دووەم: پەیوەندی نێوان ئێران و تاجیکستان
تاجیکستان لە هەموو دەوڵەتانی ناوچەی ئاسیا زیاتر کەوتۆتە ژێر کاریگەری ئێران، لە ڕووانگەی زمانەوە زمانی تاجیکی دەچێتە چوارچێوەی گرووپی زمانی فارسی، لەگەڵ ئەمەش گرنگترین جیاوازی کە لە نێوان فارسەکان و تاجیکییەکان بەدی دەکرێت ئەوەیە: فارسەکان سەربە مەزهەبی شێعەن، تاجیکییەکانیش سەربە مەزهەبی سوننەن. لە ناوچەی ئاسیای ناوەڕاست، دابونەریتی بەهێزی سوننەی حەنەفی بەدی دەکرێت بەتایبەتی لە ناوەندی شارە کۆنەکان و مەرکەزی ئایینییەکان، ئەگەر وا دابنرێت ئەم نەریتە مەزهەبیەش لەسەردەمی سۆڤیەتییەکان بەردەوام بووبێت، ئەوا بە جۆرێک دەردەکەوێت کە ڕووانگە و تێگەیشتنە ئایینییەکانی تاجیکییەکان بە تەواوی جیاواز بوو لە بیرکردنەوەی فارسەکان. سەرەڕایی ئەمەش لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا بیانییەکان بە تایبەتیش ئێران ئاسیایی ناوەڕاست وەک ناوچەی تورکستان ناوی دەبەن، لەبەر ئەوەی هەم لە ڕووی جوگرافی، هەمیش لە ڕووی شارستانییەتەوە تاجیکستان بەشێکە لە ناوچەی تورکستان. لە ڕووانگەی مێژووشەوە ئەگەر سەیری بکرێت، بەجۆرێک دەبینرێت کە تاجیکستان بەشێکی جیانەکراوەیە لە مێژووی تورکستان. بۆ نموونە لە نێوان ساڵانی 1917 -1921 بزوتنەوەی دژایەتی قەیسەری ڕوسیاکە خەڵکی ئاسیای ناوەڕاست پێی هەڵسان، بزوتنەوەکەش لە مێژوودا بە ناوی (باسماجی) ناسراوە، یەکێک لەو گەڵانەی پشتگیری زۆری ئەم بزوتنەوەیان کرد تاجیکییەکان بوون. تەنانەت بەرگریکاری گەورەی بیرۆکەی ناسیۆنالیستی تورک “ئەنوەر پاشا” لەسەر خاکی ئێستای تاجیکستان وەفاتی کردووە.
ئەگەر تاجیکییەکان وەک نموونەیەک بهێنرێتەوە کە بەشێک بێت لە جیهانی ئیسلامی – تورکی، دەتوانرێت بارودۆخی تاجیکییەکان لە ئاسیای ناوەڕاست بەراورد بکرێت لەگەڵ بارودۆخی بۆسنییەکان لە نیمچە دوورگەی بەلکان. هەروەک زانراوە لەلایەکەوە بۆسنییەکان دەکەونە چوارچێوەی جیهانی تورکییەوە، بەڵام لە ڕووی ڕەگ و ڕیشەی ئیتنیکی و ئایینییەوە لەگەڵ سربییەکان بران، موسولمان بوونی بۆسنییەکان و کریستیان بوونی سربییەکان بۆتە هۆی ئەوەی ئەم دوو گەلە ناسنامەیان بە تەواوی لەیەکتر جیا بێت. بەم شێوەیە هەرچەند بۆسنییەکان لە سربییەکان جیاواز بن، ئەوەندە پەیوەست بوونییان بە تورکەکان هەیە، تاجیکییەکانیش لەگەڵ فارسەکان چەند جیاوازبن، ئەوەندە لەگەڵ تورکەکانی ئاسیای ناوەڕاست پەیوەست بوونیان بەدی دەکرێت. بەگوزارشتێکی تر، تاجیکییەکان ناکەونە نێو بازنەی جیهانی فارسی بەڵکو بەشێکن لە جیهانی تورکی. لە ڕاستیدا کاتێک سۆڤیەتییەکان کۆمارەکانی تورکستانیان لە ڕووی ئیتنیکیەوە دابەش کرد سەخترین بابەت جیاکردنەوەی ناسنامەی تاجیک بوو لە ناسنامەی ئۆزبەک. لەبەرئەوە بە درێژایی مێژوو لە ناوچەکەدا تاجیکییەکان بە تورک کران و تورکەکانیش بە تاجیکی کران. تەنانەت لە ڕۆژگاری ئەمڕۆشدا گفتوگۆی بابەتی ناسنامەی نەتەوەیی بەردەوامە لە نێوان تاجیکییەکان و ئۆزبەکییەکان.
لە ساڵی 1991 بەهۆی میراتی یەکێتی سۆڤییەت تاجیکییەکان خۆیان پێناسە کرد لە ڕووانگەی زمان و کلتووری فارسییەوە. هەروەک ئاشکرایە ناسنامەی نەتەوەیی تاجیک بنیاتنراوە لەسەر بنەمای ناسنامەی بەرامبەری ئۆزبەک/تورک، تاجیکییەکان خۆیان وەک ڕەگەزی ئاری دەبینن. ڕەنگەکانی سەوز و سپی و سوور کە لە زەمانی کۆنەوە دەوڵەتەکانی ئێرانی/فارسی بەکاریان هێناوە.
ناسنامەی تاجیک کە وەک ناسنامەی (ئەوی دیکە)ی دەوڵەتانی تورک لە ئاسیای ناوەڕاست هەژمار دەکرێت بەتایبەت لەسەر بنەمای ناسنامەی ئۆزبەکستان بنیاتنراوە، بۆیە تاجیکستان لە کۆبوونەوەی دەوڵەتانی تورک زمان ئاگادار کرایەوە کە ئەنقەرە ڕێکیخستبوو، لە ڕاستیدا تاجیکستان بانگ کرا بۆ یەکەم لوتکەی ئەنقەرە بەڵام لە نێو ڕیزبەندی وڵاتانی تورک زماندا نەبوو.
