کارەکەی “ڕاوڵز” لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا نموونەیەکی گۆڕانکاری لە فەلسەفەی سیاسیدا هێنایە ئاراوە. دوای ئەو، فەیلەسوفان دەستییان کرد بە لێکۆڵینەوەی مانای دادپەروەری و یەکسانی لە چوارچێوەی وڵاتانی خۆشگوزەران و سەرمایەداری هاوچەرخ، ئەوەیش لەڕێی بەکارهێنانی ئەو چەمکانە بۆ وێنەکردنی هەیکەل و پێکهاتنی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەر بە وردەکارییەكی سەرنجڕاکێش و ورد، کۆمەڵگەیەك کە سەرەنجام بەتەواوی نموونەی دیموکراسییەکی کۆمەڵایەتیی قۆناغی دوای جەنگ بوو. دوای کارکردن لەم چوارچێوەیەدا، فەیلەسوفان درێژەیان بە ناوەڕۆکێکی ئەو پڕەنسیپە مۆڕاڵییە واتاگەرییانە دا کە بڕبڕەی فەلسەفیی لیبراڵیزمی هاوچەرخ بەرجەستە دەکەن. مەبەست لەم بیر و هزرانە یارمەتیدانی ئێمەیە لەوەی تێبگەین دادپەروەری و یەکسانی چی شتێك لە کۆمەڵگە، دامەزراوەکان و خودی خۆشمان دەخوازن. ئەمە چیڕۆکێکی سەرکەوتنە؛ پڕۆژە فەلسەفییەکەی ڕۆوڵ سەرکەوتنێکی گەورە بوو. بابەتەکە ئەوە نییە فەیلەسوفە سیاسییەکانی سەردەمی دوای ڕاوڵز کە هاوڕا بوون؛ بەڵکوو مشتومڕی گەرم و پڕ تین ئەو شتەیە کە فەیلەسوفەکان بە باشترین شێوە ئەنجامی دەدەن. بەڵام لەماوەی چەند دەیەی کەمی ڕابردوودا، فەیلەسوفان کۆدەنگییەکی پتەویان دروست کرد لەبارەی یاسا بنچینەییەکانی یارییەکە و، وەك ئەندامی پڕۆژەیەکی هاوبەشی ڕۆشنگەری ڕوانیانە خۆیان کە پڕۆژەیەکە چوارچێوەیەکی کۆنسێپتواڵی (خەیاڵی)ـی هاوبەشی هەیە. بەدرێژایی چەندین نەوە، چەمك و مەبەستە سەرەکییەکانی فەلسەفەی سیاسی تاڕادەیەك فەرامۆش کرابوون. لێ ئەگەر فەلسەفەی سیاسیی هاوچەرخ بەشێکی بنەڕەتیی لیبراڵیزمی هاوچەرخ بێت و، لیبراڵیزمیش شکستی هێنابێت، ئەوە لەوانەیە کاتی ئەوە بێت بپرسین ئاخۆ ئەم بیر و هزرانە، سەردەمی سوودبەخشییان بەسەرچووە و هێشتا ماون؟ هزرەکانی ڕاوڵز لە ماوەیەکی زۆر دیاریکراو لە مێژووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا برەویان پێدرا و، بیردۆزەکەش پەیوەندییەکی قووڵ و پتەوی لەگەڵ دیموکراسیی لیبڕاڵی قۆناغی دوای جەنگ هەیە. ئایا فەلسەفەی سیاسیی لیبراڵی خوودی خۆی هۆکاری شکستەکانیەتی؟ ئایا هاوشێوەی لیبراڵیزم، فەلسەفەی سیاسییش لە قەیراندایە و پێویستی بە نوێکردنەوە هەیە؟ ئەگەر وا بێت، داهاتووی چی دەبێت؟
