موفتی زه‌هاوی؛ ئه‌و زانا كورده‌ی (38) ساڵ موفتی به‌غداد بوو
مه‌لا محه‌مه‌د فه‌یزی ئه‌فه‌ندی كه به (موفتی زه‌هاوی) ناسراوه، ماوه‌ی هه‌شتا ساڵ سه‌رقاڵی وانه‌وتنه‌وه بووه، نزیكه‌ی چوار هه‌زار زانا‌و خوێنده‌وار له‌به‌رده‌ستیدا پێگه‌یشتوون. ماوه‌ی سی و هه‌شت ساڵ موفتی به‌غداد بووه. له‌ناو ماڵ و مناڵی خۆیدا قسه‌و گفتوگۆی هه‌ر به كوردی بووه، وه‌سیه‌تیشی كردووه بۆ نه‌وه‌و وه‌چه‌كانی كه له‌دوای خۆی هه‌ر به كوردی قسه بكه‌ن. دادوه‌ر و نووسه‌ری ناسراوی كورد شێخ محه‌مه‌دی خاڵ، له‌باره‌ی موفتی زه‌هاوی ده‌ڵێت؛ خوا ئه‌یزانێ موفتی زه‌هاوی له هه‌ر گه‌لێكی تر بوایه، تائێستا له سه‌د لاوه ژیانی ئه‌نووسراو هه‌موو ساڵێك له‌و رۆژه‌دا كه تیایا مردووه یادێك ده‌كرا، له گۆڤار‌و رۆژنامه و ئێستگه‌كاندا ناوی زیندو ده‌كرایه‌وه. له‌لایه‌ن خۆیه‌وه عه‌بدولره‌حمان به‌گی بابان ده‌ڵێت؛ به‌نده هێزی زانستیم ئه‌وه‌نده نییه كه بتوانم ستایشی زانایه‌كی وه‌ها گه‌وره‌و به‌ناوبانگ بكه‌م.
“موفتی زه‌هاوی كێیه؟”
ناوی محه‌مه‌دی كوڕی مه‌لا ئه‌حمه‌دی كوڕی حه‌سه‌ن به‌گ كوڕی رۆسته‌م به‌گی كوڕی كه‌یخوسره‌وبه‌گی كوڕی ئه‌میر بابا سلێمانه. ئه‌مین زه‌كی به‌گ له كتێبی (مشاهیر الكرد) ده‌ڵێ؛ ئه‌میر بابا سلێمان كوڕی فه‌قێ ئه‌حمه‌دی داره‌شمانه‌یه، واته له خانه‌واده‌ی بابانه. له ساڵی (1208 ك/ 1793ز) له شاری سلێمانی له‌دایكبووه، له ساڵی (1308 ك/ 1890ز) له شاری به‌غداد كۆچی دوایی كردوه‌و له مه‌دره‌سه‌كه‌ی خۆی كه پێی ده‌ڵێن (مه‌دره‌سه‌ی سلێمانی) نێژراوه. پیاوێكی باڵابه‌رزی سوور و سپی چوارشانه‌ی تووكنی داڕێژراوی به‌خۆوه بووه، سه‌رێكی گه‌وره و دوو چاوی ره‌شی پانی تیژی بریسكه‌داری به‌سامی بووه، پڕ به‌چاو ته‌ماشای هه‌ر كه‌سێكی كردبێت شڵه‌ژاوه‌و چاوی داخشتوه، ده‌نگی دلێرو نێر‌و به‌رز بووه. دایكی خه‌ڵكی زه‌هاو بووه. به‌هۆی زویربوونی مه‌لا ئه‌حمه‌دی باوكی له حاكمی بابان، چه‌ند ساڵێك سلێمانیان به‌جێهێشتوه‌و به خاو‌و خێزانه‌وه چوون بۆ زه‌هاو بۆ لای ماڵی خاڵوانی، به‌م بۆنه‌یه‌وه له‌پاش هاتنه‌وه‌ی له زه‌هاو پێی وتراوه (زه‌هاوی). له ته‌مه‌نی شه‌ش حه‌وت ساڵیه‌وه لای باوكی ده‌ستیكردوه به خوێندن. پاشان ده‌چێته لای زانای به‌ناوبانگ (شێخ مه‌عروفی نۆدێیی)و چه‌ند ساڵێك له‌لای ده‌خوێنێت، زانسته‌كانی نه‌حوو سه‌رف و مه‌عان و به‌دیع و به‌یان و عه‌رزوی له‌لا ته‌واوده‌كات. پاشان چووه بۆ هه‌ڵه‌بجه‌و له مزگه‌وتی گه‌وره له‌لای زانای به‌ناوبانگ (شێخ عه‌بدوڵای خه‌رپانی) لۆجیك‌و فیقه و ئوسوڵی فیقهی خوێندووه. پاشان ده‌چێته (سنه) و له‌لای شێخ سه‌عیدی ته‌ختیی و شێخ محه‌مه‌د قه‌سیمی مه‌ردۆخی زانسته‌كانی حیكمه‌ت‌و كه‌لام بۆ چه‌ند ساڵێك ده‌خوێنێت. دواجار ده‌چێته سابڵا‌غ و له‌لای مه‌لا محه‌مه‌دی مه‌شهور به (ابن الرسول) ئیجازه‌ی مه‌لایه‌تی وه‌رده‌گرێت.
“له سلێمانیه‌وه به‌ره‌و به‌غداد”
دوای وه‌رگرتنی مۆڵه‌تی مه‌لایه‌تی، موفتی زه‌هاوی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سلێمانی‌و له مزگه‌وتی (شێخ باباعه‌لی) ده‌ستده‌كات به وانه‌وتنه‌وه. به‌ڵام ماوه‌یه‌كی زۆر له سلێمانی نامێنێته‌و ه‌و ده‌چێته كه‌ركوك و پاشان له به‌غدا ده‌گیرسێته‌وه. شێخ محه‌مه‌دی خاڵ ده‌ڵێت؛ له باپیر‌مم بیستوه، رۆژێك یه‌كێك له پیاو ماقوڵانی سلێمانی له موفتی ده‌پرسێت بۆچی سلێمانیت به‌جێهێشت؟ له وه‌ڵامدا ده‌ڵێت؛ چونكه له‌ناو زانایان و پێشه‌وایانی سلێمانیدا جێگام نه‌ده‌بووه‌وه و له هیچه‌وه دیار نه‌بووم. پاشان ده‌ڵێت؛ رۆژێك له سلێمانی له مزگه‌وتی مه‌لا عه‌بدوڵای ره‌ش (سه‌یید حه‌سه‌نی ئێستا) مه‌لاكان هه‌موو كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ مه‌لا عه‌بدوڵادا قسه‌یان له بابه‌تێكی زانستی ده‌كرد، منیش قسه‌یه‌كم تیاكرد، كه‌چی مه‌لا عه‌بدوڵا پێیوتم؛ بۆچی رۆڵه تۆش خوێندوته؟! ئه‌و ماوه‌یه‌ی له كه‌ركوك ده‌بێت ده‌چێته گه‌ڕه‌كی (قۆریه)و ده‌بێته موده‌ڕیسی مزگه‌وتی (موسلیم). دواتر له‌سه‌ر داوای (عه‌لی ره‌زا پاشا)ی والی به‌غداد ده‌چێته به‌غدا. له ساڵی (1266 ك) بووه‌ته (رئیس المدرسین). له (1270 ك) له‌لایه‌ن (گوزلگی ره‌شید پاشا) والی كراوه‌ته موفتی به‌غداو تا مردنی له‌و پۆسته‌دا ماوه‌ته‌وه. له به‌غداد، مه‌لاكانی ئه‌و سه‌رده‌مه زۆر به عه‌ره‌بی زانینه‌كه‌ی موفتی سه‌رسام ده‌بن، بۆیه لێی ده‌پرسن؛ تۆیه‌كی كورد كه له كوردستاندا پێگه‌یشتوی ئه‌م عه‌ره‌بییه چۆن فێربووی؟ ئه‌ویش وتویه‌تی؛ من له‌لای شێخ مه‌عروفی نۆدێ عه‌ره‌بیم خوێندوه.