لە ساڵەکانی سەرەتای سەربەخۆ بوونیدا دەوڵەتی نەتەوەیی تاجیک هەوڵیدا ناسنامەی لە نێوخۆی وڵاتدا بەتایبەتی زمانی تاجیک لەبەرامبەر زمانی ڕووسی و ئۆزبەکیدا بەهێز بکات. وەک زانراوە کاتێک زمانی ڕووسی وەک زمانی پەیوەندی کردن بە شێوەیەکی بەربڵاو بەکاردێت ئەوا بارودۆخی زمانی تاجیکی لاواز دەبێت. بۆ ئەوەی زمانی تاجیکی بەرەو پێش بچێت دووشەنبە پێویستی بە هاوپەیمانێکی دەرەکی هەیە، ئەم هاوپەیمانە بەشێوەیەکی سروشتی دەوڵەتی ئێرانە کە وێکچوون لە نێوان هەردوو زماندا بەدی دەکرێت. لە بابەتی زماندا کۆماری سۆسیالیستی سۆڤیەتی لە ساڵی 1989 زمانی تاجیکی قەبوڵ کرد و هەوڵەکانی ناساندنی زمانی تاجیکی هاوشانی زمانی فارسی بەدیکرا. بە واتایەکی تر، تاجیکستان بە شێوەیەکی فەرمی خۆی وەک بەشێک لە جیهانی فارسی پێناسە دەکات. تەنانەت بالیۆزی تاجیکستان لە تاران ڕەمەزان میرزا دەلێت: ڕژێمی سۆڤیەتی کاری کردووە بۆ ئەوەی ناسنامەی فارسی تاجیکی لەناو ببات. لەبەر ئەوە پەیوەندییەکانی دووشەنبە لەگەڵ تاران وەک ئەوە لێکدەدرێتەوە کە تاجیکسان گەڕابێتەوە سەر نیشتیمانی سەرەکی خۆی. لەم ڕوووە لە ساڵی 1992 تاجیکستان لەگەڵ ئەفغانستان لەبەرامبەر یەکێتی دەوڵەتانی تورک زمان چوونە نێو پلاتفۆڕمی یەکێتی دەوڵەتانی فارس زمان. بە گوێرەی نامەی دبلۆماتکارانی ئەمریکا لە ساڵی 2012 لە سایتی ویکیلیکس بڵاوبۆتەوە: لەبەر پەیوەندی نزیک لەنێوان هەرسێ دەوڵەتی فارس زمان، پەیوەندییەکانی ئێران، تاجیکستان و ئەفغانستان وەک “بەرەی فارس/فارسی” پێناسەکراوە.
لەم بابەتەدا بارودۆخی تاجیکستان لە بنەڕەتدا لە کازاخستان دەچێت، حکومەتی کازاخستان ڕاستییەکانی تورکیا و دونیای تورک بەکاردێنێت بۆ کەمکردنەوەی نفوزی ڕوسیاو بەهێز کردنی ناسنامەی خۆی. چۆن کازاخستان لە نێو دونیای تورکدا شوێنێکی شایستەی بۆ خۆی دۆزیەوە، تاجیکستانیش بانگەشەی ئەوە دەکات کە خۆی لە نێو وڵاتێکی بێ بەها و کەنارگیر گواستۆتەوە بۆ جیهانێکی گرنگ و شایستە ئەویش جیهانی فارسە. لێرەدا چۆن کازاخستان هەوڵدەدات خۆی وەک خاڵی مەرکەزی لەشارستانییەتی تورکی دەشتەکی پێناسە دەکات، بە هەمان شێوە تاجیکستانیش خۆی وەک بێشکەی شارستانییەتی فارس پێناسە دەکات. دوای ئەوەی کە دیاریکرا تاجیکستان بەشێکە لە هەرێمی خوراسان، نوسەر ویلیام بیمان (William O. Beeman) ئەمەی بەم جۆرە گوزارشت کردووە:
“سەرهەڵدانی ئیمپراتۆرییەتە گرنگەکان لە نێوان سەدەی دەیەم و سەدەی پازدەیەمدا، لە خوراسان کە ئهمڕۆ هەرێمێکی یەکگرتووی کلتووری پێکدێنێت. گەڵانی ناوچەکە شانازی بە سەرکەوتن و دەستکەوتەکانیان دەکەن لە شاعیرەکان، هونەرمەند و نوسەرەکان کە میراتی کلتووری فارسی پێکدێنن، بەبێ ئەوەی سەیری ئەوە بکەن کە سەربەکام دەوڵەت نەتەوەن. لە ڕاستیدا خوراسان بۆ بەرهەمهێنانی پێشەنگی زمانی فارسی مۆدێرن وەک شاعیر رۆدەکی وایە، کە پێشەنگی زمانی مۆدێرنی فارسی بوو”.
لە کازاخستان و دەوڵەتانی تورک لە دوای یەکێتی سۆڤیەت، گفتوگۆکان بەردەوام بوون دەربارەی گۆڕانکاری کردن لە ئەلفوبێی سیریلییەوە بۆ ئەلفوبێی لاتینی لە پێناو ڕزگار بوون لە کاریگەری زمانی ڕوسی، خێراکردنی پڕۆسەی ئاوێتە (ئیندیماج) بوون لەگەڵ تورکیا و بەهێزکردنی ناسنامەی نیشتمانی، هەروەها لە تاجیکستانیش گفتوگۆکان بوونیان هەبوو دەربارەی گۆڕینی سیریلی بۆ ئەلف و بێی عەرەبی. لەم بارەوە ئێران هەوڵیدا بۆ دەستەبەرکردنی مامۆستا، کەرستەکان و چاپەمەنی زمانی فارسی بۆ فێربوونی ئەلف و بێی عەرەبی گۆڕانکاری بکات.
بە کورتی، کازاخستان دەکەوێتە نێوان جیهانی تورکی و ڕوسی، تاجیکسانیش دەکەوێتە ناوەڕاستی هەردوو جیهانی ڕوسی و فارسی. ئەستانە هەوڵدەدات کاریگەرییەکانی کلتووری ڕووسی لەگەڵ کلتووری جیهانی تورکی لە نێو وڵاتدا هاوسەنگ بکات، دووشەنبەش هەوڵدەدات کاریگەرییەکانی کلتووری ڕوسی لە نێو وڵات لەگەڵ کلتووری فارسی هاوسەنگ بکات. هەروەها بەپێی وتەی نووسەر (Marlene Laruelle) مارلێن لاروێلا؛ تاجیکستان نیشاندەدات کە لە ژێر بەڕێوەبەرایەتی (سیستمی برا گەورە)یەکەوە نەکەوێتە ژێر چاودێری (سیستمی برا گەورە)یەکی ترەوە.
