“دامەزرێنەری زمانی مۆدێرنی تورکی”
لە تورکیا، زۆرکەس خۆ لەوە دەدزنەوە باسی دەوری ئەرمەنییەکان بکەن لە بەرەوپێشبردنی دەوڵەتی تورک و کولتووری تورکیدا. لە گەڵ ئەوەشدا، تورکەکان ناتوانن باسی یەک لەو ئەرمەنییانە نەکەن. ئەویش دامەزرێنەری زمانی تورکی مۆدێرن “هاکوب مارتایان”، یان وەک تورکەکان نێوی دەبەن “هاکۆب دیل ئاچارە”. کاتێک ئاتاتورک بڕیاریدا ڕێفۆرمێک لە زمانی تورکیدا بکات و زمانی تورکی – عوسمانی لە خەتی عەرەبییەوە بگۆڕێ و ڕێنووسەکەی بکاتە ئەلفوبێی لاتینی، داوای لە “هاکوب مارتایان” کرد ئەو ئەرکە بەڕێوە بەرێ. وێدەچێ ئەو دەستبژێر کردنەی ئاتاتورک بە ڕێکكەوت نەبووبێ. “هاکوب مارتایان” نوێنەرێکی هەڵکەوتووی نەتەوەی ئەرمەنی لە ٢٢ی مەی ، ١٨٩٥ لە قوستەنتەنییە (ئەستەنبووڵ) لە دایکبوو. لە مەدرەسەی ئەمریکایی ئەستەنبووڵ (کالیجی ڕۆبێرت) خوێندی. دواییە بوو بە مامۆستای ئینگلیسی لەو کالیجە، و دواتر بوو بە بەڕێوەبەری.
کاتێک شەڕی یەکەم هەلئایسا مارتایان ناردرا بۆ جەبهەی سوورییە، بۆ ئەوەی بە دژی بریتانیاییەکان شەڕ بکا. لە بەر ئەوەی “مارتایان” زمانی ئینگلیسی دەزانی، زیندانییە ئینگلیسییەکان تکایان لێکرد بە ئەفسەرە تورکەکان بڵێ دەست لە تووندوتیژی بە دژیان هەڵگرن. لە وهڵامدا، ئەفسەرەکان وەک خائینێک هاکۆبیان بردە لای فەرماندەکەیان. بەر لەوەی فەرمانی فەرماندە ببیسێ، ئەو لێبڕاوانە دایگرتەوە، تووندوتیژی تەنێ خەسلەتی ڕێژیمێکی سوڵتانە، نەک ئی سیستمێکی کۆماری کە حەولی پێشکەوتن دەدا. بە درێژە دانی قسە کردن وێدەچێ ئەو دەربڕینەی وی وەبەر دڵی فەرماندە کەوتبێ. ئیدی لەو دەمییەوە چارەنووسی مارتایان گۆڕا. ماوەیەک دواتر مارتایان سەبارەت بە سیاسەتی گشتی و ئەوەی کە کۆمار دەبێ چۆن بێ دەرسی هەمان فەرماندەی ناوبراوی دادا، کە پاشان بوو بە یەکەم سەرۆک کۆماری، کۆماری تورکییە. بەڵێ ئەوە ئەو بوو “موستەفا کەمال” کە لە ساڵی ١٩٢٣ مارتایان ی ڕائەسپارد ڕێفۆرمێک لە زمانی تورکی عوسمانی دا بکا و ڕێنووسە عەڕەبییەکەی بگۆڕێ بۆ ئەلفوبێی لاتینی. بۆ ئەو مەبەستە، لە ساڵی ١٩٣٢، کۆمەڵەی زمانی تورکی دامەزرا. لە بەر ئەوەی ئەو دەمی لە تورکییە زمانزان هێندە نەبوو، کەمال بڕیاریدا “مارتایان” بانگ بکات بۆ هاتنە ناو بۆ ئەو کۆمەڵەیە. زمانزانی ئەرمەنی لە ئانکارا ماڵی دانا و بوو بە ڕاوێژکاری سەرۆککۆمار لە مەڕ بابەتگەلی زمانی تورکی، کولتووری و زانستی.
