وەک ئاشکرایە، ئابووری یەکێکە لەو زانستانەی لە هـەموو بوارەکاندا ڕۆڵێکی کارامە و بەرچاوی هەیە. کارەکتەرێکی سەرەکییە تیایاندا، بێگومان وەرزشیش لەم چوارچێوەیە دەرناچێت. لەم ڕۆژگارەی ئێستادا، وەرزش ئیتر تەنها دڵخۆشی و سەرگەرمی نییە، بەڵکو وەرزش پیشەیەکی پڕلە سوودە، کە تواناییەکی باڵای هەیە لە ڕاکێشانی بەردەوامی سەرمایە دەرەکییەکان بۆ ناوەوەی ووڵاتان. وەرزش نێوەندێکی کێبڕکێی تاڕادەیەک تەندروستە بۆ قبوڵکردنی یەکتری ووڵاتان، ئامڕازێکە بۆ گواستنەوەی بیر و بۆچوونە کولتوورییەکان، ئەمەش کەرتی ئابووری وەرزشییە، کە هەڵدەستێت بە برەودان و بەرەوپێش بردنی ئەم پیشەیە.
“پیشەیەکی بەرجەستە لەلایەنی سیاسییەوە”
وەرزش هەمیشە بەشێکی گرنگ بووە لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی، بەڵام لە ئهمڕۆدا بۆتە بەشێکی گرنگتر لە ئابووریدا، ڕووداوە وەرزشییەکان کاریگەرییەکی زۆرباش لە ئابووری ووڵاتاندا دروست دەکەن، کە شوێنەواری ئەم کاریگەرییانەش، بە تێپەڕبوونی قۆناغەکانیان دەبێتە هۆی فراوانبوون یان دەرکەوتەی ئابووری باش بۆ ئەو ووڵاتانە. لە دونیای ئهمڕۆدا؛ ژمارەی مەدالیاکانی ئۆڵۆمپیاد و جامی جیهانییەکان، وێنەیەکە لەسەر هێزی ئابووری سیاسی و خۆدەرخستنی ووڵاتە زلهێزەکانی جیهان، لە قۆناغەکانی پێشکەوتن و گەشەپێدانیاندا. بە شێوەیەک کە ڕووبەری وەرزشی دادەنرێت بە یەکێک لە نیشانەکان و پێوەرەکانی گەشەی ووڵاتان و لەلایەنی سیاسیشەوە، یەکێکە لە پیشە خۆشەویست و بەرجەستەکان ،کە سیاسەتمەدارەکان گرنگی وتێڕوانینێکی تایبەتیان بۆی هەیە. کاریگەری وەرزش لە جیهانی ئهمڕۆکەدا بە شێوەیەکە کە ووڵاتانی ئەندامی فیدراسیۆنی جیهای تۆپی پێ، فیفا FIFA ، لە ووڵاتانی ئەندام لەنەتەوە یەکگرتووەکان زیاتربێت.
“پێناسەی ئابووری وەرزش”
ئابووری وەرزش، بە هۆی بەکارهێنانی تیۆرییە ئابوورییەکان، بۆ شیکردنەوەی چالاکییە وەرزشییەکان ناوزەند دەکرێت، یان بە شێوەیەکی ووردتر؛ ئابووری وەرزش هەڵدەستێ بە هەڵسەنگاندنی بابەت و شێوەکانی تایبەتمەندکردنی نموونەیی سەرچاوەکان، لە هەر سێ کەرتی ئەدای وەرزش، بەرهەمەکانی وەرزش و گەشە پێدانی وەرزشی. پیشەی وەرزش بە کۆمەڵە چالاکییەکی پەیوەندیدار بەبەرهەم و ئاڵوگۆڕو بازاڕگەری کاڵاو خزمەتگوزارییەکان دەوترێت، کە ڕۆڵی هەبێت لە بەرزبوونەوەی بەهای زیادکراو.
