەڵ مەملەکەتە عەرەبییەکەدا. خۆ ئەگەر ئەم دوو فاکتەرە هیچ کێش و بایەخێکیان نەبوایە لەگەڵ ئەو کەسانەی پرس و ڕایان لەگەڵ کراوە، ئەوە ئەگەر هەبوو کەوا زۆرینەیان تورکیایان پێ پەسەندتر بوایە وەک لەوەی بچنە سەر ئێراق”.
پێکەوە لەگەڵ ئاگومێنت و پاساوەکانی تردا و پەیوەست بە کوردەکانی مووسڵەوە کۆمیسیۆنەکە ڕایسپاردووە کەوا “پێویستە ئەو خواست و ئارەزووانە ڕەچاوبکرێن کەوا کوردەکان گوزارشیان لێوەکردووە، کەوا کاربەدەستانی کورد دابمەزرێن بۆ بەڕێوەبردنی وڵاتەکەیان و دادپەروەری بەرقەرار بکرێت و خوێندنی قوتابخانەیان بۆ بڕەخسێت و پێویستە زمانی کوردی زمانێکی فەرمی بێت لە هەموو خزمەتگوزاری و دامودەزگاکاندا”.
پەراوێز
١ ویلایەت: ناوچە یان هەرێمێک کە حوکمدارێکی گشتی بەڕیوەیببات (والی).
٢ سارا شیڵدز، “کێشەی مووسڵ: ئابووری و شوناس و خستنەپاڵ”، لە ڕیڤا سپێکترا سیمۆن ، (٢٠٠٤)، “دروستکردنی ئێراقی مۆدێرن”، (نیویۆرک، جاپی زانکۆی کۆڵۆمبیا)، لاپەرە ٥٠.
٣ پێتەر جەی. پێک، “مشتومڕێکی بێزارکەر و مەترسیدار: بەریتانیا و چارەسەری کێشەی مووسڵ، ١٩١٨ – ١٩٢٦”، گۆڤاری توێژینەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست Middle Eastern Studies، ١٧ ، ژ ٢ (نیسان، ١٩٨١)، ل ٢٥٦.
٤ بەندی 62ی پەیماننامەی سیڤەر بەم شێوەیەیە: “کۆمیسیۆنێک کە بارەگای لە قوستەنتینییەیە و لە سێ ئەندام پێکهاتووە کە بە دوای یەکدا حکوومەتەکانی بەریتانی و فەرەنسی و ئیتالی دایاندەمەزرێنێت، لە ماوەی شەش مانگدا لە چوونە بواری کارپێکردنی ئەم پەیماننامەیەوە، بە داڕشتنی پلانێکی ئۆتۆنۆمی ناوخۆیی بۆ ئەو ناوچانەی کە زۆرینە کوردن و دەکەونە ڕۆژهەڵاتی فوراتەوە، لە باشووری سنووری خواڕووی ئەرمینیاوە، کە دواتر دیاری بکرێت، لەگەڵ باکووری سنووری تورکیا لەگەڵ سووریا و میسۆپۆتامیا، وەک لە مادە ٢٧، ٢ (٢) و ٣دا دیاری کراوە. ئەگەر مسۆگەر نەکردنی کۆدەنگی لە سەر هەر مەسەلەیەک نەکرێت، ئەوە لە لایەن ئەندامانی کۆمیسیۆنەوە بەرەوڕووی حکوومەتەکانیان دەکرێتەوە. دەبێت پرۆژە و پلانەکە زەمانەتی تەواو لەخۆ بگرێت بۆ پاراستنی کلدۆئاشوورییەکان و کەمینە ئیتنیکی یان ئاینییەکانی تر لەم ناوچەیەدا و بەم ئامانجە کۆمیسیۆنێکی پێکهاتوو لە نوێنەرانی بەریتانی و فەرەنسی و ئیتالی و فارس و کورد سەردانی شوێنەکە بکەن و بڕیار لە هەر دەسکاری کردنێک بدەن، ئەگەر هەبێت و پێویستە لە سنوورەکانی تورکیا جێبەجێ بکرێن، کە بە پێی ئەحکامی ئەم پەیماننامەیە ئەو سنوورانە بگونجێن لە گەڵ سنووری وڵاتی فارسدا.