لە ڕووی جوگرافییەوە سنوری هاوبەشی وشکانی لەنێوان ئێران و تاجیکستان نییە، هەروەها تاران لە ڕێگەی یەکێتی وڵاتانی فارس زمان کە لەنێوان ئێران، ئەفغانستان و تاجیکستان دامەزراوە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ تاجیکستان دروستکردووە. دوورخستنەوەی ڕژێمی تالیبان لە ئەنجامی دەسوەردانی ئەمریکا لە ساڵی 2001 کە وەک ڕکابەی ئایدۆلۆژیای شیعەی ئیسلامی ئێران دەردەکەوت، ئەمە بوو به هۆی ئەوەی کاریگەری ئێران لە ئەفغانستان بەرەو هەڵکشان بڕوات. ئێران لەبەر هۆکاری ئابووریی و ئەزموونی دەوڵەتداری لە نێوان هەرسێ دەوڵەتدا کە بە زمانی فارسی قسە دەکەن وەک (برا گەورە) دەبینرێت. بۆیە بەشداری و چالاکی ئێران لە تاجیکستان تەنها لە چوارچێوەی گەشەپێدانی زمان و کلتووردا نییە، بەڵکو لە هەمان کاتدا لە بوارەکانی ئابووری و سیاسییشدا چالاکە.
ئیران یەکەم دەوڵەت بوو کە دانی بە سەربەخۆیی تاجیکستان دانا و یەکەم دەوڵەتیش بوو بالوێزخانەی خۆی لە وڵاتەدا کردەوە، لە هەمان کاتدا تاجیکستانیش یەکەم نوێنەرایەتی خۆی لە دەرەوە لە تاران کردەوە لە دەرەوەی چوارچێوەی جوگرافیای یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو، هەروەها ئێران هاوکاری پێشکەشی دبلۆماتکارانی تاجیکی دەکات. تەنانەت بەر لەوەی تاجیکسان سەربەخۆیی بەدەست بێنێ هەوڵەکانی لێکنزیک بوونەوەی هەردوولا بەدی کراوە. بۆ نموونە لە مەراسیمی یەکەم ساڵیادی خومەینی وەفدێکی فەرمی تاجیکی بەشداری کرد، ئەمەش لەسەر ئاستی ئاسیایی ناوەڕاست بوو بە تەنها وەفد کە بەشداری ئەم مەراسیمەی کرد.
بە کورتی، لێکنزیک بوونەوەی پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ تاجیکستان چەند خاڵێکی ئەرێنی هەیە لەوانە: هاوبەشی ئایینی، جوگرافیا، وێکچوونی مێژوویی و کلتووریی و زمان. سەرچاەکانی وزەی ئێران دەستەبەری بەشێکی گەورە لە بەرهەمه پیشەسازییەکانی تاجیکستان دەکات. هەروەها لەبەر ئەوەی تاجیکستان وڵاتێکی کراوە نییە بەڕووی دەریاوە، دەتوانێت بەندەرەکانی ئێران بەکاربێنێت بۆ ئەوەی تاجیکستان بەڕووی دەروازەکانی جیهاندا بکرێتەوە لە ڕێگەی کەنداوی فارس(بەسرە)وە گرێ بدرێت، لەڕووی مێژووییشەوە ئێران و تاجیکستان سەر بە هەمان یەکەی جوگرافین. دەرئەنجام، ئێران و تاجیکستان هاوبەشن لە هەمان دابونەریت و زمانی هاوبەش، هەردوو دەوڵەت لە مێژوودا شانازی بە نووسەر و شاعیرە ناودارەکانی فارس و زاناکان دهكهن.
کاتێک سەیری پەیوەندییە دوولایەنەکان دەکرێت لە سەردەمی یەکەمدا، زیاتر ڕەهەندی کلتووریی بەدی دەکرێت، لە ساڵی 1992ەوە لە بوارەکانی میدیا و وەرزش پەیوەندییەکان تۆکمە و بەهێز بوونە. بۆ نموونە ئێران هاوکاری دارایی دەستەبەر کرد بۆ دروستکردنی چەند مزگەوتێک لە تاجیکستان. ڤیستیڤالی فیلم و پێشانگاکانی دەزگای چاپەمەنی ئێران لە تاجیکستان ڕێکدەخرێن. دووشەنبە میوانداری سیمپۆزیۆمی نێودەوڵەتی دەکات دەربارەی کلتووری فارسی و زمان تاجیکی، لەلایەکی دیکەشەوە پەرتووک و گۆڤاری ئێرانی لە تاجیکستان بە شێوەیەکی بەرفراوان چاپدەکرێن، لە کەناڵەکانی تەلەفزیۆنی دووشەنبە پرۆگرامەکانی دەربارەی ئێران پەخش دەکرێن.
ناسەقامگیری سیاسی و ئاسایش لە تاجیکستان بۆتە هۆی ڕێگری لەبەردەم بەرەو پێشچوونی تەندورست لەپەیوەندییە دوولایەنەکان، لەبەر ئەوەش تاران بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری ئاسایش لە تاجیکستان، هەروەها تاران لە شەڕی ناوخۆی تاجیکستان (1992 – 1997) نێوەنگیریی کرد. بۆ بیرهێنانەوە چەند جارێک گەڕی دانوستاندنەکانی نێوان حکومەتی تاجیکستان و گرووپەکانی ئۆپزسیۆنی شەڕکەر لە تاران ئەنجامدراون. لە ڕاستیدا شەڕی ناوخۆیی تاجیکستان لەنێوان حکومەت کە ڕووسیا پشتگیری دەکات لەگەڵ گرووپی ئیسلامی دیموکرات، ئەم ڕووداوە بۆ تێگەیشتن لە ناسنامەی تاجیکستان زۆر گرنگە. لە ئێستادا حکومەت کە جەخت لەسەر بەردەوام بوونی سیستمی کۆن دەکاتەوە ئاڕاستەی بەرەو باکورە بۆ بەدەست هێنانی پشتگیری بەتایبەتی لە ڕووسیا، ئاڕاستەی گرووپی ئیسلامی دیموکراتی کە داوای گۆڕانکاری لە سیستم دەکات بەرەو باشورە لە پێناو بەدەست هێنانی پاڵپشتی. هەرچەندە ئەگەر ئێران لە گۆڕەپانەکە ئەکتیڤیش نەبێت بەڵام لە ڕێگەی پێکهاتەی ناسنامەی ئیسلامییەوە ڕۆڵی نێوەندگیری دەگێڕێت، بۆیە سیاسەتی ئێران لە تاجیکستان بە ئەرێنی وەسف دەکرێت. تەنانەت بیرۆکەی ستراتیژی هاوبەش لە دژی ئەفغانستان لەبەرەو پێشچووندایە کە سەرچاوەی گرتووە لە هەڕەشە ئاسایشییەکان.
