“تەنها سەیربکە چۆن نەمسا و ئەلمانیا، ئەمریکا و کەنەدا کە چۆن لە تەنیشت یەک ئەژێن، یەک گەل، کلتور و یەک زمانی هاوبەشیان هەیە، کە دەولەتی سەروەری خاوەن بەرژەوەندی جیاوازن، بە سیاسەتی دەرەوەی تایبەت بە خۆیان…… سنورەکانی نێوانیان نادیارن، کاتێک هاولاتیان لێی ئەپەرێنەوە هەستەکەن لە نیشتمانی خۆیانن، خێزان دروست ئەکەن، خوێندن، کار، بازرگانی ئەکەن، لە ئێستادا ملیۆنەها لە دایکبووی ئۆکرانی لە روسیا ئەژێن، ئێمە بە خەلکی خۆمانیان ئەبینین”
ئەمە پاراگرافێکی ئارتکلێکە کە لە لایەن ڤلادیمێیر پۆتین لە 12 جولای سالی رابردوو نوسراوە [1] بە بە ناونیشانی: The Historical Unity of Russians and Ukrainians
ئارتیکلەکە دیدگای خودی پۆتینمان پێشان ئەدا بۆ کێشەکانی ئیمرۆی نێوان روسیا و ئۆکرانیا، کە تێیدا باسی مێژوو و یەکبوونی گەلی ئۆکرانیا و رووسیا ئەکا و هەروەها باسی هۆکارەکانی جیابوونەوەی ئەو گەلە لە یەکتر و کێشەکانی ئێستای نێوان هەردوو دەولەت ئەکات.
هەر لە یەکەم پەڕی ئارتیکلەکە دەستەواژەی (Divide and rule)
بەکارئەهێنێت کە پێی وایە دوژمنانی یەکێتی گەلی ئۆکرانی-رووسی بەکاری دەهێنن لە دژی گەلەکەیان، دواترش ئەلێت بۆ تێگەیشتن لە ئێستا و داهاتوو ئەبێ بگەرێینەوە سەر مێژوو، روونکردنەوە مێژوویەکەی بەشێکی زۆری ئارتیکلەکەی پێکئەهێنێت، ئەلێت رووسەکان، ئۆکرانیەکان و بیلارووسیەکان هەموویان سەر بە (روس)ی دێرینن یەک بنەچەی سلاڤیان هەیە، بە درێژایی بەشی سەرەتای ئارتیکلەکە ئۆکرانیا بە مۆلاروسیا (روسیای بچووک) ناوئەهێنێت، ئەلێت ناوی ئۆکرانیا لە زمانی کۆنی روسی بە مانای (ناوچە سنوریەکان دێت)، بەگشتی لەم بەشە باسی یەکبوونی گەلی رووسی-ئۆکرانی ئەکا و پێی وایە لە بنەرەتا دوو گەل نەبوون و یەک بوون و سەردەمی ئیمبراتۆری روسی مۆلاروسیا گەشەسەندی ناسنامەی کلتوری بەخۆیە دیوە لە ناو نیشتمانێکی روسی مەزنتر.
لە بەشی دواتر دێتە سەر سەرەتای جیابوونەوەی ئۆکرانیەکان لە روسیا وەک دەولەت نەتەوە، کە تێیدا سەرەتا ئیلیتە پۆلەندیەکان و دواتر ئیمبراتۆریەتی نەمسایی-هەنگاری تۆمەت بارئەکا بە دروستکردنی یەکەی ئۆکرانی لە دژی روسیا لە جەنگی جیهانی یەکەم و بەم شێوەیە درز دروست بووە لە نێوان ئۆکرانی و روسەکان، دواتر سەردەمی شەری ناوخۆی روسیا بە هۆکارێکی تر ئەزانێ کە تێیدا بۆ یەکەمجار دەسەلاتی کیێڤ (کۆماری خەلکی ئۆکرانیا)ی دامەزراند، دواتر دێتە سەر قۆناغی دوای سالی 1922 کە تێیدا بەلشەڤیەکان تۆمەتبار ئەکا بە پالپشتی کردن ناوچەگەرایی و دروستکردنی چەندین کۆمار لەناو روسیا لەسەر حیسابی گەلی رووسی، پێی وایە سۆڤیەت هەرسێ میلەتی سلاڤی روسی، ئۆکرانی و بیلاروسی لێکجیاکردۆتەوە.
