نه‌وه‌ی یه‌كه‌می به‌عسییه‌كان بوو، له‌حیزبدا گه‌یشته پله‌ی رازگری سه‌ركردایه‌تی قوتری به‌عس، یه‌كێكه له سه‌ركرده دیاره‌كانی یه‌كه‌م كوده‌تای به‌عسییه‌كان، له حكومه‌تدا جێگری سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیری ناوخۆ بوو، “جه‌مال عه‌بدولناسر” پێیده‌وت پیاوه هه‌وه‌سبازه‌كه، دروشمه‌كه‌شی له‌دژی نه‌یارانی بریتی بوو له؛ بڕین تا شاده‌مار و هاڕین تا ئێسقان، ئه‌مه سه‌ربورده‌ی ژیانی عه‌لی ساڵح سه‌عدییه، عه‌لی ساڵح سه‌عدی له ساڵی (1928) له گه‌ڕه‌كی باب شێخی به‌غدا له‌دایكبووه، هه‌ر له باب شێخ چووه‌ته قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی، دواتر چووه‌ته ناوه‌ندی ره‌سافه و پاشان ئاماده‌یی مه‌ركه‌زی خوێندووه، دوای ته‌واوكردنی ئاماده‌یی، چووه‌ته كۆلێژی بازرگانی، ساڵی (1953) ئه‌و كاته‌ی خوێندكاری كۆلێژی بازرگانی بوو، بووه‌ته ئه‌ندام له رێكخستنه‌كانی حیزبی به‌عس، له یه‌كه‌م كۆنگره‌ی قوتری به‌عسدا كه له (15/12/1954) له ماڵی فه‌خری قه‌دوری له گه‌ڕه‌كی ئه‌عزه‌میه‌ی به‌غدا به‌ڕێوه‌چوو، به ئه‌ندامی قیاده‌ی قوتری هه‌ڵبژێردراوه، له كۆتایی (1958)دا له‌به‌ر هۆكاری رێكخراوه‌یی، ئه‌ندامێتی له قیاده‌ی قوتری هه‌ڵپه‌سێردرا. دوای تێوه‌گلانی له هه‌وڵی تیرۆركردنی عه‌بدولكه‌ریم قاسم له (11/10/1959)، بۆ سوریا هه‌ڵات. له سه‌ره‌تای (1960)دا به‌هۆی توندبونه‌وه‌ی ململانێكانی نێوان میشێل عه‌فله‌قی دامه‌زرێنه‌ری به‌عس و “فوئاد ریكابی” به‌رپرسی رێكخستنه‌كانی ئێراقی حیزبی به‌عس، گه‌ڕایه‌وه بۆ ئێراق و جارێكی‌تر به ئه‌ندامی قیاده‌ی قوتری هه‌ڵبژێردرایه‌وه، دوای ده‌ستگیركردنی “حازم جه‌واد” له‌لایه‌ن حكومه‌تی ئێراقه‌وه، سه‌عدی به رازگر و به‌رپرسی مه‌كته‌بی سه‌ربازی حیزب ده‌ستنیشانكرا، دوای كوده‌تای (8/شوبات/1963)، سه‌عدی كرایه جێگری سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیری ناوخۆ، له حوزه‌یرانی هه‌مان ساڵدا وه‌زاره‌تی ناوخۆی لێ وه‌رگیراوه‌و كرا به وه‌زیری ئیرشاد (راگه‌یاندن). له (11/11/1963) له كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تیدا بڕیاری دوورخستنه‌وه‌ی سه‌عدی درا و ره‌وانه‌ی ئیسپانیا كرا، دواتر روویكرده به‌یروت و ساڵی دواتر له حیزب ده‌ركرا، چونكه له به‌یروت رایگه‌یاند حیزبی كرێكارانی شۆڕشگێڕی دروستكردووه و بووه‌ته سه‌رۆكی حیزبه‌كه. له ساڵی (1967) به بڕیاری “عه‌بدولره‌حمان عارف”ی سه‌رۆككۆمار گه‌ڕایه‌وه بۆ ئێراق، ساڵی دواتر حیزبه‌كه‌ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه، دوای كوده‌تای (17/ته‌مموز/1968) ده‌ستگیركراو له مانگی ئابی ساڵی دواتردا ئازادكرا، له سه‌ره‌تای (1969)دا سه‌رۆككۆمار “ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كر” داوایلێكرد ببێته باڵێوزی ئێراق له مۆسكۆ، به‌ڵام ره‌تیكرده‌وه، دواتر داوای له “عه‌لی” كرد ببێته سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی كاروباری عه‌ره‌بی له ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش، به‌ڵام هه‌ر ره‌تیكرده‌وه. له كۆتایی (1969)دا به مووچه‌ی مانگانه‌ی سه‌دو په‌نجا دینار خانه‌نشین كرا. له (19/9/1977) به‌هۆی نه‌خۆشی دڵه‌وه له له‌نده‌ن كۆچی دوایی كرد.