٥ لە ئاگربەسی مۆدرۆسەوە ساڵی 1918 بۆ پەیماننامەی ئەنگۆرا (واتە ئەنکەرە – و) ساڵی 1926: بەریتانییەکان لە پاش مۆرکردنی ئاگربەسەکە ڕاستەوخۆ مووسڵیان داگیرکرد. چارەسەرکردنی کێشەی مووسڵ بە شێوەیەکی کۆتایی لەگەڵ پەیماننامەی ئەنگۆرادا هات کە لە نێوان تورکیا و بەریتانیای مەزندا ئیمزاکرا و ڕادەستی ئێراق کرا وەک ماندێت بەپێی پەیمانی کۆمەڵەی گەلان (1920).
٦ ئیلی کەدووری (١٩٨٧)، “ئینگلاند و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست: ڕووخانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی، ١٩١٤ – ١٩٢١”، (لەندەن و بۆڵدەر: بڵاوکەرەوەی مانسێل و چاپی وێستڤیو)، ل ١.
٧ دێڤید ماکدوواڵ (٢٠٠٠)، “مێژووی مۆدێرنی کوردەکان”، (لەندەن و نیویۆرک: ئای. بی. تۆریس)، ل ١٥١.
٨ عوسمان عەلی، “فاکتەری کورد لە کێشە و ململانێی ویلایەتی مووسڵدا، ١٩٢١ – ١٩٢٥”، گۆڤاری توێژینەوە کوردییەکان The Journal of Kurdish Studies، ژ ٤ (٢٠٠١ – ٢٠٠٢)، ل ٣١.
٩ رۆبەرت جەی. بلیپ (٢٠٠٣)، “ئیمپراتۆری راج، هندستان و ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ١٨٥٨ – ١٩٤٧”، (هامپشایەر: پاڵگرەیڤ ماکمیلان)، ل ١٥.
١٠ ئەی. جەی. بارکەر (١٩٦٧)، “جەنگی پشتگوێخراو. میسۆپۆتامیا ١٩١٤ – ١٩١٨”، (لەندەن: فەیبەر ئەند فەیبەر)، ل ١٨.
١١ گوێخان چەتینسایا (٢٠٠٦)، “کارگێڕیی عوسمانی لە ئێراقدا، ١٨٩٠ – ١٩٠٨”، (نیویۆرک، رۆتلیج)، ل ١٢٧. بڕوانە ماڵکۆلم ئی. یاپ، “سیاسەتی بەریتانیا لە کەنداوی فارسدا” و “سەدەکانی نۆزدە و بیست”، لە ئەڵڤین جەی. کۆترێڵ (١٩٨١)، “کەنداوی فارس: ڕووماڵێکی گشتی”، (باڵتیمۆر، مێریلاند؛ چاپی زانکۆی جۆنز هۆپکینز)، لاپەڕە٧٠ – ١٠٠ و ٤١ – ٦٩؛ هەروەها وەزارەتی دەرەوە، “میسۆپۆتامیا” (لەلایەن چەتینسایاوە وەرگیراوە، هەمان سەرچاوە، ل ٢٠٦).
١٢ هەمان سەرچاوە، ل ١٢٧ – ١٢٨.
١٣ ڕیککەوتننامەی سایکس – پیکۆ ڕێککەوتننامەیەکی نهێنییە لە نیوان حکوومەتەکانی بەریتانیا و فەرەنسادا و ناوچەکانی مڵکی عوسمانییان دابەشکردووە بۆ بازنەی دەسەڵاتیان. بەپێی ئەم ڕیککەوتننامەیە و ڕەزامەندیی ئیمپراتۆرییەتی ڕووسی، مووسل خراوەتە بازنەی کاریگەریی بازنەی فەرەنساوە. تێرمەکانی ڕێککەوتننامەکە لە ١٦ی مایسی ١٩١٦دا بڕیاری لە سەر دراوە و لەلایەن سێر مارک سایکسەوە لەبری بەریتانییەکان و فرانسیس جۆرج پیکۆ لەبری فەرەنسییەکان دانوستانی تێداکراوە.
١٤ بلیپ، سەرچاوەی پێشوو، ل ١٣٢.
١٥ هەمان سەرچاوە، ل ١٣٣.
١٦ هەمان سەرچاوە، ل١٣٢.
١٧ هەمان سەرچاوە.
١٨ کەدووری، سەرچاوەی پێشوو، ل ١٧٥.
١٩ بارکەر، سەرچاوەی پێشوو، ل ١٧ – ١٨.
٢٠ ف. جەی. مۆبەرلی (١٩٢٣)، “مێژووی فەرمیی جەنگ، لەشکرکێشیی لە میسۆپۆتامیادا”، بەرگی ١، ل ١٣٧.
٢١ مارتن ڤان بڕوونەسن (١٩٩٢)”ئاغا و شێخ و دەوڵەت: پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە کوردستان، (لەندەن و نیوجێرسی: زەد بووکس)، ل ١٣.
٢٢ ماکدوواڵ، سەرچاوەی پێشوو، ل ١٥١.
٢٣ بڕوونەسن، سەرچاوەی پێشوو، ل ١٣.
٢٤ میهرداد ر. ئیزەدی، “کورد و پێکهاتنی دەوڵەت لە ئێراقدا، ١٩١٧ – ١٩٣٢”، لە سیمۆن، سەرچاوەی پێشوو، لاپەڕە ٩٥.
٢٥ ماکدوواڵ، سەرچاوەی پێشوو، ل ١١٨. لە سەرنجێکی کۆتاییدا، ماکدوواڵ، بە گەڕانەوە بۆ کتێبی دڵسۆزانی Loyalties ئەرنۆڵد تی. ویڵسن، باس لەوە دەکات کەوا بریکارانی تورک جاڕنامەکەی جەنەراڵ مۆدیان بەکاردەهێنا بۆ دانیشتووانی بەغدا وەک بەڵگەی نیاز و مەبەستی بەریتانییەکان کەوا کورد دەخەنە ژێر حوکمی عەرەبەوە. هەروەها بڕوانە، ئەرنۆڵد تی. ویڵسن (١٩٣٠)، “دڵسۆزانی میسۆپۆتامیا، ١٩١٤ – ١٩١٧. تۆمارێکی مێژوویی شەخسی”، (لەندەن: چاپی زانکۆی کوردستان)، ل ٢٦٦. ئەرگومێنت و پاساوی تورکیا بەتایبەتی پشتی بەم ڕاگەیاندنە بەستووە: “ئەوە خواست و هیوای گەلی بەریتانی و وڵاتانی هاوپەیمانە لەگەڵیان کە رەگەزی عەرەب جارێکیتر هەڵسێتەوە و بگاتە مەزنی و ناوبانگ لە نێو گەلانی سەر زەویدا”، جارێکیتر لە فیلیپ دەبلیو. ئایرلاند (١٩٣٧)، “ئێراق: توێژینەوەیەک لەبارەی گەشەکردنی سیاسییەوە”، (لەندەن: کەیپ)، ل ٤٥٧ – ٤٥٨.
٢٦ هەمان سەرچاوە.
٢٧ جەفنە ل. کۆکس، “زەمینەیەکی مەشقی نایاب: گرنگیی هێزی ئاسمانیی شاهانە و ڕۆڵی لە ئێراقدا، ١٩١٩ – ١٩٣٢”، گۆڤاری The Journal of Imperial and Commonwealth History، ١٣، ژ ٢ (کانوونی دووەم، ١٩٨٥)، ل ١٦٨.
٢٨ GB165 – 0029, 1/3/5, 26 July 1917,، “سەرنج لە سەر دۆخی باشووری کوردستان و ئەو هەنگاوانەی دەنرێن ئەگەر ویستمان سوود لە خێڵەکان وەربگرین”، لە لایەن ئی. بی. سۆنەوە.
٢٩ و. رۆجەر لویس، “شانشینی یەکگرتوو و سەرەتای سیستەمی ماندێت، ١٩١٩ – ١٩٢٢”، گۆڤاری International Organization، ٢٣ ، ژ. ١ (زستانی ١٩٦٩)، ل ٩٢.
30. GB 165 – 0341 / 4 / 8, 25 May 1917, Sir Percy Cox to London.
٣١ FO371 / 4192, 1919, “کورتەیەک لەبارەی دۆخی کوردستانی باشوورەوە لە ماوەی جەنگی جیهانیی یەکەمدا”، ئۆفیسی کۆمیسیۆنی مەدەنی، بەغدا، ل ٩.
٣٢ GB 165 – 0341 / 2 / 5 / 20، ٨ی مارتی ١٩٢٠، گێرتڕوود بێڵ بۆ سێر ئەرپەر هیرتزل “باکووری کوردستان”.
٣٣ ماکدوواڵ، سەرچاوەی پێشوو، ل ١١٧.
٣٤ بێڵ، سەرچاوەی پێشوو.
٣٥ سەعد ئەسکەندەر، “سیاسەتی بەریتانیا لە کوردستانی باشووردا: دروستبوون و کۆتایی پێهاتنی یەکەم حکوومەتی کوردی، ١٩١٨ – ١٩١٩”، گۆڤاری بەریتانی بۆ توێژینەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست British Journal of Middle Eastern Studies ، ٢٧، ژ. ٢ (نۆڤەمبەر، ٢٠٠٠)، ل ١٤١.
