“دەستپێکی ژیانی”
“نورەدین زازا” لەساڵی (1919) لە شاری “مادن” کە دەکەوێتە نێوان “دیاربەکر” و شاری “عەزیزی”ەوە لە دایکبووە، وەک خۆی دەڵێت” لە شارێک لە دایکبووم بۆنی مسی لێدەهات. چونکە ناوچەکە کانزایەکی زۆری تێدایە، دۆڵێکی قووڵ دەیکرد بە دوو بەشەوە هەردەم هەواکەی ئالودەبوو بە دوکەڵی کانەکان، کانزا جیاوازەکانی وەک مس و قورقۆشم و کڕۆم و زێڕ ئاوی جۆگە و ڕووبارەکانیان ڕەنگ دەکرد بە ڕەنگی زەرد و سەوز و سەرو بنەوشەی”.
“ئاوارەی سوریا”
لەساڵی (1925) نوردەین زازا دەستی بە خوێندن کردووە. لەساڵی (1938) قۆناغی ئامادەیی تەواو دەکات و پاشان چۆتە سوریا و دەڵێت” سەرەتا چوومە حەلەب هەر چەندە وەک شارەکەی خۆم “مادن” جوان نەبوو، بەڵام تێیدا هەستم بە ئازادی دەکرد مرۆڤ دەیتوانی گوێ لەو گۆرانییانە بگرێت کە لە تورکیا قەدەغە بوون، هەروەها هەر لەوێ “جگەرخوێن”ی شاعیرم ناسی. سەرەتا لە سوریا ئاگاداری سیاسەتی فەرەنسییەکان نەبووین لەو وڵاتە کە چۆن مامەڵە دەکات لەگەڵ تورکیا، نەماندەزانی کە ئەویش کورد دەکاتە قوربانی بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا، هەربۆیە پاش ماوەیەک مانەوە لەو وڵاتە حکومەتی ئەوکاتی سوریا کە ڕاستەوخۆ فەڕەنسییەکان سەرپەرشتیان دەکرد پێدانی مافی پەنابەرێتی بە خێزانەکەمان ڕەتکردەوە بۆم دەرکەوت ئەو دروشمانەی فەڕەنسا کە دەیانگوت (فەرەنسا بەرجەستەکەری ئازادی و یەکسانی و برایەتییە ئێمەی هەڵخەڵەتاند).
“بوون بە ئاوارەی ئێراق”
لەساڵی (1944) ڕووی لە ئێراق کردووە، وەک خۆی دەڵێت” لە تەمووزی (1944) چەند تەن برنجێکم چاندبوو، بە تامەزرۆیەوە چاوەڕێی دروێنە کردنی بووم، کاتێک هاوڕێیەکم لە موسڵەوە هات بۆلام تا بمبات بۆ لای بارزانی و سەرکردایەتی حیزبی هیوا بێ ئەوەی یەک چرکە دوو دڵ بم بواریشم هەبێت ڕاوێژ بە کاکم و ئەو هاوڕێ تێکۆشەرانەم بکەم کە لەگەڵم تێئەکۆشان بڕیارەکەم پەسەند کردوو وتم بابڕۆین، بەڵام لەسەر سنوور دەستگیرکراین و ڕەوانەی زیندانی موسڵ کراین پاشان ساڵێک زیندانی بووین و لەو ماوەیەشدا داوا لە مستەفا بارزانی کرابوو کە هەوڵی ئازادکردنمان بدەن لای ئینگلیز و ئێراقییەکان بەڵام ئەوان پشتیان کردبووە بارزانی و لە هەوڵی هێرشكردنە سەریدا بوون بۆیە نەیدەتوانی ئازادمان بکات دواجار لەساڵی (1945) لە زیندان ئازادبووین.
“بۆ خوێندن چووە لوبنان و لەوێ سەرقاڵی کوردپەروەری بوو”
پاشان بۆ خوێندن چۆتە “لوبنان” لە زانکۆی فەرەنسی و “کۆلێژی زانستەسیاسییەکانی” خوێندووە، لە ساڵی (1947) زانکۆی تەواوکردووە و بۆ تەواوکردنی خوێندنی باڵا چۆتە وڵاتی سویسرا لە ساڵی (1949) لە زانکۆی “لۆزان” بڕوانامەی دکتۆرای لە زانستی کۆمەڵناسیدا بەدەستهێناوە. لەسەر پێشنیاری دکتۆر کامەران بەدرخان بووە بە بێژەری بەشی کوردی ئێزگەی کوردی لە بەیروت کە ئەو کاتە هێشتا ڕادیۆکە دانەخرابوو، چونکە فەڕەنسییەکان سەرقاڵی کێشەی گەورە بوون، بۆیە چاودێری سەر ئەو دەزگایە لاواز بوو، بواریان بۆ ئازادی ڕادەربڕین ڕەخساندبوو.