“ماڵباتی سه‌عدی”
باوكی عه‌لی ماوه‌یه‌ك له شارۆچكه‌ی (هه‌بهه‌ب) ژیاوه، جوتیار یان بریكاری ماڵباتی به‌ناوبانگی حه‌یده‌ری بووه. له بیسته‌كانی سه‌ده‌ی رابردودا له هه‌بهه‌به‌وه هاتۆته به‌غدا. دووجار هاوسه‌رگیری كردوه. له ژنی یه‌كه‌می كوڕ‌و كچێكی بووه، كوڕه‌كه‌ی ناوی سه‌عده له سه‌رده‌می پاشایه‌تیدا بووه‌ته عه‌قید له سوپادا. كچه‌كه‌شی بووه‌ته هاوسه‌ری “د.عه‌بدولئه‌میر ئه‌نباری” نوێنه‌ری ئێراق له نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان. ژنی دووه‌می ده‌وترێت كورد بووه، دوو كور ِو دوو كچی لێبووه. عه‌لی و عه‌بدولمونعیم كه بووه‌ته عه‌میدی پۆلیس، هه‌ردوو كچه‌كه‌شی شویان به دوو برا كردووه كه له “باب شێخ” ژیاون، یه‌كێكیان كاسب بووه و ئه‌وی دیكه‌ش شامل شێخلی بووه كه دواتر بووه‌ته ئه‌ندامی دادگای ته‌میز. “عه‌لی ساڵح سه‌عدی” له خانه‌واده‌یه‌كی كورده، سه‌ر به عه‌شیره‌تێكی ناسراوی كورده كه زۆرینه‌یان له هه‌ولێر ده‌ژین و هه‌ندێكیان له دیاله‌ن. د. عوسمان محه‌مه‌د ئه‌مین له ساڵی (1993) مامۆستای ئه‌ده‌بی عه‌ره‌بی بووه له كۆلێژی ئادابی زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین، ئامۆزای عه‌لی-یه، ده‌ڵێت: پاشناوی (سه‌عدی) ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ باپیره‌مان (مه‌لا سه‌عدی) كه كه‌سایه‌تییه‌كی ناسراوی سه‌رده‌می خۆی بووه، نه‌وه‌كو بگه‌ڕێته‌وه بۆ شارۆچكه‌ی (سه‌عدییه) وه‌كو هه‌ندێك له نووسه‌ران و توێژه‌ران وای بۆ ده‌چن، هه‌موومان سه‌ر به عه‌شیره‌تی (مه‌نوند)یین، كه یه‌كێكه له لقه‌كانی عه‌شیره‌تی ناسراوی دزه‌یی. دوای كوده‌تای (8/شوبات/1963)، عه‌لی له‌گه‌ڵ هه‌نا عومه‌ری هاوسه‌رگیری ده‌كات كه ده‌رچوی كۆلێژی ئاداب بووه، كوڕ‌و كچێكیان ده‌بێت به‌ناوه‌كانی عه‌لیا و فارس. هه‌نا وه‌كو رۆژنامه‌نووس له ئاژانسی ده‌نگوباسی ئێراق‌و وه‌كو نووسه‌ر له گۆڤاره‌كانی ئه‌لفباو ئافاقی عه‌ره‌بی كاریكردووه، ساڵی (1985) خانه‌نشین كراوه و له (2008) له عه‌ممان به نه‌خۆشی دڵ كۆچی دوایی كردوه. كوڕ‌و كچه‌كه‌شیان له ساڵی (1992) كۆچیان كردوه بۆ نیوزله‌نداو تائێستا له‌وێ ده‌ژین.