یەکێك لەو هۆکارانەی وایکردووە بیر و هزرەکانی ڕاوڵز کاریگەرییەکی بەم ڕادەیە قووڵیان هەبێت، ئەوەیە کە فەیلەسوفەکان بڕوایان وابوو کە لە وێناکردن و خەیاڵی فەلسەفیدا بۆشاییەکیان پڕ کردۆتەوە. بەشێك لە فەیلەسوفانی سیاسی دەڵێن؛ فەلسەفەی سیاسی لە ماوەی جەنگی جیهانیی دووەمدا مرد و بوونی نەما، ئەوەیش کاتێك بیرکردنەوە لە دادپەروەری یان یوتۆپیا بووە شتێکی مەحاڵ؛ لەسایەی دیدگەی زاڵی دژە تۆتالیتاریانیزمەوە، لەپشت هەر ڕیفۆرمێکی پێشکەوتنخوازەوە، ئاڕاستەیەکی لێژ بۆ ئۆتۆریتاریانیزم دەبینرا. لەم چوارچێوەیەدا بوو کە کتێبی “بیردۆزێکی دادپەروەری” وەك ئاماژەی ژیانەوەی فەلسەفەی سیاسی لێك درایەوە و شێوەیەکی فەلسەفی بەخشیە خەونی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەر کە لیبڕاڵەکان لە دیموکراسییەتی کۆمەڵایەتیی دوای جەنگ بەرجەستەیان کرد. هەروەها کتێب و هزرەکانی ڕاوڵز سەرکەوتنێکی گەورەیان بەدەست هێنا: دوای تەنیا دە ساڵ لە بڵاوبوونەوەی، 2512 کتێب و نووسراو لەبارەی کتێب و هزرەکانیەوە نووسران. لە ماوەی ساڵانی 1970ـدا، فەلسەفەی سیاسی نوێ بووەوە.
لە ناوەڕاستی ساڵانی 1970ـکان، فیکرەکانی ڕاوڵز ئاڕاستەی نوێیان وەرگرت. بەشێكیان داخوازیی دادپەروەرییەکی جیهانییان دەکرد کە لە بەشی باشووردا هەڵبقوڵێت، ئەوەیش بە مەبەستی نوێکردنەوەی بیردۆزەکانی بۆ سەردەمێکی نوێ لە پێکەوەبەستەیی نێونەتەوەیی. بەشێکی دیکەشیان لەژێر کاریگەریی قەیرانە ژینگەییەکانەوە باسیان لە ئەرکەکانی لە هەمبەر نەوەکانی دواڕۆژ دەکرد و برەویان بە بیردۆزگەلێکی نوێی دادپەروەریی لەنێو نەوەکان دەدا. ئەو نەوەیە فەیلەسوفە سیاسییانەشی دواتر لەدایك بوون، دژایەتیی میتۆد و چەمکەکانی ڕاوڵزیان کرد، بەڵام ئەم میتۆد و چەمکانە بۆ بەشێکیان وەك هەستێکی هاوبەش دەهاتە بەرچاو؛ تەنانەت ئەو فەیلەسوفە سیاسییانەش کە دژی بوون، شێوەیان پێ وەرگرت و دروست بوون. تا کۆتاییەکانی سەدەی بیستەم، بیردۆزیارە سیاسییە ئەنگلۆفۆنەکان (ئینگلیز-زمانەکان)، لەژێر سێبەری بیردۆزی دادپەروەریدا کاریان دەکرد، ڕاوڵزیش ببووە “پارێزەری پیرۆز” و نموونەی باڵای پشت خەونێکی یەکسانیی دابەشبوونی دادپەروەری. کتێبی “فەیلەسوفە سیاسییەکان”، کە ڕۆبێرت نۆزیك”ـی فەیلەسوفی لیبڕاڵی لەوەو پێش لە ساڵی 1974ـدا نووسیوویەتی، ئێستا دەبێت لە چوارچێوەی بیردۆزەکەی ڕاوڵزدا کار بکات، یاخود ئەگەر کاری پێ نەکات، هۆکارەکەی ڕوون بکاتەوە”.