دواتر باسی ئەو سنور گۆرینانەی نێوان کۆمارەکانی ناو سۆڤیەت ئەکا، بۆ نموونە لە سالی 1954 نیمچە دورگەی قرم لە کۆماری روسیای سۆڤیەتی کراوەتەوە و دراوەتە کۆماری ئۆکرانیای سۆڤیەتی، پێی وایە ئەمە لە کاتی خۆی کێشە نەبووە چونکە یەکێتی سۆڤیەت حوکمەتێکی ناوەندی بووە و ئەم سنوورانە تەنها رەمزی بوونە، بەلام لە سالی 1991 ئەم سنوورانە بوونە سنووری راستی، ئاماژە بە وتەی پارێزگاری سانت پیتیرسبێرگ ئەدا لە سالی 1992 کە ئەلێ (ئەبێ کۆمارەکانی سۆڤیەتی جاران سنوورەکانیان بگەرێننەوە پێش سنورەکانی سالی 1922، واتا پۆتین داگیرکردنی نیمچە دورگەی قرمی لەسەر ئەم بیرکردنەوەیە شەرعیکردووە بۆ خۆی..
دواتر دێتە سەر باسی کێشەکانی ئیمرۆ و باسی خراپی ئاستی گوزەرانی خەلکی ئۆکرانیا ئەکا و باسی ئەو (Deindustrialization) ئەکا کە لەو ولاتە هەیە لە کاتێکی ئۆکرانیا ولاتی پێشەسازیە قورسەکانە، بۆ ئەمەش دەسەلاتی ئیمرۆی ئۆکرانیا تۆمەتبارئەکات.
دواتر دێتە سەر ئەو دژە-رووسیەی کە لە ئۆکرانیا دروست ئەکرێ، دەسەلاتی ئۆکرانی بە نوسینەوەی مێژوو، بە خراپ نیشاندانی رووس، هێرشبردنە سەر زمانی رووسی، سەرهەلدانی نیۆ-نازیەکان و هێرش بردنە سەر هەر شتێک کە میلەتی رووسی-ئۆکرانی ببەستێتەوە.
هەروەها گلەیی لە دورخستنەوەی روسیا ئەکا لە کۆبونەوە رووسی-ئۆکرانی-ئەوروپیەکان، ئەلێت هەمیشە پێمان وتراوە روسیا پەیوەندی بەم دانشتنانەوە نییە و تەنها پەیوەندی بە نێوان ئۆکرانیا و ئەوروپایە، بەم شێوەیە روسیا هەمیشە رەتکراوەتەوە بۆ گفتوگۆ لە لایەن ئەوروپاوە، پۆتین ئەلێت ئۆکرانیا پەلکێشی یاریەکی جیۆپۆلیتیکی مەترسیدار کراوە کە تێیدا رۆلی بەربەستێک ئەبینێ لە نێوان رووسیا و ئەوروپا، چیتر دەستەواژەی (ئۆکرانیا روسیا نییە) هەلبژاردە نییە بەلکوو دەستەواژەی (دژە-رووس) جێی گرتۆتەوە کە بە هیچ شێوەیەکش مایەی قەبوولکردن نییە.