“ئێمه به قیتارێكی ئه‌مه‌ریكی هاتین”
له‌گه‌ڵ ناوهێنانی عه‌لی-دا یه‌كسه‌ر ئه‌و وته‌یه‌ی به‌بیر دێته‌وه كه دوای گه‌یشتنه ده‌سه‌ڵاتی به‌عسیه‌كان، وتی؛ ئێمه به قیتارێكی ئه‌مه‌ریكی هاتین. هه‌رچه‌نده هه‌ندێك له به‌عسییه‌كان ئه‌م وته‌یه‌ی ره‌تده‌كه‌نه‌وه و ده‌ڵێن؛ شتی وای نه‌وتووه، به‌ڵام چه‌ندین كه‌س و سه‌رچاوه‌ی دیكه مكوڕن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه ئه‌وه وته‌ی عه‌لی-یه. د.مالیك دۆهان حه‌سه‌ن ده‌ڵێت؛ به‌عسییه‌كان و هه‌ندێك له قه‌ومییه‌كان له هه‌شتی شوباتی (1963)دا كوده‌تایان كرد. له مانگی ته‌مموزی (1968) له‌گه‌ڵ سه‌عدی ده‌ستگیركراین و پێكه‌وه له ژورێكدا بووین، خۆم گوێم له سه‌عدی بوو كه وتی؛ ئێمه له (1963) به قیتارێكی ئه‌مه‌ریكی هاتین.. لێم پرسی ئێستا بۆ جاری دووه‌م چۆن هاتنه‌وه؟ وتی؛ له‌سه‌ر پشتی ئه‌سپێك كه هیچ شتێك دایناپۆشێ، واته به پشتیوانییه‌كی ئاشكرای ئه‌مه‌ریكا. د.له‌یس عه‌بدولحه‌سه‌ن زوبه‌یدی نووسه‌ر، ده‌ڵێت؛ له گفتوگۆیه‌كدا له سه‌عدیم پرسی ئه‌و قسه‌یه راسته؟ له وه‌ڵامدا، وتی؛ به‌ڵێ راسته. بزوێنه‌ری قیتاره‌كه ئه‌مه‌ریكی بوو، له سێ فارگۆن پێكهاتبوو كه سێ چینی له‌خۆگرتبوو؛ به‌عسییه‌كان، قه‌ومییه‌كان، كۆنه‌په‌رسته‌كان. هه‌روه‌ها حه‌سه‌ن عه‌له‌وی نووسه‌ر ده‌ڵێت؛ له مانگی شوباتی (1987)دا له هانی فكێكی ئه‌ندامی قیاده‌ی قوتری به‌عسم پرسی راسته سه‌عدی ئه‌و قسه‌یه‌ی كردووه، وتی؛ به‌ڵێ ئه‌و قسه‌یه‌م زیاتر له جارێك له سه‌عدی بیستووه. سیاسه‌تمه‌داری ناسراوی كورد “فوئاد عارف” (1913 – 2010)، ده‌ڵێت؛ له ساڵی (1989) به ئاماده‌بوونی د.كه‌مال مه‌زهه‌ر له هه‌نای هاوسه‌ری عه‌لیم پرسی؛ ئایا ئه‌و قسه‌یه‌ی مێرده‌كه‌ی راسته؟ له وه‌ڵامدا وتی؛ به‌ڵێ هاوسه‌ره‌كه‌م له دیدارێكدا له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك ئێراقی له پاریس وایوت، له چه‌ندین بۆنه‌ی دیكه‌شدا دووپاتی كرده‌وه. هه‌روه‌ها یونس تائی ده‌ڵێت؛ ساڵی (1967) عه‌لی له قاهیره‌و دواتر له به‌غدا هه‌مان قسه‌ی پێ وتمه‌وه.