“پشکی وەرزش لە بوودجەی خێزانەکان و خەرجییەکانی حکوومەتدا “
وەرزش بە گشتی لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا، پشکێکی بەرچاو و دیاری هەیە لە خەرجیەکانی خێزاندا، لە چەند دەیەی ڕابردووشدا، لەو وڵاتانەشی کە لە ڕێڕەوەی پێشکەوتندا بوون پشکی وەرزش لە خەرجییەکانی خێزان و بوودجەی دەوڵەتدا زیادی کردووە. کە ئەمەش نیشانەیەکە بۆ حەز و ویستی تاکەکەسەکان بۆ وەرزش و بەرەو پیرەوە چوونی. ئەوەش هەیە کە هەندێ وای دادەنێن، کە وەرزش هۆکارێکە بۆ جووڵەی ووڵاتان و نەتەوەکان، بۆ گەیشتن بەرەو ڕێڕەوی بەجیهانیبوون و هەروەها بە هۆکارێکی گرنگی دادەنێن بۆ درووستبوونی گۆڕانکاری لە کولتووردا، زیاتریش داوای زیاتربوونی پشکی وەرزش دەکەن لە خەرجییە حکوومیەکاندا، پشتگیریکردنی حکومەت لە کەرتی تایبەت. وڵاتان بە هۆی بەشە جۆراوجۆرەکانی وەرزشەوە، دەتوانن بازاڕێکی ناوخۆیی باش برەو پێ بدەین لە کاڵا و شمەک و خزمەتگوزاری وەرزشی، فراوانکردنی پرۆسەی کڕین و فرۆشتنی بەرهەمە وەرزشییەکان لە کۆگا و دووکان و نێوەندە وەرزشییەکاندا، کە ئەمەش بۆخۆی پشکێکی سەرەکی هەیە لەخستنە سەرکاری کۆمەڵە کەسانێک و دروستبوونی بژێوی ئابووری بۆیان لە کۆمەڵگادا.
دواتر، زۆرجار هەر ئەم پیشەو بەرهەمهێنانە وەرزشییانەیە، کە کار دەکاتە سەر دروستبوونی بازاڕێکی فراوانی نێوخۆیی و بەدەستهێنانی پشکێکی باش لە داهاتی نێوخۆیی بۆ ئابووری ناوچەیی، هەروەها بە هۆی بازرگانی نێودەوڵەتی لە کاڵا جیاوازەکانی وەرزشیدا و بڵاوبوونەوەی بە جیهاندا، هۆکارێکی سەرەکییە بۆ پشکێک لە داهاتی ووڵاتان. لایەنێکی تری وەرزش؛ بوونی یاریزانان و ڕاهێنەران و دەستەی تیمی ئیدارییە، کە هەر یەکەیان بە نۆرەی خۆی بە هۆی کڕین و فرۆشتنە هاوینە و زستانەییەکانی خولە جیهانییەکانەوە، بازاڕێکی کڕین و فرۆشتنی گەرمی لە نێوەندی ئابووری ووڵاتاندا دروست کردووە لە ڕووی بەدەستهێنانی داهات و خستنە سەرکاری کەسانی جیاواز و پسپۆڕ لەو بوارانەدا.
بەرگوزاری یارییە جیاوازەکانی ئۆڵۆمپیاد و جامی جیهانی و جامی نەتەوەکانی ئەورووپا، هەروەها جامی کیشوەرەکانی تری جیهان و جگە لەوەش خولە جیاوازەکانی سەرجەم بوارە وەرزشییەکان لە گشت ووڵاتانی جیهاندا، بۆنموونە جامی جیهانی تۆپی پێ، کاتێک کە میوانداری کردنی ئەو جامە دەدرێ بە وڵاتێک، بە پێی یاساکانی فیفا، لەو وڵاتە مۆندیال بەرپا دەکرێت. لێرەدا وڵاتی میواندار ڕاستە کە خەرجییەکی زۆر دەکەوێتە ئەستۆی بۆ میوانداریکردنی جامەکە، بەڵام بە هۆی ژمارەی زۆری میوانە ئەندامەکان و جەماوەری تیپەکان و وەرزش دۆستانەوە، ژمارەیەکی ئێجگار زۆر بلیتی یارییەکان دەفرۆشرێت کە لە جێی خۆیدا داهاتێکە بۆ ئەو وڵاتە، جگەلەوەش به هۆی بەشداری وڵاتان لەو جامە، دەبێتە هۆی بەدەست هێنانی داهاتێکی باش بۆ ئەو وڵاتە، لە لایەنەکانی (کڕینی بلیت و کرێی هۆتێل و میوانخانە و ڕێستۆرانت و بازاڕ و شوێنە گەشتیارییەکان).