بەڵام ئەم نوێکردنەوە فەلسەفییە بە ئاڕاستەی ڕێبازی ڕاوڵز شتێکی پێچەوانەی تێدا بوو؛ ساڵانی 1970 پێشهاتێکی دیکەی بەخۆوە بینی کە بریتی بوو لە هەرەسهێنانی لیبڕاڵیزمی سۆشیالی کە دوای جەنگی جیهانیی دووەم برەوی سەندبوو و بەربڵاو ببووەوە، هۆکاری ئەوەیش دەگەڕێتەوە بۆ سەرکەوتنی سیاسی و ئابووریی وڵاتانی سەرمایەداری خۆشگوزەران بوو. کاتێك ئەو وڵاتانە دووچاری قەیرانی دارایی و ڕەوایەتی (شەرعییەت) هاتنەوە، ئایدیۆلۆژیای لیبڕاڵیزمی نوێ و سیاسەتمەداران هاتنە سەر دەسەڵات و هزرەکانی بەرژەوەندیی و سوودی گشتی داتاشران. بە ڕوانین لەم چوارچێوەیەوە، وا دەردەکەوێت پڕۆگرامەکەی ڕاوڵز لە کاتێکی نەگونجاودا هاتبێتە ئاراوە. بەرگرییە فرەوانە فەلسەفییەکەی ڕاوڵز لە وڵاتانی خۆشگوزەران ماوەیەکی زۆر کەم بەر لە قەیرانەکانی بڵاو بووەوە؛ بەلای هەندێکەوە وا دەردەکەوت کە لە سەردەمێکی بەسەرچووەوە سەرچاوەی گرتبێت، بەو واتایەی دوایین هەناسەی ئایدۆلۆژیایەکی مردوو بوو. سەرکەوتنی بیردۆزەکەی ڕاوڵز لە دەیەکانی دواتر تەنیا نەگونجاویی کاتەکەی قووڵ کردەوە: تا زیاتر خۆشگوزەرانی لە زانستی سیاسەت داتاشرا، بەڵگەکانی ڕاوڵز لە فەلسەفەی سیاسی زیاتر ڕەگیان داکوتا.
بۆیە چیڕۆکی فەلسەفەی سیاسیی لیبراڵی ئەنگلۆ-ئەمریکی تەنیا چیڕۆکێکی سەرکەوتنی فەلسەفی نییە، بەڵکوو چیڕۆکێکی ڕووحییشە کە بیردۆزەکەی ڕاوڵز بوونێکی شەبەنگیی بەسەرەوە هەبوو دوای ماوەیەکی زۆر لەو هەلومەرجە باسکراوانەی کە بوونیان نەما. ڕاوڵز دەیویست بیردۆزەکەی داینامیك بێت، بەڵام لە واقیعدا بیردۆزەکە بە گریمانەکانی لەمەڕ لیبراڵیزمی دوای جەنگەوە دەور درابوو، هاوکات جڵەوی بەسەر واقیعیشدا نەمابوو، چونکە خودی واقیع گۆڕابوو.
لە ساڵانی دوای جەنگدا ئایدیۆلۆژیایەکی کۆدەنگیی لیبڕاڵی زاڵ بوو؛ لیبراڵە سپی پێستە دەوڵەمەندەکان پێیانوابوو کە کۆمەڵگەی ئەمریکی لەسەر بنەمای ناوەڕۆکێکی کۆدەنگی، یان لایەنی کەم ئەگەری ڕاستەقینەی ئەو کۆدەنگییە بوونیاد نرابوو. لەم ڕووەوە ڕاوڵزیش جیاواز نەبوو؛ فەلسەفەی ناوبراو ڕەنگدانەوەی چەندان ناکۆکی و دژیەکیی لیبراڵیزمی دوای جەنگ و دواڕۆژی بوو، بە سەرکەوتن و سنوورەکانیەوە. ساڵانی 1960، کاتێك ڕاوڵز لە کۆتاییەکانی دانانی بیردۆزەکەیدا بوو، سەردەمی چینی باڵا، مافە مەدەنییەکان و چینە باڵاکان بوو، هەروەها سەردەمی قەیرانە شارستانییەکان، تێکگیرانی بەکۆمەڵ و دەسپێکی سەردەمێکی نوێ بوو لە پاشەکشەی پیشەسازی و سەرمایەداریی پارەدارکراو بوو کە تێیدا وەبەرهێنانی گشتی کەم بووەوە و بزووتنەوەی کرێکاران دامرکایەوە. ئەو فەیلەسوفانەی لە چوارچێوەی بیردۆزی ڕاوڵز کاریان دەکرد سەرکەوتنەکانیان گرتە خۆ، بەڵام پێشبینیی تێکچوونەکانیان نەکرد. کاتێك ڕاوڵز بۆ یەکەمجار بیردۆزەکەی نووسیەوە، پێیوابوو شتەکان باشتر دەبن: دوای ئەوەی بزووتنەوەی مافە مەدەنییەکان شێوەی لیبراڵیزمی نەژادییان وەرگرت، توانرا فرەیی و زیادەڕۆییەکانی لیبڕاڵیزم دامرکێنرێنەوە و نایەکسانی سنووردار بکرێت.