“خه‌سڵه‌ته‌كانی كه‌سایه‌تی عه‌لی”
دۆست و ئاشناكانی ده‌ڵێن؛ كه‌سێك بووه حه‌زی له نوكته و یاری تۆپی پێ و پیشبڕكێی ئه‌سپ سواری بووه، به‌ڵام نه‌یاره‌كانی به كه‌سێكی دڵڕه‌ق و تووندوتیژ ناوزه‌دی ده‌كه‌ن، به‌جۆرێك نه‌یتوانیووه هه‌ڵچوونه‌كانی خۆی كۆنترۆڵ بكات، سه‌رباری ئه‌وانه‌ش جه‌سته‌یه‌كی پته‌و و توانایه‌كی زۆری هه‌بووه، بۆیه هه‌موان لێی ترساون. حیزبی به‌عسیش به‌هۆی ئه‌وه‌ی پێویستی به‌و خه‌سڵه‌تانه بووه، بۆیه “د.ته‌حسین مه‌عله” داوای له “فوئاد ریكابی” ده‌كات “سه‌عدی” به ئه‌ندام وه‌ربگرێت و پاشان به‌زویی به پله‌كانی حیزب‌دا سه‌رده‌كه‌وێت تاوه‌كو ده‌گاته سه‌ركردایه‌تی به‌عس. عه‌لی له گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووسی لوبنانی غه‌سان شه‌ربه‌ل، ده‌ڵێت؛ من ناڵێم كه‌سێكی بێ‌تاوان و به به‌زه‌یی بووم، منیش له هه‌وێنی دڵڕه‌قی هه‌ڵكێشرابووم. ئێمه وڵات و بگره نه‌ته‌وه‌شمان كوشت، ره‌فتارمان هه‌رزه‌كارانه بوو، مانای ده‌سه‌ڵات و دامه‌زراوه و ده‌وڵه‌تمان نه‌ده‌زانی، له رق و ترسماندا رۆچوو بووین، شیوعییه‌كان به خوێنی ئێمه تینوو بوون و ئێمه‌ش به خوێنی ئه‌وان. “ئه‌كره‌م حۆرانی” كه دووجار چاوی به عه‌لی كه‌وتوه، ده‌ڵێت؛ عه‌لی به‌رده‌وام سه‌ردانی ده‌كردم، كه‌سێكی داڕووخاو بوو، هه‌ر كه باسی رووداوه‌كانی هه‌شتی شوباتی ده‌كرد ده‌گریا، به‌شێوه‌یه‌ك ده‌تگوت شیوه‌ن ده‌كات. هه‌موو تاوانه‌كانی حیزبی له ئێراق و سوریا له‌دوای كۆنگره‌ی پێنجه‌وه ده‌خسته ئه‌ستۆی میشێل عه‌فله‌ق. هه‌ندێك له ناسیاوه‌كانی بۆیان باسكردم زۆربه‌ی شه‌وان له تاو هاواری ئه‌و كه‌سانه‌ی ئه‌شكه‌نجه‌ی داون و ئه‌و شیوعییانه‌ی له دیجله‌دا خنكاندنی، خه‌به‌ری ده‌بێته‌وه و هاوار ده‌كات.
“پیاوه هه‌وه‌سبازه‌كه”
دوای كوده‌تای (1963) و وه‌رگرتنی ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن به‌عسییه‌كانه‌وه، په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئێراق و میسر به‌ره و پته‌وبوون ده‌چێت، به‌جۆرێك ده‌گاته ئاستی گفتوگۆكردن له‌باره‌ی دروستكردنی كۆمارێكی یه‌كگرتوو له‌نێوان (ئێراق و، سوریا و، میسر) دا. عه‌لی ساڵح سه‌عدی به‌هۆی ئه‌وه‌ی له سه‌ركردایه‌تی به‌عس بووه، چه‌ند جارێك سه‌ردانی میسر ده‌كات و له‌گه‌ڵ “جه‌مال عه‌بدولناسر”ی سه‌رۆكی ئه‌وكاتی میسردا كۆده‌بێته‌وه. دوای یه‌كه‌م سه‌ردانی عه‌لی بۆ میسر، عه‌بدولناسر له (23/2/1963) نامه‌یه‌ك بۆ عه‌بدولحه‌كیم عامر ده‌نوسێت كه له یه‌مه‌ن ده‌بێت‌و تیایدا ده‌ڵێت؛ سه‌عدی چوارده پێك ویسكی خوارده‌وه، له یه‌كه‌م كۆبونه‌وه‌شدا خه‌وت، به‌گشتی پێموایه سه‌ره‌ڕای هه‌ڵه‌كانی به‌عس، ئه‌ركی ئێمه‌یه پارێزگاری له شۆڕشی ئێراق بكه‌ین و چاومان پێیان بكه‌وێت.