نورەدین زازا وەک خۆی دەڵێت” ئەو کات کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئامادەکاریدا بوون بۆ ڕاگەیاندنی فەرمی کۆماری کوردی دیموکراتی، لە کوردستانی ئێراقیشدا(باشوری کوردستان) ئینگلیزەکان خۆیان ئامادە دەکرد بۆ جەنگ دژی بارزانی و هێزەکانی، چالاکی من وەک بێژەر تەنها گواستنەوەی هەواڵەکان نەبوو بەڵکو لە بارەی مەسەلەی کورد بە گشتی قسەم دەکرد و دروشمی نیشتمانپەروەری و شۆڕشگێریم دەخوێندەوە بانگی کوردم دەکرد بۆ ڕاپەڕین و هەستان و خەبات لە پێناو مافەکانیدا، تا ئەو کاتەی بەرپرسانی لوبنان (1946) دەستیانگرت بەسەر ڕادیۆکەدا و پەخشی زمانی کوردی راگیرا. سەرەڕای خوێندنی زانکۆ قوتابخانەیەکی شەوانم کردەوە بە مەبەستی فێرکردنی کوردەکانی بەیروت بە خوێندن و نووسین بە زمانی خۆیان.
“گەڕانەوە بۆ سوریا”
لەو ساڵانەدا خوێندکاری زانکۆ بووە لە سویسرا لە کۆمەڵەی “خوێندکارانی کورد” لە ئەوروپا و لە نێو خوێندکارانی زانکۆدا خەباتی کردووە لە پێناوی گەلی کورد. پاشان گەڕاوەتەوە بۆ سوریا و لە دیمەشق بووە بە مامۆستای فەلسەفە لە “زانکۆی دیمەشق” و بەگوێرەی گێرانەوەکانی حەمید دەروێش کە دەڵێت: من و عوسمان صەبری و هەمزە نوێران کەوتینە پێکهێنانی ڕێکخراوێکی سیاسی نورەدین زازا پشتی گرتین، پاشان هاوکاری کردین بۆ دانانی بەرنامەی سیاسی پارتەکە، هەروەها دەیگوت پێویستە پارتەکە دووربێت لە دروشمی نا واقعی و توندڕەوی، هێندەی نەبرد لە ساڵی (1958)هاتە ناو پارتەکە و بەکۆی دەنگ بەسەرۆک هەڵبژێردا و کەسێکی لێهاتوو بوو لە پۆستەکەیدا کە پارتەکەش (پارتی دیموکراتی کوردی سوریا)بووە.
“بڕیاری لە سێدارەدان”
لەساڵی (1960) لەگەڵ هاوڕێکانی دەستگیر دەکرێن و بڕیاری لە سێدارەدانیان بۆ دەردەچێت بەڵام دواتر ئازاد دەکرێن. دوای ئازادبوونی لە پەتی سێدارەو دەربازبوون لە زیندان دەچێتە قۆناغێکی نوێوە و قۆناغی خۆ کاندیدکردن بۆ پەرلەمانی سوریا.