کارکردن و هەماهەنگی نێوان تاران و دووشەنبە دەربارەی پرسەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و توندڕەوی بەردەوام لە پێشڤەچووندایە، هەم دەسەڵاتدارانی ئێران هەمیش دەسەڵاتدارانی تاجیک جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە نابێت لایەنی سێیەم کاریگەری بکاتە سەر پەیوەندییەکانی نێوانیان. بۆ نموونە سەرۆکی پەرلەمانی تاجیکستان (Zohorov) زوهرۆڤ دەڵێت هیچ وڵاتێک ناتوانێت لەمپەر بخاتە بەردەم پەیوەندییەکانی نێوان تاران و دووشەنبە. هەروەها ناوبراو لە لێدوانێکدا لە مۆسکۆش ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، سەرەڕایی هەر شتێک هەریەکە لە ئێران و تاجیکستان بە پەرۆشن بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییە دوولایەنەکانیان.
لەبەر هۆکاری هاوبەشی زمان لە نێوان ئێران و تاجیکستان وا دەردەکەوێت کە کاریگەرییەکانی تاران لە تاجیکستان ڕوو لە زیاد بوونە، لە دوای شەڕی ناوخۆ پەیوەندیی کلتووری بە شێوەیەکی بەرفراوان بەرەو پێش چوونی باشیان بە خۆیەوە بینیووە. بەگوێرەی زانیارییەکانی بالوێزی تاجیکستان لە تاران پەیوەنییە کلتوورییەکانی نێوان هەردوو دەوڵەت خاوەن گرنگییەکی تایبەت. لە دوای ساڵی 2007ەوە هەفتانەی کلتووری لە نێوان هەردوو دەوڵەت ڕێکدەخرێت، ئەم چالاکیانە بەتایبەتیش لە بابەتەکانی فیلم، ڤیستیڤال و پێشانگاکانی پەرتووک زیاتر بەدی دەکرێن. چالاکییە هاوبەشە زانستیەکانی نێوان هەردوو دەوڵەت بە ئەلف وبێی عەرەبی و سیریلی بڵاودەکرێنەوە، هەروەها فیلمی هاوبەشیێ بەرهەمدێنن. بۆ نموونە دارمای تەلەفزیۆنی شوکرۆنا ” Shukrona ” بەرهەمی هاوبەشی نێوان ئێران و تاجیکستانە، شاعیرە تاجیکییەکان بەشێوەیەکی بەردەوام بەشداری دەکەن لە شەوانی شاعێران لە نێوان دەوڵەتانی ئەندام لە ڕێکخراوی هاریکاری ئابووری لە ئاسیای ناوەڕاست. لە یادی 1150 ساڵیادی لە دایک بوونی دامەزرێنەری ئەدەبیاتی فارسی – تاجیکی (ئەبو عەبدوللا رودەکی) لەم ساڵانەی دوایدا یەکێک بووە لە گرنگترین ڕووداوەکانی نێوان هەردوو دەوڵەت.
هاوکاری و هەماهەنگی لە بوارەکانی پەروەردە و زانستدا لە نێوان هەردوو دەوڵەت بەردەوامە، تاران کاردەکات بۆ بڵاوبوونەوەی زمانی فارسی لە تاجیکستان بەشێوەیەکی بەرفراوان، تاران لە تاجیکستان بەشی زمانی فارسی لە زانکۆکان دەکاتەوە و مامۆستا لە ئێرانەوە ڕەوانە دەکات، تەنانەت بۆ قوتابخانەکانیش مامۆستای زمانی فارسی بۆ تاجیکستان دەنێرێت. هەروەها ئێران بەشێوەیەکی بەردەوام مەشق و ڕاهێنان، سیمینار، سیمپزیۆم و خوول ڕێکدەخات. تاران لە ڕێگەی پاڵپشتی داراییەوە کتێبخانەکانی (ڕودەکی) و (ئەمیر کەبیر)ی لە تاجیکستان دروست کردووە. بەگوێرەی ڕێککەوتنێک کە لە ساڵی 2002 ئەنجامدراوە لەنێوان هەروولا، بەرنامەی ئاڵوگۆڕکردن لەنێوان هەردوولا ڕێکدەخرێت هەم لەنێوان مامۆستایانی زانکۆکان هەمیش لە نێوان قوتابیانی هەردوولا.
قوتابیانی تاجیکی لە شارەکانی تاران، مەشهەد، قەزوین، ئەسفەهان، هەمەدان لە زانکۆکانی ئێران دەخوێنن. بەگوێرەی زانیارییەکانی سایتی ئەلیکترۆنی تاجمیگرانت “Tajmigrant”؛ سەرچاوە فەرمیەکان ئەو قوتابیانەی تاجیکی کە لە ڕێگەی سکۆلەرشیپی حکومەت لە ئێران دەخوێنن ژمارەیان بە 500 کەس دیاریکراوە، بەڵام ئەو قوتابیانەی لەسەر ئیمکانیەتی خۆیان بۆ خوێندن ڕوویان لە ئێران کردووە ژمارەیان 2ههزار کەس دەبێت. زۆربەی ئەو قوتابیانەی ڕوویان لە ئێران کردووە لەبەشە ئەدەبیاتدا درێژە بە خوێندن دەدەن. هەروەها ئەو قوتابییە تاجیکیانەی لەبواری خوێندنی ئایینی ڕوویان لە ئێران کردووە زیاتر لە شارەکانی قوم، گورگان و زاهیدان بەدەیی دەکرێن.
