ھەموو شارێک شێواز و پێناسەی خۆی ھەیە، ئەوەی مایەی نیگەرانیە، وا ھەنوکە شوین بەشوێن ئەو جێگایانەی شار دەشێوێنرێت بەجۆرێک ئیتر وابڕاوات (سلێمانی) ناناسینەوە.
گەڕان بە شەقام و چا خانە و کۆنە قوتابخانە و سینەما و شوێنە لاوەکی و لەبیر کراوەکانی تری شاردا وەک کۆرپەیەکی برسی بەدوای سینە گۆی دایک دا، لە ھەڵپەی گەڕانێک دای بەدوای نۆستاڵجیایی یادەکان دا. ھەموو شارێک شێواز و پێناسەی خۆی ھەیە، ئەوەی مایەی نیگەرانیە، وا ھەنوکە شوین بەشوێن ئەو جێگایانەی شار دەشێوێنرێت بەجۆرێک ئیتر وابڕاوات (سلێمانی) ناناسینەوە. ئێستا شار لەسایەیی پەیدا بونی چینێکی ھەڵتۆقیویی بازرگانی تازە پیاکەوتو جگە لە ھەڵخڕاندنی پارە و سامان، شۆردراونەتەوە لەھە موو ھەستێکی تری مرۆڤانە. وەک ئامرازێکی نەفرەتی بۆ مەرامی پول، بە پێی پرنسیپی (ئەونانە نانە ، ئەمڕۆ لەخوانە ) وارو وێخی شوینەواری پێشوی شار لەبن دەردەھێنن، بەشەو و بەڕۆژ سەرقاڵی ئەتک کردنی مێژوو یاداوەری دانیشتوانی سادەی ئەو شارەن. ئاخۆ ( سلێمانی)یەکی تەمەن 226 ساڵی، لە سەرەتاوە بۆ ئێستا چی لێ ماوەتەوە ؟
“هەندێک نموونەی رۆژئاوا و بەراورد کردنەوەی بە ئیستای سلێمانی”
1 – ستۆکھۆڵم: لەئەسکەندەناڤیادا شارێکی جوانە، لەدەستە خوشکێکی دورگەیی سەوزو پڕ درەخت پێک ھاتوە، لە نێوان ئاوی دەریاکانی باکوردا، بەناوی شارێکی جوان تر لەباشوری ئەوروپا و لەئیتالیادا، پێی دەڵێن (ڤینیسیای باکور ) لە ساڵەکانی پەنجای یەکەمی سەدەی پێشودا، بەھۆی گەشەی ئابوری یەوە (لەسوید) گۆڕانێک لە نوێ کردنەوە لەھەموو ڕویەکەوە کراو وە (تەلار سازی)یش بەشێک بوو لەو گۆڕانە نوێیە. ماستەرپلانی (ستۆکھۆڵم)ی پایتەخت بەشی سەرەکی بەرکەوت بوو، لە پرۆژەی (ملیۆن لێگنھێت) شوقە کەسوشیال دیموکراتەکان جێ بەجێ یان کرد بۆ نیشتەجی کردن، لەنێوان پەنجا و شەستەکانی سەدەی پێشودا، نەخشەی ڕیگاوبان و تیرمیناڵی سەرەکی و مێترۆ دروستکردن و ژێرخانی نوێی ئابوری لەوێدا بەچڕی جێبەجێ کرا، نوێ کردنەوەی (گەملەستان)یش لە ناوەندی شاردا لە بەرئەونوێ کردنەوە یەدا بوون.
کۆمەڵێک ڕۆشنبیر و ھونەرمەند و شوێنەوارناس سەربە پارتە سیاسییەکان، کەوتنە نوسین و کەمپێن کردن دژی تێکدانی ناوەندی شار، کە لە بازاڕ و گەڕەک و کەنیسە و باخ و کۆشکەکانی دەسەڵاتدار و پاشا و کارمەندی ناودار و یاسایی و ھونەرمەند و خەڵکی ڕەشۆکی دێرینی ئەوێ پێکھات بوو یادگاری سەردەمی جیاواز بوون، لە سەرەتای دروست بونی شارەکە لەلایەن بازرگانێکەوە بۆ سەردەمی (گوستاڤ ڤەسا)ی بنیات نەری نەیشنی سوید، یەکەم وەجاخی پاشایەتی ئێستای ووڵاتەکە لە سەر و 500 ساڵ پێش ئێستا و تادەگات بەم سەردەمە نزیکە.