بۆ نموونە جامی جیهانی ۲۰۱٨ کە لەڕووسیا بەرپاکرا، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئەنجوومەنی گەشتیارانی ڕووسیا ووتی: کە بەپێی ڕاگەیەنراوی کۆمیتەی بەرپاکردنی کێبەرکێکانی جامی جیهانی ۲۰۱٨،بەهۆی بەرپابوونی یارییەکانی جامەکەوە، توانیویەتی زیاتر لە (١٨٠ ملیار ڕوبڵ) واتە (١٣٫٥ ملیاردۆلار) یارمەتی دهخلی قومی اجمالی ( GNP) داوە، کە لەو پشکەدا تەنها کهرتی گەشتیاری بە درێژایی ماوەی جامەکە لە نێوانی (٤٠ تا ٧٠) ملیار ڕوبڵ دەرامەتی بۆ وڵات بەدەست هێناوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە تێچووی ڕووسیا بۆ مۆندیال (۱۱ ملیارو ٦۰۰ ملیۆن دۆلار) بووە. دیسان بەرپابوونی ئەم جامە بووەتە هۆی درووستبوونی هەلیکار بۆ نزیکەی (۲۲۰هەزارکەس).
هەروەها فیفا بە هۆی بەرپاکردنی جامی جیهانی تۆپی پێی ٢٠١٨ لە ڕووسیا، نزیکەی5.5ملیاردۆلاری دەسکەوتووە. ئەمەش بە گوێرەی زانیاری سایتی ڕەسمی فیفایە. هەروەها مۆندیالی قەتەری٢٠٢٢ وا ئاماژە دە کرێت کە ووڵاتی قەتەر ۲۲۰ ملیار دۆلاری خەرجی ئەم جامە کردووە، بە پێی لێدوانەکانی ناصر الخاگر، (بەڕێوەبەری کۆمیتەی باڵای پرۆژەکان و میراتی جامی جیهانی ٢٠٢٢، ئاماژەی بەوە دا کە قەتەر دەتوانێت نزیکەی ٦ ملیار دۆلار بە دەست بهێنێت).
“لایەنە جیاوازەکانی ئابووری وەرزش”
۱- دروستکردنی هەلیکاری ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ.
۲- بەرهەمێنانی کاڵاکان، تەواوکەری خۆراکی وەرزشی.
۳- ناردنە دەرەوەی کاڵاو خزمەتگوزاری وەرزشی (بازرگانی نێودەوڵەتی).
٤- درەوشانەوەی گەشتیاری و گەشە و فراوانبوونی بازاڕە نێوخۆییەکان، لە ڕێگەی ڕووداوە وەرزشییەکانەوە.
٥- ڕێکلامەکان، بڵاوکراوەکان و مافی پەخشی تەلەفزیۆنی.
٦- بونیادنان و دروستکردنی دامەزراوە و توانا فراوانە وەرزشییەکان.
٧- بابەتە کولتووری و ئەمنییەکان.
٨- زۆربوونی خۆشگوزەرانی گشتی و سەرمایەی کۆمەڵایەتی و مرۆیی کۆمەڵگا.
٩- مەدالیا بەدەستهاتووەکانی ئۆڵۆمپیاد، کە دەبێتە هۆی بەدەستهێنانی ناوبانگ و کێبەرکێی نێودەوڵەتی وڵاتان .
کەواتە ئابووری و وەرزش لەم ڕۆژەدا؛ پەیوەندییەکی باشیان پێکەوە هەیە و هۆکارێکی سەرەکی بەدەستهێنانی دارایی وڵاتانن.