پارتی گەلی کۆماری
دامەزراندن.
لە ئاکامی گۆڕانکاریەکان، مستەفا کەمال دوای راوێژکردن لەگەڵ هاوڕێ و سیاسەتمەدارانی سەردەمی خۆی، بە باشی زانی پارتێکی سیاسی پێکبێت، کە نوێنەرایەتی گەلی تورکیا بکات، هەوڵی یەک پارچەیی خاکەکەی بدات و لەشکری بیانی لە خاکەکەی دەربکات.
لە نیسانی 1922 بە فەرمی بڕیار لەسەر دامەزراندنی پارتی گەل درا، بەمەش کۆنگرەی دامەزراندنی لە 9ی ئابی 1923 سازدا، مستەفا کەمالیش بە سەرۆکی پارتەکە هەڵبژێردرا. لە 29ی تشرینی یەکەمی هەمان ساڵ، کاتێک ئەنجومەنی نیشتیمانی باڵا بڕیاری هەموارکردنی دەستور و کۆتایهێنان بە سیستمی خەلافەتی دەرکرد، تورکیاش بوو بە دەوڵەتێکی کۆماری، ناوی ئەم پارتەش گۆڕانی بەسەرداهات و بوو بە پارتی گەلی کۆماری.
تێڕوانینی ئەم پارتە بۆ کێشەی کورد لە تورکیا.
لە بەرنامەی ئەم پارتە هاتووە، پارتی گەلی کۆماری داننانێت بە جیاوازییە رەگەزییەکانی نێوان هاوڵاتیانی تورک، دژی هەموو جوڵەیەک دەوەستێت، کە هەوڵبدات جیاوازییە رەگەزییەکان بەکاربهێنێت بە مەبەستی تێکدانی یەکگرتوویی نەتەوەیی خاکی تورکیا.
ساڵی 1938 سیاسەتی حکومەتی تورکیا، کاتێک عیسمەت ئینۆنۆ سەرۆکایەتی دەکرد، خۆی لەم چەند خاڵەی خوارەوە دەنوێنێت:
1- داننەنان بە بوونی گەلێک بەناوی کورد، جیاواز لە تورکەکان.
2- هەوڵدان بۆ توانەوەی کورد بە هەموو شێوازێکی ستەمکارانە.
هەر بە پێی نوسینەکانی توێژەری بەناوبانگی تورک ئیسماعیل بێشکچی، بنەماکانی سەرۆکی تورکیا مستەفا کەمال لە رێگەی پارتی گەلی کۆمارییەوە، بوو بە ئایدیۆلۆژیای رژێم لە تورکیا، کە بەردەوام لەژێر ناوی کەمالیزم باسکراوە.
دامەزراندن.
پێش کۆتاییهاتنی جەنگی دووەمی جیهانی 1939-1945 چەندین بیروبۆچون سەریانهەڵدا لە ناو سەرکردایەتی پارتی گەلی کۆماری، وەک هەوڵدانێک بەرەو گۆڕان و دیموکراسی لە سیستمی سیاسی تورکیادا. عیسمەت ئینونۆ، لە وتارێکیدا بە بۆنەی کردنەوەی خولی ساڵانەی پەرلەمان لە 1ی تشرینی دووەمی 1944 ئەو بیروبۆچونانەی روونکردەوە و زیاتر جەختیشی لەسەر دیموکراسی پەرلەمانی کردەوە لە سیستمی سیاسی تورکیادا، هەروەها بەڵێنی ئەوەیدا کە رێوشوێنە پێویستییەکان بگرێتە بەر بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە.
دوای ماوەیەک، چوار سەرکردەی پارتی گەلی کۆماری، کە بریتیبوون لە جەلال بایار، عەدنان مەندرس، رەفیق کوڵتان، فوئاد کوپرلو، نارەزایی خۆیان دەڕبری لە بەرامبەر ئەو شێوازانەی، کە کاروباری وڵاتی پێ بەڕێوەدەچێت. ئەو چوار کەسە لە یاداشتێکدا لە 7ی حوزەیرانی 1945 چەند خاڵێکیان وەک پێشنیاز خستە بەردەم پەرلەمان و حکومەت، گرنگرتین خاڵەکانی ئەو یاداشتە بریتی بوو لە.
1. گێڕانەوەی دەسەڵاتەکانی پەرلەمان.
2. گێڕانەوەی مافە دەستورییەکان بۆ تاک.
3. کۆتوبەندەکانی کاتی جەنگ هەڵبگیرێت.
4. فرەیی حزبی لە کاری سیاسیدا.
5. بوژاندنەوەی ژیانی دیموکراسی لە تورکیا.
6. سەرەڕای کۆمەڵە بابەتێکی دیکەش.
بەڵام ئەو پێشنیازانە لە لایەن کار بەدەستان و سەرکردایەتی پارتی گەلی کۆمارییەوە، پشتگوێخران.
سیاسەتی پارتی دیموکراسی بەرامبەر بە کورد.