٣٦ هەمان سەرچاوە.
٣٧ هەمان سەرچاوە.
٣٨ رۆبەرت ئۆڵسن (١٩٨٩)، “سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی کوردی و یاخیبوونی شێخ سەعید”، (ئۆستن: چاپی زانکۆی تەکساس)، ١٩٨٩، ل ٥٣.
٣٩ ماکدوواڵ، سەرچاوەی پێشوو، ل ١١٩.
٤٠ وتارێک لە لایەن وودرۆ ویڵسنی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە دانیشتنێکی هاوبەشی کۆنگرێس لە ٨ ی کانوونی دووەمی ١٩١٨دا. خاڵی دوانزەیەم بەم جۆرەیە: بەشی تورکی لە ئیمپراتۆرییەتی ئێستای عوسمانیدا دەبێ سەەربەخۆییەکی ئارام دابین بکرێت، بەلام نەتەوەکانی تر کە ئێستا لە ژێر دەسەڵاتی تورکیادا دەبێ ئارامی و ئاسایشێک دابین بکرێت کە گومانی تێدا نەبێت و دەرفەتێکی ڕەهای گەشەکردن بڕەخسێت و دەردەنێڵ دەبێ بە هەمیشەیی بکرێتەوە وەک ڕاڕەویکی ئازاد بۆ گشتییەکان و بازرگانیی هەموو ولاتان لە ژێر زەمانەتی نێودەوڵەتیدا. بڕوانە
www.lib.byu.edu/index.php/President_Wilson’s_Fourteen_Points,
٤١ ماکدوواڵ، هەمان سەرچاوە، ل ١١٩.
٤٢ ئەسکەندەر، هەمان سەرچاوە، ل ١٤٠.
٤٣ ئۆڵسن، هەمان سەرچاوە، ل ٥٣.
٤٤ GB165 – 0029 / 6 / 58، ٢٣ی نیسانی ١٩١٩، “سەرنج لە سەر پێشنیازەکانی کلێمەنسۆ” لە لایەن ئەرنۆڵد تی. ویڵسنەوە.
٤٥ کریستیان کۆتس ئۆڵڕیچسن، “داگیرکردنی بەریتانیا بۆ میسۆپۆتامیا، ١٩١٤ – ١٩٢٢، گۆڤاری توێژینەوەی ستراتیجی The Journal of Strategic Studies ٣٠، ژ. ٢ (نیسانی ٢٠٠٧)، ل ٣٦٦.
٤٦ ویڵسن، سەرچاوەی پێشوو، ل ١٠٣.
٤٧ بێک، سەرچاوەی پێشوو، ل ٢٥٧.
٤٨ هەمان سەرچاوە.
٤٩ کاب ٢٤/ ١٠٦، ١ی مایسی ١٩٢٠، چەرچڵ، یاداشتی ئەنجومەنی وەزیران، نهێنی: “خەرجیی میسۆپۆتامیا”.
٥٠ ماکدوواڵ، سەرچاوەی پێشوو، ل ١٢٠.
٥١ FO وەزارەتی دەرەوە ٣٧١ / ٤١٤٩، ٦ی نیسانی ١٩١٩، “یاداشت: دەستووری داهاتووی میسۆپۆتامیا”، پێچراوەی ٨ تێبینیی ئۆفیسی سیاسیی سلێمانی.
٥٢ بەریتانیای مەەزن GB165 – 0029 / 6 / 58.
