ئەسنێ سی شتا (Asne Seierstad)، نووسەری بەلژیکی، لە پێشەکیی کتێبی کتێبفرۆشیی کابولدا دەنووسێت “یەکەم جار کۆمۆنیستەکان کتێبەکانیان سووتاندم، دواتر موجاهیدین تەفر و توونایان کرد و دیسانەوە تالیبان گڕیان لە هەمووی بەردا”، ئەم گێڕانەوە کورتە دەتوانێ چارەنووسی کتێب و کتێبفرۆشەکان لە ئەفغسانستان، لانیکەم لە چوار دەهەی ڕابردوو، نیشان بدات، بەسەرهاتێک کە ئەم ڕۆژانە و لە ژێر حوکم و دەسەڵاتی تالیباندا مەترسیی دووبارەبوونەوەی لە ئارادایە.
زیاتر لە چوار دەهە جەنگ لە ئەفغانستان، وەک چۆن کۆتایی بە ژیانی خەڵکانێکی زۆر هێناوە، گەلێک کتێبیشی لە نێو بردووە و لە پاڵ کارەساتی مرۆیی، چەشنێک لە کارەساتی کولتووریشی لە مێژووی ئەم وڵاتەدا بەدیهێناوە.
جگە لە پشێوی و نائارامیی سەردەمی جەنگ، کتێب و کتێبفرۆشەکانیش لە ئەفغانستان هەرگیز لە تێغی ڕقی ئایدۆلۆژیای حوکمڕانانی ئەم وڵاتە ئەمانیان نەبووە و هەندێ جار لە ئاگری توندڕەویی تالیبان و موجاهیدیندا سوتاون، هەندێجاریش لە ژێر تیغی سانسۆری کمۆنیزمدا پارچە پارچە بوون و جاری واش هەبووە کە بە فەرمانی سیستەمی کۆماری فڕێ دراونەتە ناو ئاوی ڕووبارەوە، بەڵام هێشتاکەش ژمارەیەکی زۆر کتێبفرۆش لە ئەفغانستاندا بوونیان هەیە و تێیاندایە کە بۆ چەندین جار لە ناو خۆڵەمێشی توندڕەوی و لە ژێر تیغی سانسۆردا ڕابوون و دیسان کتێبیان پێشکەشی خەڵکی ماندووی ئەم وڵاتە کردووە.
لەم یادداشتەدا پێداچوونەوەیەک بە سەر بارودۆخی کتێب و کتێبفرۆشی لە ئەفغانستان لەم چواردەهەی دواییدا دەکەین و ئاوڕێک لەو چاڵێنج و ئاڵەنگارییانە دەدەینەوە کە هەنووکە کتێبفرۆشەکانی ئەفغانستان لە دوای دەسەڵاتداریی دووبارەی تاڵیبان تووشی هاتوون.
“کتێبە سوورەکان”
ساڵی 1371 حکوومەتی کۆمۆنیستی لە ئەفغانستان داڕما و موجاهیدین دەسەڵاتیان بە دەست هێنا. لەگەڵ دەسەڵاتداریی موجاهیدین، بڕێژی دی لەو کتێبانەی بە ناوی “کتێبی سوور” و “کتێبی چالە”وهناو دەبران، یاساخ بوون. یەک لە کتێبدارەکانی کتێبخانەی گشتیی کابوڵ دەڵێ: لەو کاتەدا سدیق چکەری وەزیری زانیاری و کولتوور بوو. ئەو فەرمانی بە موجاهیدین کردبوو کە هەموو کتێبە سوورەکان، سەرپاکی کتێب و گۆڤارەکانی تایبەت بە ئەندێشە کۆمۆنیستییەکان، ئاگر تێبەردەن. موجاهیدینیش هەر لە ناو هۆڵی کتێبخانەی گشتیی ئاگریان دان.
هێزەکانی موجاهیدین ناوی “کتێبی چالە”یان لە کێبەکانی “ئەنجومەنی نووسەرانی ئەفغانستان”نابوو، ئاگریان لەوانیش بەردا و هەموو کەرستە و شتەکانی ئەم ئەنجومەنەیان بە تاڵان برد. لە یەکەم ڕۆژەکانی هاتنی موجاهیدین بۆ کابۆل، ژمارەیەکی زۆر لە کتێبخانەکانی ئەفغانستان، لەوانە “کتێبخانەی گشتیی کابوڵ تاڵان کرا و ژمارەیکی زۆر لە کتێبەکانیش بۆ دەرەوەی وڵات قاچاخ کرا. دەگوترێ نزیکی 67هەزار بەرگ کتێب تەنها لە کتێبخانەی گشتیی کابوڵ ون بووە.