بارودۆخی ژیانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی کورد لەو قۆناغەدا لە بارێکی دژواردا بوو، ئەو بارودۆخەش بە هاتنە پێشەوەی سیستمی فرە پارتایەتی کۆتایی نەهات، بەڵکو سیستمی فرە پارتایەتی لە چەند روویەکەوە کاریگەری نێگەتیڤانەی هەبووە بۆ پرسی نەتەوایەتی کورد، لەبەرئەوەی پارتە سیاسییەکانی تورک کەوتنە ململانێ بە گفتوگۆ و پەیوەندی بە کەسایەتییە بەهێزەکانی ناو کۆمەڵگەی کوردی، بۆ ئەوەی لە رێی ئەوانەوە دەنگی جوتیار و کاسبکارانی کورد بۆ لای خۆیان رابکێشن. پارتی دیموکراسی، سەرەتا چەند هەنگاوێکی دیموکراتیانەی هاویشت، بە کردنەوەی رێکخراو و یانەی سیاسی و رۆشنبیری، هەر لەو چوارچێوەیەدا چەند یانەیەکی رۆشنبیری کورد دامەزرا، هەروەها چەند رۆژنامە و گۆڤارێکیش دەرچوو، لەو بوارەشدا کەسایەتی موسا عەنتەردەرکەوت. ئەمە و سەرەڕای بەشداریکردنی کورد لە چەند یانە و پارتێکی تورکی، لەوانە: یەکێتی ئەدەبیاتی تورک و پارتی نیشتیمانی.
بەڵام ئەو هەڵوێستانەی پارتی دیموکراسی تا سەر نەبوون، بەڵکو هەر زووئەو پارتە لە بەڵێنەکانی پاشگەزبووەوە و دەستیکرد بە دژایەتی کورد. دەکرێت پەیوەندییەکانی نێوان کورد و پارتی دیموکراسی لە چەند خاڵدا هەڵسەنگێنین:
ێ/ پشتگیری کورد بۆ پارتی دیموکراسی بە هۆی بەرنامەکەی نەبوو، بەڵکو زیاتر بە کاریگەری سیاسەتی پارتی گەلی کۆماری بووە بەرامبەر کورد.
ب/ پارتی دیموکراسی، شێوازی کارکردنی لەناوچە کوردییەکان، بەکارهێنانی ئاین بووە، بۆ ئەوەی لەو رێگاوە خۆی لە پرسە نەتەوایەتیەکان بدزێتەوە،لە لایەکی دیکەوە کاریگەری لەسەر تاکی کورد دروستبکات. بۆ نموونە لە بانگەشەکانی هەڵبژاردن، پارتی دیموکراسی دروشمی ئەی کوردینە ئێمەش وەک “ئێوە موسڵمانین” ی هەڵگرتبوو.
دامەزراندن.
دەربارەی سەرەتاکانی دروستبوونی ئەم رێکخراوە سیاسییە، بیرو بۆچونەکان تاڕادەیەک ئاڵۆزن، سەرچاوەکانیش لە باسکردنیدا جیاوازی لەنێوانیاندا هەیە بە شێوەیەکی گشتی بیرۆکەی دروستبوونی ئەم بزوتنەوەیە بۆ ساڵی1944 و 1948 دەگەڕێتەوە. لەنێوان ساڵانی 1944-1948 کە مێژووەکەی یەکلاینەبۆتەوە، پارتی نەتەوە لە تورکیادا دادەمەزرێت، سەرۆکی فەخری ئەو پارتە، جەنەراڵ فەوزی جەقامق بووە و سەرۆکی راستەوخۆشی عوسمان بلوک پاشا بوو.
هەر لە ساڵی 1946دا، پارتی جوتیارانی لادێ لە تورکیا دادەمەزرێت، ساڵی1957 هەردو پارت یەکدەگرن و دەبنە پارتی نەتەوەیی جوتیاری کۆماری بە سەرکردایەتی عوسمان بلوک پاشا، ناوبراو ساڵی 1963 لە سەرۆکایەتی پارتەکە دووردەکەوێتەوە، هەر لەو ساڵەدا ئەڵپ ئەرسەلان تورکیش لە بەلجیکاوە دەگەڕێتەوە تورکیا، دەست بە پەیوەندییە سیاسییەکان دەکات، لەگەڵ (9) کەس لە هاوڕێکانی پارتی نەتەوەیی دادەمەزرێنن، لەگەڵ پارتی نەتەوەیی جوتیارانی کۆماری یەکدەگرن لەژێر ناوی پارتی جوتیاری کۆماری، دواتر ناوەکەی دەگۆڕێت و دەبێتە پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی بە سەکردایەتی ئەڵپ ئەرسەلان تورکیش لە نێوان مانگی تەموز – ئابی 1965دا.
لە هەڵبژاردنەکاندا، ئەم بزوتنەوەیە چەند دروشمێکی پەیوەست بە کوردەوە بەرزکردۆتەوە:
1- بەربەرەکانیکردنی پارتی کرێکارانی کوردستان.
2- دەستێوەردانی سەربازی لە باشوری کوردستان، بە مەبەستی پاراستنی تورکمانەکانی شاری کەرکوک.