٥٣ FO وەزارەتی دەرەوە ٣٧١ / ٤١٩٢، ١٢ی سێپتەمبەری ١٩١٩، تەلگرافێک لە میسرەوە بۆ وەزارەتی جەنگ و کاردانەوەی ویڵسن.
٥٤ ئۆڵسن، سەرچاوەی پێشوو، لاپەڕە ٥٧. ئەم “نەتوانینە” بە شێوەیەکی سەرەکیبە هۆی شکستهێنانیانی ئەزموونەکەیانەوەیە لە کۆنترۆڵ کردنی ناڕاستەوخۆی بەشە کوردییەکەی ناوچەی B دایە، بە سلێمانی و کەرکووک و کفرییەوە لە کوردستانی باشووردا. لە ماوەی ساڵی ١٩١٨ – ١٩١٩دا بەریتانییەکان دەستیانکرد بە دامەزراندنی حکوومەتێکی کوردیی سەربەخۆ لە ژێر دەسەڵاتی شێخ مەحمووددا و ئەم بە توندی کەوتە بەرەنگاربوونەوەی پێگە و هەڵوێستی بەریتانییەکان لە ناوچەکەدا، بە ئیددیعاکردنی ئەوەی کەوا مەلیکی تەواوی ناوچە کوردییەکانە. بۆ وردەکاریی ئەم یەکەم حکوومەتە ئۆتۆنۆمییەی کورد، بڕوانە ئەسکەندەر، سەرچاوەی پێشوو، هەروەها سەعد ئەسکەندەر (نۆڤەمبەری ٢٠٠٧)، “نەخشەدانان بۆ جیابوونەوە: بەریتانیای مەزن و داهاتووی کوردستان، ١٩١٥ – ١٩٢٣”، (سلێمانی: تێزی بڵاونەکراوەی دکتۆرا، ٢٠٠٧).
٥٥ هەمان سەرچاوە.
٥٦ هەمان سەرچاوە.
٥٧ ماکدوواڵ، سەرچاوەی پێشوو، ل ١٦٥.
٥٨ هەمان سەرچاوە.
٥٩ ویڵسن، هەمان سەرچاوە، ل ١٤٣.
٦٠ ماکدوواڵ، هەمان سەرجاوە، ل ١٢١.
٦١ لە ئۆکتۆبەری ١٩٢٠دا، کۆکس جێی ئەرنۆڵد تی. ویڵسنی گرتەوە، چەند مانگێک دوای یاخیبوونە گشتییەکەی تەمووزی ١٩٢٠.
٦٢ لە سەردەمی عوسمانیدا، بەدرخان رابەر و سەرکردەی یاخیبوونێک بووە لە ویلایەتی مووسڵ دژ بە هەوڵەکانی سێنتراڵیزەکردن (١٨٤٣).
٦٣ بەریتانیای مەزن GB 165 – 0309 / DS 799.K, 13 August 1920,، سیاسی، بەغدا بۆ سێر پێرسی کۆکس.
٦٤ سکرتارییەتی سەرۆک (١٩٢٠ – ١٩٢٢) بۆ سێر هێربەرت سامۆیڵ، کۆمیسیاری باڵای بەریتانی لە فەلەستین.
٦٥ بەریتانیای مەزن GB 165 – 0309 / DS 42. 3. 67, 15 October 1920، سێر هەبەرت یۆنگ بۆ سێر ویندهام هێنری دیدس.
٦٦ وەزارەتی کۆڵۆنییەکان (موستەعمەرات) CO 730 / 1, 31 December 1920، ڕاپۆرتی هەواڵگری، لە رۆبەرت ل. جەرمەن (١٩٩٨)، گۆڤاری ڕۆژانەی سیاسیی جیهانی عەرەب: ئێراق Political Diaries of the Arab World. Iraq ، بەرگی ١: ١٩٢٠ – ١٩٢١ (ئۆکسفۆرد: بڵاوکراوە ئەرشیفییەکان)، ل ٧٤ – ٧٥.
٦٧ هەمان سەرچاوە، ل ٧٥.
٦٨ هەمان سەرچاوە، ل ٨٩.
٦٩ ماکدوواڵ، هەمان سەرچاوە، ل ١٦٦.
٧٠ بەریتانیای مەزن، سێر هوبەرت یۆنگ بۆ کلەیتۆن، GB 165 – 0309 / DS 42. 3. 67, October 1920 .
٧١ هەمان سەرچاوە.
