ساڵی 1917 لە قەڵای “هەولێر” و لە كۆشی خانەوادەیەكی دەوڵەمەند هاتووهتە دنیاو، بەشێوەیەك قەسرەكەی “عەتا ئهلڵای ئاغا” وەك نموونە بۆ دەوڵەمەندی دارایی لەو ڕۆژگارەدا به نموونه دەهێنرایەوە. خوێندنی سەرەتایی لە هەولێر تەواو دەكات، ساڵی خوێندنی 1937ـ 1938 لە بەغداد دەخوێنێت، ساڵی 1939 لە بهیروت و لە زانكۆی ئەمریكی دەخوێنێت و پلەی “فریشمان” وەردەگرێت، بۆ تەواوكردنی خوێندن ساڵی 1942 لە “ڕۆبەرت كۆلێژ” لە ئەستەمبوڵ تێ هەڵدەچێتەوە. بنەماڵەی “ڕەمزی” ئێستا لە هەولێر نیشتەجێن. بە بنەماڵەی “حاجی ڕەشید ئاغا” ناسراون، لە سەرەتاوە تا دوایی ناحەزی ئینگلیزبوون، درەختی خانەوادەكەی بە مشێوەیە وەسف دەكات:- ڕەمزی، كوڕی نافیع ئاغای حاجی ڕەشید، ئاغا كوری یەحیا ئاغا، كوری ئەحمەد ئاغا كوری حارس، ئاغای حارس، ئاغایە لە عەشیرەتی “مەمۆندی” بناری چیای سپیللك نزیك دێی سیساوا، دواتر بنەماڵەكەیان دەگوێزنەوە بۆ شاری هەولێر، دەبن بە خاوەن موڵك و دیوەخان، لە دایكیشەوە دەچێتەوە سەر میرانی شەقڵاوە، كە خوارزای “قادر بەگ” و نەوەی مستەفا بەگ بووە. ئەگەرچی ڕەمزی لە نازو نیعمەتدا پەروەردە بووە، بەڵام لە لایەن ڕەوشت و تەبیات و ڕەفتارەوە دەماری گیانی عەشیرەت و دەشت و دەری بە هێزتربووە.
دكتۆر مارف خەزنەدار و ڕەمزی، پاش دەرچوونیان لە قۆناغی سەرەتاییەوە بۆ ناوەندی دەچنە ڕیزی بەچكە شێرانی حیزبی هیواوە. ڕەمزی هەموو كاتێك كردەوەكانی ئینگلیزی بەرانبەر كورد لە سەر زار بوو، بە تایبەت لەگەڵ “شێخ محمود” و شاری سلێمانی، هەردەم وای دەردەبڕی؛ ئینگلیز هۆكاری گشت نەهامەتێكانی كوردە. ڕەمزی لاوێكی زۆر تێگەیشتوو ئاگادار بوو، ڕاستگۆو یەك ڕێ بوو، لە بەر جۆش و پەرۆشی خۆی نەدەترسا و لە هیچ مەترسییەك نەدەگەڕایەوە. ڕەمزی نەتەوەییەكی زۆر تووندڕەوبوو.
ساڵی 1939 بەرپرسیارێتی حزبی هیوا لە هەولێر به “عیزەدین فەیزی” ده سپێردرێت ئەوكات ده زانیت ڕەمزیش تیادا ئەندامە. “سروود سوعاد” ی برازای باس لە یادنامەیەك دەكات، كە ئەوكات ڕەمزی لە بهیروت خوێندكاربووە ئابوونەی حیزبی لە ئەندامانی حیزب وەرگرتووە، ڕەمزی دۆستێكی نزیكی “كامەران بهدرخان و نورەدین زازا” بووه. لە كوردایەتییدا و دەستی هەبووە، لەم ڕێگایەوە لە توركیا تێكەڵ بە ئازادای خوازانی كورد ده بیت بۆ بەرهەمهێنانی بزووتنەوەیەكی گشتی كورد.
ساڵی 1942 دەچێتە ڕۆبەرت كۆلێج لە ئەستەمبوڵ، لە وێ پەیوەندی دەكات بە دكتۆر “كامەران بەردخان”ەوە ههمان سال “میولەر” لە ئەستنەنبووڵ شناسی لە تەك ڕەمزیدا پەیدا دەكات، بە هۆی ئێراقییەكی سەر بە دەزگای هەواڵگریەوە بە دوای ڕەمزیدا دەنێرێت، ڕەمزیش بێ وەخران مل دەنێ و پەیوەندی بە میلولەر-ەوە دەكات، بە مەبەستی بەرپاكردنی بزووتنەوەیەكی كوردایەتی، تاوەكو كورد بە مافی ڕەوای خۆی بگات و ئەڵمانیش لە نەوتی وڵاتی ئێراق كەڵك وەربگرێت.
لە رێگای كردەی مامۆنتەوە هەوڵەكانیان دەخەنە كار، كردەی مامۆنت بریتیبوو لە هەوڵێكی دەزگای هەواڵگری ئەڵمانیای نازی، “میولەر” خاوەنی بیرۆكە و جێبەجێكاری بوو، مەبەستی دەست بە سەراگرتنی چاڵەنەوتەكان بوو لە ڕێگای هەڵگیرسانی شۆڕشەوە دژ بە حكوومەت و، بە هاوكاری سەرۆك عەشیرەتەكانی كورد.
لە حوزەیرانی 1943 بە ڕێدەكەون بۆ كوردستان، لە كاتێكدا دەبوو فرۆكەكە ئەوان لە ناوچەی بتوێن دابگرێت، لە بەختی كەچیان لە نزیك موسڵ فرۆكەوانە دەیانخاتە سەر زەوی، هەرزوو حاڵی دەبەن ڕیسەكەیان كراوەتە خوری، ئەوجا لە جیاتی پەیوەندی كردن بە سەرۆك عەشیرەتەكان و هەڵگیرسانی شۆڕش بیر لە خۆدەرباز كردن دەكەنەوە، دواتر پۆلیس لە ئەشكەوتێكا دەستگیریان دەكات، ئەندامانی كردەی مامۆنت لە هەولێر، بەغداد، مەعادی و فەلەستین بەند دەكرین، دواتر وەك دیلی جەنگ مامەڵەیان لە تەكدا دەكرێت و ساڵێكیش لە كەمپی بە دیل گیراوان دەمێننەوه و، لە كۆتاییدا دەگەڕیندرێنەوە بۆ نیشتمانی خۆیان.
ڕەمزی لە ئێراق بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ دەردەچێت، پاشان حوكمەكەی دەگۆڕدرێت بۆ حەپسی هەتا هەتایی لە كۆتایشدا بە هۆی نەخۆشیەوە ئازاد دەكرێت، لە ساڵی 1947 ژین ئاوایی دەكات و لە گۆڕستانی شێخی چولی دەنێژرێت.