له‌و كاته‌دا نه‌ریتی ده‌زگای هه‌واڵگری میسر وابووه هه‌ر وه‌فدێك سه‌ردانی میسری بكردایه، راپۆرتێكیان له‌باره‌ی خولیا‌و ئاره‌زوی ئه‌ندامانی وه‌فده‌كه‌وه پێشكه‌شی سه‌رۆكی میسر ده‌كرد. به‌رمه‌بنای راپۆرته‌كانی هه‌واڵگری و تێبینیه‌كانی خۆی، عه‌بدولناسر نازناوی پیاوه هه‌وه‌سبازه‌كه‌ی به‌سه‌ر عه‌لی دابڕی.
به‌وته‌ی هاوڕێكانی، عه‌لی تاڕاده‌ی ئالوده‌بوون هۆگری خواردنه‌وه‌ی ویسكی بووه و له هیچ كاتێكدا ده‌ستبه‌رداری نه‌بووه. د.له‌یس زوبه‌یدی ده‌ڵێت؛ سه‌رله‌به‌یانییه‌ك له یانه‌ی مه‌نسور چاوم به سه‌عدی كه‌وت، بوتڵێك ویسكی پێ‌بوو، وتی تا هه‌مووی نه‌خۆمه‌وه ئه‌م شوێنه جێناهێڵم، ئه‌گه‌ر نه‌متوانی به‌پێی خۆم بڕۆمه‌وه، جه‌ماعه‌ته‌كه‌م دێن‌و ده‌مبه‌نه‌وه بۆ ماڵ، پاره‌شم پێ نه‌مێنێ ته‌له‌فۆن بۆ سه‌رۆك به‌كر ده‌كه‌م و ده‌ڵێم پاره‌م بۆ بنێره. له‌لایه‌كی دیكه‌وه، ئه‌حمه‌د ئه‌بو ساڵح سه‌ركرده‌ی به‌عسی سوریا، ده‌ڵێت؛ ساڵی (1963) له یه‌كێك له گه‌ڕه‌كانی گفتوگۆ له‌باره‌ی یه‌كگرتنی (میسر و، سوریا و، ئێراق)، ئێمه له گه‌رمه‌ی گفتوگۆدا بووین له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كوێ بكه‌ینه پایته‌ختی ئه‌م ده‌وڵه‌ته یه‌كگرتووه، هه‌ر وه‌فده و ده‌یویست پایته‌ختی وڵاته‌كه‌ی بێت، به‌ڵام هه‌موان به تێچینه‌كه‌ی سه‌عدی سه‌رسام بووین، كاتێك وتی؛ ئێمه ده‌مانه‌وێت دیمه‌شق ببێته پایته‌خت، كاتێك له هۆكاره‌كه‌یمان پرسی، وتی: چونكه ژنی جوانی لێیه.
“عه‌لی له بیره‌وه‌ری كورداندا”
“فوئاد عارف” كه له سه‌رده‌می پادشایه‌تی و كۆمارییدا چه‌ند جارێك پۆستی وه‌زیری وه‌رگرتووه و تا پله‌ی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران رۆیشتووه، له بیره‌وه‌رییه‌كانیدا، ده‌ڵێت: بڕوام وابوو “عه‌لی ساڵح سه‌عدی” به قوڵی ئاره‌زووی ده‌كرد دۆزی كورد به‌شێوه‌یه‌كی ئاشتییانه و دیموكراسییانه چاره‌سه‌ر بكرێت، ئه‌مه‌ش به به‌ڵگه‌ی گفتوگۆكانی له‌گه‌ڵ من و سه‌رۆك عه‌بدولناسردا. به‌ڵام دواتر هه‌ڵوێستی گۆڕی، چونكه ئه‌و كه‌سێكی حزبی بوو، ده‌بوو بڕیاره‌كانی حزب جێبه‌جێ بكات، جیاوازییه‌كی زۆریش له‌نێوان بۆچوونی كه‌سی و بۆچونی حیزب‌دا هه‌یه. هه‌روه‌كو له یادمه جارێكیان له كۆبونه‌وه‌یه‌كدا كه باسكردن له دۆزی كوردی له‌خۆگرتبوو، من هه‌ڵچوم. دوای ته‌واوبوونی كۆبوونه‌وه‌كه، تاڵیب شه‌بیبی وه‌زیری ده‌ره‌وه هات بۆ لام‌و پێیوتم؛ هه‌ڵوێستی سه‌عدی له‌هه‌مبه‌ر دۆزی كورد و شێوازی چاره‌سه‌ركردنی باشه، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی به بنه‌چه كورده په‌رۆشییه‌كی گه‌وره له‌باره‌ی ئه‌م بابه‌ته‌وه ده‌رنابڕێ، تاوه‌كو هه‌ڵوێسته‌كه‌ی به ره‌گه‌زپه‌رستی وه‌سف نه‌كرێت. بۆیه منی راسپاردووه كه قسه بكه‌م و ره‌هه‌نده‌كانی دۆز و مافه‌كانی گه‌لی كورد له كۆبونه‌وه‌كه‌دا روون بكه‌مه‌وه.