کاتێك ڕاوڵز لە ساڵی 1971 بیرۆکەکانی بڵاو کردەوە، بیرۆکەکانی ڕەنگدانەوەی گەشبینیی سەردەمێکی زوو بوو. بەڵام ناوەختیی ڕاوڵز بەشێك بوو لە سەرکەوتنەکانی: لەکاتێکدا بزووتنەوە سۆشیاڵەکانی ساڵانی 1960 کۆدەنگیی لیبراڵیزمی دوای جەنگیان تێکشکاند، بەڵام بیردۆزەکەی ڕاوڵز – کە هێشتا بڵاو نەکراوەتەوە – بە سەلامەتی و بێ زیان لەم پەشێوییە دەربازی بوو. کاتێکیش سەری هەڵدا، بنچینەی کۆدەنگییەکی نوێی فەراهەم کرد، ئەوەیش ڕێك لەو کاتەی بیردۆزە لیبراڵییەکانی دیکە لە قەیران و تەنگەتاویدا بوون.
لایەنەکانی دیدگەی “ڕاوڵز” ئەو جۆرانەی سیاسەتی سنووردار کرد کە دەیتوانی لەگەڵیدا یەك بگرێت و تێکەڵی بێت. کاتێك بیردۆزەکەی ڕاوڵز بەشێوەیەکی فراوان بەربڵاو بووەوە، ئەو هزرانەی نەگونجاو بوون لەگەڵ چوارچێوەی بیردۆزەکە، بەتێکڕا لە گفتوگۆی ڕەوتی فەلسەفی وەلا نران و خرانە دەرەوەی چوارچێوەکە. فەیلەسوفە لیبراڵەکان پەرۆشی و بەڵگەکانیان لەبارەی سرووشتی دەوڵەت، کۆنتڕۆڵی سیاسی، کرداری بەکۆمەڵ، کەسایەتیی هەژمووندار بۆ مێژوو زیاد کرد. زۆر کات بژاردە کۆنسێپتواڵەکانیان لێکەوتەی سیاسییان هەبووە، بەبێ گوێدانە پاڵنەرە سیاسییەکانی خوودی بیردۆزیارەکان، کە هەندێکجار دەکەونە نێو تەڵەی پێکهاتە کۆنسێپتواڵەکانی سەرکەوتنی بەکۆمەڵیان. کاتێك نەوەکانی دواتریش لەسەر بنەمای بەڵگەکانی پێشینانیان دروست بوون، مۆدێلێکی فەلسەفی شێوەیەکی سیاسی وەرگرت کە مەبەست و ئامانجی هیچ کام لە بیردۆزیارەکان نەبووە، هەروەها لۆژیك و سیاسەتی تایبەتی خۆی هەبوو، کە هاوکار بوو لە دیاریکردنی ئەو پرسانەی کێشە ڕەوشتی و سیاسییەکان بە شتێکی تا ڕادەیەك ئاڵۆز لێی دەڕوانن لە گەرەنتیکردنی ئەرکی فەلسەفی.
لەم کاتەی پتەوبوونە کۆنسێپتواڵییەدا، قەیرانە سیاسییەکانی ساڵانی ١٩٧٠ بەڕادەیەکی زۆر بەسەر فەیلەسوفە لیبڕاڵییە ئەنگلۆفۆنەکان تێپەڕ بوو؛ ژمارەیەکی کەمیان لەبارەی شەرعییەت و ئاڵنگارییەکانی کۆمەڵگەی دوای قۆناغی پیشەسازییان نووسی. بەشێك لە بیردۆزیارە سۆشیالیستەکان هەوڵیان دەدا گەنگەشەی هەرەسهێنانی چیڕۆکە مەزنە مارکسی و لیبڕاڵییەکانیان بکەن، ئەوەیش لەڕێی تێڕوانینەوە لە بابەتی چینی کرێکاران و شیکارییە گۆڕاوەکانی کاری پشتەوەی کارگە بۆ قوتابخانە، زیندان، کلینیك و ژووری خەوتن. لایەنگرانی بیردۆزەکەی ڕاوڵز زۆر نیگەران نەبوون لەو هەرەسهێنان یان گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییانەی کە بیردۆزە بەرانبەر و نەیارەکانیان بەدوای ڕوونکردنەوەیاندا دەگەڕان، وەکوو گۆڕانکارییەکانی چینەکان، سەرمایە، کار، وڵات یاخود نەتەوەی ژێردەست. لەبری ئەوە، لە سەردەمێکدا کە چەندان سیستەمی دیکە ڕەت کرانەوە، سیستەمێکی قەبەی نوێیان پێشکەش کرد. بەشێکی هۆکارەکەش بۆ ڕەتکردنەوەی تێکهەڵکێشکردنی ئەو ئاستەنگە نوێیانە دەگەڕایەوە کە یەکسانیخوازیی لیبراڵ لە وێرانبوونی چارەسەری لیبراڵیی دوای جەنگ ڕزگاری بوو.