٧٢ “کۆنگرەی قاهیرە لە لایەن وینستۆن چەرچڵی وەزیری کۆڵۆنییەکانی ئەودەمەی بەریتانیاوە بەسترا، لەگەڵ سپاردنی فەلەستین و ئێراق بە ماندێت (ئینتیداب) بدرێتە بەریتانیا لە کۆنگرەی سان ڕیمۆدا. چەرچڵ حەزی بە ڕاوێژکردن بوو لەگەڵ پسپۆڕانی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستدا و لە سەر داواکاریی ئەو گێرتروود بێڵ سیرپێرسی کۆکس و تی. ئی. لۆرەنس و سێر کیناهان کۆرنوالیس و سێر ئەرنۆڵد تی. ویڵسن و جەعفەر عەسکەریی وەزیری جەنگی ئێراق و ساسۆن ئەفەندی (ساسۆن حزقێل) ی وەزیری دارایی ئێراق و کەسانیتر لە مارتی ١٩٢١دا لە قاهیرەی میسر کۆبوونەوە. دووان لە گرنگترین بڕیاری کۆنگرەکە بەخشینی تەختی پاشایی ئێراق بدرێت بە ئەمیر فەیسەڵی کوڕی حوسەین (کە بوو بە فەیسەڵی یەکەم) و ئیمارەتی ترانسجۆردەن یان شەرقی ئوردن (کە ئێستا ئوردونە) بدرێتە براکەی کە عەبدوڵڵای کوڕی حوسەین بوو. بێجگە لەوەش، هێزی سەربازیی بەریتانی لە ئێراق بە کردەوە کەم بکرێتەوە و بگۆڕدرێت بە پۆلی فڕۆکەی هێزی ئاسمانیی شاهانە و بنکەی سەرەکیی لە حەببانیە بێت. کۆنگرەکە بەرنامەی کاری دا بە ئیدارەی بەریتانی لە هەردوک ئێراق و شەرقی ئوردن و لە بەخشینی ئەم دوو ناوچەیە بە بنەماڵەی هاشمی و کورانی سەریف حوسەینی ئیبن عەلیی لەمەڕ حیجاز، چەرچڵ باوەڕی وابوو کە ڕۆح و پەیامی بەڵێنەکانی سەردەمی جەنگی بەریتانیا بۆ عەرەبەکان جێبەجێ کراوە”. ئەم زانیارییانە لەم ماڵپەڕە وەرگیراوە /www.answers.com/topic/cairo-conference.
٧٣ ئۆڵسن، سەرجاوەی پێشوو، ل ٥٨.
٧٤ هەمان سەرچاوە، ل ٥٩.
٧٥ ماکدوواڵ، سەرجاوەی پێشوو، ل ١٦٦.
٧٦ وەزارەتی دەرەوە FO ٣٧١ / ٥٠٦٧، ١٢ی حوزێرانی ١٩٢١، کۆمیسیۆنی باڵای میسۆپۆتامیا بۆ وەزارەتی دەوڵەت بۆ کاروباری کۆڵۆنییەکان.
٧٧ ماکدوواڵ، سەرچاوەی پێشوو، ل ١٦٧.
٧٨ لیوا: هەرێم یان ناوچەیەکە موتەسەڕیفێک حوکمی دەکات. (بەرانبەر پارێزگای ئێستایە – و).
٧٩ قایممەقام: حوکمداری قەزایەکە. (پلەی سەربازیی موقەدەمیش بووە لە سوپای عوسمانیدا – و).
٨٠ سەنجەق یان سنجاق، پلەیەک لە خوار ویلایەتەوە بووە و (بەزۆری بۆ قەزا بەکارهاتووە لە سیستەم کارگێڕیی عوسمانیدا- و).
٨١ بەریتانیای مەزن ١٦٥ / ٠٣٤١، ٦ی مایسی ١٩٢١، “ئەو بەڵێنانەی بە کورد درابوون”، بەیاننامەی سێر پێرسی کۆکس لەلایەن ڕاوێژکارانی بەریتانییەوە لە کەرتەکانی مووسڵ و کەرکووک و سلێمانی بڵاوکراوەتەوە. هەروەها بڕوانە وەزارەتی دەرەوە ٣٧١/٦٣٥١، ١٥ی مایسی ١٩٢١، ڕاپۆرتی هەواڵگری. هەروەها ئەم ڕاپۆرتە باس لەوە دەکات کە “مەترسی هەیە سلێمانی هیچ جارەسەرێکی پێشنیازکراو قبووڵ نەکات و دەنگ لە دژی خستنەپاڵ ئێراق بدات”.
٨٢ هەمان سەرچاوە.
٨٣ ئەسکەندەر، سەرچاوەی پێشوو، ل ١٧٦. هەروەها بڕوانە وەزارەتی دەرەوە FO ٣٧١ / ٧٧٨٢، ١٦ی نۆڤەمبەری ١٩٢٢، کۆمیسیۆنی باڵای ئێراق بۆ وەزارەتی دەوڵەت بۆ کاروباری کۆڵۆنییەکان.
٨٤ هەمان سەرچاوە، ل ١٦٣. هەروەها وەزارەتی کۆڵۆنییەکان ٧٣٠/٢، ٢٣ی حوزێرانی ١٩٢١، کۆنووسی ۆفیسی کۆڵۆنیاڵی ژمارە ٣١٥٥٨ و FO ٣٧١ / ٦٥٥٢، ٩ی تەمووزی ١٩٢١، وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری کۆڵۆنییەکان بۆ کۆمیسیۆنی باڵا.