موحسین دزه‌یی كه له ساڵانی (1966 – 1974) چه‌ند جارێك پۆستی وه‌زیری‌و باڵێوزی له ئێراقدا وه‌رگرتووه، له بیره‌وه‌رییه‌كانیدا ده‌ڵێت؛ له‌كۆتاییه‌كانی مانگی ئازاری (1971) یه‌كێتی قوتابیانی كورد ئاهه‌نگێكیان به‌بۆنه‌ی نه‌ورۆزه‌وه ئه‌نجامدا، كۆچكردو عه‌لی ساڵح سه‌عدیش ئاماده‌بوو، ئه‌و به بنه‌چه كورده و دزه‌ییه. له‌ئێستاشدا خزمه‌كانی له هه‌ولێر ده‌ژین. له قسه‌كانیدا سه‌رزه‌نشتی خۆی كرد له‌سه‌ر هه‌ڵه‌كانی پێشووی‌و نكۆڵی‌كردن له نه‌ته‌وه‌كه‌ی. نووسه‌رو رۆژنامه‌نوس فه‌رهاد عه‌ونی یه‌كێكی دیكه له‌و كه‌سانه‌یه كه له بیره‌وه‌رییه‌كانیدا باسی عه‌لی ساڵح سه‌عدی ده‌كات. ئه‌و به‌م جۆره چیرۆكی دیدارێكی خۆی و سه‌عدی ده‌گێڕێته‌وه؛ هێشتا ته‌نیا هه‌فته‌یه‌ك به‌سه‌ر گرێدانی رێككه‌وتننامه‌ی (11/ئازار/1970)دا تێپه‌ڕیبوو. له‌گه‌ڵ هاوڕێیانم ئه‌نوه‌ر عه‌بدوڵا و، عه‌بدولقادر محه‌مه‌د ئه‌مین له هۆڵی هۆتێل به‌غدا له شه‌قامی سه‌عدون بووین. ئێمه ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی رێكخستنی ناوه‌ندی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان بووین، به‌شێك بووین له‌و گرووپه‌ی راسپێرابووین بۆ پێشوازیكردن له پێشوازیكاران له شاندی كوردی كه سه‌ردانی هۆتێله‌كه‌یان ده‌كرد. نیوه‌ڕۆیه‌كیان دوو كه‌س هاتن، یه‌كێكیان خۆی ناساند‌و وتی؛ من عه‌لی ساڵح ئه‌لسه‌عدی ئه‌مین سڕی قوتری پێشووی حیزبی به‌عسم. هاتووین به‌شداری ئاهه‌نگگێڕانی گه‌لی كوردمان بكه‌ین و پیرۆزبایی له برایانی ئه‌ندامانی شاندی كوردی بكه‌ین به‌و بۆنه‌یه‌وه.
كاتێك گوێم له ناوی (عه‌لی ساڵح ئه‌لسه‌عدی) بوو ده‌ستبه‌جێ ئه‌و نه‌هامه‌تی‌و كاره‌سات و كوشتنه به‌كۆمه‌ڵه‌م یاد كه‌وته‌وه كه گه‌لی ئێراق به‌ده‌ست ئه‌و تاقمه‌وه چه‌شتی كه “عه‌لی ساڵح ئه‌لسه‌عدی” سه‌ركردایه‌تی ده‌كرد، كاتێك ئه‌مین سڕی قوتریی به‌عس بوو له ترسناكترین كوده‌تای خوێناویدا كه مێژوی ئێراقی نوێ به‌خۆیه‌وه بینیبێت، كه خۆی سه‌ركردایه‌تی تاقمه‌كانی ئه‌شكه‌نجه‌دانی ده‌كرد و دروشمه به‌دناوه‌كه‌ی جێبه‌جێده‌كرد كه ده‌یوت؛ (بڕین تا شاده‌مار و هاڕین تا ئێسقان)، به‌رپاكردنی شه‌ڕه قێزه‌ونه‌كه‌یانم دژی كوردستان بیركه‌وته‌وه كه ناویاننا (سه‌یرانی نیشتیمانی: النزهه الوطنیه).