وەها بیردەکرێتەوە ئەو قوتابییە تاجیکیانەی لە ئێران لە بەشی وێژەیی دەخوێنن دەبێتە هۆی ئەوەی لە نێوان هەدوولادا ناسنامەیەکی هاوبەش دەستەبەر بکەن. لەگەڵ ئەوەشدا لەوانەیە وەرگرتنی پەروەردەی ئایینی گەنجەکانی تاجیکی لەئێران ئاماژەیەک بێت لەسەر پلانەکانی تاران بۆ هاوردەکردنی بیروباوەڕی شۆڕشی ئیسلامی بۆ تاجیکستان. لەڕاستیدا لێرەدا دەتوانرێت زمان و ئەدەبیاتی فارسی وەک هەنگاوی یەکەم لەسەر ڕێگەی شیعیزم لێکبدرێتەوە. نووسەر ئەتای ئاکدێڤێلی ئۆغلۆ دەستنیشانی کرد کە شیعیزم و ئەدەبیاتی فارسی لە سیاسەتی دەرەوەدا بەیەکەوە پەیوەستن و بەم شێوەیە گوزارشتی لێکردووە:
“لەگەڵ تێپەڕبوونی سەدەکان، زمان و کلتووری فارسی تایبەتمەندی (نیمچە پیرۆزی) بە دەستهێنا بۆ شیعە، لەدەرئەنجامی شایستەی و قورسی بەرهەمی فارسی لە ئەدەبیاتی شیعیزم و تەشەیوعی ئێرانی، لەبەرئەوە هیچ ناکۆکییەکی ڕاستەوخۆ بەدی ناکرێت لەنێوان سیاسەتی دەرەوەی ئێران و ئایدۆلۆژیاکەی. ئاسان نییە بتوانرێت ئاڕاستەی شیعیزمی سیاسەتی دەرەوە لە ئاڕاستەی کلتووری فارسی سیاسەتی دەرەوە جیابکرێتەوە، هەروەک ڕوون و ئاشکرایە کە جیاوازی نێوان زاناکان کە خاوەنی کلتووری فارسن (یان ئەوانەی بە زمانی فارسی قسە دەکەن) کەسێک لە موسلمانانی تر جیادەکاتەوە بە لەبەرچاو گرتنی ئێران، تاجیکیەکان لە بواری کلتووری فارسیدا زیاتر ڕۆڵ دەگێڕێت نە لە بواری سوننی بوونیدا. ئەم هەڵوێستە دەکرێت لە جیاتی ناسیۆنالیزمی فارسی بەجۆرێکی تر ڕوون بکرێتەوە ئەویش ئەو هەلوێستەیە کە ناسیۆنالیزمی فارسی لەنێو کلتووری شیعیزمدا گرنگیەکەی هەستی پێدەکرێت، لە ڕاستیدا ئەمە زیاتر دروستە”
لەم ڕووهوە لەدوای ساڵی 2005ەوە کردنەوەی قوتابخانەی ئێرانی لە تاجیکستان و دابەشکردنی 400 هەزار پەرتووک لە تاجیکستان لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی ئێران ، دەکرێت ئەم هەوڵەی تاران وەک کارکردن بۆ تێگەیشتنی گەنجەکانی تاجیکی لێکبدرێتەوە. بەگوێرەی تێڕوانینی گۆرسکی (Gorski) ئامانج لە وەبەرهێنانی ئێران لە بوارەکانی پەرووەردە و فێرکردندا ئەوەیە کە گرەنتی بەشداری ئەو کەسانە بکات کە پەیوەست بوونیان بۆ ئێران هەیە لە دامەزراوەکانی حکومەت و ڕێکخراو و دامەزراوە ئایینییەکان لە تاجیکستان.
ئەگەرچی لە ساڵی 2006ەوە ئێران، ئەفغانستان و تاجیکستان کاردەکەن بۆ ئەوەی کەناڵێکی تەلەفزیۆنی دروست بکەن لە شاری دووشەنبە کە پەخشی پرۆگرامەکانی بە زمانی فارسی بڵاوبکاتەوە، بەڵام لەبەر هۆکاری جیاواز بەردەوام ئەم هەوڵە دوادەخرێت. سەرەڕای ئەوەی سەرۆکی کۆمیتەی پەخشی تەلەڤزیۆن و ڕادیۆی حکومەتی تاجیکستان (مەمەد سەید شۆهیۆن) (Mamadsaid Shohyon) دەڵێت هۆکارەکانی دواخستنی کردنەوەی ئەم کەناڵە هاوبەشە سیاسی نییە، بەڵام بۆچوونێک هەیە کە پێی وایە دووشەنبە هەنگاوێکی لەم جۆرەی هاوێشت ئەوا دەکەوێتە حاڵەتێکی دڵەراوکێ دەربارەی زیادبوونی کاریگەرییەکانی ئێران لەو وڵاتە. پسۆڕی کاروباری ئێران (پەرویز مۆملۆجانۆڤ) (Perviz Mollojanov) پێی وایە ئەو گەنجە تاجیکییانەی کە دوای ئەوەی پەروەردە و خوێندن لە ئێران دەبینن و دەگەڕێنەوە تاجیکستان بیروبۆچوونەکانی شیعیزم لەگەڵ خۆیان لە وڵات بڵاودەکەنەوە. بەپێی دیدگا و تێڕوانینەکان وا دەردەکەوێت کە ئەوانەی لە ئێران پەروەردەی ئایینییان بینیووە بە گریمانەی زۆرەوە ئەوانە بیروبۆچوونەکانی شیعەی ئیسلامی بە پەسەند دەبینن. بەگوێرەی زانیارییەکانی سایتی هەواڵی ئۆراسیا دوای ڕوداوەکان دووشەنبە نزیکەی 200 قوتابی لە ساڵی 2010 لە ئێران کشاندەوە کە لە بواری پەروەردەی ئایینی دەیانخوێند.