“ئاستی زانستی زه‌هاوی”
زه‌هاوی له پایه‌ی زانستیدا پله‌ی (حه‌ره‌مه‌ین)ی بووه، له زانسته‌كانی؛ نه‌حوو سه‌رف، مه‌عان، به‌یان، به‌دیع، وه‌زع‌و عه‌روز، كه‌لام‌و مه‌نتیق، ئاداب‌و حیكمه‌ت، فیقهو ئوسوڵ فیقهو ته‌فسیر، حه‌دیس‌و ئوسوڵ حه‌دیس، حیساب و هه‌نده‌سه، پێشه‌واو پایه‌یه‌كی ئێجگار به‌رزی هه‌بووه، ئه‌گه‌ر كتێبی ئه‌و زانستانه نه‌مایه ده‌یتوانی له‌به‌ر كتێب بۆ هه‌مویان دابنێت، به‌ڵكوخاوه‌نی بیری خۆی بووه.
شێخ ره‌زای تاڵه‌بانی له باسی پایه‌ی زانایی موفتیدا ده‌ڵێت؛
ئه‌ی ماده‌ری گێتی تۆ هه‌تا ئێستا نه‌زاوی
زاتێكی وه‌كو فه‌یزی ئه‌فه‌ندی زه‌هاوی
مومكین نیه ئیدراكی حه‌قایق به ته‌واوی
مومكین نیه ئیدراكی نه‌كا زیهنی زه‌هاوی
موفتی له ته‌مه‌نی بیست ساڵیه‌وه ده‌ستیكردووه به ده‌رس وتنه‌وه تا مردنی، واته هه‌شتا ساڵ له‌سه‌ر یه‌ك ته‌دریسی كردووه. ئه‌مین زه‌كی به‌گ له كتێبی (تاریخی سلێمانی وه وڵاتی) ده‌ڵێت؛ له شه‌ش هه‌زار كه‌س زیاتر له خزمه‌تیا خوێندویانه و زانستی‌یان لێ وه‌رگرتووه. به‌ده‌ر له زانست، موفتی به (كوردی و عه‌ره‌بی و توركی و فارسی) شیعری وتوه. “مه‌عروف ره‌سافی” شاعیری به بنه‌چه كورد ده‌ڵێت؛ ئه‌وه‌نده‌ی من و جه‌میل زه‌هاوی به‌شیعره‌وه خه‌ریكین، ئه‌گه‌ر موفتی زه‌هاوی نیوه‌ی ئه‌وه به شیعره‌وه خه‌ریك ببوایه، گه‌لێ گه‌لێ له ئێمه شاعیرترو شیعری زۆرتری ده‌بوو. شیعره‌كانیشی له بواره‌كانی؛ ستایش (موناجات)، تاك‌و ته‌نیایی خودا (توحید)، فه‌لسه‌فه، سكاڵا له ده‌ست رۆژگار، په‌ندو ئامۆژگاری، دڵداری، لاواندنه‌وه، زه‌م‌و مه‌ته‌ڵدایه. بۆ ماوه‌ی (38) ساڵ له‌سه‌ریه‌ك موفتی به‌غداد بووه، له‌گه‌ڵ ته‌دریسدا فتواشی داوه. هه‌رچه‌نده كوردێكی سوننی و شافیعی مه‌زهه‌ب بووه. به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی بووه‌ته موفتی به‌غداد‌و ئه‌هلی ئه‌و ناوچه‌یه‌ش هه‌موو حه‌نه‌فی بوون و فتواش پێویست بووه هه‌ر به حه‌نه‌فی بێت، والیش حه‌نه‌فی بووه، بۆیه ئه‌میش بووه به حه‌نه‌فی.