“دەهەی دیمۆکراسی”
دە ساڵی کۆتایی حکوومەتی زاهیرشا (1963-1973) لە مێژووی ئەفغانستان بە دەهەی دیموکراسیی ناو دەبرێت. لەم دە ساڵەدا لە دوای چەندین سەدە لە دیکتاتۆری، خەڵکی ئەم وڵاتە توانیان تا ڕادەیەک تامی دیموکراسی بچێژن و لە ئازادیی سیاسی و مەدەنی بەهرەمەند بن. لە دەهەی دیموکراسیدا، ڕۆژنامەکان بۆ یەکەم جار کەوتنە کار و ساڵانی نێوان ( 1965 بۆ 1971) 31 گۆڤار و بڵاڤۆکی نادەوڵەتی ئیجازەی چاپیان وەرگرت، بابەتێک کە لە مێژووی ئەفغانستاندا بێوێنە بوو. لەم دەهەدا، وەکیتر (ئەنجومەنی مێژوو)، (ئەنجومەنی جامی)، (ئینسایکلۆپیدیای ئاریانا)و دەیان کۆمەڵەی کولتوریی دیکە دامەزران و نووسەرانی گەورەی ئەفغانستان لەم ساڵانەدا بەرهەمە گرنگەکانی خۆیان نووسی. بە گشتی بە لەبەرچاو گرتنی فەزای سیاسیی کراوە و چالاکیی دەیان حیزبی سیاسی و کولتوریی جیاجیا و ئەنجومەنی کولتوری و چاپی گۆڤاری جۆراوجۆر، دەکرێ بگوترێ کتێب و کتێبفرۆشی لەم قۆناغەدا برەوی باشی هەبووە.
“کتێبە یاساخ کراوەکان”
ساڵی 1357 حیزبی دیموکراتیی جەماوەری ئەفغانستان بە کودەتایەکی خوێناوی، حکومەتی محەمەد داوود خانی ڕووخاند و حکومەتی “کۆماریی دیمۆکراتیکی ئەفغانستان”ی ڕاگەیاند. لەم قۆناغەدا کتێب بوو بە بابەتێکی ئایدۆلۆژیک و ئەو کتێبانەی لەگەڵ ئایدۆلۆژیای حکومەتدا هاوئاسۆ نەبوون “یاساخ” کران. حکومەت لەم قۆناغەدا بە نیازی پەرەدان بە ئایدۆلۆژیای مارکسیستی لە تانوپۆی کلوتووریی ئەفغانستان بوو و دەیویست لە ڕێگەی چاپی کتێب، ڕۆژنامە و گۆڤاری ئایدۆلۆژیکەوە بەم مەبەستە بگات.
سەردەمی حوکمڕانیی ڕژیمی کۆمۆنیست، ناوی کتێبخانە گشتییەکانی ئەفغانستان گۆڕا بۆ “کتێبخانەی جەماوەری” ژمارەی ئەو کتێب و گۆڤار و رۆژنامانەی لە سەر کۆمۆنیزم بوون زیادی کرد و چاپی ئەو کتێبانەی دژ بە کۆمۆنیزم بوون، یاساخ کرا و زۆرێک لە نووسەر و شاعیرەکان کوژران یاخود زیندانیی کران.
سانسۆڕی کتێب و ڕۆژنامەکان لەم قۆناغەدا بە ڕادەیک گرژ و توند بوو کە عەبدولحەی حەبیبی، مێژوونووسی بە ناوبانگی ئەفغانستان، لە پەراوێزی کتێبی پەنجا ساڵ سەبارەت بە جوغرافیای مێژوویی ئەفغانستان، کە ساڵی 1363 لە لایەن “ئاکادیمیان زانستەکانی کۆماری دیمۆکراتیکی ئەفغانستان”ەوە چاپ کرابوو، دەنووسێت “ئەم کتێبە لەو پەڕی هەڵەدا چاپ بووە، شیاوی باوەڕ پێکردن نییە. من خۆم کە نووسەری کارەکەم، زۆر شوێنی ناتوانم بخوێنمەوە. تبت یدا طابعە [دەستی بڵاوکەرەوەکەی بە بڕین بچێت]. نووسەر”
“تاڵیبان و بەردەوامیی سووتاندنی کتێب”
ساڵی 1375لەگەڵ سەرهەڵدانی تاڵیبان، ڕۆژە ڕەشەکانی کتێب و کتێبفرۆشی لە ئەفغانستان بەردەوام بوو، گەلێک کتێبی دیکەش لە ئاگردا سووتنێندران. ئێسەن سی شتاد لە کتێب فرۆشیی کابۆل لە بەشێکدا بە ناوی (کتێب سووتان) ( (Burning Books) دەنووسێت “هێزەکانی تالیبان نۆڤەمبەری ساڵی 1999 چوونە کتێبفرۆشیی “شامحەمەد” (لە کتێبەکەدا بە ناوی سوڵتان خان ناو براوە) لە چوارڕێیانی سیدارەتی کابوڵ و ئەو کتێبانەی لە سەر بەرگەکەیاندا وێنەی بوونەوهرانی زیندوو چاپ کرابوو، لە ڕەفەکان خستە خوارەوە و ئاگریان تێبەردا و ئەم کتێبفرۆشەشیان دەستبەسەر کرد”.