ئەگەرچی تاران ئینکاری لە بڵاوکردنەوەی شیعەگەری بکات، بەڵام ڕێکخستنەکانی هاوشێوەی هێزەکانی پاراستنی شۆڕش و گرووپ و کۆمەڵە تایبەتەکان خزمەت بە سیاسەتی بڵاوکردنەوەی شیعیزم دەکەن لە تاجیکستان. بۆ نموونە (ڕادیۆی خوراسان) کە سەربە هێزەکانی پاسدارانە لە شاری مەشهەی باکوری ڕۆژئاوای ئێران پەخش دەکرێت، لەگەڵ (کۆمەڵەی ڕەزا ئیمام) کاردەکەن کە بە زمانی تاجیکی پەخشی پرۆگرامەکانی خۆیان دەکەن بۆ ناوچەکانی ئاسیای ناوەڕاست. پەیامی سەرەکی ڕادیۆکە بەم شێوەیە گوزارشتی لێدەکرێت “گەیاندنی ئیسلام و پەیامی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بۆ گوێگرەکانی و بڵاوکردنەوەی بیروبۆچوونەکانی دامەزرێنەری سیستمی کۆماری ئیسلامی ئێران ئیمام خومەینی بەبێ دەستکاریکردن. هەروەها ئەوە دەگوترێت کە “کۆمیتەی هاریکاری ئیمام خومەینی” کاتێک لە شەڕی ناوخۆی تاجیکستان هاوکاری پێشکەشی خەڵک دەکرد، لەلایەکی دیکەشەوە کاری بۆ بڵاوکردنەوەی بیرۆکەکانی شیعیزم دەکرد. بەگوێرەی زانیارییەکانی سایتی ئەلیکترۆنی کۆمیتەکە “لە دووشەنبەی پایتەخت، نورئاباد، گورگان، وەحدات، بەداکشان، کۆلوب و کوجەند نوسینگەی هەرێمی (کۆمیتەی هاریکاری ئیمام خومەینی) بوونی هەیە، کۆی گشتی ئۆفیسەکان ژمارەیان 43 دامەزراوەیە، لەنێویاند 20 ناوەندی بڵاوکراوە، 13 تیمی کارکردن، ناوەندێکی کلتووری و ناوەندێکی ڕاوێژکاری پزیشکی”.
بەپێی تێڕوانینی گۆرسکی: سیاسەتی ئێران لە تاجیکستان بەشێوەیەکی هێموجین (متجانس) نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی بەرژەوەندییەکانی گرووپە جیاوازەکانی ئێرانە. ئەم بارودۆخە دوانەییە لە سیاسەتی ئێران بەرامبەر تاجیکستان دەکرێت بەم جۆرە گوزارشتی بۆ بکرێت؛ لەلایەکەوە وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەگەڵ حکومەتی تاجیکستان کاردەکان، لەلایەکی دیکەشەوە وەقف و هەندێک گرووپی پارێزگاریخوازی چالاک لە ئێران لەگەڵ گرووپی ئایینی لە تاجیکستان پەیوەندی و هاریکاری تۆکمەیان هەیە. هەروەها ئەم هاریکارییە بە جۆرێک ڕێکخراون کە زیان بە پەیوەندییە فەرمییەکانی دووشەنبە نەگەیەنن. بۆ نموونە سەرکردەی پێشووی پارتی ڕابوونی ئیسلامی (عەبدوڵلا نوری) لە تاجیکستان بەردەوام سەردانی ئێران دەکات و لەگەڵ پیاوانی ئایینی ئیڕان کۆدەبێتەوە.
کاتێک لە نەخشەی تاجیکستان دەڕوانرێت وەک وڵات کەوتۆتە هەرێمێکی چیایی، قیرقیزستان لە باکور، لە باکوری ڕۆژائاوا ئۆزبەکستان، لە باشوریش ئەفغانستان لەگەڵ خاکەکەی بەدی دەکرێت. لەبەر هۆکاری هەڵکەوتەی ناوچەی چیایی تاجیکستان، بەشێکی زۆر لە خاکەکەی ناتوانرێت کۆنتڕۆڵ بکرێت. ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی ئەم وڵاتە لەبەردەم دەوڵەتانی بێگانە کراوە بێت (هەروەها کاریگەری ئێران). بەگوێرەی ئەو نەخشەیەی توێژەران سەبستیان پەیرۆوسی و سادیخان ئیبراهیمۆڤ (Sebastian Peyrouse Sadykhan Ibrahimov & ) دیاریانکردووە؛ بزوتنەوەی شیعەگەری لە ناوچەکانی کۆلاب و خەتلان بەهێزە، لە کاتێکدا لە ناوچەی فەرغانە لە باشور بزوتنەوەی وەهابیزم بەهێزە، ئەم بارودۆخەش وڵات بەرەو مەترسی دابەشبوونی دووانەی باکور – باشور دەبات. لەم ڕووهوە ئاوڕدانەوە لە پێکهاتەی نفوسی دەوڵەت سوودی دەبێت.
کۆی دانیشتوانی تاجیکستان نزیکەی 8 ملیۆن کەس دەبێت، لەکۆی پێکهاتەی دانیشتوانی وڵات 65٪ی تاجیک، 25٪ی ئۆزبەک، 3.5٪ی ڕووسی و 6.5٪ی گرووپەکانی دیکە پێکدێنن. لەرووی ئایینەوە 10٪ی لە پێکهاتەی کریستیانەکان، 85٪ی سوننەی موسلمان و ٥٪یشی شیعەی موسلمان لەخۆدەگرێت. تاجیکستان لە سی ویلایەت پیكدێت خاروغ مەرکەزی ویلایەتی بەداخشانە ، قرغانتەپە مەرکەزی ویلایەتی خەتلانە و خوجەندیش مەرکەزی ویلایەتی سەغدە. لەم سێ ویلایەتەدا بەداخشان خاوەنی ستاتۆی “خود مووختاری”یە. ئیسماعیلییەکان کە خۆیان بە “پامیرلی” ناودەبەن ژمارەیان بە تەواوی 250 هەزار کەسە لەو ناوچە خود موختارییە دەژین. ئیسماعیلییە تاجیکیەکان کەریم ئاغا خان وەک 49مین ئیمام دادەنێن، بەشێوەیەکی گشتی ناسنامەی ئیسماعیلی ئەم گرووپە زۆر بەهێزە.