پارتی تورکیای نوێ
دامەزراندن.
لە ئاکامی قەیرانە سیاسی و ئابورییەکانی تورکیا، پارتی دیموکراسی دەسەڵاتدار بەرەو رووی زنجیرەیەک ململانێ و جیابوونەوە هات. سەرەتا ساڵی1955 کۆمەڵە ئەندام پەرلەمان و چەند سەرکردەیەک جیابوونەوە و پارتی ئازادی یان دامەزراند، ژیانی ئەم پارتە درێژەی نەکێشا تا ساڵی 1958 کە تێکەڵی پارتی گەلی کۆماری بوو. دوای کودەتا سەربازییەکەی تورکیا لە 1960 جیابوونەوەیەکی دیکە لە ناو پارتی دیموکراسی روویدا، لە شوباتی 1961 ئەو بەشەی جیابوونەوە لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی پارتی ئازادی بە یەکەوە پارتی تورکیای نوێ یان دامەزراند.
پارتی تورکیای نوێ و نەتەوەی کورد.
پێکهاتەی ئەندام و هەوادارانی پارتەکە، زیاتر موڵکدارە گەورەکانی کورد بوون، بە جۆرێک 65 ئەو دەنگانەی کە لە هەڵبژاردنی 1961دا بەدەستیهێناون، هەمویان دەنگی ئەوان بوون. ئەو پارتە ئەگەرچی رێبەرەکانی وەک کورد لە تێکۆشاندا رۆڵی بەرچاویان هەبووە، بەڵام بە هۆی بەهێزبوونی پارتی عەدالەت لە بواری توانای مادییەوە، نەیانتوانیوە زۆرینەی دەنگی کورد بۆ خۆیان رابکێشن.
لەساڵی 1962 بەهۆی بەشداریکردنیان لە حکومەتێکی هاوپەیمانی، ئەوا پۆستی وەزیری تەندروستی درا بە یوسف عەزیز ئوغلو ناوبراو لە پۆستەکەیدا خزمەتگوزاری زۆری لە بواری تەندروستی پێشکەش بە گوند و شارەکانی کوردستان کرد. بە ڕادەیەک هیچ وەزارەتێک لە مێژووی تورکیا دا هێندەی ئەو وەزارەتە شوێن دەستی خزمەتی لە کوردستانی دیار نەبووە. هاوکات رێبەری ئەم پارتە، کە نوێنەری شاری دیاربەکر بوو لە پەرلەمانی تورکیا، توانی لەماوەی دەستبەکاربوونی، خوێندنگای زۆر لە کوردستان بکاتەوە، لە ئیستەمبوڵیش کۆمەڵەیەکی رۆشنبیری بەناوی ” نەوەی بوژانەوەی ئابوری”دابمەزرێنێت، ئەو کۆمەڵەیە، گۆڤارێکی مانگانەی بەناوی دیجلەو فورات بەزمانی تورکی و کوردی دەرکرد.
کارو چالاکییەکانی ئەم پارتە، دەسەڵاتی نیگەران کرد و وەزیری ناوخۆی تورکیا،کەوتە دژایەتیکردنی تا پارتەکە لاوازبوو، ساڵی 1965 توانای بەشداریکردنی نەبوو لە هەڵبژاردنی گشتی و وردە وردە رووی لە هەڵوەشاندنەوە و لاوازی کرد.
پارتی نیشتیمانی دایک
دامەزراندن.
ئابوریناسی لیبراڵ تورگوت ئۆزال لە 20ی ئایاری 1983 ئەو پارتەی دامەزراندووە، پارتێکی راسترەوە، دروشمەکەی بریتیە لە هەنگێک، کە بەدەوری نەخشەی تورکیادا دەسوڕێتەوە. پارتی نیشتیمانی دایک توانیویەتی بە درێژایی بەشداریکردنی لە ئەزمونی سیاسیەوە حکومەت پێکبهێنێت بە بێ پەنابردن بۆ هاوپەیمانی لەگەڵ پارتەکانی دیکە دا ئەم پارتە لەشاری ئەنقەرە بە ئامادەبوونی 25 ئەندام دامەزراوە، ئەوانەی کە پۆستی گرنگیان لە دەوڵەت هەبوو، لەگەڵ ژمارەیەک لە سیاسەتمەداری ناسراو سەر بە چەند پارتێکی سیاسی راستڕەو، کە بەر لە کودەتا سەربازییەکەی1980 رۆڵی بەرچاویان هەبوو.
سیاسەتی پارتی نیشتیمانی دایک لە ئاست کێشەی کورد لە تورکیا.
تورکوت ئۆزال لە ئاست کێشەی کورد لە تورکیا، پەیڕەوی ئەم سێ خاڵەی کردووە:
1- کورد وەک هەر بەشێکی دیکەی کۆمەڵگەی تورکی، تێکەڵاوی ژیانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی ئەو وڵاتە بێت و بەشداری لە چالاکیەکان بکات.