دواتر ئەلێت تەواوی بە دەولەت بوونی ئۆکرانیا لەسەر بنەمای رقبوونەوە لە روسیا دروست بووە، مێژووش سەلماندوێتی ئەم جۆرە دەولەتانە خاوەن سەروەریەکی لەرزۆکن
لە کۆتایەکەی پۆتین ئەلێت “ئێمە ئامادەی بۆ گفتووگۆکردن لەسەر تەواوی کێشە ئالۆزەکان بەلام ئەبێ ئێمە بزانین کە ئۆکرانیا تەنها بەرگری لە بەرژەوەندی خۆی ئەکا نەک دەولەتانی تر کە ئۆکرانیا وەک ئامرازێک دژی ئێمە بەکاردێنن”
لە کۆتا دێر ئەلێت “من یەک شت ئەلێم، روسیا هەرگیز نەبووە و ناشبێتە (دژە-ئۆکرانیا)، ئۆکرانیاش ئەبێتە چی، ئەوە هاولاتیەکانی بریار ئەدات”
تەواوی ئارتیکلەکە پۆتین بە فکرێکی ئایدیالیست و رۆمانتیکی باسی هەردوو گەلی رووسی و ئۆکرانی ئەکا، خوودی خۆم سەرەتا ئەم کێشانەی نێوان رووسیا و ئۆکرانیام تەنها بە ململانێیەکی کلاسیکی ئاسایشی ئەبینی، بەلام کێشەکان زۆر رووی زیاتری هەیە، وەک چۆن سەرۆکی هێزی دەریایی ئەلمانیا وتی (رووسیا رێزی ئەوێت و حەز ناکا دوربخرێتەوە لە کۆمەلگای ئەوروپی) [2]، گرنگتر لەوەش رووسیا نایەوێت ناسنامەی ئۆکرانیا لەسەر بنەمای دژە-رووس دروست بێت، لێرەدا ئەبێت ئەوەمان لەبەرچاو بێت ناسنامە رۆلێکی گرنگی هەیە تەنانەت خودی بابەتی ئاسایش ئەکەوێتە ژێر کاریگەریەوە، لە پەیوەندیە نێودەولەتیەکان ئەکتەرەکان بریاری بەرژەوەندیەکانیان ئەدەن لەسەر بنەمای ئەو ناسنامەیەی نوێنەرایەتی ئەکەن [3]، پۆتینش چاک ئەزانێ چ ناسنامەی ئۆکرانی یان سروشتی پەیوەندیە ئۆکرانی-ئەورپیەکان نابێ لەسەر بنەمای دژبوونی روسیا دروستبێ بەهەمان شێوەی پەیوەندیەکانی ئەورپی-ئەمریکی لە سەردەمی شەری ساردا کە لەسەر بنەمای دژە سۆڤیێت دروست بووبوو.
ئەگەری شەر لەسەر ئاستی نێودەولەتی هەمیشە زۆر نزمە، بەلام کاتێ بابەتەکە لە نێوان رووسیا و کۆمارێکی کۆنی سۆڤیەتە ئەبێ باشتر سەرەنج بدەین جۆرجیا لە 2008 [4] و داگیرکردنی نیمچە دورگەی قرم لە 2014 [5] نموونەی سلنەکردنەوەی رووسیایە لە بەکارهێنانی هێز کاتێک ئەم هێزانە ئەیانەوێت لە رۆژئاوا نزیک بنەوە، لە ئێستایا رووسیا سەروو سەد هەزار سەربازی ناردۆتە سەر سنوورەکانی ئۆکرانیا [6] ئەمەش مەترسیکی راستیە ئەگەر بێت و بە بارودۆخە هاوشێوەکانی رابردوو بەراوردی بکەین و دیدگا ئایدیالیست و رۆمانتیکەکانی خودی ڤلادیمێیر پۆتین لە پیش چێو بگرین.
خوێندنەوەی ئەم ئارتیکلە بەسوودە بۆ پێشبینیکردنی ئاراستەبوونی کێشەکان، هەروەها یارمەتی چارەسەرکردنی کێشەکان ئەکا بە دیپلۆماسی…
بەرای تۆ ئەم ئارتیکلەی پۆتین دیدی راستی پۆتینە بۆ کێشەکان؟
تا چ رادەیەک واقعیەتی هۆکارەکانی کێشەکانمان پێشان ئەدا؟
لە کۆتاییەکەی وام پێ باشە خۆتان ئارتیکلەکەی پۆتین بخوێنەوە کە 22 لاپەڕەیە بۆ ئەوەی لە تەواوی وردەکاریەکانی تێبگەن.
Reference
[1] http://en.kremlin.ru/events/president/news/66181
[2] https://edition.cnn.com/2022/01/23/europe/german-navy-chief-resignation-intl/index.html
.[3] د. پەروێز رەحیم. (2020). ئاسایشی نەتەوەیی و ناسنامە. تاران. ماد. لاپەرە 101
[4] https://www.aljazeera.com/news/2008/8/11/georgia-russia-war-intensifies
[5] https://www.vox.com/2014/9/3/18088560/ukraine-everything-you-need-to-know
[6] https://www.bbc.com/news/world-europe-60158694