هه‌ڤاڵ عه‌بدولقادر محه‌مه‌د ئه‌مین لێی پرسی؛ مامۆستا تۆ خۆت به كورد داده‌نێیت؟
سه‌عدی وتی؛ به‌ڵێ من كوردم و كوڕی كوردم و رێك خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ی تۆیشم.
ئه‌نوه‌ر عه‌بدوڵا؛ كه‌واته بۆچی هیچت بۆ گه‌لی كورد نه‌كرد كاتێك ساڵی (1963) له ده‌سه‌ڵاتدا بوویت؟
سه‌عدی؛ كاكه با به‌دڵی كه‌شتییه‌كان هه‌ڵناكات. پیاو هه‌ق بڵێ سه‌ركردایه‌تیی مه‌ده‌نیی حه‌زی له شه‌ڕ نه‌بوو، هه‌وڵیده‌دا سیغه‌یه‌كی گونجاو بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد بدۆزێته‌وه. ره‌نگه به كاریگه‌ری من یان له ئه‌نجامی هه‌وڵه‌كانی منه‌وه بووبێت له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی قیاده‌ی قوتری كه تاڕاده‌یه‌ك تێگه‌یشتنی هه‌بوو، به‌ڵام باڵی عه‌سكه‌رییه‌كان له سه‌روی هه‌موویانه‌وه سه‌رۆككۆمار عه‌بدولسه‌لام عارف و ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن ئه‌لبه‌كر و ساڵح مه‌هدی عه‌مماش و سوبحی عه‌بدولحه‌مید و ئه‌وانیتر له‌گه‌ڵ ئه‌وه بوون به هێزی سه‌ربازی بزوتنه‌وه‌ی كوردی له‌ناوببرێت.
“مردنی عه‌لی”
له‌كۆتاییه‌كانی ته‌مه‌نیدا “عه‌لی” دووچاری نه‌خۆشی دڵ ده‌بێت، به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ر رووده‌كاته شاری له‌نده‌نی پایته‌ختی به‌ریتانیا و هه‌ر له‌وێ ده‌مرێت. “شه‌وكه‌ت حه‌بیب شه‌بیب” كه هاوڕێیه‌كی نزیكی بووه، به‌م جۆره چیرۆكی مردنه‌كه‌ی ده‌گێڕێته‌وه؛ عه‌لی له هۆتێل شیراتۆن ده‌مایه‌وه، پارێزه‌ر یه‌حیا سدیق ده‌ڕاجی هاوڕێیه‌كی نزیكی بوو، من له شوقه‌یه‌كی به‌رانبه‌ری ئه‌و هۆتێله‌دا بووم. له رۆژی (19/9/1977) ده‌بوو سه‌عات حه‌وتی ئێواره سه‌عدی ببینم، چه‌ند جارێك ته‌له‌فۆنم بۆ ژووره‌كه‌ی كرد، به‌ڵام وه‌ڵامی نه‌بوو. بۆیه چووم بۆ پرسگه‌ی هۆتێله‌كه و نیگه‌رانی خۆمم ده‌ربڕی، یه‌كێك له فه‌رمانبه‌رانی پرسگه‌ی هۆتێله‌كه له‌گه‌ڵمدا هات بۆ ژووره‌كه‌ی، كاتێ ده‌رگامان كرده‌وه و چوینه ژووره‌وه، بینیمان عه‌لی له‌سه‌ر نوێنه‌كه‌ی گیانی له‌ده‌ستداوه.
سه‌رچاوه‌كان:
1. تاڵب ئه‌لحه‌سه‌ن: بعپ العراق فی ڤل قادته من الكرد المستعربین، گبعه الاولی، 2015، دار اور للنشر.
2. فه‌رهاد عه‌ونی: له‌گه‌ڵ رووداوه‌كان، چاپی یه‌كه‌م، 2019، هه‌ولێر.
3. ماڵپه‌ڕی عه‌باسیه نیوز.