لەو سەردەمەدا تاڵیبان فەرمانیان دابوو کە هەموو ئەو کتێبانەی بوونەوەری زیندوویان تێدا چاپ کراوە یاخود هەموو بەرهەمە شیوەکارییەکان دەبێ بسووتێندرێت. ئەوان لە سەر ئەو باوەڕە بوون کە وێنە و نیگاری بوونەوەرانی زیندوو نائیسلامییە و دەبێ لە نێو ببرێت.
کارمەندانی کتێبخانەی گشتیی کابۆل دەگێڕنەوە کە هێزەکانی تالیبان بۆ کۆکردنەوەی کتێبەکانی شیوەکاری هاتبوون بۆ کتێبخانەکە. بەلام بەرپرسی ئەوکاتی کتێبخانەکە توانی قەناعەتیان پێ بێنینت کە کاریان بە کتێبەکان نەبێت و ئەوێ بەجێ بێڵن. قۆناغی یەکەمی حوکمڕانیی تالیبان بە سەر ئەفغانستاندا، پازدە کتێبخانە لە کۆی هەژدە کتێبخانەکەی کابوڵ داخران و لە هەندێ لە شارەکاندا، سەرجەم کتێبی کتێبخانەکان لە نێو چوون. بە پێی چەند ڕاپۆرتێکی دیکەش لە سەردەمی تالیباندا نزیکی 80 هەزار بەرگ کتێب لە نێو چوون کە زۆربەیان لە باتیی دار بۆ درووستکردنی ئاگر و گەرما بەکار برابوون.
“کتێبەکانی شناور لە ڕووباری هیرمەند”
لەگەڵ کەوتنی حکوومەتی تاڵیبان لە ساڵی 2001 و دەست بەکار بوونی سیستەمی کۆماری لە ئەفغانستان، کولتوری ئەفغانستان گیانێکی تازەی چوو بە بەردا و گەلێک کتێبفرۆش و دەزگای چاپ و پەخش دەستیان بە کار و چالاکی کردەوە. چاپ، بڵاوکردنەوە و فرۆشی کتێب لەم قۆناغەدا برەوی سەندبوو، زۆربەی مشتەریی کتێبفرۆشییەکان خوێندکارانی زانکۆکانی زانکۆ حکوومی و تایبەتییەکان بوون.
دەکرێ بڵێین ساڵانی 2001 بۆ 2021 ئەفغانستان باشترین قۆناغی مێژوویی خۆی لە ڕوانگەی ئازادیی ڕادەربڕین، ئازادییە مەدەنی و سیاسییەکان ئەزموون کردووە. لەم قۆناغەدا هەرگیز نووسەران، ڕۆژنامەڤانان، شاعیران و خەڵکانی ئەهکلی کولتور و هونەری ئەفغانستان بە شێوەی سیستەماتیک لە لایەن حکوومەتەوە سەرکوت نەدەکران و ئازادیی ڕادەربڕین لە دەستووردا لە دەستدرێژی کردن تعرض “مصون“ دانسقه بون، بەڵام هەر لەم سەردەمەشدا چەند ڕووداوێک ڕوویاندا کە بە جۆرێکی سەیر لە فەرمانی حوکمڕانانی پێشووی ئەفغانستان، سەبارەت بە لە ناوبردن و سووتاندنی کتێبەکان، دەچوو.
لە ڕۆژی سیهەمی مانگی جووزا (88) ساڵی 1388 بەرپرسانی ویلایەتی نیمروز بە فەرمانی کەریم خوڕڕەم، وەزیاری زانیاری و کولتووری ئەفغانستان،25000 بەرگ کتێبیان خستە ڕووباری هیرمەندەوە. بەرپرسانی ویلایەتی نیمروز ئەم کتێبانەیان بە (اختلاف برانگیز) ناو بردبوو، زانیاری و کولتوور بە ناوی “ڕێگەپێنەدراو” (غیر مجاز) باسی کردبوون، کە بەرەو ڕووی کارانەوە و پرۆتستۆی توندی ڕۆشنبیران و هۆگرانی کتێب و کولتوور بۆوە.