لە نێوان ساڵانی ١٩٣٦ – ١٩٥٠ دا، مارتایان لە زانکۆی ئانکارا دەرسی مێژووی زمانناسی و زمانناسی گشتی دەگووتەوە. ئیدی ئەو دەمی ناسناوی “دیل ئاچاری” پێ بەخشرا بوو. دەبێ وەبیر بهێندرێتەوە کە لە ساڵی ١٩٣٤ دا ، کەمال قانوونی پاشناوی ئیمزا کرد. یەکەم دەستەی کە بڕیار درا پاشناویان بدرێتێ بریتی بوون لە زمانناسان و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان (بەر لەو تاریخە لە تورکییە پاشناو نەبوو). لەو سەروبەندەدا زمانناسانی تورک پاشناوی “تورک ئاتاسی” یان بۆ موستەفا کەمال پێشخست، کە دوایە مارتایان گۆڕی و کردی بە ئاتاتورک و هەتا ئێستاش “کەمال” بە ئاتاتورک ناسراوە. لە بەر ئەوەی مارتایان پاشناوێکی هەبوو کە وە ئی خەڵکی دی نەدەچوو، ئاتاتورک ناسناوی “دیل ئاچار” ی پێ بەخشی، کە لە تورکیدا بە مانای “زمانزانە”.
سەرنجراکێشە؛ مارتایان نەک هەر دامەزرێنەری زمانی مۆدێرنی تورکییە، بەڵکوو سەرنووسەری سەرەکی ئەنسیکڵۆپێدیای تورکیشە. جێی ئاماژەیە، مارتایان بە تەنیشت ئەرمەنی و تورکییەوە ، ١٩ زمانی دیکەشی دەزانی، لەوانە (یۆنانی، ئینگلیسی، ئێسپانیایی، لاتین، ئەڵمانی، ڕووسی، بولغارستانی…هتد.) ئەو زۆر کتێبی نووسیوە ” زمان، زمانەکان و زمانناسی ” کە تێیدا باسی زمانی ئەرمەنی، ئەرمەنی کۆن، ئەرمەنی ناوەڕاست و ئەرمەنی نوێ دەکات. دەبێ بگوترێ مارتایان تا ساڵی ١٩٣٢ لە بەیرووت، سۆفیا و شارەکانی دیدا کاری دەکرد و سەبارەت بە لێکۆڵینەوەی ئەرمەنی دەرسی دەگوتەوە. ئەو بەڕێوەبەری یەکەم مەدرەسەی ئەرمەنی بوو لە بەیرووت. لە سۆفیا دەستیکرد بە بڵاوکردنەوەی دوو ڕۆژنامەی ئەرمەنی ” راهیڤرا ” و ” مشکاکیوت ” [ کوولتوور]. ئەو لە بەیڕووت هەروەها سەرنووسەری حەوتوونامەی ” لویس ” بوو.
سەرەڕای سیاسەتی دژی ئەرمەنی کاربەدەستانی تورک، مارتایان قەت ڕیشە و ڕەچەڵەکی خۆی نەشاردەوە و بەڵگەی ئەوەش ئەو چیرۆکە چاو ڕاکێشەیە: جارێک لە ساڵی ١٩٣٤، لە زیافەتێک دا کە موستەفا کەمال بۆ کەسانی ناسراوی ڕێکخستبوو پێشنیاری کرد هەر میوانەی گۆرانییەک بە زمانی نەتەوەکەی خۆی بڵێ. ئەو کاتەی نۆرە گەیشتە هاکوب مارتایان هێندێکان دەستیان کرد بە سرتە سرت، کە ئەو ناوێرێ جگە لە تورکی نەبێ بە زمانێکی دیکە گۆرانی بڵێ. لەگەڵ ئەوەشدا، “هاکوب مارتایان” بە زمانی ئەرمەنی ئەو گۆرانییەی گوت کە بە ڕێبەری نیزامی ئەرمەنی ئاندرانیک هەڵدەڵێ. میوانەکانی دەوری مێزی خوانەکە بە بیستی ووشەی “ئاندارنیک ” گێژ بوون و ئاتاتورک ڕووی تێکردن و گوتی “بە بیستنی ئەو گۆرانییە، زۆر کەس ئامادە بوون لە پێناو نەتەوەکەیاندا بمرن. بە حورمەتەوە گوێ لەو گۆرانییە بگرن”. ئاتاتورک گوتی ” ئەرمەنییەکان حەقی خۆیانە قارەمانەکانیان وەبیر بهێننەوە ” و لێی زیاد کرد ئەگەرچی ئەوجار تورک بردیانەوە.
هاکوب مارتایان ( دیل ئاچار ) لە ١٢ی سێپتامبری ١٩٧٩ سەری نایەوە و دەورێکی گەورەی هەبوو لە بەڕەو پێشبردنی زمان تورکی و زمانناسیی تورکیدا.
وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە: حەسەن قازی