“كوردایه‌تی و كه‌سایه‌تی زه‌هاوی”
زه‌هاوی كوردێكی مه‌رد بووه، هه‌میشه ئاگاداریی كورده‌كانی كردووه، هه‌ر كامێكیان رۆژگاری ناهه‌موار ناچاری كردبێت به كۆچكردن و چوونه به‌غداد، موفتی زۆر چاك ده‌ستی گرتووه، له‌لای والی یان موشیر یان هه‌ر كه‌سێكی تر بووبێت تكای بۆ كردوه تا دایمه‌زراندوه. له‌كاتی موفتیدا هه‌موو مه‌دره‌سه گه‌وره‌كان‌و مزگه‌وته نایابه‌كانی به‌غدا به‌ده‌ست زانایانی كورده‌وه بووه. له‌ناو ماڵ‌و مناڵی خۆیدا قسه و گفتوگۆی هه‌ر به كوردی بووه، وه‌سیه‌تیشی كردوه بۆ نه‌وه و وه‌چه‌كانی كه له‌دوای خۆی هه‌ر به كوردی قسه بكه‌ن. جه‌میل سدقی زه‌هاوی ده‌ڵێت؛ باوكم زۆر حه‌زی له شیعری شاعیری كورد (عه‌لی به‌رده‌شانی) كردووه و زۆر شیعری ئه‌وی له‌به‌ر بووه، زستانان به شه‌و دایده‌ناین و شیعری ئه‌وی بۆ ده‌خوێندینه‌وه. له‌ڕوی خه‌سڵه‌ته‌كانی كه‌سایه‌تییه‌وه، كه‌سێكی زۆر به‌رچاو تێر بووه، هه‌رگیز پاره‌ی كۆنه‌كردۆته‌وه، حه‌زی له كاڵای جوان و خواردنی خۆش كردوه، هه‌رچییه‌كی بووه له میوانداریدا به‌ختی كردوه، به‌تایبه‌تی بۆ ئه‌و كورده بێنه‌وایانه‌ی په‌نایان بۆ بردووه و له دیوه‌خانه‌كه‌یدا ماونه‌ته‌وه تا به مه‌به‌ست و ئاواتی خۆیانی گه‌یاندوون. هه‌رگیز زیانی بۆ كه‌س نه‌بووه و ناوی كه‌سی به خراپه نه‌بردووه، تا توانیبێتی یارمه‌تی و ده‌ستگیرۆیی هه‌موو كه‌سێكی كردووه به‌بێ جیاوازی. پیاوێكی مه‌رد و به‌وه‌فا بووه، هه‌ر كه‌سێك چاكه‌یه‌كی له‌گه‌ڵدا كردبێت هه‌رگیز فه‌رامۆشی نه‌كردوه، له‌هه‌ر كاتێكدا بۆی هه‌ڵكه‌وتبێت پاداشتی داوه‌ته‌وه. زۆر قسه‌زان و قسه‌نه‌سته‌ق و قسه‌خۆش و نوكته‌باز بووه، له‌سه‌ر هیچ قسه‌یه‌ك دانه‌ماوه. وێڵ و پابه‌ندی ماڵی دنیا نه‌بووه. ته‌نانه‌ت ده‌گێڕنه‌وه والی مه‌دحه‌ت پاشا زۆر تكای لێكردوه كه موقاته‌عه‌ی (به‌له‌دروز)ی بداتێ به پاره‌یه‌كی زۆر كه‌م، مانگه‌و مانگ شتێكی زۆر كه‌م بدات به حكومه‌ت، به‌ڵام قبوڵی نه‌كردوه‌و وتویه‌تی؛ نامه‌وێت نه‌وه‌ك زۆر ده‌وڵه‌مه‌ند ببم‌و له‌دوای خۆم منداڵه‌كانم یاخی ببن‌و روو له خوا وه‌ربگێڕن.
“خێزان و كوڕه‌كانی موفتی زه‌هاوی”
موفتی زه‌هاوی، دووخێزان و دوو كه‌نیزه‌كی هه‌بووه. خێزانه‌كانی یه‌كێكیان ناوی (گوڵناز)و خه‌ڵكی سلێمانی بووه، ئه‌ویتریان ناوی (پیرۆز)و خه‌ڵكی كۆیه بووه. كه‌نیزه‌كه‌كانی یه‌كێكیان ناوی (ره‌یحان)و ئه‌وی تریان ناوی (ره‌ندێ) بووه. له گوڵناز پێنج كوڕ‌و كچێكی بووه. له پیرۆزیش چوار كوڕ‌و كچێكی بووه. له ره‌یحان كوڕێك و له ره‌ندێ سێ كوڕ‌و كچێكی بووه. عه‌بدولحه‌كیمی كوڕی له سووپای عوسمانی‌دا گه‌یشتۆته پله‌ی (عه‌قید)و یاوه‌ری مه‌دحه‌ت پاشای والی به‌غداد بووه. محه‌مه‌د ره‌شیدی كوڕی له چه‌ند قه‌زایه‌كی ئێراق‌و سوریادا بووه‌ته قایمقام، له به‌غداد ئه‌ندامی دادگای تێهه‌ڵچونه‌وه بووه، له كه‌ربه‌لا بریكاری موته‌سه‌ڕیف بووه. محه‌مه‌د ساڵحی كوڕی خوێنده‌وارێكی به‌رزو زانای ئاینی بووه. عه‌بدوله‌تیفی كوڕی چه‌ند ساڵێكی زۆر قایمقامی كازمیه و مه‌نده‌لی و كوت بووه. محه‌مه‌د سه‌عیدی كوڕی له‌دوای مردنی باوكی بووه به موفتی به‌غداد‌و له پایه‌ی زانستیدا پله‌ی (حه‌ره‌مه‌ین)ی بووه. له‌پاش نه‌مانی ده‌وڵه‌تی عوسمانی، بووه‌ته به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئه‌وقافی به‌غداو له ساڵی (1921) له به‌غدا مردووه. محه‌مه‌د سه‌لیم بووه‌ته به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه. عه‌بدولحه‌مید بووه به یوزباشی. عه‌بدولغه‌نی كوڕی شاعیر بووه و شیعری فارسی زۆری هه‌یه. جه‌میل سدقی وتویه‌تی؛ كاكم له فارسی‌دا له من شاعیرتره. جه‌میل سدقی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی مه‌عاریفی به‌غدا بووه، به‌ڕێوه‌به‌ری چاپخانه‌ی ویلایه‌ت و موحه‌ریری رۆژنامه‌ی (زه‌ورا) بووه. ئه‌ندامی دادگای تێهه‌ڵچونه‌وه بووه. نوێنه‌ری به‌غدا بووه له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له ئه‌سته‌نبوڵ. دوای دروستكردنی ده‌وڵه‌تی ئێراق و له ساڵی (1925) بووه‌ته ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی ئه‌عیان. له (1935) مردووه. به زمانه‌كانی (كوردی و عه‌ره‌بی و توركی و فارسی) شیعری هه‌یه. پازده به‌رهه‌می چاپكراوی هه‌یه.
سه‌رچاوه
زانیارییه‌كانی نێو ئه‌م راپۆرته وه‌رگیراوه له كتێبی: موفتی زه‌هاوی (1793 – 1890) له نوسینی مامۆستا شێخ محه‌مه‌دی خاڵ. ئه‌و كتێبه بۆ یه‌كه‌مجار له ساڵی (1953) چاپكراوه. له ساڵی (2018) عه‌بدولحه‌مید مه‌لا محه‌مه‌د ئه‌مین كانی میرانی به زیادكردنی كۆمه‌ڵێك بابه‌تی نوێ كتێبه‌كه‌ی ئاماده‌كردۆته‌وه‌و سه‌نته‌ری زه‌هاوی بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی فیكری چاپ‌و بڵاوی كردۆته‌وه.