بەھەرحاڵ ئەو کەسانە لەو ڕۆژەدا لە زۆرانبازی خۆیان و مۆدیرنیزەکاران دا توانیان (گەملستان)ی ناوەندی شار بپارێزن لەتێکدان . بەراوردی دوو ڕوداوی ئەو ساتانە بە ھاوشێوەکانی لای خۆمان لەم سەردەمانەدا، بەشێکن لە دۆزەخی بەراوردکاری.
2 – دروست کرنی تەلاری ڕیکستاگ (پەڕلەمان) لە 1897 – 1905 دا دواتریش بۆدروست کردنی گەراجێک لە بەردەمیدا، لە ھەڵکەندنی بناغەکەی دا بەستی دیوارێکی کۆن دەرکەوت ، تەنھا ئەوە بووبه ھۆی وەستانی پڕۆژەکە و گوێزرایەوە بۆلایەکی دوور تر، ئێستا بەستە دیوارەکە لەجێی خۆیدا کراوە بەمۆزەخانەیەک، ڕۆژانە بینەرانێکی ھەمەجۆر پارە دەدەن بەبینینی، بەو پەڕی چێژەوە مێژووی بنیاتنانی شارەکەیان پێ دەگەیەنرێت.
3 – ھەموو کەسێکی ئەو شارە ناوی( مانگرتنی بێورک)ەکان دەزانێت (بــێۆرک ناوی جۆرە چنارێکە لەسوید) ئەو مانگرتنە لە پێناوی چەند بڕە درەختێکدابوون لەدەم کۆنەشاردا،بەھۆی مانگرتنی خەڵکەکە بەدەوری دارەکان و ھەندێکیان چونەسەردارەکان بۆ بەرگری کردن لە بڕینەوەیان، تائەوەی توانیان، کۆمپانیای میترۆسازە کە ناچاربکەن نەخشەکەیان بگۆڕن بە خەرجیەکی گران تر دەروازەیەکی گرنگی شەمەندەفەری (میترۆ)یی بۆ چەندین مەتری دوورتر پێ گوێزرایەوە لەپێناو چەند لقە چنارێک دا، وەک یاداوەری نە وەیەک و ڕیزی درەخت وژینگە.
“بەڵام شاری سلێمانی چۆن شوێنە مێژووییەکانی پاراستووە؟”
لە ڕوداوێکی ھاوشێوەی یەکەم دا، لە بناغەدانەوەی ئاپارتمانە نوێ یەکەی جێگەی دەبۆکە و لەسەر بنیاتی جێگەی مەعاریفی کۆن کە دەکاتە بەرامبەر مزگەوتی گەورە، شوینەوارگەلێک دەرکەوتبوون، ھیچی کەمتر نەبوو لە دیواری شوینەواری مێژوییەکەی ژێر ئاپارتمانی ڕیکستاگ لە ستۆکھۆڵم، جگە لەناڕەزایی مامۆستا (عەبدول ڕەقیب یوسف) ھیچی وای بەدوادا نەھات لەکەسانی تر، نرخ وبەھای شوێنەوارەکە وەک مێژووی شار لە لای دەسەڵاتدارەکان، حسابی بۆنەکرا. بە سەرو دەر کردن لەمێژووی (سلێمانی) ئەو شوێنە، قشڵەیەکی سەربازی بووە لە سەرەتای دروست کردنی شارەکەدا لەلایەن( مەحمود پاشای) مامی (ئیبراھیم پاشا)ی بنیاتنەرەوە دروست کراوە لەسەر داوای والی موسڵ بۆ پاراستنی کاروانە بازرگانییەکانی شاری (موسڵ) و (ھەولێر) و دواتریش جێگەی ناوەندی کۆبونەوەی جەماوەری و سەربازی میرنشینەکە بووە، کە لەمداوییانەدا (گەرماوی قشڵە)ی لی مابوەوە، کە بە پایەی داتاشراوی بەردینی زۆر ھونەریانە دروست کرابوون تا لەناوەندی حەفتاکاندا ڕوخاندنیان بۆ ئاپارتمانێک کەتائەم نزیکەبەناتەواوی ماوەتەو تەواو نەکراوە پێی دەڵێن بینای دەبۆکە.