بەڵام تووشی گیروگرفتی زۆر دەبێت و دەزگای سیخوڕی سوری هەڕەشەی لێدەکەن کە ئەگەر نەکشێتەوە لە خۆ کاندیدکردن ئەوا رادەستی تورکیای دەکەنەوە و دیسان تووشی کێشەو گرفت و دەردەسەری دەبێت. ناچاری هەڵاتن دەبێت بۆ لوبنان، لە لوبنان “کەمال جومبڵات” و مامۆستا “بیار جەمیل” دەناسێت و هەروەها کۆمەڵێک خەڵکی کورد دەناسێت و چیرۆکی پەنابەرە کوردەکانی بەیرووت و ژیانی کوردەواری کوردانی بەیرووت و چیرۆکی دەستگیرکردنی لە لوبنان دەگێڕێتەوە، و دوای گوشاری دەوڵەت لوبنان بەجێ دەهێڵێ و ڕوو لە ئوردن دەکات و لەوێش ناحەسێتەوەو دەگەڕێتەوە بۆ سوریا و لە سوریاش جارێکی تر زیندانی دەکرێت و پاشان بۆ چیای “دروز” نەفی دەکرێت و نیشتەجێی زۆرەملێی دەکەن. لەم قۆناغە سەختەی ژیانیدا بەناچاری بەرەو تورکیا هەڵدێت کە ماوەی (30) ساڵە بەجێی هێشتووە. لە تورکیا دوای ئەوەی بە دیداری خێزانەکەی و زێدی خۆی ئاشنا دەبێتەوە جارێکی تر دەکەوێتەوە بەردەم هەڕەشەی تورکیا و دیسانەوە چارەنووس بەرەو ئاوارەیی و پەناهەندەیی دەیبات و وەک خۆی دەڵێت: “لە ڕۆژنامەیەکی حکومیدا ئەو هەواڵەم خوێندەوە کە ڕەگەزنامەی تورکیم لێ سەندراوەتەوە” ، دوای خوێندنەوەی ئەو هەواڵە بەناچاری جارێکی تر بەرەو ئەوروپا هەڵدێت.
بۆ دواجار لەوڵاتی “سویسرا” لە شاری لۆزان نیشتەجێ دەبێت و وەک پەنابەری سیاسی دەژی هەر لەوێ کچە ڕۆژنامەنووسێکی سویسری دۆستی کورد دەخوازێت و دەبێتە مامۆستا لە زانکۆی لۆزان.
“کۆچی دوایی نورەدین زازا”
لە (7ی تشرینی یەکەمی1988) دوای ململانێیەکی زۆر لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجە لە شاری لۆزان کۆچی دوایی کردووە و هەر لەوێش بە خاکسپێردراوە.
“بەرهەمەکانی نورەدین زازا”
نورەدین زازا بە زمانەکانی کوردی، عەرەبی و فەڕەنسی زۆر وتار و شیعری لە گۆڤارەکانی ڕۆناهی و هاواری جەلادەت بەدرخاندا بڵاوکردووەتەوە و چەند کتێبێکی نووسیوە. (داستانی مەمی ئالان، ڕۆمانی (شوانی کورد)ی عەرەبی شەمۆی وەرگێڕاوەتە فەڕەنسی، دیوانێکی شیعر بە ناوی (شەڕی ئازادی) ،کتێبی (ژیانم بە کوردی) بە زمانی فەڕەنسی، کتێبی (کوردستان) بە زمانی فەڕەنسی. نورەدین تەنیا یەک کوڕی هەیە، “شەنگۆ زازا” کە تەمەنی (12) ساڵ بووە کاتێک باوکی کۆچی دواییکرد، دەڵێت “باوکم نە لای من نە لای نەتەوەی کوردیش نەمردووە”. دکتۆر نورەدین چەندین بەرهەمی هەیە کە تاوەکو ئێستا بڵاونەبووەتەوە، شەنگۆی کوڕی دەیەوێت ئێستا بەرهەمەکانی بە چەندین زمان بڵاوبکاتەوە.”
شەنگۆ زازا، کوڕی نورەدین زازا دەڵێت “کۆمپانیایەکی بڵاوکردنەوە دەکەینەوە بۆئەوەی هەموو بەرهەمەکانی باوکم بڵاوبکەینەوە، یەکەمجار بە زمانی فەرەنسی، دواتریش بە ئینگلیزی و ئەڵمانی، رەنگە بە چەند زمانێکی دیکەش بڵاویبکەینەوە، بەڵام ئەمە هەنگاوی یەکەمە، دامەزراوەیەکیشم کردووەتەوە بەناوی دەزگای زازا، کە کار لەسەر پاراستنی بیرەوەری و کارەکانی دەکات و هەوڵدەدات ببێتە باڵیۆزی کولتووری کوردی لە سەرتاسەری جیهان”.
سەرچاوەکان:
1/ ژیانی کوردەواریم، یاداشتەکانی نورەدین زازا،بەشی یەکەم، لە فەرەنسیەوە بۆ عەرەبی دەروێش غالب وەرگێرانی لە عەرەبییەوە بۆ کوردی باست حمە غەریب، چاپی یەکەم 2008 دەزگای ئاراس، هەولێر.
2/ چاوپێکەوتنی شەنگۆ زازا کوڕی کۆچکردوو لەگەڵ کەناڵی ڕووداو، ساڵی 2020.