سەبارەت بە پەیوەندی ئێران لەگەڵ ئایینییەکان لە تاجیکستان، بەهۆی جیاوازی و ناکۆکی عەقائیدی نێوانیان تاران ناتوانێت هەژموون و نفوزی خۆی بەسەر ئیسماعیلییەکاندا بسەپێنێت. ڕوون و ئاشکرایە ئێران لە چاوەڕوانی هاتنی ئیمامی (مەهدی)یە کە دوازدەیەمین ئیمامی شیعەیە، لە کاتێکدا ئیسماعیلییەکان کەسێکیان لە خێزانی ئاغا خان هەلبژاردووە و وەک ئیمامی خۆیان پەسەند کردووە. بۆیە ئەو گرووپەی ئێران پاڵپشتی دەکات لە تاجیکستان بۆ بیرۆکەی شیعیزم بڵاوبکاتەوە باڵی شیعەی (پارتی ڕابوونی ئیسلامی)تاجیکیە، سەرکردەی ئەم گرووپەش ئەکبەر تورادجۆنزادە (Akbar Turadjonzoda)یە، برای جۆنزادە، ئیسهانی نورەدین (Eshoni Nurridin) کە لە ئێران خوێندوویەتی پەیوەندییەکی پتەو و نزیکی لەگەڵ ئێران دروستکردووە. کاریگەری خێزانی تورادجۆنزادە لەسەر سیاسەتی تاجیکستان و کار و وەبەرهێنان دەستی ئێران بەهێز دەکات.
بەگوێرەی تێڕوانینی توێژەران سەبستیان پەیرۆوسی و سادیخان ئیبراهیمۆڤ ئێران، لەڕێگەی (پارتی ڕابوونی ئیسلامی) بیرۆکەی شیعیزم لە ناوچەکانی کولیاب و خەتلان لە باکوری تاجیکستان بڵاودەکاتەوە. لە مزگەوتەکانی ناوچە چیاییەکاندا ئەو پیاوە ئایینییانە خزمەت دەکەن کە لە ئێران پەروەردەیان بینیووە. بە پێچەوانەی ئەمە لە دۆڵی فەرغانە لە باکوری وڵاتدا بزوتنەوەکانی سەلەفی و وەهابیزم وەک پارتی ڕزگاری و کۆمەڵەی تەبلیغات بەهێزن. لەبەر هۆکاری ئەم گەشەسەندنانە دووشەنبە هەست بە مەترسی دابەشبوونی دووانەیی وڵات دەکات.
بابەتی دابەشبوونی “دووانەیی” کە لە سەرەوە ئاماژەی پێکرا ڕاستەوخۆ پەیوەندیدارە بە ناسنامەی تاجیکی. تاجیکیەکان لەڕووی ئیتنیکیەوە خۆیان بە توخمێکی جیهانی ئاری/فارس دەزانن، لە ڕووی ئایینیشەوە خۆیان وەک بەشێکی جیهانی ئیسلامی سوننی دەبینن، بۆیە تاجیکستان لەلایەکەوە بەرەو ئاراستەی تارانە، لەلایەکی دیکەشەوە ڕووەوە ریازە. لە ناکۆکی و ململانێ تاران – ریاز بارودۆخی تاجیکستان زیاتر ئالۆز دەبێت. بەگوێرەی بەڵگەنامەکانی کە لە ئینتەرنێت بڵاوکراونەتەوە و تێیدا نامەی دبلۆماتکارەکانی عەرەبستانی سعودیە بە ناوی (سعودی لیکس) هاتووە چالاکییەکانی باڵوێزی عەرەبستانی سعودیە لە دووشەنبەی پایتەختی تاجیکستان جەخت لەسەر سنوردارکردنی نفوزی ئێران دەکاتەوە. لە دوای ساڵی 2015 هەوڵەکانی دووشەنبە بۆ لێکنزیکبوونەوە و دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ عەرەبستانی سعودیە، بە ئاشکرا ئێرانی نارەحەت کرد. لە قۆناغی بەرەو پێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوان تاجیکستان و عەرەبستانی سعودیە، سەرکردەی (پارتی ڕابوونی ئیسلامی) تاجیکستان (موحیەدین کەبیر) داوەتکرا بۆ کۆنفرانسی (یەکێتی ئیسلامی) و قەبوڵکردنی لەلایەن خودی خومەینی لەو سەردەم زۆر ماناداربوو. هەروەها دابینکردنی شوێنی تایبەت بۆ کەبیر لە کۆنفرانسەکە وەک نوێنەری دووشەنبە جێگەی سەرنج بوو. چونکە لەو سەردەمدا (پارتی ڕابوونی ئیسلامی) تاجیکستان وەک ڕێکخراوێکی تیرۆستی دەناسرا و قەدەغەش کرابوو. کەواتە ناڕەزایی تاران لە بەرەو پێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوان ریاز و دووشەنبە دەکرێت بەم شێوەیە گوزارشتی لێ بکرێت. هەروەها سەرۆک کۆماری تاجیکستان ئیمام ئۆلی ڕەحمان لە کۆنفرانسی (ئیسلامی – عەرەبی – ئەمریکی) لە میانەی سەردانی دۆنالد ترامپ (Donlad Trupm) سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بۆ عەرەبستانی سعودیە، ئەم بابەتە وەک نیشانەی سەرکەوتنی ریاز لێكدرایەوە لە ڕاکێشانی دووشەنبە بۆ بەرەی خۆی لە دژی تاران. بەکورتی، دووشەنبە هەوڵدەدات هاوسەنگی نێوان ئێران و عەرەنستانی سعودیە رابگرێت و بەو جۆرەش دەیەوێت پارێزگاری لە یەکێتی و یەکگرتووی خۆی بکات. لەچوارچێوەی سیاسەتی تاران لە ئاسیای ناوەراست دەتوانرێت بگوترێت بۆ ئەوەی بچێتە نێو ناوچەکە لە تاجیکستان پێگەیەکی ئابووری تۆکمەی بەدەست خستووە، ڕەهەندی ئابووری لە پەیوەندییەکانی نێوان تاران – دووشەنبە زۆر بە زەقی بەدیدەکرێت، ئەمەش تەفسیری لاوازی ئابووری تاجیکستان دەکات. بەم پێیە دووشەنبە نەک تەنها لەگەڵ ئێران بەڵکو تەواوی دەوڵەتانی ناوچەکە ناچارە وەبەرهێنان بکات، ئێران لەدوای چین دووەمین دەوڵەت لە بواری وەبەرهێنان لە تاجیکستان. سیمبوڵی هەبوونی ئابووری تاران لەو وڵاتە لەبواری هایدرۆئەلیکترۆنیکدا زۆر بەرچاوە، هەروەها کارسازانی ئێرانی وەبەرهێنان دەکەن لە بواری ژێرخانی ڕێگا و بان و تونێلدا، پیاوانی کاری ئێران لە ناوچەی ڕودەکی دووشەنبەدا شاری پیشەسازییان بنیاتناوە. لە هەمان کاتدا بنیاتنانی ڕێگای وشکانی و ئاسنینیش لە نێوان تاجیکستان، ئێران و ئەفغانستان لەلایەن وەبەرهێنەرانی ئێران ئەنجامدەدرێت. دەروازەی ئەلتەرناتیف کە ئۆزبەکستان لەدەرەوە بەجێی هێشتوون بەتایبەتی بۆ تاجکستان زۆر گرنگە، چونکە لە 80٪ی ڕێگاکانی بەستنەوەی تاجیکستان بە دونیای دەرەوە بە ڕێگەی خاکی ئۆزبەکستان تێپەڕدەبێت.