2- رووبەرووبوونەوەی هەر توندوتیژیەک لە لایەن کوردەوە.
3- هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی دۆخی ناوچە کوردییەکان.
پارتی ڕێگای ڕاست
دامەزراندن.
پارتی رێگای راست بە شێوەیەکی فەرمی لە رۆژی 21 ی تەموزی 1983 دامەزراندنی راگەیەندرا. ئەوانەی بە دامەزراندنی پارتەکە هەستاون، هەریەکە لە ئەحمەد نورسەت توانا، یولدریم ئاوجی، حیسامەدین جیندروک، سلێمان دیمریل، محەمەد کولهان، تانسو چیللەربوون. دەکرێت وا تەماشای پارتی رێگەی راست بکرێت کە پارتێکە نوێنەرایەتی رەوتی راستڕەوی ناوەڕاست دەکات، ناسنامەیەکی هزری روونی نییە. لە راستیدا ئەم پارتە لە پاشماوەکانی پارتی داد پێکهاتووە،دوای هەڵوەشاندنەوەی بە میراتگری ئەو پارتە دادەنرێت، نوێنەرایەتی بەرژەوەندیەکانی چینی بۆرژوازییەت و موڵکدارە گەورەکانی زەویوزار دەکات، لە لایەن گەورە سەرمایەدارەکانەوە پشتگیری دەکرێت و هەوڵی گەڕانەوەی کەلەپوری سیاسی و رۆڵی پارتی دادی داوە.
هەڵوێستی پارتی رێگای راست دەربارەی کێشەی کورد لە تورکیا.
بۆ تیشکخستنە سەر ئەم بابەتە، دەکرێت باسی کردەوەکانی حکومەتی تورکیا بکەین لە ساڵی 1993 وە، لەو ماوەیەی کە سلێمان دیمریل بوو بە سەرۆک کۆماری تورکیا و تانسۆ چیلەر بە سەرۆکی حکومەت. پوختەی هەڵوێستەکانی حکومەتی تورکیا لەم چەند خاڵەدا کورتدەکەینەوە:
1/ لەبواری شەڕدا دژ بە هێزە کوردییەکان بەتایبەتی پارتی کرێکارانی کوردستان لە کوردستانی باکور، سوپای تورکیا بە توندترین هەڵمەتی سەربازی هەستاوە، هێزی تایبەت و چەکی بەهێز و ئاسمانی پێشکەوتوی بەکارهێناوە.
2/ حکومەتی تورکیا لە بوارێکی دیکەدا شێوازێکی دیکەی پەیڕەوکرد دژ بە سەرکردە کوردەکانی کوردستانی باکور، ئەویش پەنابردنە بۆ تیرۆر لە وڵاتانی دەرەوە.
3/ لەبواری پەیوەندییە دیبلۆماسییەکان، حکومەتی تورکیا هەوڵەکانی خۆی چڕکردۆتەوە لەگەڵ هەریەک لە حکومەتەکانی سوریا و لوبنان بۆ رێگرتن لە حەوانەوەی ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان و هێزە سیاسییەکانی دیکەی کوردستان لای خۆیان.
4/ پەرلەمانی تورکیا بڕیاریدا بە هەڵگرتنی پارێزبەندی حەسانەی پەرلەمانی لەسەر(7)ئەندام پەرلەمانی کورد، سەر بە پارتی دیموکراتی بە بیانوی هاوکاریکردنی پارتی کرێکارانی کوردستان، دواتریش رەوانەکردنیان بۆ بەردەم دادگا،ئەو (7) ئەندام پەرلەمانەش ئەمانەن: خەتیب دیجلە، سەلیم سادق، لەیلا زانا، سری سافیق، ئەحمەد تورک، مەسعود عەلیناک، ئورخان دوخان.
5/ حکومەتی تورکیا لە تەموزی 1993 بڕیاریدا بە داخستنی پارتی کاری میللی بە بیانوی پشتگیریکردنی لە کێشەی کورد.
پارتی دیموکراتی کۆمەڵایەتی میللی
دامەزراندن.
لە 19ی ئایاری 1983 بە سەرکردایەتی نەجدەت گالب، پارتی میللی دامەزرا، لە مانگی تەموزی 1985 لە کۆنگرەی گشتی پارتەکە ئایدن گوڤینبوو بە سەرۆک پارت. پاشان ساڵی 1983 بە سەرکردایەتی ئەردال ئینۆنۆ پارتی دیموکراتی کۆمەڵایەتی دامەزراوە،دوای کودەتا سەربازییەکەی ساڵی 1980 بە پێی یاسا نوێیەکان، رێگە بەم پارتە نەدرا بەشداری لە هەڵبژاردنی گشتی تورکیا بکات لە هەڵبژاردنی ئازاری 1984 بۆ ئەنجومەنی شارەوانییەکان رێژەی 23%دەنگەکانی بە دەستهێنا. پێگەی جەماوەری فراوانی هەبووە، ژمارەی ئەندام و لایەنگرانی نزیکەی 400 هەزار کەس دەبوو، پەیوەندی لەگەڵ بەشێک لە سەندیکای کرێکاران هەبووە.
