سەرەتا
لە رێکەوتی ٨ ی ئایار، حکومەتی چین ٢٠٠ هەزار ماسکی خۆپارێزی بەمەبەستی رێگری کردن لە تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکە بۆ هەرێمی کوردستان رەوانە کرد.
هەفتەکانی دواتر، حکومەتی پەکین چەندین وەجبە هاوکاری گەورەی لە پێویستی پزیشکی کە چەندین جۆر کەلوپەلی خۆپارێزی خودی و، ئامێری پزیشکی و کیتی پشکنینی لە خۆ دەگرت، رەوانەی هەرێمی کوردستان کرد.
کەلوپەلە پزیشکیەکان زۆر بە خۆشحاڵی و سوپاسەوە لە لایەن هەرێمی کوردستان وەرگیران. لە ٢٠ی نیسان بە نمونە بەرێز “نی روچی”سەرکونسوڵی گشتی چین لە هەولێر و بەرێز “سامان بەرزنجی”وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا، گەیشتنی بارێك لە هاوکاری نوێی پزیشکی بە هەولێر ڕاگەیاند.
“نی روچی”لە پێش راگەیاندنەکان لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر گوتی: ” چین دۆستی خەڵکی کوردستانە لە کاتە دژوارەکاندا”. لە کاتی کەڵەکەبونی زۆری قەیرانەکان، کونسوڵی گشتی چین لە هەولێر لەسەر شاشەی کەناڵە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان دەردەکەوت و ئامۆژگاری پێشکەش بە خەڵکی کوردستان دەکرد لە سەر شێوازی خۆپارێزی پێویست بەرامبەر ڤایرۆسی کۆرۆنا.
هەروەها چین تیمی راوێژی پزیشکی بۆ یارمەتی هەرێمی کورستان رەوانە کردو لە میانەی گەشتە چوار رۆژیەکەیاندا، پزیشکە چینیەکان سەردانی نەخۆشخانە ناوخۆییەکانیان کرد و پانێلیان ساز کرد بۆ هاوبەشی کردنی ئەزمونی خۆیان لە چۆنیەتی چارەسەرکردنی توشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە هاوبەشە کوردەکانیان.
کۆمپانیا چینیەکان ڕێگەیان خۆشکرد بۆ یارمەتیدانی هەرێمی کوردستان لە کاتی قەیرانی کۆڤید-١٩دا. لە ١ی نیسان گروپی نەوتی HBP کۆمپانیایەکی پێشکەوتوی بواری نەوت کە بنکەی سەرەکی لە (پەکین)ە، تایبەت بە نەوت و گاز زیاتر لە ٣٠ هەزار ماسک و ٥،٤٠٠ کیتی پشکنینی پێشکەش بە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد.
سەرەرای زاڵ بونی هەژمونی بیرۆکە سیاسیەکانی باوکی شیوعی چینی “ماوتسی تۆنگ”کە هەیبو لەسەر بزوتنەوە ئازادیخوازەکانی کورد، پەیوەندییەکانی چینی – کوردی پەیوەندیەکی نوێیە.
لە دوای روخانی رژێمی “سەدام”ەوە چین دەستی کردوە بە پەیوەندیەکی دیبلۆماسی راست و هاوبەشێکی بازرگانی لەگەڵ کوردەکانی ئێراقدا لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە.
“جەلال تاڵەبانی”سکرتێری “یەکێتی نیشتیمانی”و کە دواتر بو بە سەرۆک کۆماری ئێراق لە سەرەتای مانگی ئابی ٢٠٠٣ بە سەردانێکی نافەرمی گەیشتە وڵاتی چین و، دواتر وەفدی تری یەکێتی نیشتیمانی و پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی چینیان کرد، ئەم سەردانانە لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی چینەوە ئاڵوگۆری بیرورایان کردوە.
لە کانونی یەکەمی ٢٠١٤، کاتێک گروپی تیرۆرستی داعش گەشتنە لوتکەی بەهێزی لە ئێراقدا، چین ئامادەیی هاوکاری خۆیی بۆ خەڵکی کوردستان دەربری و کونسوڵخانەی خۆیی لە هەولێر کردەوە. چین لەوکاتە هەستیار و پر مەترسیەدا، بریاریدا وەفدی خۆی رەوانەی هەرێم بکات. چونکە بروای وابو دەستکەوتی دارایی لەم مەترسیەدا بەدەست ئەهێنێت. لەو کاتەدا حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆنترۆلی شاری کەرکوکی دەوڵەمەند بە نەوتی کردبوو، ڕێگەی نوێی بۆ بۆریە نەوتەکانی بۆ تورکیا دروستکردبوو، بەمەش بەرهەم هێنانی نەوتی خۆیی بۆ ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا بەرزکردبوەوە.
ساڵی دواتر، چین بە ئاشکرا رایگەیاند کە ئەیەوێت پەیوەندیەکانی لەگەڵ هەرێمدا بەهێز بکات. لە نیسانی ٢٠١٩، بەرێز “لی جون” لە کۆمیتەی ناوەندی “حیزبی شیوعی چینی”بە سەردانێک هاتە هەولێر و بە فەرمی “نێچیرڤان بارزانی”سەرۆکی هەرێمی کوردستانی بانگێشتی پەکین کرد، لی بە بارزانی گوت کە سەرۆکی چین “ژی جیپینگ”رۆلی ئازایانەی هەرێمی کوردستان لە روبەڕوبەنەوەی تیرۆرستان و بەزاندنی دەولەتی بەناو ئیسلامی بەرز ئەنرخێنێت”.
چەند مانگێک دواتر، بەرێز “نی روچی”کونسوڵی گشتی چین لە هەولێر پەیجی فەرمی کونسوڵخانەی بە بڵاوبونەوەی ڤیدۆیەک کردەوە. لە پەیامە کوردییەکەیدا، روچی گوتی: “حکومەتی چین پەیوەندیەکانی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کورستان بەرەو پێش ئەبات و، تیشکی خستە سەر دۆستایەتی لە مێژینەی نێوان گەلانی هەردولا کە مێژوەکەی دەگەرێتەوە بۆ رێگای ئاوریشمی کۆن”.
لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٩، وەفدێکی ناوەندی “چاوی کورد بۆ پەرەپێدانی سیاسی”کە ناوەندێکی پەروەردەیی سیاسی ناحکومیە، لەسەر بانگێشتی فەرمی حکومەتی چین سەردانی چینیان کرد لە پێناو پێشخستنی پەیوەندییەکانی نێوان کورد و چین. لە هەمان مانگدا، ناوەندەکە کتێبی “حکومڕانی چین”ی سەرۆکی چین “ژی جیپینگ”کە بیروبۆچونەکانی خۆی لەسە شێوازی حکومڕانی و گەشەی ئابوری و سەرکردایەتی کردن دەخاتە ڕوو، بڵاوکردەوە.
هەروەها لە تشرینی یەکەمدا، یەکەم بەشی زمانی چینی لە زانکۆی سەلاحەددین لە هەولێر کرایەوە. بەدوای ئەمەدا لە کانونی یەکەمی ٢٠١٩ ناوەندی کەلتوری و بازرگانی چینی بۆ یەکەم جار لە هەرێم دامەزرا. سەرباری ئەم هەوڵانە، پەیوەندی چین لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سنورداری ماوەتەوە. قەیرانەکانی کۆڤید-١٩ هەرچەندە هەلی باشی بە چین بەخشی بۆ فراوان کردن و قووڵبونەوەی پەیوەندیەکانی لەگەڵ هەرێمدا و بەدەستهێنانی هاوبەشێکی ستراتیژی بەهێز کە دەتوانێت یارمەتیدەری باشی بێت لە کاتە پێویستەکاندا.
لە راستیدا، لە ماوەی قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆنادا، وێنەی “پەکین”و کاریگەری لەگەڵ هەرێمدا بە باشی پەرەی سەند. شەقامی کوردی کە پێشتر چینیان تەنها بە هەناردەی هەرزانی و کەل و پەل و بەرهەمی کوالیتی خراپ دەبینی، ئەم جارە “پەکین”بە بەهێزێکی جیهانی کە دەتوانێت هەرێمەکە پێشبخات لە پێویستی دارایی و پشتگیری پێکهاتەیی وێنا کرد.
جگە لەمەش زۆرینەی کورد سوپاسی چین ئەکەن، وەکو کاریگەرترین و بەهیزترین کاراکتەری سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەراست کە دەتوانێت کاریگەری هەبێت لە سەرکەوتنی ئایندەی نێودەوڵەتی حکومەتی هەرێمی کورستان.
چین زۆری هەیە تا بەدەستی بهێنێت لە بەهێزبونی پەیوەندیەکانی لەگەڵ هەولێردا، ئەگەر بێتو پەکین سەرکوتو بێت لە بون بە خاوەن ڕۆلێکی کاریگەر هەرێمی کورستان، ئەوا نە تەنها دەستکەوتی بازرگانی، بەڵکو دەتوانێت بەکاری بهێنێت بۆ کاریگەری لەسەر تورکیا.
لەم ساڵانەی دوایدا، تورکیا بوە بە مەنزلگەیەکی پیرۆز بۆ رێکخراوە سیاسی و ناحکومیەکانی کە کار دەکەن بۆ کۆتایی هێنان بۆ چەوسانەوەی کەمینەی تورکە ئیگۆرییەکانی چین. حکومەتی تورکیا لەسەر بابەتەکە هاتە دەنگ و، داوای لە رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان و وڵاتانی دیکە کرد کە سزا بخەنە سەر چین، لەبەرامبەر پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە دژی ئیگۆرییەکان و کەمینەکانی دیکە.
چین دەتوانێت کاریگەری حکومڕانی خۆی لەسەر هەرێمی کوردستان بەکاربهێنێت بۆ بێ دەنگ کردنی تورکیا لە ڕێگەی بەشداری کردنی لەگەڵ رێکخراو و گروپە چینیەکان بۆ بەرگریکرد لە مافەکانی کورد لە تورکیا. هەرچەندە تا ئێستا هیچ هەماهەنگیەکی دیاریکراو نیە لە وەبەرهێنانی پەکین لە چاندنی پەیوەندی سیاسی بەهێز و دارایی و کەلتوری لەگەڵ کوردا.
جوڵەی خێرای چین لە هەرێمی کورستان دەبێتە هەلێکی باش بۆ حکومەتی هەرێمی کورستان، بەڵام دەبێتە کێشە بۆ واشنتۆن.
وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا یارمەتی دەری سەرەکی ئابوری و ئەمنی و سەربازی و پشتگیری سیاسین بۆ کوردانی ئێراق لە دوای ١٩٩١ ەوە. هەرچەندە، روداوەکانی ئەم دوایە پەیوەندیەکانی نێوان هەولێر و واشنتۆنی بەتەواوی وێران کردوە.
لە ساڵی ٢٠١٧، دوای ئەوەی زۆرینەی کوردانی ئێراق دەنگیان بە بەڵێ بۆ سەربەخۆییدا لە ریفراندۆمدا، کە رەتکرایەوە لە لایەن حکومەتی ناوەندییەوە وە کارێکی “نا دەستوری”، سەرۆکی ئەمریکا دۆنال ترەمپ شکستی هێنا لە پشگیری کردنی کوردانی ئێراق. بەدوای ئەمەدا، هێزە ئێراقی و گروپە چەکدارە شیعەکان کە بە حەشدی شەعبی ناسراون کوردیان لە کەرکوک وەدەرنا. دوو ساڵ دواتر، ئیدارەی ترەمپ جارێکی تر کوردی بێ ئومێد کرد لە ئێراق لەوەی پشتی کردە براکانی لە سوریا و بەمەش دوجاری مەترسی بونەوە. هەمو ئەمانە روئیای کوردی بەرامبەر ئەمریکا گۆری و بە دۆستێکی ناراست سەیری کرد و دەستی کرد بە گەران بۆ شوێنگروە و یارمەتیدەری دیکە.
ئەمرۆ، چین وەکو ڕكابەرێكی واشنتۆن لە هەرێمی کوردستان دەردەکەوێت. لە کۆتاییدا، پەکین ستراتیژیەتی خۆی کە بە رونی ئامادەیە پەیوەندی سیاسی و ئابوری و کەلتوری لە نێوان چین و هەرێمی کوردستاندا پەرەپێبدا، بەمەش رێگەی پێ دەدرێت کە رۆلی وەکو زلهێزێکی جیهانی لە ناوچەکەدا رابگەیەنێت.
هەرێمی کوردستانی ئێراق یەکێکە لە پرۆژە دەولەتسازییە سەرکەوتوەکەی ئەمریکا تا ئەمرۆ، سەرەرای شکست و کەم و کوری ئارامی لە ئێراقدا. هەروەها هەرێمی کوردستان بە سەرچاوە زەبەلاحە سروشتی و مرۆییەکەی گرنگیەکی جیۆپۆلەتیکی بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانانی هەیە. واشنتۆن کە بەردەوام لەگەل چین لەسەر زۆر بابەت لە ناکۆکیدایە ناتوانێت بە ئاسانی دەستبەرداری لەدەستدانی هەرێمی کوردستان ببێت بۆ پەکین، بەڵام قەیرانەکانی کۆرۆنا ڕێگەی بۆ چین خۆشکرد رۆلیکی گرنگ بگێرێت بەرامبەر حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها هەمان دەرفەتیش بو بۆ ئەمریکا.
هەولێر هێشتا پیویستی بە ئابوری بەهێز و هاوکاری پزیشکی هەیە بۆ ئیدارەدانی سێکتەری تەندروستی گشتی. گەلی کورد لە تەنگ و چەلەمەیەکی بە ئازاردایە بە هۆکاری دابەزنی نرخی نەوت و بریاری بەغداد بۆ برینی بەشە بودجەی گەلی کورد.
واشنتۆن بە ئاسانی ئەتوانێت وێنای خۆی لە هەرێمی کوردستان بەروە پێش ببات لە ڕێگەی ناردنی هاوکاری پزیشکی و یارمەتیدانی هەولێر و بەغداد بۆ گەیشتن بە رێکەوتنی دارایی نێوانیان.
ئەمرۆ، واشنتۆن لە وانەیە بە باشی بیر بکاتەوە کە هەرێمی کوردستانی ئێراق بەشێک نییە لە ئەولەویەتی، بەڵام ئەگەر بێتو کارنەکات بۆ رازی کردنی کوردانی ئێراق بەوەی کە هێشتا ئەمریکا لە پشتیانە، ئەوا چین بە ئاسانی شوێنگرەوەی ئەبێت وەک یارمەتیدەر و خاوەن بریار لە ناوچەکەدا.
وەرگیڕانی: خەسرەو حمەرەشید
ژێدەر: جەزیرەی ئینگلیزی https://www.aljazeera.com/profile/yerevan-saeed.html