لێرەدا مەبەست ئەوە نییە کە بگوترێت فەلسەفەی سیاسی کاریگەریی گۆڕانکاریی سیاسی بەسەرەوە نەبووە. لە ساڵانی 1980ـدا، ژمارەیەك لە فەیلەسوفە مارکسی و لیبراڵەکان بیردۆزێکی یەکسانیخوازییان بەناوی “یەکسانیخوازیی بەخت” پەرە پێدا کە مەبەست لێی نەهێشتنی سنوورەکانی مەبەستی دامەزراوەیی بیردۆزەکەی ڕاوڵز بوو، کە پێیانوابوو ئەو بیردۆزە ڕێگە دەدات تاکەکان بەبێ سزا دەرباز ببن. ئەو فەیلەسوفانە پرسەکانی بەرپرسیارێتی و دەسەڵاتی تاکەکانیان بەسەر بژاردەکانەوە خستە بەر لێکۆڵینەوە. بەشێك لەو فەیلەسوفانە چەپڕەو بوون، بەڵام گوتارێکی تاکگەرایی ڕاستڕەویان لەبارەی بەرپرسیارێتی، پشتپێبەستن، بژاردە و چارەسەرەکانی بازاڕ گرتە بەر.
بەشێکی دیکەشیان بەناوی کۆمەڵگە یان مافەکانی مرۆڤ ڕووبەڕووی دامەزراوەیی و ڕێکخستنەوەی هەیکەلی دەوڵەت بوونەوە. ڕێبازێکی هزری بەناوی “فەلسەفەی کۆمەڵگەرایی” بووە جێگرەوەیەکی زاڵ و دیار؛ کە بانگەشەی بەئەولەویەتدانانی کۆمەڵگە بەسەر تاك و، خودی کۆمەڵایەتی بەسەر لیبڕاڵی دەکات، گەرچی لەسەر ئەرزی واقیعدا بەشێك لە کۆمەڵگەراکان گەڕانەوە بۆ ئەو هزر و بۆچوونانەی کە خودی ڕاوڵز هێنابوویانیە بوون و دەستبەرداریان ببوو. سەرنجی فەلسەفەی لیبراڵیی “ڕاوڵز” لەسەر دامەزراوە دادوەری، یاسایی و دیموکراسییەکان و تاکەکان مایەوە. ئەو شتەی فەیلەسوفەکان و ڕەخنەگرە کۆمەڵگەراکانیان تیشکیان نەخستە سەر بریتی بوو لەو گۆڕانکارییە گەورانەی بەسەر ئیدارەی وڵاتدا هاتن هاوشان لەگەڵ هاتنەپێشەوەی سیاسەتە لیبراڵییە نوێکان، ئەو سیاسەتانەی ئەرکەکانی خۆشگوزەرانیی گشتییان هێنایە ئاراوە و دایان بە کەرتی تایبەت، ئەرکەکانی زیندانەوانیی وڵات و دەستگەیشتن بە ئیدارەدانی میرییان فراوان کرد و، شێوازی ڕکابەری، لادانی ڕێسا نێوخۆییە نوێیەکانی سیاسەتی ئاڵوگۆڕی شمەکی بۆ مەرامی سیاسی و فەرمانڕەوایی ناساند.