هەڵوێستی پارتی دیموکراتی کۆمەڵایەتی میللی دەربارەی کێشەی کورد.
زۆربەی پارتە عیلمانییە تورکەکان بە چەپە میانڕەوەکانیشەوە بە تایبەتی ئەوانەی لە دەسەڵات نزیکبوون هەڵوێستی نەرێنیان هەبووە لە ئاست بەکارهێنانی زاراوەی-کەمایەتی)وەک ئاماژەیەک بۆ کورد( ئەو لایەنانە هیوا و داواکارییە نەتەوایەتیەکانی کوردیان رەتکردۆتەوە و قبوڵییان نەبووە.
بۆ تیشک خستنەسەر هەڵوێستی ئەم پارتە بەرامبەر بە کێشەی کورد لە تورکیا.
ئاماژە بۆ دوو دیاردە دەکەین و بە کورتی دەیانخەینەڕوو:
ێ/ لە 22ی ئابی 1989 جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کۆمەڵایەتی میللی چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانی سازدا، لەمیانەیدا جەختی لە بۆچوونە ناڕاستەکانی حکومەت کردەوە لە ئاست رووداوەکانی باشوری رۆژهەڵاتی تورکیا واتە کێشەی کورد. ناوبراو دەڵێت: ئەگەر حکومەت ڕاست بکات و بتوانێت چارەسەری ئەو کێشەیە بکات، ئەوا دەبێت بەم هەنگاوانە هەستێت:
1/ هەڵوەشاندنەوەی ئەو یەکە چەکداریانەی بۆ پارێزگاریکردنی ناوچە گوندییەکان پێکهاتوون لە چەکداری نافەرمی. لەبەرئەوەی ئەو چەکدارانە کوردەکان دەورووژێنن.
2/ کێشەی کورد کێشەیەکی ئابورییە، واتە دەستبکرێت بە چاکسازی ئابوری لە ناوچەکەدا.
3/ دژایەتیکردنی تیرۆر لە ناوچەکەدا بە هێزی فەرمی دەوڵەت دەبێت، نەک بە هۆی چەکداری نافەرمی لە گوندەکان.
ب/ پارتی دیموکراتی کۆمەڵایەتی میللی (7) لە ئەندامانی خۆی کە ئەندامی پەرلەمانی تورکیاش بوون، لە 16ی تشرینی یەکەمی 1989 لە ریزی پارتەکەی دەرکردن، بە بیانوی ئەوەی کە بەشداریان لە کۆنگرەی پاریس کردووە تایبەت بە کێشەی کورد لە14ی تشرینی یەکەمی 1989.
دەربارەی ئەم بابەتە ئەرداڵ ئینۆنۆ سەرۆکی پارت لە چاوپێکەوتنێک، وتوویەتی: کۆنگرەی پاریس لەچوارچێوە رۆشنبیرییەکەی خۆی دەرچوو بوو، ئەو کۆنگرەیە کەوتە ناو باسی سیاسەتەوە، کە پێچەوانە لەگەڵ بیرۆکەی دەوڵەتی یەکگرتوو بووە بۆیە بڕیارماندا نوێنەرانی پارتیمان بەشداری تیادا نەکەن، بەڵام سەرەڕای ئەوەی کە ئەو ئەندامانەمان ئاگادارکردبۆوە بەشدارینەکەن، ئەوان بەشداریانکرد، بۆیە سزادران و لە ریزی پارتی دەرکران.
ئەو(7)ئەندام پەرلەمانە کورد بوون، (9)ئەندام پەرلەمانی دیکەش پاڵپشتیان کردن و بەیەکەوە هەموو ڕیزی ئەو پارتەیان بەجێهێشت.
پارتی کۆمۆنیستی یەکگرتوی تورکیا
دامەزراندن.
لە ماوەی جەنگی یەکەمی جیهانی و پاش جەنگ، چالاکییەکانی رەوت و ئاڕاستە سۆسیالیست و مارکسییەکان لە تورکیای عوسمانی، بە ئاشکرا بە دیدەکرا. بەهۆی ئەوەی روسیا دراوسێی دەوڵەتی عوسمانی بوو، چالاکییە سیاسییەکانی ناو روسیا کاریگەری لەسەر تورکیا دروست کردبوو، بە تایبەت دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئۆکتۆبەری 1917 ئەو شۆڕشە و دەرئەنجامەکانی رەنگدانەوە و کاریگەری زیاتری بەسەر چالاکییە سیاسییەکان لە تورکیادا دروستکردبوو. سیاسەتمەدارانی ئەو سەردەمە لە تورکیا، لەم بارەوە بە روونی باسی ئەو کاریگەریانەیان کردووە، هەندێکیان ئاماژەیان بۆ شۆڕشی بەلشەفی وەک هێڵی سور کردبوو، کە نابێت بگاتە خاکی تورکیا، لە کاتێکدا بەشێکی دیکەیان بە چاوی رێزو لایەنگری تەماشای ئەو شۆڕشەیان دەکرد، وەک سیستمێکی نوێی جیهانی باسییان دەکرد.