ئێران، شوێنی ستراتیژی خۆی و هێز و توانای ئابووری لە تاجیکستان وەک ئامرازێکی دبلۆماسی بەکاردێنێت. بۆ نموونە لەبەرامبەر هەوڵەکانی تاشکێنت بۆ ئەوەی ڕێگای میترۆ و کامیۆنی بە ڕێگەی خاکی ئۆزبەکستان تێپەڕ نەبێت، تاران هۆشداریدا لەوەی کە دەبێ ڕێگای کامیۆن و ئامێرەکانی گواستنەوەی ئۆزبەکستان بە ڕێگای خاکی ئێرانەوە تێپەڕبن. ئەم نموونەیە نیشاندەری زیادبوونی وەبەهێنانی ئێرانی و پڕۆژە هاوبەشەکانی ئەم وڵاتەیە لە ئاسیای ناوەراست، هەروەها توند و تۆڵکردنی هێڵەکانی ڕێگای وشکانی و ئاسنینە کە بە ئێرانەوە تێپەڕدەبن، ئەمەش کاریگەرییە سیاسییەکانی ئێران لە ناوچەکە بەرەو هەڵکشان دەبات. بە گوزارشتێکی تر، ئێران پێگە و وجودی ئابووری و کلتووری خۆی لە ناوچەکە بۆ بەرژەوەندییە سیاسییەکانی خۆی بەکاردێنێ.
دەرئەنجام، ئێران هاوپەیمانێکی سروشتی ناوچەی ئاسیای ناوەڕاستە، پەیوەندییە دوولایەنییەکانی تاران لەگەڵ ناوچەکە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێران بە پەیوەندی (ستراتیژیی) پێناسە دەکرێن. هەروەک چۆن (حەیدەر ئەلیێف) سەرۆک کۆماری ئازەربایجان دەربارەی تورکیا و ئازەربایجان دەڵێت “یەک میللەت، دوو دەوڵەت”، سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران مەحمود ئەحمەدینەژادیش دەربارەی ئێران و تاجیکستان وتەیەکی هەیە دەڵێت؛ “دوو لەش لە یەک رووح”. ئەگەر ئێران نفوز و پێگەی لە ئاسیای ناوەڕاست ڕوو لە هەڵکشان بکات ئەوا لە ڕێگەی تاجیکستانەوە زیاد دەبێت. لەبەر هۆکاری لێکچوونی زمان لە نێوان هەردوو دەوڵەت ئەگەری هەناردەکردنی ئایدۆلۆژیای خۆی بۆ تاجیکستان زۆرترە، هەروەها ئەگەر تاران لە ماوەیەکی دوور مەودا سەرکەوتوو بێت لەم بابەتەدا، دواتر ئایدۆلۆژیای ئسلامی شۆڕش (شیعیزم) لە ڕێگای تاجیکستانەوە بۆ دەوڵەتانی دیکە بڵاودەکاتەوە، چونکە زمانی هاوبەش بۆ قسە کردنی لە نێوان تاجیکستان و دەوڵەتانی ناوچەکە زمانی ڕووسییە. ئەوەی لێرەدا دەگوترێت ئەوەیە تاجیک دەتوانێت لە ڕێگای زمانی ڕووسی، تەنانەت لەڕێگای زمانی ئۆزبەکیش وەرگێڕان بکات بۆ شیعەکان، لە کاتێکدا ئێران لەبەر هۆکاری زمان ناتوانێت ئەمە بگەیەنێت یان باس بکات.
سیاسەتی ئێران لە ئاسیای ناوەڕاست زیاتر ئامانجی ئەوەیە هاوسەنگی دروست بکات لەگەڵ هێزی نەرمی تورکیا، لەم پێناوەشدا ئێران پاڵپشتی لە یەکێتی دەوڵەتانی فارس دەکات لە دژی یەکێتی دەوڵەتانی تورک کە لەژێر سەرکردایەتی تورکیادان. لەبەر ئەوەش لێرەدا بابەتی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان ئێران و ئەفغانستان و تاجیکستان بەدیدەکرێت. هەروەها تا ئێستا پڕۆسەی یەکگرتووی (ئیندیماج) فارس وەک پڕۆسەی یەکگرتووی تورک نەتوانراوە بەدی بێت. تاران چوارچێوەی ڕێکخراوی هاریکاری ئابووری لەنێوان سێ دەوڵەت (ئێران، ئەفغانستان، تاجیکستان) زیاتر بۆ مەبەستی پێکهێنانی بەها هاوبەشەکان بەکاردێنێت. لە ڕاستیدا ئۆفیسی ئێنستیوتی کلتووری ڕێکخراوی هاریکاری ئابووری لە شارەکانی تاران، کابوڵ و دووشەنبەدا بوونی هەیە. هەروەها بوونی دەوڵەتی دەوڵەمەندی وەک کازاخستان، تورکمانستان و ئازەربایجان لە وچوارچێوەی دونیای تورکی، لە کاتێکدا بارودۆخی ئابووری هەریەکە لە ئەفغانستان و تاجیکستان زۆر لاوازە. لەبەر ئەوە داهاتووی (بەرەی فارس) ڕاستەوخۆ پەیوەندیدارە بە توانای ئابووری ئێران.
پەراوێزەکان
(1) Dr. Dinmohammed AMETBEK, İran ve Orta Asya: Tarih, Kültür ve Politika, ANKASAM Yayınları, No:12, 2017.
(2)Dr. Kaan DİLEK, İranın Orta Asya Politikalrı, 2011.