بەشێك لە فەیلەسوفەکان فیکرەکانی ڕاوڵزیان درێژ کردۆتەوە بۆ دامودەزگاکان، شوێنی کارەکان، بازاڕەکانی کار، بازاڕە داراییەکان، خواریزم، سنوورەکان و یەکێتییەکان وەك بواری بیردۆزەکانی دادپەروەری. بەشێکی دیکە بیردۆزەکانی چەوساندنەوە و سالارییان کردۆتە پاشکۆی پڕەنسیپەکانی دابەشکردن. ڕاستەقینەخوازە سیاسییەکان هەوڵیان داوە لەڕێی زیاتر هەستیارکردنی بیردۆزەکانی دیموکراسی بەرانبەر بە سروشتی ناکۆکیی ڕاستەقینەی سیاسی، سیاسەت بگەڕێننەوە بۆ چوارچێوەی فەلسەفەی سیاسی. هەروەها لەهەمان کاتدا هەنگاو نراوە بۆ دوورکەوتنەوە لە مەبەستە دابەشکاریی و تێڕوانینە ڕاوێژکارییەکەی دیموکراسی. لەم شیکارییانەدا، سنوورەکانی قۆناغەکانی پێشووی یەکسانیخوازیی لیبڕاڵ نیشان دراون. لەوانەیە مایەی شۆك نەبێت فەلسەفەیەکی سیاسی کە وەك دژە ئایدیۆلۆژیا، بەرژەوەندییەکان و دەسەڵاتی زۆرلێکەری وڵاتان، دامودەزگا و یەکێتییەکان دەستی پێکرد، ببێتە بیردۆزی گووتارێکی نموونەیی ناواقیعیی سیاسی، بەڵام لەمڕۆدا شتێکی پێویست و داواکراو بێت. هەروەها ئەو کێشانەی کە سەردەمانێك ڕێگرییان لێدەکرا بەهۆی سروشتی بیردۆزی دادپەروەرییەوە، ئێستا پرسیاریان لەبارەوە دەکرێت، چونکە بەشێك لە فەیلەسوفەکان دەچنەوە سەر ئەو پرسە ڕەوشتییانەی کە میراتگرانی کۆڵۆنیالیزم جێیان هێشتوون. لێکۆڵینەوەی ئایدیۆلۆژیا و ڕەوشتزانیی گەلانی چەوساوە بەهێزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە بە بەکارهێنانی تێڕوانینەکانی بیردۆزی جێندەری، فێمینیزم و مارکسیزم.
بەشێکی هۆکارەکە بۆ میراتی ناڕوونی سیاسیی بیردۆزی ڕاوڵز دەگەڕێتەوە. لە ڕوانگەی خاڵی چاودێریی ئێمەوە لە لایەکەی دیکەی قەیرانە داراییەکەوە، دەکرا یەکسانیخوازیی لیبراڵ، لیبراڵیزمی چەپی بێخەوش بووایە بۆ ئەو “کۆتایی مێژوو”ـەی کە بە کۆتاییهاتنی جەنگی سارد هاتۆتە ئاراوە. لەم سەردەمی ئارامییە ڕێژەییە و گەشبینییە لیبراڵییە، کاتێك سیاسەت سیمایەکی تەکنۆکراتی هەبوو و بە کۆدەنگییەکی نوێ دەناسرایەوە، یەکسانیخوازیی لیبڕاڵی زۆر جیاواز لە میانڕەویی بیڵ کلینتۆن یان “ڕێگەی سێیەم”ـی تۆنی بلێر نەدەهاتە بەرچاو. لە داڕشتنی بیردۆزەکەیدا، ڕاوڵز نیازی وابوو ڕێگەیەك بۆ حوکمدان بەسەر چاکسازییە هەنگاو بە هەنگاوەکانی کۆمەڵگەکان بە ئاڕاستەیەکی لەسەرخۆی نزیکتر لە دادپەروەری فەراهەم بکات. لە ساڵانی 1990، هاوشێوەی دیموکراسییەتی لیبڕاڵی، یەکسانیخوازیی لیبراڵی هەژمووندار دەرکەوت و، وا دەهاتە بەرچاو کە فەلسەفەی ڕاوڵز بە سادەیی بیەوێت چاکسازی لە لیبراڵیزمێکی سەرکەوتوودا بکات. لەم ڕوانگەیەوە، دەکرێت یەکسانیخوازیی لیبراڵی بەرپرس لە وێناکردنی یوتۆپیایی و هاوبەش لە هاتنە پێشەوەی لیبراڵیزمێکی نوێی تەکنۆکرات بێتە بەرچاو، واتە پتەوکردنی، نەك نەهێشتنی نادادپەروەرییەکانی. ئێستا کە بانگەشەکانی کۆتایی مێژوو نەك تەنیا بێباکانە، بەڵکوو وەك بەهەڵەداچووش دەردەکەون، ڕۆڵی سیاسیی ئەم لیبراڵیزمە فەلسەفییە زیاتر ناڕوون بووە.