محەمەد ئیبراهیم شەریعەتی، بەرپرسی دزگای چاپ و پەخشی “عیرفان” ئەوەندە نەبوو کە ئەم کتێبانەی لە ئێران چاپ کردبوو و نیازی بو لە ئەفغانستان بڵاوی بکاتەوە. وەک خۆی باسی کردووە ئەو کتێبانەی خرانە ڕووباری هیرمەندەوە بریتی بوون لە کتێبی “هەزارەکان، لە نووسینی حەسەن پولادی بە وەرگێڕانی حالەمی کرمانی، ناسنامەی ئەفغانستان، نووسینی بەسیر ئەحمەد دەوڵەت ئابادی، گوڵی سووری دڵ ئەفگار، نووسینی جەواد خاوەری، نەهج البلاغە، نامە و وتەکانی حەزرەتی عەلی، مناقب اهل بیت و اصول کافی”؛ ئەمانە کتێب گەلێکن کە دەمێ ساڵە لە بازاڕی کتێبفرۆشەکانی ئەفغانستاندا ئازادانە کڕین و فرۆشتنیان پێ کراوە.
جگەلەم دوو دەهەدا، چەندین و چەند جار نووسەران بە تۆمەتی “بێڕێزی کردن بە پیرۆزییەکان لە لایەن کەسانی ئایینی و دامەزراوە دینییە ناحکومییەکانەوە، تاوانی “کفرکردن”یان خراوەتە پاڵ و هەڕرشەی کوشتنیان لێ کراوە. بۆ نموونە دەتوانین ئاماژە بە محمەد تەقی جان بەختیاری بکەین کە دوای نووسینی ڕۆمانی گمنامی، لە لایەن پیاوانی ئایینیی رۆحانی شیعەوە هەڕەشەی کوشتنی لێ کرا و یەک لە ڕۆحانیهكانی شیعە وتبووی ناوەڕۆکی ئەم کتێبە نیشانی دەدات کە نووسەرەکەی لە دین دەرچووە (ورتهد بووه)و باسی لهوه کردبوو کە لە ئیسلامدا سزای موڕتەد “ئێعدام”ە. ئەم نووسەرە لە کۆتاییدا ناچار بوو ئەفغانستان بەجێ بێڵێت.
“سەرهەڵدانی دووبارەی تالیبان و داهاتوویەکی نادیار”
لەگەڵ دەسەڵاتی دووبارەی تاڵیبان، هەروەکچۆن سەرجەم دەستکەوتەکانی ئەم دوو دەهەی دوایی کەوتتە مەترسییەوە، کتێبفرۆشی و کتێبخانەکانی ئەفغانستانیش بەرەو ڕووی داهاتوویەکی نادیار و تەمومژاویی بوونەتەوە. لەو کاتەوە کە تالیبان لە مانگی ئووتی 2021ەوە حوکمیان بە سەر ئەفغانستاندا دەڕوات، دۆخی بازاڕی کتێب لەم وڵاتەدا ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ خراپتر دەبێت و ژمارەیەکی زۆر لە کتێب فرۆشەکان بەناچاری بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە پیشەکەیان کردووە و دەرگاکانیان داخستووە. بە پێێ ڕاپۆرتی یەک لە ڕۆژنامەکانی کابوڵ، لە شەش مانگی سەرەتایی حکومەتی تاڵیبان تەنها لە مارکێتی نەتەوەیی لە ڕۆژئاوای کابوڵ دە کتێبفرۆشی داخراون و ژمارەیەکی زۆریشیان ڕایانگەیاندووە کە چیدی ناتوانن لە کار و چالاکییەکانیان بەردەوام بن.
پێش کەوتنی حکوومەتی پێشووی ئەفغانستنا هەموو ساڵێک لە سەرەتای ساڵی تازی هەتاوی و حەفتەی کتێبدا، چەندین پیشانگای گەورە لە کابۆل و ویلایەتەکانی دیکەی ئەم وڵاتە دەکرایەوە بەڵام ئەمساڵ ههواڵی پێشهنگای كتێب نهبوو، حەفتەی کتێب بێ هیچ قسە و باسێکی ئەوتۆ کۆتایی پێهات.
دەسەڵاتداریی دووبارەی تاڵیبان لە ئەفغانستان و دواهاتە ڕۆحی و دەرونییەکانی دوای کەوتنی حکموومەتی پێشوو و لە ناوچوونی دەستکەوتەکانی خەڵکی ئەم وڵاتە، سرخوردگی و بێهیوایی گشتیی لێکەوتۆتەوە و زۆرێک لە کەسانی کتێبخوێن و هۆگرانی خوێندنەوە تاقەتیان لێی نەماوە و دڵ و دەماخ و پارەی کڕینی کتێبیشیان نییە.
دیارە بەرەوامیی ئەم دۆخە کاریگەریی نەخوازراوی لە سەر داهاتووی کولتووری ئەفغانستان دەبێت و دەبێتە هۆی ئەوەی کە نەوەکانی دواتر وەک بابەگەورەکانیان لە مەکتەبەکاندا پیتی “ت” بە “تفەنگ” و پیتی “ج” بە “جیهاد” بخوێننەوە.