پارتی کۆمۆنیستی تورکی لە بڵاوکراوەکانی ئاماژەی بۆ قۆناغی شۆڕشی نیشتیمانی دیموکراتی دەکرد، بەڵام پشتگیری پارتی کاری تورکیشی دەکرد، لە بانگەشەی بۆ شۆڕشی سۆسیالیستی ئەو کارەش بە مەبەستی بە دەستهێنانی پشتگیری بووە لە لایەن چەند هێزێکی سیاسی سەر گۆڕەپانەکە. پارتی کۆمۆنیستی تورکی، لە بەرنامەکەیدا، بەمجۆرە رەوتە سیاسییەکانی پۆڵێن کردووە رەوتی کۆمۆنیستی تورکی، چەپی شۆڕشگێڕ، رەوتی کەمالیزم، رەوتی ئاینی دژ بە ئیمپریالیزم، رەوتی بۆرژوازی دیموکراسی، رەوتی دیموکراسی کوردی. هەمو ئەو رەوت و لایەنانە بەرهەڵستی سیستمی دەسەاڵت و سیاسەتەکانی بوون.
لە سەرەتای شەستەکانی سەدەی رابردو، ئەم پارتە هەوڵی پێکهێنانی بەرەی نیشتیمانی دیموکراسی داوە، لەگەڵ پارت و هێزە سیاسییە پێشکەوتخوازەکانی دیکە، بەڵام هەوڵەکەی سەرکەوتو نەبووە.
هەڵوێستی پارتی کۆمۆنیستی تورکیا دەربارەی کێشەی کورد.
هەڵوێستی ئەم پارتە لە ئاست کورد و کێشەی کورد لە تورکیا، دەکرێت بە چەند خاڵێکی کورت ئاماژەی بۆ بکەین.
1/ پەیوەندی پارتی کۆمۆنیستی تورکیا بەو کێشەیەوە لە ساڵانی سییەکانی سەدەی بیستەمەوە درێژەی هەیە و بەردەوامە. ئەو پارتە هەوڵیداوە بیروڕای جەماوەری کورد بۆ لای خۆی راکێشبکات.
2/ لە چەند ساڵی دوایدا، دەربارەی ئەم پرسە، لە بەرنامەی پارتی کۆمۆنیستی یەکگرتوی تورکیادا هاتووە ” دەبێت مەسەلەی کورد چارەسەربکرێت، چارەسەرییەکی راست و دیموکراسی و ئاشتیانە.” بە بۆچوونی ئەم پارتە، رێگای چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە….داننانە بە مافی چارەی خۆنوسین بۆ گەلی کورد، کە مافی جیابوونەوەشی لەگەڵدا بێت.
پارتی کاری تورکی
دامەزراندن.
لە شوباتی 1961 دامەزراوە، بە بەشداریکردنی 15 ئەندام لەسەرکردەکانی یەکێتی سەندیکای کرێکاران، کە جیابونەوە و بەشدارییان لەدامەزراندنی پارتەکە کرد لە کۆنگرەی گشتی پارتەکە، کە لە ئابی 1962 بەسترا،ئەنجومەنە سەرکردایەتییەکانی ئەم پارتە بەمشێوەی خوارەوە هەڵبژێردراوە.
1. محەمەد علی ئایبار- ئەمینداری گشتی.
2. روشدی کفاری- ئورهان ئارسل- دەستەی کارگێری.
3. ئیرباهیم دینز گولەر، کەمال تور کلەر، ئیسماعیل نوبەکر، رەزا کواس، جەمال حەقی، کەمال سولکەر. لیژنەی جێبەجێکردن.
4. کادرەکانی سەرکردایەتی ئەم پارتە: زیا شەرەفەدین ئۆغلۆ، کەمال بورقای، مەهدی علی، مەهدی زانا.
لەناو سەرکردەکانی ئەم پارتە ژمارەیەک کوردی کوردستانی باکوری تێدابووە،کە هەندێکیان بازرگان و خاوەنی زەوی و کرێکار بوون.
هەڵوێستی پارتی کاری تورکی لە ئاست کێشەی کورد.
لە کۆنگرەی چوارەمی پارتی کار، کە لەنێوان 28-31ی تشرینی یەکەمی1970 بەسترا، کۆنگرە بڕیارێکی گرنگی دەرکرد دەربارەی مەسەلەی کورد، لەو بڕیارەدا هاتبوو”کۆنگرەی چوارەمی پارتی کاری تورکیا بەئاشکرا رایدەگەینێت کە گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی تورکیا، هەرلە سەرەتایی دامەزراندنی سیستمی چینە دەسەڵاتدارەکان، ئەو سیستمە دژی گەلی کورد بووە و سیاسەتی تیرۆر و تواندنەوە و چەوساندنەوەی بەکارهێناوە، چەند جارێکیش ئەو رێبازە شێوەی کاری خوێناوی وەرگرتووە. یەک لە هۆیە سەرەکییەکانی دواکەوتویی ئەو ناوچەیەی گەلی کوردی تێدا دەژی، ئەو سیاسەتە کۆمەڵایەتی و ئابوریەیە، کە چینە دەسەڵاتدارەکان پیادەی دەکەن،شانبەشانی کاریگەرییەکانی یاسا نایەکسانەکەی پەرەسەندنی سەرمایەداری.
لەبەر ئەو هۆیە، هەڵوێست لە کێشەی رۆژهەڵات دەربڕینی ئایدیۆلۆژیایەکی ناسیۆنالیستی رەگەزپەرستانەیە لە لایەن چینە دەسەڵاتدارەکانەوە.پارتیمان پشتگیری خەباتی نەتەوەی کورد دەکات لەپێناو داننان بە مافە مەدەنی و دەستوریەکانی، هەروەها جێبەجێکردنی هەموو داواکاری و خواستە دیموکراسیەکانی، ئەو کارەش بە ئەرکێکی پێویست و سروشتی دەزانین. ئەو بڕیارەی پارتی کاری تورکی دەربارەی مافەکانی گەلی کورد، پاڵی بە حکومەتەوە نا، کە ئەو پارتە بە نایاسایی و نا شەرعی لەقەڵەمبدات، بۆیە بەشێک لە سەرکردەکانی دەستگیرکران و رەوانەی دادگا کران بە تاوانی لادان لە دەستوری وڵات و یاسای حزبە سیاسیەکان.
دامەزراندن.
لەناوەندە سیاسیەکان بە کورتکراوەی دەهەکەپە ناودەبرێت. ساڵی1964 بەدەستپێشخەری ئیبراهیم کایپاکایا و بە هاوکاری بەشێک لە هاوڕێکانی لەزانکۆی ئیستەمبوڵ دادەمەزرێت.
سەرەتا ئەم رێکخراوە بریتیبووە لە چەند بنکەیەک “مەکۆیەک” ی هزری، کە دەبنە پێگە و سەکۆ بۆ کۆکردنەوەی رەوتە جیاوازەکانی چەپ لە هەموو تورکیا،هەروەها چەندین لقیشی لێدەکەوتەوە. ئەم مەکۆیانە بوون بە مەڵبەندێک بۆ دژایەتیکردنی ئیمپریالیزمی جیهانی و فاشییەتی تورکی.
بیرو بۆچوونی بزوتنەوەکە لەبارەی کێشەی کورد.
بۆ یەکەمجار سەبارەت بە کێشەی کورد تێزێک و بۆچوونی ئاشکرای خۆی خستۆتەڕوو، کێشەی کورد وەک کێشەی نەتەوەیەک شیدەکاتەوە، کە لە لایەن دەوڵەتێکی وەک تورکیاوە دووچاری نکۆڵیکردن و سەرکوتکردن هاتووە، ئەم بزوتنەوەیە جەختی لە مافی گەلی کورد کردۆتەوە لە دیاریکردنی چارەنوسی خۆیدا.
یەکێتی لاوانی شۆڕشگێڕی تورک “دەڤ گەنج”
دامەزراندن.
لە کۆتایی شەستەکاندا لەناو پێکهاتەی ئایدیۆلۆژیای پارتی کاری تورکیادا،چەندین رەوتی جیاواز دروستبوون. لەوانە رەوتی پەرلەمانتاران، کە سەر بە سیاسەتی ریشەیی پارتەکە بوو، بڕوایان بە خەباتی پەرلەمانی ریفۆرمخوازی و پشتیوانی سۆڤییەت هەبوو، بە مەبەستی گەیشتنی بە دەسەڵات. لەبەرامبەردا رەوتێک بڕوای بە خەباتی چەکداری هەبووە، ئەوانە کاریگەربوون بەو خەباتە چەکدارییەی کە لە ڤێتنام و ئەمەریکای لاتین و چین و شۆڕشی کوردستانی باشوردا هەڵگیرسابوو.دوای رووداوەکانی وڵاتی چیکۆسلۆڤاکیا لە ساڵی 1968 رەوتی چەپ لەناو پارتی کاری تورکیا، بڕیاری جیابوونەوەیاندا و یەکێتی لاوانی شۆڕشگێڕی تورکیای دامەزراند لە ساڵی 1969. دەڤ گەنج( لەسەرەتادا تۆڕێکی رێکخستنی فراوانی دامەزراند) لەسەرانسەری وڵاتی تورکیا، کە زیاتر لە 40 هەزار ئەندامی خوێندکاری هەبوو، هەروەها رۆژنامەیەکی دەرکرد کە 100 هەزاری لێ چاپدەکرا.
ئەم رێکخراوە بڕوای بە رێبازی توندوتیژی هەبوو، لە چالاکییەکانیدا ئەندامانی گەنجی کەم تەمەن بوون و 25 ساڵ زیاتریان لە نێودا نەبوو. بەهۆی قوڵبوونەوەی ململانێی ئایدیۆلۆژیای نێوانیان، ئەندامانی رێکخراوی دەڤ گەنج و پارتی کاری تورکی هەمیشە یەکترییان تۆمەتباردەکرد، لە روانینی پارتی کاردا، ئەندامانی دەڤ گەنج تێکدەر و ئاژاوەچی بوون، لەبەرامبەردا بە ناشۆڕشگێڕ و بەکرێگیراوی سۆڤێت دەناسێرنان، ئەمەش سەرەتایەک بوو بۆ توندوتیژی و شەڕی ناوخۆیی نێوانیان.
رۆڵی دەڤ گەنج لە خەباتی نەتەوایەتی کورد.
دەربارەی رۆڵی دەڤ گەنج لە خەباتی نەتەوایەتی کورد، لەسەرەتاوە ئەندامانی شۆڕشگێڕی چەپی کورد، ئەو خوێندکارە کوردانەی، کە لە زانکۆکانی ئەنکەرە و ئیستەمبوڵ بوون، بەشێوەی گروپ دەهاتنەوە کوردستان و لەخۆپیشاندانەکانی کوردستان بەشداریاندەکرد، هەریەک لە داود حەسەن کرۆن، مستەفا چەمکران نوێنەرانی دەڤ گەنج بوون بۆ سەرپەرشتیکردنی خۆپیشاندانەکانی کوردستان.بەڵام هەر لەسەرەتاوە چەند هۆکارێک هەبوون بۆ جیابوونەوەی ئەندامانی کورد لە رێکخراوەکە، لەو هۆکارانە:
کاریگەری ئەو نوسینانەی مارکس و لینین، کە وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی تورکی و پێداگرییان لەسەر مافی چارەی خۆنوسینی نەتەوە بن دەستەکان دەکرد، هەروەها کاریگەری رێکخستنە نەتەوەییەکانی کورد لە کوردستان و شۆڕشی ئەیلول. بۆیە ئەو خوێندکارە چەپە کوردانە لە رێکخراوی دەڤ گەنج جیادەبوونەوە.
ئەو ئەندامە چەپە کوردانە، ساڵی 1970 بەشێکییان پارتی سۆسیالیستی خەڵکی تورکیایان دامەزراند، مستەفا دوز گول، سەرۆکی ئەو پارتە بوو، داود حەسەن کرۆن یش جێگری بوو. بەشێکی دیکەیان گروپی خوێندکاری کۆمەڵەی کولتوری شۆڕشگێڕی رۆژهەڵات یان دامەزراند، پاشماوەکانی دەڤ گەنج تەنیا چەپە توندڕەوەکانی تورک بوون، ئەوانیش بە پێی بڕیارێکی دادگای باڵای دەستوری، لە پاش کودەتاکەی ساڵی 1971 رێکخراوەکەیان قەدەغەکرا.
پارتی یەکگرتنی تورکیا
دامەزراندن.
ساڵی 1966 دامەزراوە، جەخت لە نوێنەرایەتیکردنی شیعەکانی تورکیا دەکاتەوە،سەرەتا ناوی پارتی یەکگرتن بوو، ساڵی 1971 ناوی گۆڕا و بوو بە پارتی یەکگرتنی تورکیا لە هەڵبژاردنی گشتی ساڵی 1973 تەنها رێژەی 4 %ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە لە خاڵە گرنگەکانی بەرنامەی ئەم پارتە:
1/ دابینکردنی ئازادییە دیموکراسییەکان و دادپەروەری و یەکسانی لەنێوان هەموو هاوڵاتیان.
2/ ئازادی کارکردن بە رێوشوێنە ئاینیەکان لە چوارچێوەی یاسادا.
لەبەر ئەوەی زۆرینەی عەلەویەکان لە تورکیا کوردن، بۆیە دامەزراندنی ئەم پارتە وەک هەوڵێک تەماشا دەکرا، کە هەندێک مافی نیشتیمانی بۆ کورد دەستەبەربکات لە ژیانی سیاسیدا. ئامانجی ئەم پارتە، کۆکردنەوەی شیعەکانی تورکیایە لە عەرەب و کورد و تورک،لەگەڵ داکۆکیکردن لەسەر لایەنە عەلەوییەکە لە بزوتنەوەکەیان. بەڵام بواری چالاکییەکانی زۆر تەسک بوو،ژمارەی ئەندام و لایەنگرانی بە رادەیەکی زۆر کەم بوو.سەرچاوەی دارایی پارتەکەش، چەند خوێندکارێکی دەوڵەمەندی شیعەبوون، کە دانیشتوی شارەکانی ئەسکەندەرونە ئەنتاکیا بوون لە ساڵانی دواییدا، دەزگا ئەمنییەکان لە تورکیا، ژمارەیەکی ئەندامانی ئەم پارتەی دەستگیرکردووە، دەرکەوتووە کە پەیوەندییان بە حکومەتی سوریا هەبووە.
تێبینی/ بۆ ئامادەکردنی ئەم بابەتە سود لە کتێبی پارت و ڕێکخراوە سیاسیەکانی تورکیا1923/2003 نووسینی محەمەد فاتیح بینراوە.