٨٥ هەمان سەرچاوە.
٨٦ بێک، سەرچاوەی پێشوو، ل ٢٥٦. هەروەها بڕوانە سەڵاحی رامسدان سۆنێڵ، “دیبلۆماسییەتی تورکیا ١٩١٨ – ١٩٢٣، مستەفا کەمال و بزووتنەوەی ناسیۆنالیستیی تورکیا”، گۆڤاری مێژوو: پێداچوونەوەی کتێبە نوێکان History: Review of New Books ٤، ژ. ١ (١٩٧٥)، ل ١٩٥ – ٢٢٦.
٨٧ دامەزراندنی کۆمەڵەی گەلان تێکەڵ بە پەیماننامەی ڤارسای ساڵی ١٩١٩ کراوە. “کاری فەرمی کۆمەڵەی گەلان لە ١٠ کانوونی دووەمی ١٩٢٠ دەستیپێکردووە، کاتێ پەیماننامەی ڤارسای کەوتووەتە بواری کارپێکردنەوە و لەگەڵ بەرنامەکەی یەکەم بەشی ئەم پەیماننامەیە پێکدێنن و پەیماننامەکانی تر کە سەپێنراون بە سەر هێزە بەزیوەکانی تەوەردا”. بڕوانە جۆرج ئیگەرتۆن ، “کۆمەڵەی گەلان: کورتەیەکی مێژوویی، ١٩٢٠ – ١٩٤٦”. کۆمەڵەی گەلان (١٩٩٦)، “کۆمەلەی گەلان، ١٩٢٠ – ١٩٤٦، ڕێکخراوەکە و ئەو کارانەی ئەنجامیداون، وەبیرهێنانەوەی کارەکانی یەکەم ڕێکخراوی جیهانی بۆ چەسپاندنی ئاشتیی جیهانی”، (نیویۆرک و جنێڤ: ئەرشیفی نەتەوە یەکگرتووەکان)، ل ٢٤ – ٢٩.
٨٨ لیفتنانت – جەنەراڵ، ژان کریستیان سماتس (١٩١٨)، “کۆمەڵەی گەلان: پێشنیازێکی کردەیی”، (لەندەن و نیویۆرک: هۆدەر و ستۆغتۆن).
٨٩ جەیمس جی. هاڵس، “خولقاندن و سەپاندنی سیستەمی ماندێت (لێکۆڵینەوەیەک لە سەرپەرشتیی کۆڵۆنیاڵیی نێودەڵەتی)، ” Transaction of the Grotius Society 25 (کێشەکانی ئاشتی و جەنگ، ئەم پەیپەرە لە ساڵی ١٩٣٩دا لە بەردەمی کۆمەڵەدا خوێنراوەتەوە (١٩٣٩)، ل ١٨٨.
٩٠ بڕگە یەکەمەکانی (پەیمان ، بەرنامە، میپاق، Covenant) ئەمەی خوارەوەی تێدایە: بۆ ئەو کۆڵۆنی و ناوچانەی کە لە ئەنجامی جەنگی ئەم دواییدا بەتەنها لە سایەی بارودۆخی سەختی جیهانی نوێدا دەوەستێ و دەبێت ئەو پرەنسیپە جێبەجێ بکرێت کە خۆشگوزەرانیی گەلان و پەرەسەندنیان ئەمانەتی شارستانیی پیرۆزە و زەمانەتی پێکهێنانی ئەم متمانەیە پێویستە لەم بەرنامەیەدا بەرجەستە بێت. باشترین ڕێگەش بۆ کاریگەریی پراکتیکیی ئەم پرەنسیپە ئەوەیە کە باڵکێشان بەسەر ئەم گەلانەدا پێویستە بسپێردرێت بە وڵاتە پێشکەوتووەکان کەوا بە حوکمی سەرچاوەکانیان و ئەزموونیان یان پێگەی جوگرافییان دەتوانن بە باشترین شێوە ئەم بەرپرسیارێتییە لەئەستۆ بگرن و ئامادەشن بۆ قبووڵکردنی و پێویستە ئەم ئەرکە وەربگرن بەو سیفەتەیان کەوا لەلایەن کۆمەڵەی گەلانەوە ڕاسپێردراون بۆ ماندێتکردن و لەبری ئەو ئەم ئەرکە بەجێدێنن. مۆرک و کاراکتەری ماندێت دەبێت بە پێی قۆناخی پەرەسەندن و گەشەکردنی ئەو گەلە و دۆخی جوگرافیی هەریم یان وڵاتەکە و باری ئابووری و دۆخە هاوشێوەکانی تر بگۆڕێت”.