ژانی خەمەکەی لەوەدایە، ئەم جارەیان لەسەردەمی دەسەڵاتی کەسێک دا جێ بەجێ کرا ، خۆی کوڕی بنەماڵەیەکی بنەڕەتی شارەو شوێنی ئومێدی زیندو کردنەوە و بوژانەوەی گیانی ڕەسەنی شارەکەیە.
لەبەرامبەر بەراوردی دوەمیش دا: بۆ نەھێشتنی سەوزایی و یادێکی گرنگ تری مێژوویی نەورۆز، پشتی گردی گوڵان و بەنزیکی کاریزی( وەستا شەریف ) و درەختەکانی کە مەنزڵگای سەیران و نەورۆز کردنی حاجی تۆفیقی (پیرەمێرد) بووە، ھەم وەک جێگەی سەیرانگا و پڕدرەخت و ئاوی خەڵکی و ھەم وەک یادگاری شوینەواری بیرمەند و نوسەر و شاعیر و ڕۆشنبیر و کەسێک کە دروسکەری جەژنێکی سیمبۆلی نەتەوەیی (نەورۆز)ە، دواتریش کردویەتی بە نزرگە و ئارامگای مردنی بەپاڵ ئارامگای (مامەیارە)ی پیری دڵخۆشکەری منداڵان و پەروەدەکاریان کە ھاوشێوەی (سانتا کرۆس) ە بە جەوھەر و ڕواڵەتی کوردیانە، ئەم شوینە چەندین جار گرنگ تربوو لە و چەند لقە چنارە بیۆرکانەی کونگسیەگۆردنی ستۆکھۆڵم.
دەسەڵاتی ڕەشی دژبەنەتەویی بەعس گردی گوڵان و دەوروبەری وەک زەوی نیشتەجی بون دابەش کرد بەسەر سەربازە دیلکراوەکانی( قادسیەی سەدام) دوایی کران بەخانوو جادەو بان بۆ شێواندن و نەھێشتنی ئەو ژینگە و شوینەوارهی پیرامونی نەتەوەییە.
“بۆچی و چۆن له سلێمانی پەلاماری شوێنە ئاینی و دینی و مزگەوتەکانیش درا؟”
مزگەوتی(سەید حەسەن) لە سابونکەران کە عەبدولڕەحمان پاشا سەرپەرشتاری بووە و ، کە خوێندنگەی (نالی) بووە، لەگەڵ مزگەتی( قامیشان) لە کانێسکان و مزگەوتی (تەکیە) ڕوتە، لەنێوان سابونکەران و گەرەکی گاوران ھەرسێکیان لە سەردەمی بەعس دا کران بەشوقە و ئاساری کۆنیان تا ڕادەیەکی زۆرلێ سڕدرایەوە، ھەروەھا مزگەوتی (مفتی چاومار) کەبێخود و مفتی مامۆستاییان تیا کردووە لە پشتی چاخانەی شەعبی ئێستاوە، که تێكدرا ھەر نەکرایەوە بەمزگەت و بووبه بازاڕ، کە لەو ماوانەدا پێ یان دەگوت بازاڕی جەوازەکە، ھەندێ مزگەوتی تری سەردەمە کۆنەکانی کەلێرەدا بەسەرم نەکردۆتەوە لەبەر تەنگەبەری بوارو کزی یادم.
شوینەکۆنەکانی تریش وەک بازاڕی (وەسمان پاشا) ھەر لەو سەردەمەدا لەشەوێکدا سوتا کەمۆرکی پلانی پێوەدیار بوو، دیسان کرا بە بینایەکی سەقەت و شوینەواری پێشینەی وون کرا .