بەڵام لەهەمان کاتدا، دەکرێت بیردۆزەکانی ڕاوڵز بەشێوەیەك لێیان بڕوانرێت کە گەڕانەوەن بۆ سەردەمێکی دەوڵانییەتی خۆشگوزەرانی ناوەڕاستی سەدە کە لە ئێستادا و لە بیابانی لیبراڵیزمی نوێدا، خەیاڵی جۆرێك لە یوتۆپیای وەرگرتووە. لە کەشی ئەمڕۆدا، ئەو سیستەمە دابەشکارییانەی یەکسانیخوازیی لیبڕاڵی دەیانخوازێت “لە چاودێریی تەندروستیی جیهانییەوە تا پەروردە و خوێندنی خۆڕایی و بڵاوکردنەوەی بەرفراوانی سەرمایە” ڕادیکاڵن. بەشێك باس لەوە دەکەن کە لەوانەیە ئەو سیستەمانە نەخشەی دامەزراوەیی فەراهەم بکەن بۆ ژیانەوەی ئەم دواییانەی خواستە سۆشیالیستییە چەپڕەوەکانی بەریتانیا و ئەمریکا؛ کۆربینیزم بیردۆزی ڕاوڵز بە یەکێك لە بیردۆزەکانی هەژمار دەکات. خەیاڵی یوتۆپیا تا ئەو ئاستە دەئاخڤێت کە ئەو مەودایە سیاسییە بە کەم بزانین کە لە نێوان کۆدەنگیی لیبڕاڵیی دوای جەنگی دایکی یەکسانیخوازی لیبڕاڵ و سەردەمی ئێمە درێژ بۆتەوە. کاتێك سەنتەری کێش و قوڕسایی بەلای ڕاستڕەویدا چوو، ڕاوڵز و شوێنکەوتووانی بوونە کۆتایی و یەکلاییکەرەوەی لیبراڵیزمی چەپ. ئەم بیرۆکانە بەواتای شتێکی جیاواز دەهاتن لە دەیەیەکانی دوای قەیرانە ئابوورییە گەورەکەی ساڵی ١٩٣١ و جەنگی جیهانیی دووەم وەك لە دوای بزووتنەوە ڕاستڕەوەکان و سەرکەوتنی هێرشەکانی لیبراڵیزمی نوێ بۆ سەر دامەزراوەکانی دەوڵەتی دیموکراسی.
گەر بەشەکانی فەلسەفەی لیبڕاڵی وا بێنە بەرچاو کە بە پێکهاتەی سیاسیی لیبراڵیزمی نوێی تەکنۆکرات بەسترابێتنەوە، ئەوانی دیکە تەواو گونجاو لەگەڵ سەردەمی نایەکسانیی دراماتیکیمان بەرچاو دەکەون، بە پەرۆشیی بۆ پڕەنسیپە جیهانگیرییەکانیشەوە. کەواتە ڕووبەڕووی ناڕوونییەك دێینەوە: گەر بەشەکانی فەلسەفەی لیبڕاڵی وا دیار بن کە بە پێکهاتەی سیاسیی لیبراڵیزمی نوێی تەکنۆکرات بەسترابێتنەوە، ئەوانی دیکە تەواو گونجاو لەگەڵ سەردەمی نایەکسانیی دراماتیکیمان دێنە بەرچاو، بە پەرۆشیی بۆ پڕەنسیپە جیهانگیرییەکانیشەوە. بەدڵنیاییەوە یەکسانیخوازیی لیبڕاڵی وەك سەرچاوەیەکی ناهاوتەریب لەبەردەم چوارچێوەکاندا دەمێنێتەوە لە ڕێکخستنی دابەشکردن و سنووردارکردنی نایەکسانی؛ لەماوەی ساڵانی “ڕێگەی سێیەم”ـدا، زۆر کات لە سیاسەتدا نایەکسانی فەرامۆش دەکرا، بەڵام هەرگیز لەلایەن فەیلەسوفەکانەوە فەرامۆش نەدەکرا. لەم ڕووەوە، ئەو ڕاستییەی کە فەلسەفەی سیاسیی لیبڕاڵ بەتەواوەتی خۆی لەگەڵ سەردەمی دوای ساڵانی 1970 نەگونجاندووە، یەکێکە لە خاڵە بەهێزەکانی. هەروەها فەلسەفەی سیاسیی ئەنگلۆفۆن بەتەواوی دژایەتیی لێسەندنەوەی مافی هاووڵاتییبوونی دەکرد، دژە بنچینەیی بوو و گرنگیی تایبەتی بەو بزوتنەوەیە ڕۆشنگەرییانە دەدا کە لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا هاتنە ئاراوە و برەویان سەند. خواستە جیهانگیری و نەریتییەکانی ڕاوڵز تەمەنێکی درێژتریان هەبوو لە ئاستەنگەکانی بیردۆزە ڕەخنەگرییەکانی سەردەمی دوای بونیادخوازی و مارکسی. بۆ ماوەیەکی زۆر یاخیبوون هاوشێوەی پارێزکاری دەهاتە بەرچاو، بەڵام لە ئێستادا دەکرێت سەرچاوەیەك بێت.
گەر فەیلەسوفانی سیاسی دەستبەرداری هەندێ لە گریمانە بەسروشتیکراوەکان بوونایە و هەندێ شێوەی دیاریکراوی بەڵگەکانیان بەو سەردەمە سیاسییە پەیوەست بکردایە کە بەسەر چووە، ئەوا لەوانەیە بیانتووانیایە کارێکی سیاسیی نوێ بۆ بەرگریکردن لە پڕەنسیپە بەرفراوانەکانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی ئەنجام بدەن. ئەو پرسیارەی دەمێنێتەوە ئەوەیە ئاخۆ نەریتی یەکسانیخوازی دەتوانێت مامەڵە لەگەڵ قەیرانەکانی داهاتووماندا بکات یاخود نا، بەڵام چەندان لایەنی دیدگەی بیردۆزی ڕاوڵز ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ناتوانێت ئاڵنگاریی بەربەستەکە بکات. بەشێك لە زۆرترین نیگەرانییەکان خۆیان لە بەشە نەزانراوەکانیدا دەبیننەوە. لە ساڵانی دوای هاتنەکایەی یەکسانیخوازیی لیبڕاڵیدا، دەوڵەت فراوان بووە، بەڵام بە کەرتی تایبەتیش کراوە. شێوەی سروشتی سەرمایەداری و کار گۆڕاوە و ئەگەریش هەیە بە شێوەی دراماتیکی و چاوەڕواننەکراو لە گۆڕان بەردەوام بێت. پێکهاتەی دابەشبوونی کەمترین ئاستی خۆشگوزەرانی داڕێژراوەتەوە، لەڕووی پێکهاتن و پێگەکەیەوە وەك فاکتەرێکی گۆڕانکاری، نەك وەکوو وەرگرێکی ئەو کاڵایانەی کە دەبێت دووبارە لێیان بکۆڵدرێتەوە. سیاسەت لە گۆڕاندایە، چونکە ئۆتۆریتاریانەکان، بزووتنەوە ڕادیکاڵ و ئۆلیگارکەکان لە چوارچێوەیەکی نێودەوڵەتیی نوێدا دەجەنگن کە بە دامەزراوەی بێشووماری دارایی، پلاتفۆڕمی نوێی میدیا، تەکنەلۆژیای نوێ و گۆڕانی کەشوهەواوە دروست بوون و هاتوونەتە کایەوە. یەکسانیخوازە لیبڕاڵییەکان هەندێ لە ئامرازەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانەیان هەیە، بەڵام ئەم پرسیارانە پێویستیان بە چوارچێوەی نوێش هەیە کە جیاوازە لەو چوارچێوەیەی لە سەردەمێکی جەنگە ئایدۆلۆژییەکاندا تەواو بەپێچەوانەی سەردەمی ئەمڕۆ داهێنراوە. ئێستا کاتی ئەوەیە بپرسین ئاخۆ گونجاندنی فەلسەفەیەکی سیاسی لەگەڵ سەردەمەکەماندا چی پێویستە.
نووسین: کاترینا فۆرستەر