٩١ گفتوگۆ لەبارەی ئەم “زۆرینە ڕەهایەوە” کە فەیسەڵیان وەک مەلیکی ئێراق هەڵبژاردووە لە سنووری ئەم باسە دەدەرە.
٩٢ هاڵس، سەرچاوەی پێشوو، ل ٢٠١.
٩٣ کۆمەڵەی گەلان (١٩٢١)، جۆڕناڵی فەرمی Official Journal ، ل ١٣٥٥.
٩٤ هاڵس، سەرچاوەی پێشوو، ل ٢٠٢.
٩٥ مادە یان بەندی پەیوەندیداری پەیماننامەی لۆزان لەبارەی سنووری نێوان تورکیا و ئێراقەوە بەم شێوەیە:
“سنووری نێوان تورکیا و ئێراق بە سەروبەرگرتنێکی دۆستانەی نێوان تورکیا و بەریتانیای مەزن دەکێشرێت لە ماوەی نۆ مانگدا. لە حاڵەتی ئەوەی کە ئەم دوو حکوومەتە لە ماوەی ئاماژە پێکراودا نەگەیشتنە ڕێککەوتن، ئەوە کێشەکە بەرەوڕووی ئەنجومەنی کۆمەڵەی گەلان دەکرێتەوە.
هەردوو حکوومەتی تورکی و بەریتانی لای خۆیانەوە بەڵێن دەدەن کەوا لە کاتی چاوەڕێکردنی بڕیاردان لە سەر بابەتی سنوور، هیچ جووڵەیەکی سەربازی یان هەر شتێکی تر ئەنجام نادەن کەوا دەسکاریی ئەم بارەی ئێستای ئەو زەوییانە بکات کە دوا چارەنووسیان بەندە بەو بڕیارەوە کە لە سەریان دەدرێت”. (پەیماننامەی لۆزان، مادەی ٣، بڕگەی ٢). بڕوانە ئەم ماڵپەڕە:
www.hri.org/docs/lausanne/part1.html,
٩٦ هێڵی A کەمێک دەکەوێتە خوار سنووری باکووری ویلایەتی مووسڵەوە.
٩٧ کۆمەڵەی گەلان، “مەسەلەی سنوور لە نێوان تورکیا و ئێراقدا”، راپۆرتێکە بەرزکراوەتەوە بۆ ئەنجومەن لە لایەن ئەو کۆمیسیۆنەی کە پێکیهێناوە بە پێی ئەو بڕیارەی لە ٣٠ سێپتەمبەری ١٩٢٤ دەریکردووە بۆ چارەسەری کێشەکە. جنێڤ، ئابی ١٩٢٥، لاپەرە ٩٠ “کۆمەڵەی گەلان، کورتەی مانگانە” ٥ (دیسەمبەر، ١٩٢٥)، ل ٣٢٥ – ٣٢٦. بۆ قۆناخە جیاجیاکانی چارەسەری کێشەکە بروانە کوینسی رایت “کێسەی مووسڵ”، گۆڤاری جۆرناڵی ئەمەریکی بۆ یاسای نێودەوڵەتی The American Journal of International Law ٢٠، ژمارە ٣ (تەمووزی ١٩٢٦)، لاپەڕە ٤٥٣ – ٤٦٤.
٩٨ سی. جەی. ئێدمۆندس، “ناسیۆنالیزمی کوردی”، گۆڤاری مێژووی هاوچەرخ Journal of Contemporary History، ٦، ژمارە ١ (کانوونی دووەم، ١٩٧١)، لاپەڕە ٨٧.
سەرچاوە:
ئەڵتەرناتیڤەکان: گۆڤاری تورکیا بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان
بەرگی ٩، ژمارە ٤، زستانی ٢٠١٠ ، لاپەڕە ٩١ – ١٣٢
Alternatives: Turkish Journal of International Relations
Vol. 9, No. 4, 91 – 132, Winter 2010
British Legacy and Evolution of Kurdish Nationalism in Iraq
(1918 – 1926):
What Significance the ‘Mosul Question?
Zeynep Arıkanlı
Galatasarai University
زەینەب ئەریکانلی: زانکۆی گەڵەتەسەرای – ئەستەمبووڵ
لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق