باشی و خراپی گێڕانه‌وه‌یه‌ک، په‌یوه‌ندییه‌کی تووندوتۆڵی له‌گه‌ڵ لێهاتوویی شاعیرانه و توانستی ده‌ربڕین و ڕه‌وانبێژی و زانیارییه فۆلکلۆرییه‌کان و زانیارییه‌کانی سه‌رده‌م و هه‌روه‌ها جۆش و خرۆشی ده‌روونیی دواهه‌مین که‌سێک هه‌یه که به‌یته‌که له زمانی وی‌دا بیسراوه و تۆمار کراوه. وادێته پێشچاو که له نێو گێڕانه‌وه‌کاندا گێڕانه‌وه‌یه‌ک باشتر بێت که که‌لتووری گشته‌کی و کۆیی زیاتری هه‌ڵگرتبێت و باشتر بینوێنێته‌وه. ڕه‌نگه بکرێت هه‌ر ئه‌م خاڵه بکه‌ینه پێوه‌ری بڕیاردان و هه‌ڵسه‌نگاندن، نه‌ک دووری و نێزیکی به سه‌رچاوه و سه‌ره‌تا، که بابه‌تێکی ته‌مومژاوی و لێڵ و پێڵه. به هه‌رحاڵ، هه‌میشه هه‌ندێک سه‌ره‌داو و توخم له هه‌موو به‌یته‌کاندا هه‌یه که ده‌کرێت بۆ ناسینی بنه‌ڕه‌تی ڕووداو و ڕه‌خنه و شیکاریی له به‌رچاو بگیرێت و که‌ڵکی لێ وه‌ربگیردرێت وه‌کوو نیشانه ئوستووره‌ییه‌کان، چۆنێتی ده‌سپێک و کۆتایی پێهێنان، توخمه‌کانی ده‌ربڕین، ڕه‌گه‌ز و توخمه‌کانی شوێن و جوگرافییا و ڕه‌هه‌نده خۆجێییه‌کان، ئاهه‌نگ و کێش، هاسه‌نگیی و به‌راوردی کاتی ڕوودانی چیرۆک له‌گه‌ڵ مێژووی حوکوومه‌ته‌کان، ئیماره‌ته‌کان و شارنشینی و…
6- گێڕانه‌وه و لۆژیکی گێڕانه‌وه.
یه‌کێکی دیکه له ڕه‌هه‌نده‌کانی به‌یته‌کان، گێڕانه‌وه‌یه که له‌م ڕووه‌وه، وه‌کوو زۆربه‌ی مه‌نزوومه و هه‌ڵبه‌سته چیرۆکییه‌کانی جیهان ده‌خرێنه ناو چوارچێوه‌ی چیرۆکه‌وه. تیۆریداڕێژهرانی زانستی گێڕانه‌وه‌ناسی (Narratology) ئاوه‌ها پێناسه‌ی چیرۆک ده‌که‌ن؛ (زنجیره ڕووداوانێک که به شێوه‌یه‌کی ئاسایی له‌گه‌ڵ یهکدتر په‌یوه‌ندییان هه‌بێت)، ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه‌ی به‌یت و هه‌روه‌ها هه‌بوونی ژماره‌یه‌ک له توخمه چیرۆکییه‌کانی دیکه له ناو به‌یته‌کان، ئه‌م بوار و ڕه‌واییه ده‌دات به ئێمه که وه‌کوو چیرۆکه کوردییه‌کانیش ڕه‌خنه و هه‌ڵسه‌نگاندن و لێکدانه‌وه‌یان بۆ بکه‌ین.
گێڕه‌ره‌وه‌ی به‌یتێک ته‌نها به‌یتبێژ نییه به‌ڵکوو له زمانی چه‌ند که‌سایه‌تیشه‌وه دێته ده‌نگ و که‌ڵك و یارمه‌تییان لێ وه‌رده‌گرێت و هه‌ر به‌شێکی ڕووداو و سهرگوروشتهکه له ڕێگه‌ی دیالۆگی نێوان که‌سایه‌تی وکارئهکتهرهکانهوه ده‌چێته پێشه‌وه و ده‌خرێته ڕوو.
وتمان که گێڕانه‌وه یه‌کێک له بنه‌ماییترین ڕه‌هه‌ند و لایه‌نه‌کانی به‌یته، به‌ڵام ده‌بێت ئاگادار بین و سه‌رنجی ئه‌مه‌ش بده‌ین که گێڕانه‌وه‌ی به‌یت لۆژیکی تایبه‌تی خۆی هه‌یه. زۆرێک له ڕووداوه‌کان و کرده‌وه و هه‌ڵسوکه‌وتی کارئه‌کته‌ر و که‌سایه‌تییه‌کان، به بێ لۆژیکی باوی چیرۆک‌نووسی، به‌دوای یه‌کدا دێن. ئایا ئه‌مه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ پێشینه‌ی دوورودرێژی به‌یت یان هۆکاره‌که ئه‌وه‌یه که به‌یته‌کان هه‌ندێ ئه‌ڵقه و پاژی نادیار و ونبوویان هه‌یه؟ ده‌شێت بڵێین؛ ده‌بێت وه‌کوو ئوستووره‌کان چاو له به‌یتیش که‌ین واته له ئوستووره‌کاندا به‌هه‌مان شێوه که هه‌موو شتێک ده‌توانێت هۆکاری به‌دیهاتنی هه‌موو شتێك بێت له به‌یته‌کانیش به هه‌مان شێوه‌یه. نابێ ئه‌و چاوه‌ڕوانییه‌مان له به‌یت هه‌بێت جۆرێک لۆژیکی گێڕانه‌وه‌یی ئه‌مڕۆییانه‌ی تێدا بێت چونکه گێڕانه‌وه‌ی سه‌رده‌مێکه که خودی ژیانیش زانستیانه و چوارچێوه‌دار و پێوهرتهوهر نه‌بووه و خه‌ڵک به دید و چاوێکی لۆژیکییه‌وه چاویان له ئاریشه و ڕووداوه‌کان نه‌کردووه. بێگومان له سه‌رده‌مانی دوور خه‌ڵک باوه‌ڕیان به‌م گێڕانه‌وه‌یانه هه‌بووه و به ده‌گمه‌ن که‌سێک هه‌ڵده‌که‌وت به شوێن شیکاریی لۆژیکانه‌ی ڕووداوه‌کان بووبێت. به هه‌مان شێوه که ئامانجی کۆتایی ئه‌ده‌ب(کاریگه‌ری)یه، بنه‌ڕه‌ت و بنه‌مای سه‌ره‌کیی بهیتبێژیش کاریگه‌ریی چیرۆک و ڕووداو له زه‌ین و یاده‌وه‌ری گوێگره و زه‌ینییه‌تی خه‌ڵک و زۆرینه‌ی جه‌ماوه‌ر بۆ وه‌رگرتن و قبووڵکردنی ئاوه‌ها گێڕانه‌وه‌گه‌لێک به ته‌واوه‌تی ته‌یار و ئاماده و له‌سه‌رپێ بووه و دروست و ڕه‌وا نییه هه‌نووکه لۆژیکی پێچراوه‌ی ئاماده و نوێی چیرۆک‌نووسی به‌سه‌ر لۆژیکی گێڕانه‌وه‌یی به‌یتدا بسه‌پێنین.
7-خۆشخوان(به‌یتبێژه‌کان).
له هونه‌ری به‌یتبێژی یان بهیتخوێنیدا گێڕانه‌وه‌ی شاره‌زایانه و وه‌ستایانه‌ی ڕووداوێکی کۆمه‌ڵایه‌تیی که هه‌وراز و نشێوی مێژوویی کورده‌کان پیشان بدات، بایه‌خێکی زۆری هه‌یه. به تایبه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌مان له پێش چاو بێت که گێڕه‌ره‌وه که‌سێکی خوێنه‌وار نییه که له ڕێگه‌ی خوێندنه‌وه و کتێبخوێندن و نووسین تایبه‌تمه‌ندی و زه‌مینه‌ی ئاوه‌ها ئاخاوتن و ده‌ربڕینێک له هه‌ناویدا به‌دی هاتبێت و له شێوازی چیرۆکبێژیدا پسپۆڕی و لێهاتوویی په‌یدا کردبێت و بتوانێت به‌دواداهاته‌کانی ژیانی که‌سایه‌تییه‌کان له به‌یتدا به تواناییه‌کی به‌رچاو لێک بداته‌وه و شیکاریی بۆ بکات و دواتر هێڵه گشتییه‌کانی ده‌ستنیشان بکات. خۆشخوانه‌کان له ڕاستیدا ته‌نها و ته‌نها له سۆنگه‌ی سه‌فا و زه‌ینڕوونی خۆیان، بیروڕا دره‌وشاوه و به‌رزه‌کانیان خستۆته ناو چوارچێوه و فۆرمی به‌یته‌وه.
ئه‌وان مێژوونووسان، پارێزه‌ران و گێڕه‌ره‌وه‌کانی مێژوو، دابونه‌ریت و بیره‌وه‌ریی نه‌ته‌وه‌یی خه‌ڵکه‌که‌ی خۆیانن و ئه‌م سامانه کهلتوورییهیان وه‌کوو گه‌وهه‌رێکی دره‌وشاوه ڕاده‌ستی ئێمه کردووه و به ئێمه‌یان سپاردووه. ده‌بێت ئه‌وان به دواهه‌مین پاشماوه‌کانی نه‌ریتی ده‌نگبێژی بزانین که له‌سه‌ر کۆڵه‌که‌ی گێڕانه‌وه زاره‌کییه‌کان باڵایان کردووه و وه‌کوو گێڕه‌ره‌وه‌ی نه‌ریت و به‌ها نه‌ته‌وه‌یی و ئیتنیکییه‌کان و هه‌روه‌ها وه‌کوو سهرپلبێژ(بدیههسرا)ه‌کان، ناچار بوون یاده‌وه‌رییه‌کی به‌هێزیان هه‌بێت و له‌سه‌ر شێوازه‌کانی ده‌ربڕین و ئاهه‌نگه تایبه‌ته‌کان زاڵ بن. خۆشخوان جیایه له شاعیر؛ ئه‌و به زۆری ده‌نگبێژه و چیرۆک و هه‌ڵبه‌سته‌کان به ئاوازه‌وه ده‌بێژێت، به هه‌مان شێوه که شایه‌ر و ده‌نگبێژه که‌ونینه‌کان ئاوه‌ها ڕۆڵێکیان هه‌بووه. ئه‌وان له‌سه‌ر گێڕانه‌وه و ته‌وسیفی تایبه‌تمه‌ندی و سه‌رگوروشته‌ی پاڵه‌وانه‌کان، شاره‌زایی و لێهاتووییه‌کی ته‌واویان هه‌بووه و توانیویانه ڕووداوه مێژوویی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان به زمانی به‌یت بڵێنه‌وه. تامه‌زرۆیی و حه‌زی له‌ڕاده‌به‌ده‌ری ئه‌وان بۆ هونه‌ره‌که‌یان هه‌ندێ جار وای لێده‌کردن به مانگ و ته‌نانه‌ت ساڵانێک به شوێن به‌یتبێژێکی ناودار له گوندێکه‌وه بۆ گوندێک و له ناوچه‌یه‌که‌وه بۆ ناوچه‌یه‌کی دیکه بڕۆن چونکه به‌یتبێژه ناوداره‌کان له شه‌ش مانگه‌ی دووهه‌می ساڵدا ناوچه به ناوچه به گونده‌کاندا ده‌گه‌ڕان و به‌سه‌ریان ده‌کردنه‌وه و له هه‌ر گوندێکدا یه‌ک دوو شه‌ویان به به‌یتبێژی تێده‌په‌ڕاند و قوتابی و فێرخوازێکی تازهکار که به یه‌ک جار بیستنی به‌یت نه‌یده‌توانی به‌یته‌که له یاده‌وه‌ریدا هه‌لگرێت ناچار ده‌بوو شوێن مامۆستاکه‌ی که‌وێت و له‌گه‌ڵی بڕوات.
له سه‌رده‌مانی کۆن، خان و حاکمه‌کان به‌یتبێژ و حهکایهتخوانیان هه‌بوو و مووچه‌یه‌کی مانگانه یان ساڵانه‌یان (که زیاتر به شێوه‌ی که‌لوپه‌ل یان گه‌نم و ده‌خڵ و دان بووه) ده‌دانێ. به‌یتبێژ هه‌وڵی ده‌دا منداڵه‌کانیشی فێری به‌یتبێژی بکات چونکه هونه‌ره‌که‌ی مایه‌ی ژیان و بژێویش بووه، به‌ڵام ئه‌مڕۆکه به هۆکارانی زۆروزه‌به‌ند له‌وانه‌ش پێشکه‌وتنی ته‌کنه‌لۆژی له بواری ده‌نگ و ڕه‌نگ و هه‌وره‌ها گۆرانکاریی پێکهاته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، که‌س هه‌وڵی دابینکردنی بژێوی ژیان له ڕێگه‌ی بهیتبێژییهوه نادات. دیاره که ژنان و پیاوانی به‌یتبێژ له هه‌لومه‌رج و بارودۆخی سه‌رده‌مانی کۆندا به‌هۆی که‌مبوونی ئامێر و ئیمکانیاتی کات به‌سه‌ربردن، پێگه‌یه‌کی تایبه‌تیان هه‌بووه و به‌پێی هه‌لومه‌رج و دۆخ له دیوه‌خانی خان، مزگه‌وتی گونده‌کان، قاوه‌خانه‌کانی شار و مه‌جلیسه‌کانی به‌زم و ڕه‌زم و کار به ده‌نگی خۆش به‌یته‌کانیان ده‌خوێند و ده‌یانوته‌وه. له‌باره‌ی چۆنێتی حاڵ و ڕۆژگار و پێگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تییان له کۆمه‌ڵگادا، پێشه‌کییه‌ک که مامۆستا (هێمن) له سه‌ر توحفه‌ی موزه‌فه‌رییه نووسیویه‌تی سه‌رنجڕاکێشه و جێگه‌ی تێڕامانه.
ده‌کرێ له به‌یتبێژ و خۆشخوانه ناوداره‌کان ئاماژه به (عه‌لی که‌ردار، عه‌لی به‌رده‌شانی، ڕه‌حمان به‌کر موکریانی، فه‌قێ ته‌یران، عه‌باس مهربووکران، محه‌مه‌د خه‌زاڵی، هه‌ڵکه‌تی، خڕناڵ، حسه‌ین شه‌شه، کاک حه‌مه‌دی ئاغا و ڕه‌سووڵ مینایی) بده‌ین. زۆربه‌ی ئه‌م هونه‌رمه‌ندانه زیندوو نین و سهرگوروشتهیان زیاتر تێكه‌ڵی ئه‌فسانه بووه.
8-به‌یتبێژه‌کان، ڕۆژهه‌ڵاتناسان و تۆژه‌ران.
به‌پێی سه‌رچاوه به‌رده‌سته‌کان، یه‌که‌مجار ئۆسکارمانی ئاڵمانی به گرینگی و بایه‌خی به‌یتی زانیوه. ئه‌و له ساڵی 1903 یان 1904 هاتووه‌ته مه‌هاباد و دوای ناسیاوه‌تی له‌گه‌ڵ دونیای قووڵ، ڕازاوی و پڕ سۆز و خرۆشی به‌یته کوردییه‌کان -له ڕێگه‌ی وه‌رگێڕان- بڕیاری دا خۆی فێری کوردی ببێت تاکوو له جوانیی و شیرینیی ده‌ربڕینی ڕاسته‌وخۆی به‌یته‌کان تێبگات. هه‌ر بۆیه تامه‌زرۆیانه له میرزا جه‌واد، مه‌لایه‌کی گه‌نج که تۆزێک ئینگلیزیی ده‌زانێ، یارمه‌تی وه‌رگرت و له ماوه‌ی ساڵ و نیوێک زاراوه‌ی کوردیی ناوچه‌ی موکریان به باشی فێربوو. پاش ئه‌وه به‌یته‌کانی به شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ له به‌یتبێژێک به ناوی (ڕه‌حمان به‌گی موکریانی) ده‌بیست و به شێوه‌ی ئاوانووسیی لاتین ده‌ینووسییه‌وه. له گه‌ڕانه‌وه‌یدا بۆ ئاڵمان، میرزا جهوادیشی له‌گه‌ڵ خۆی برد و 17 به‌یت و 6 چیرۆکی له‌گه‌ڵ ڕێزمانی کورتی کوردی به زمانی ئاڵمانی له ژێرناوی (زاراوه‌ی کوردانی موکری) به بێژه و نووسینی لاتین له ساڵی 1906 له به‌رلین بڵاو کرده‌وه. له پێشه‌کییه‌کی کورتی فارسی‌دا که له‌سه‌ر کتێبه‌که نوسیویه‌تی، ئه‌م کتێبه‌ی به‌هۆی سه‌رنج و بایه‌خدانه تایبه‌ته‌کانی موزه‌فه‌ره‌دین شا به (توحفه‌ی موزه‌فه‌رییه) ناوزه‌د کردووه. له ساڵی 1353ی کۆچی هه‌تاویی- 1974ی زاینی(مامۆستا هێمن) به ڕێنووسی کوردی پێداچوونه‌وه‌یه‌کی نوێی به ڕێنووسی کوردی له نوسخه‌ی سه‌ره‌کیی کتێبه‌که خسته به‌رده‌ست.
له ڕۆژهه‌ڵاتناسان و تۆژه‌ره بیانییه غه‌یری کورده‌کان که له‌باره‌ی به‌یته‌کان هه‌ندێ توێژینه‌وه‌یان کردووه یان به‌رهه‌میان هه‌یه ده‌توانین ئاماژه به‌مانه بده‌ین؛ ڕۆژێ لێسکۆ، ڕودینکۆ، مافون لوکووک، واسیلی نیکیتین، ئهبوودییان، ئه‌له‌کسانده‌ر ژابا، ئوژین پریم، ئا‌لبێرت سوون، ماکاس، ئێس، ویکاندێر، دی، ئێن، مه‌کنزی، ئا، ئیم. ڕووسێل، ئا. بروونێل، سووتسین، ڕ. پ، تووماس، بویس، مینورسکی و… . سه‌ره‌ڕای ئه‌م تۆژه‌ره بیانیانه، کورده‌کانی ڕۆژهه‌ڵات، باکوور، باشوور، ئه‌رمه‌نیستان، ڕۆژئاوا، ڕووسیا و… له‌م بواره‌دا هه‌ندێک هه‌وڵیان داوه که ده‌توانین ئاماژه به‌م ناوانه بکه‌ین؛ ڕه‌وانشاد هێمن، قادر فه‌تاحی قازی، ئه‌حمه‌د به‌حری، عوبه‌یدوڵڵا ئه‌یووبییان، عه‌زیز ئیبراهیمی، عه‌لی خزری، سه‌ید محه‌مه‌د سه‌مه‌دی، پرۆفیسۆر قه‌ناتی کوردۆ، پرۆفیسۆر جاسمی جه‌لیل، جه‌میله جه‌لیل، حاجی جوندی، عاره‌ب شامیلۆڤ(شه‌مۆ)، چاچان میرۆ ئه‌سعه‌د، عه‌سکه‌ر باکوو، عه‌سکه‌ر شامیلوو، زوموڕد شه‌فیع ئاوا، ئه‌میر کامه‌ران به‌درخان، ئای ئاودال و ده‌یان تۆژه‌ری به‌ڕێزی دیکه.
سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌مانه، هه‌موو ئه‌وه‌ی تاکوو ئێستا له‌باره‌ی به‌یته‌کان له لایه‌ن ڕۆژهه‌ڵاتناسان و تۆژهرانهوه نووسراوه و تۆمار کراوه، بۆ که‌سێک که بیه‌وێت شتێک له‌م باره‌یه‌وه بنووسێت له به‌رده‌ست نییه چونکه زۆرێک له‌م به‌رهه‌مانه ته‌نانه‌ت وه‌رنه‌گێڕدراون یان چاپ نه‌کراون. سه‌رباری ئه‌مانه‌ش ئه‌وه‌ی تاکوو ئێستا له ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی کوردستان له نووسینه‌وه‌ی به‌یته‌کان یان له‌چاپدان و وه‌رگێڕانیان کراوه زیاتر له 50 به‌یته، له حاڵێکدا ئه‌وه‌ی که تا ئێسته چاپ نه‌کراوه هێنده زۆره هه‌ر به‌راورد ناکرێت. (ده‌قی زۆربه‌ی ئه‌م به‌یتانه{چاپکراوه‌کان} ده‌کرێت له کۆمه‌ڵه و به‌رهه‌مه‌کانی تۆژه‌رانی خواره‌وه ببینرێته‌وه. ئۆسکارمان(له توحفه‌ی موزه‌فه‌رییه، 17 به‌یت)، عه‌بدوڵڵا ئه‌یووبیان(چریکه‌ی کوردی، ته‌ورێز 1961ی زاینی.، چریکه‌ی خه‌ج و سیامه‌ند)، قادر فه‌تاحی قازی( میهر و وه‌فا، شێخی سه‌نعان، بارام و گوڵه‌ندام، شۆڕ مه‌حموود و مه‌رزینگان، شێخ فه‌رخ و خاتوون ئه‌ستێ، سه‌عید و میر سه‌یفه‌دین به‌گ، هه‌موویان له لایه‌ن کۆلیژی ئاداب و زانسته مرۆییه‌کانی ته‌ورێز بڵاو کراونه‌ته‌وه). پیره‌مێرد(دوانزه سواره‌ی مه‌ریوان، چاپی سلێمانی، عێراق 1935ی زاینی)، گیوی موکریانی(زه‌نبیلفرۆش، هه‌ولێر، عێراق 1967ی زاینی.)، موکری(بیژه‌ن و مه‌نیژه، پاریس 1966ی زاینی.)، جگه‌رخوێن(به‌سه‌رهاتی سێوهداری، دیمه‌شق، 1965ی زاینی.)، خوندی، سوتسین، بویس، مینورسکی، که‌یوان پوور موکری، ئه‌میر کامه‌ران به‌درخان، هێربێرت ئونه‌ل، دێفال گایل رووله، ژۆیس بلاو و…) له بواری لێکۆڵینه‌وه و لێکدانه‌وه‌ی به‌یته‌کان تاکوو ئێستا هه‌ر ده‌قه‌کانیان بڵاو بوونه‌ته‌وه و هیچ کارێکی شیکارانه و لێکدانه‌وه‌یه‌ک له‌سه‌ریان نه‌کراوه و…؛ هه‌ڵبه‌ت دوو به‌رهه‌می جێگه‌ی سه‌رنج له ژێر ناوه‌ی (ژیله‌مۆ) له لایه‌ن عه‌زیز وه‌لیانی و ئه‌وی دیکه (پێکهاته‌ی به‌یتی کوردی) له لایه‌ن ڕه‌هبه‌ر مه‌حموودزاده‌وه که‌وتوونه‌ته به‌رده‌ست.
سه‌ره‌ڕای ئه‌و باسانه‌ی کران هه‌ندێک له به‌یته‌کان به ته‌واوی بوونه‌ته ڕۆمان و شێوه‌ی ڕۆمانیان وه‌رگرتووه وه‌کوو ڕۆمانی (دمدم) له نووسینی “عاره‌ب شامیلۆڤ” و هه‌ندێک له‌وانه‌ش به شێوه‌یه‌کی ناشاره‌زایانه و ناته‌واو کراون به چیرۆکی فۆلکلۆرئامێز و هه‌ندێکیش له قه‌واره‌ی شیعر نۆژه‌ن کراونه‌ته‌وه و هۆنراونه‌ته‌وه به‌ڵام جگه له ژماره‌یه‌کی زۆر که‌م له‌م به‌رهه‌مانه زۆربه‌یان به شێوه‌یه‌کی ناشاره‌زایانه و ناپسپۆڕانه و ته‌نها له ڕووی دڵسۆزییه‌وه نووسراونه‌ته‌وه. ئه‌م کاره وه‌کوو ئه‌وه وایه که په‌یکه‌رێکی که‌ونینه‌ی گرانبه‌ها وردوخاش بکرێت و دواتر له خۆڵ و خاشاکه‌که‌ی په‌یکه‌رێکی نوێ دروست که‌ین و بانگه‌شه‌ی ڕه‌سه‌نایه‌تی و سه‌ره‌کیبوونی بۆ بکه‌ین.
له نێو ئه‌و شاعیرانه‌ی که به‌یته‌کانیان کردووه به ده‌ستمایه‌ی ئیشی خۆیان، (ئه‌حمه‌دی خانی) یه‌کێک له دره‌وشاوه‌ترین ئه‌ستێره‌کانی ئاسمانی ئه‌ده‌بی کوردییه که له سه‌ده‌ی یازده‌یه‌می کۆچیی هه‌تاوی(1601ی هه‌تاوی یان 1650ی زاینی) له شاری بایه‌زیدی باکووری کوردستان له‌دایک بووه. جگه له وشه‌دانه‌کان و بنه‌ماکانی باوه‌ڕه‌کانی، گرینگ‌ترین به‌رهه‌می مه‌سنه‌وی یان دووتاکیی (مهم و زینه) که وه‌کوو شاکاری ئه‌ده‌بیی کورد ناسێنراوه و وه‌رگێڕدراوه‌ته سه‌ر چه‌ندین زمان له‌وانه ڕووسی، ئاڵمانی و عه‌ره‌بی و چاپ و بڵاو کراوه‌ته‌وه. یه‌که‌م جار (ئوژین پریم) و (ئا‌لبێرت سوون) له ساڵی 1890ی زاینی له ژێر ناوی (کۆمه‌ڵه چیرۆک و شیعری کوردی) وه‌ریانگێڕایه سه‌ر زمانی ئاڵمانی. له نێو شاعیرانێک که له به‌یته‌کان ئیلهامیان وه‌رگرتووه ته‌نها خانی توانیویه‌تی به‌یتی مهم و زین بکات به شاکارێکی شیعری، به‌م حاڵه‌شه‌وه به‌هۆی ئه‌وه‌ی که به‌یت خاوه‌نی شێوه‌ی هۆنینه‌وه و شیعریی تایبه‌ت به خۆیه و جوانیناسی و ناسککاریی تایبه‌تی خۆی هه‌یه له گۆڕان و گواستنه‌وه‌ی بۆ سه‌ر کێشی عه‌رووز “ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر زمانه‌که کوردیش بێت” ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانه له‌ناو ده‌چێت. خان‌یش ته‌نانه‌ت نه‌یتوانی به ته‌واوه‌تی هه‌موو ڕه‌هه‌ند و لایه‌نه جوانه‌کانی فۆلکلۆریکی ئه‌م به‌رهه‌مه بپارێزێت و له شیعردا بیگونجێنێت. ئه‌و به ناچاریی ڕه‌هه‌نده زاتی و جه‌وهه‌رییه‌کانی به‌یتی کرده قوربانیی ته‌کنیک و فیگور و سه‌نعه‌ته شیعری و عه‌رووزییه‌کان و هه‌روه‌ها بارودۆخی سیاسیی شوێن “کاتیانه‌ی خۆی و به دڵنیاییه‌وه ئه‌مه ڕوونه که هه‌موو وێنه و خوازه و چواندنه دهکارچووهکان له به‌یتدا” که زمان و هه‌روه‌ها کێشی تایبه‌تی خۆی هه‌یه، ناکرێت بخه‌ینه نێو قاڵب و چوارچێوه‌ی به‌رته‌سک و ته‌نگی کێش و سه‌روای عهروزییهوه و له هه‌مان کاتدا شکۆ و درهوشاوهییشی بپارێزرێت. مه‌به‌ست ئه‌وه نییه ئاوه‌ها کارێک جێبه‌جێ ناکرێت به‌ڵام به‌هه‌ر حاڵ ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ هه‌موو شکۆ و جوانیی به‌یت له به‌رهه‌مێکی عه‌رووزیدا پیاده بکرێت، توانایی و لێهاتووییه‌کی زۆری ده‌وێت. زۆرترین و زیاترین که‌ڵکه‌ڵه‌ی شاعیری عه‌رووزی جوانیی فۆرمه نه‌ک پاراستنی وشه ڕه‌سه‌نه‌کان، ده‌سته‌واژه تایبه‌ته‌کان و ورده‌کارییه‌کانی ده‌قه سه‌ره‌کییه‌که. دروسته که مهم و زینی خانی شاکارێکی ئه‌ده‌بییه و له چاخی خۆیدا بوو به هۆی شۆڕشێک له ئه‌ده‌بی کوردی‌دا به‌ڵام بۆچی به ڕاده‌ی شیاو له ناو خه‌ڵکدا جێی نه‌گرت و ئه‌وان هێشتا به‌یته ڕه‌سه‌نه‌کان و شێوه‌ی تایبه‌تی شیعریی به‌یته‌کان په‌سه‌ند ده‌که‌ن نه‌ک به‌رهه‌مێکی عه‌رووزیی وه‌کوو مهم و زینی خانی؟
9-دیاریکردنی ژانێری ئه‌ده‌بیی به‌یت.
به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌کانی هه‌ر زمانێک به‌پێی ناوه‌رۆک له سه‌رده‌می ئه‌ره‌ستوو به‌م لاوه به سه‌ر چوار به‌شی حیماسی، لیریک، ئامۆژگارانه و دراماتیک پۆلینبه‌ندی کراون و به ژانێره‌کان یان چه‌شنه ئه‌ده‌بییه‌کان (Literary Genres) ناوزه‌دیان کردوون. ئه‌مڕۆکه ژانێرگهلی لاوه‌کی زۆر هه‌یه چونکه به پۆلێنبه‌ندیکردنی به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌کان به تێڕوانینێکی زانستیی ئه‌مڕۆییانه، له‌گه‌ڵ له‌دایکبوونی ژانێره‌کان و پۆلێنبهندیکردنێکی نوێ به‌ره‌وڕووین. له پۆلێنبه‌ندیکردنی چه‌شنه ئه‌ده‌بییه‌کان له ڕووی ناوه‌رۆک و کاکڵ و ماتریاڵه‌وه، جیاوازیی فۆرم و قالیب و چوارچێوه ئه‌ده‌بییه‌کان تۆفیر و کاریگه‌رییه‌کی ئه‌وتۆی نییه وه‌کوو چۆن بۆ نموونه حه‌ماسه یان شیعری ئامۆژگارانه که له ڕووی جیاوازبوونی بابه‌ت و مانا سه‌ر به دوو جۆری جیاوازی ئه‌ده‌بین به‌ڵام له قالیب و چوارچێوه‌یه‌کی تایبه‌تدا کورت نابنه‌وه به شێوه‌یه‌ک که له ئه‌ده‌بی فارسی و کوردی‌دا له فۆرم و قالیبهکانی قه‌سیده، دووتاکی(مپنوی) و…ده‌کرێت بابه‌ت و ناوه‌رۆکی حه‌ماسی یان ئامۆژگاریانه‌یان هه‌بێت و هه‌ڵگری ئه‌م ناواخنانه بن. به‌ڵام ژانێری به‌یتی کوردی؛ به‌یتی مهم و زین ئه‌گه‌رچی گێڕانه‌وه‌یه‌کی عاشقانه ده‌خاته ڕوو به‌ڵام له زۆر شوێنی‌دا قسه‌ی نه‌سته‌ق و حیکمه‌ت و ئامۆژگاریش هاتووه؛ زه‌نبیلفرۆش (که تا ڕادیه‌ک وه‌کوو چیرۆکی یووسف و زوڵه‌یخا به‌ڵام به‌ژانتره) ناوه‌رۆکێکی عیرفانیی هه‌یه به‌ڵام لێوانلێویشه له بابه‌تی حه‌کیمانه و فه‌لسه‌فی(ژانێری ئامۆژگارانه). جولهندی و دمدم به به‌یتگه‌لی حه‌ماسی ده‌زانین، به‌ڵام له‌وانه بابه‌تی لیریک و ئامۆژگارانهش به‌دی ده‌کرێ. زۆربه‌ی به‌یته‌کان له هه‌ر چه‌شنێکی ئه‌ده‌بی تایبه‌تمه‌ندییه‌کیان له خۆیاندا هه‌ڵگرتووه. هه‌ر بۆیه ده‌کرێت به‌م ئه‌نجامه بگه‌ین که به‌یت فۆرم و قالیبێکه به یه‌ک ناوه‌رۆک یان ته‌وه‌ری سه‌ره‌کیی زاڵ که بابه‌ت و ناوه‌رۆکه لاوه‌کییه‌کانیش له په‌راوێزیدا ده‌گونجێندرێن به هه‌مان شێوه که زۆربه‌ی به‌رهه‌مه گه‌وره ئه‌ده‌بییه‌کانی وه‌کوو حه‌ماسه‌ی فیرده‌وسی و مه‌سنه‌ویی مه‌ولانا…هه‌ن. ناکرێت به‌یته‌کان له چوارچێوه‌ی ژانێرێکی دیاریکراو کورت بکه‌ینه‌وه. سه‌ره‌ڕای ئه‌م خاڵه (شیعر و ئه‌ده‌بی فۆلکلۆر به شێوه‌ی گشتی…خۆی ده‌توانێت وه‌کوو چه‌شنێکی سه‌ربه‌خۆ بخرێته ڕیز و خشته‌ی چه‌شنه ئه‌ده‌بییه‌کانی زمانێک و لێک بدرێته‌وه و شیکاری بکرێت.) له‌م ڕوانگه‌یه‌وه به‌یته‌کانیش که وه‌کوو به‌شێک له به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه فۆلکلۆرییه‌کان حسێبیان بۆ ده‌کرێت (له بازنه‌ی ئه‌ده‌بی فۆلکلۆری کوردی) ده‌بێت وه‌کوو ژانێرێکی سه‌ربه‌خۆ بکه‌ونه به‌ر خوێندنه‌وه و موتاڵاو و شیکاری.
10-ڕێکاره‌کان و پێشنیاره‌کان.
ئێستاکه که تا ڕاده‌یه‌کی که‌م له‌گه‌ڵ دونیای پان و به‌رینی به‌یت ناسیاوهتیمان په‌یدا کرد، ده‌بێ چ بکه‌ین؟ بۆ لێکدانه‌وه و ناسینی باشتری چ ڕێکار و ڕێگهچارهگهلێکمان له‌به‌رده‌مه؟ له چ گۆشهنیگاگهلێکهوه ده‌بێت چاویان لێبکه‌ین و له کام بوار و به‌ستێنه‌کانی ئه‌ده‌ب و زانستهکانی دیکه‌دا بیخه‌ینه به‌ر باس‌وخواس و شیکاری؟ به خوێندنه‌وه و موتاڵای کتێبه‌کان و سه‌رچاوه به‌رده‌سته‌کانی نووسه‌ر و هه‌روه‌ها وتووێژ له گه‌ڵا مامۆستایان و تۆژه‌رانی به‌ڕێز که توانرا پردێکی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵیان هه‌ڵبه‌سترێ، ده‌کرێت به شێوه‌یه‌کی گشتی باسه‌کانی خواره‌وه به نیسبه‌ت لێکدانه‌وه و ناسینی زیاتری به‌یت بخه‌ینه ڕوو:
یه‌که‌مین هه‌نگاو له‌م بواره‌دا، تۆمارکردن و کۆکردنه‌وه و له‌چاپدانی به‌یته‌کانه. به‌یت به‌رهه‌مێکی زاره‌کی و فۆلکلۆریکه و مۆمی ته‌مه‌نی دواهه‌مین به‌ره‌ی به‌یتبێژان ڕوو له کوژانه‌وه‌یه و وا ده‌رده‌که‌وێت که به تێپه‌ڕینی کات و مردنی هه‌ر کامه‌یان، ده‌یان به‌رهه‌می ناوازه و بێ وێنه له کیس ده‌ده‌ین. تا کاتێک که هه‌موو به‌یته به‌جێماوه‌کان له کۆنه‌وه تاکوو ئێستا و گێڕانه‌وه جیاوازه‌کان له هه‌ر به‌یتێکمان له‌به‌رده‌ست نه‌بێت، ناتوانین داوه‌ری و بڕیاردانێکی دروستمان له‌باره‌یانه‌وه هه‌بێت. دوای ئه‌وه نۆره‌ی پۆلێنبه‌ندیکردنی ئه‌م به‌رهه‌مانه‌یه چونکه به‌ڵگه و به‌رهه‌مه‌کان به‌بێ پۆلێنبهندیکردن جگه له کۆمه‌ڵێک زانیاریی که تووشی سه‌رلێشێواویمان ده‌که‌ن، هیچی دیکه نین. وادێته پێش چاو که کاری سه‌ره‌کیی تۆژه‌ر لێره‌وه‌ڕا ده‌ست پێده‌کات یان ئه‌و کاته‌ی که به‌یته‌کانی به هه‌موو گێڕانه‌وه‌کان له پۆلێنبهندیگهلی جۆراوجۆر له‌به‌رده‌ستدا بێت. پۆلێنبه‌ندیی به‌یته‌کان ده‌کرێت له ڕوانگه‌گه‌لی جۆراوجۆره‌وه بێت له‌وانه له ڕوانگه‌ی شیعری، چیرۆک، مۆسیقا، پێشینه، ناوه‌رۆک و… .
پاش پۆلێنبه‌ندی له لێکدانه‌وه‌ی هه‌ر پۆل و ده‌سته‌یه‌کدا ده‌کرێت له‌م بوارانه‌دا لێکۆڵینه‌وه بکرێ؛ له ڕوانگه‌ی شیعرییه‌وه به‌یته‌کان ببینین و ڕوونی که‌ینه‌وه که ئایا به‌یت شیعره؟ ئه‌گه‌ر شیعره له سه‌ر چ کێش یان کێشگهلێکه؟ ئایا کێشی بڕگه‌ییه؟ ئایا ده‌شێت کێشه کۆنه‌کانی پێش ئیسلامیان تێدا بدۆزرێته‌وه؟ و به شێوه‌ی گشتی هه‌ر شتێک له بواری لێکدانه‌وه‌ی شیعردا له‌گه‌ڵی به‌ره‌وڕووین وه‌کوو چواندنهکان، خوازه‌کان، تهمسیلهکان، داهێنانی هونه‌ریی به‌یتبێژه‌کان، کاریگه‌رییان له سه‌ر شیعری نوێ و… . له ڕوانگه‌ی چیرۆکنووسییه‌وه هه‌ڵیان سه‌نگێنین و توخم و ڕه‌گه‌زه چیرۆکییه‌کانی وه‌کوو ناوه‌رۆک یان تێم، گه‌ڵاڵه، کارئه‌کته‌ر، گۆشه‌نیگا یان گێڕه‌ره‌وه، فه‌زا، وتووێژ، ململانێ، له‌حن، شێواز و گرینگتر له هه‌موو ئه‌مانه گێڕانه‌وه له به‌یته‌کاندا لێک بده‌ینه‌وه و ڕوونی که‌ینه‌وه.
له ڕوانگه‌ی ڕێباز و ڕه‌وته ئه‌ده‌بییه‌کانه‌وه له سه‌ریان بکۆڵینه‌وه و له‌باره‌ی سه‌رچاوه‌ی به‌دیهاتنیان، کاریگه‌رییان له‌سه‌ر نه‌ته‌وه دراوسێکان و کاریگهریوهرگرتنیان له نه‌ته‌وه‌کانی دیکه، لێکچونه‌کان و جیاوازییه‌کانیان له‌گه‌ڵ مه‌نزوومه فۆلکلۆرییه جیهانییه‌کان، مێژوو و توخمه مێژووییه‌کان، پانتا و به‌ستێنی جوگرافی، کاریگه‌ریی هۆکاره جۆراوجۆره‌کان و ڕه‌سه‌نایه‌تی و جیاوازیی زمانی گێڕانه‌وه‌کان، کات و شوێنی به‌دیهاتن و هۆنینه‌وه‌یان، قۆناغ و سه‌رده‌مه‌کانی بره‌و سه‌ندن و لهبرهوکهوتن، ژیاننامه‌ی خۆشخوانه‌کان و ڕۆڵیان له پاراستنی ئه‌م به‌رهه‌مانه، تهوسیفهکانیان، سرووشت و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له به‌یته‌کان، به‌ربڵاوبوونی خه‌زێنه‌ی وشه کۆن و ڕه‌سه‌نه‌کان، ناوه‌رۆک و کاکڵ، ده‌سته‌واژه‌کان، جوانییه‌کان و ناسککارییه ئه‌ده‌بییه‌کان، به‌ها و نرخی ئه‌ده‌بی و ڕێزمانیی هه‌رکامه‌یان، ڕۆژهه‌ڵاتناسان و تۆژه‌ران و به‌یته‌کان،
کتێبناسیی(بیبلۆگرافیای) به‌یته‌کان، چوارچێوه زمانی و زاراوه جیاوازه‌کان، مه‌ته‌ڵه‌کان، هێما و سیمبوله‌کان، ناوی که‌سایه‌تی و شوێنه‌کان، ئوستووره‌کان و توخم و ڕه‌گه‌زه که‌ونینه و که‌وناراکان، حه‌ماسه و لیریک، ئامۆژگاریی و عیرفان، ڕازی پهسهندبوونیان له درێژایی مێژوو و ته‌نانه‌ت ئه‌مڕۆش، ده‌روونناسی، خه‌ڵکناسی، دابونه‌ریت، باوه‌ڕه‌کان و خووخده و ڕێوڕه‌سم و نه‌ریته دروست و هه‌ڵه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، جه‌ژن و خۆشییه‌کان، خه‌م و شینگێڕییه‌کان، ڕێوڕه‌سمه نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی و مێژووییه‌کان، شێوازی هه‌ڵسوکه‌وت و جۆری په‌یوه‌ندیی کۆمه‌ڵایه‌تیی، یاساکان، هونه‌ره‌کان، فه‌لسه‌فه، پزیشکیی کۆن یان تی‌ب، ئه‌ستێره‌ناسیی و حه‌ساوگه‌ریی، ئامراز و که‌لوپه‌ل و شێوه‌ی ژیانی ئاژه‌ڵداری و کشتوکاڵی، پیشه‌کان، ئابووری، خۆراک و پۆشاک، ئه‌زموونه‌کان، سیاسه‌ت، ڕاپه‌ڕین و بزووتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، شه‌ڕه‌کان، ئامۆژگارییه‌کان، ڕێگه‌چاره‌کان، هه‌ڵه‌کان، عه‌شق، مه‌رگ، هیجران، سۆز و به‌ڵێن، سه‌رکه‌وتن، شکست، شهر و ئاشتی، خیانه‌ت، فریو، زوڵم و ده‌ستدرێژی، سوێندخواردن، ڕازداری و جوامێری و زۆر باسوخواسی دیکه لێک بده‌ینه‌وه و شیکاریی بکه‌ین چونکه له ڕاستیدا به‌یتیش وه‌کوو چه‌شنه‌کانی دیکه‌ی فۆلکلۆر دونیایه‌که که هیچ شتێک نییه تێیدا نه‌گونجێت و له‌خۆی نه‌یگرێت و ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندییه‌کی له‌گه‌ڵدا نه‌بێت. ڕوون و ئاشکرایه که به‌شیکی زۆری ئه‌م ئیشانه ده‌کرێت له بواری ئه‌ده‌بدا ئه‌نجام بدرێن و به‌شیکیشیان نا.
11-ئه‌نجامگیریی باسه‌که.
له دونیای ئه‌مڕۆدا کۆڵه‌که‌ی په‌یوه‌ندییه مرۆییه‌کان و گوتار و وێژمانه که‌لتوورییه‌کان، له سه‌ر ناسین و تێگه‌یشتن له که‌لتووری نه‌ته‌وه‌کان، ئیتنیکه‌کان، ئایین و ئاییزا مرۆییه‌کان دانراوه. جۆراوجۆریی له ئاستی نه‌ته‌وه‌یی و له درێژه‌ی سنووربه‌ندیی ئیتنیکی، نه‌ژادی، زمانی و ئایینییه‌کان ڕاستییه‌که که له زۆربه‌ی وڵاتاندا هه‌یه. ئه‌وانه‌ی که ته‌نها خۆیان ده‌بینن له گۆشهنشینییهکی ئه‌به‌دیدا ده‌مێننه‌وه. کورده‌کانیش به درێژایی مێژوو و ڕووداوه‌کانی وه‌کوو نه‌ته‌وه‌کانی دیکه، هه‌م له کۆمه‌ڵگای خۆیدا و هه‌م له دانوستان و ڕاگۆڕینه‌وه‌ی خۆی له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌کان و وڵاتانی ده‌رودراوسێ له هه‌ر چاخێکدا، کۆمه‌ڵێک ئه‌زموونی وه‌رگرتووه و به‌رهه‌مه‌که‌ی وه‌کوو شیعر و ئه‌فسانه و په‌ند و حیکمه‌ت گه‌یاندۆته ده‌ستی به‌ره‌ی هاوچه‌رخ. واسیلی نیکیتین؛ مێژوونووس و ڕۆژهه‌ڵاتناسی ڕووسی وتوویه‌تی؛ (فۆلکلۆری کوردی ئه‌وه‌نده به‌پیت و پاراو و به‌رز و به‌سووده که نه‌ته‌وه دراوسێکانیان سوودیان لێ وه‌رگرتووه و که‌وتوونه‌ته ژێر کاریگه‌رییه‌وه.) وا دێته پێش چاو ئه‌م وته‌یه به‌ڕاست بگه‌ڕێت چونکه بۆ نموونه به‌یتی (خه‌ج و سیامه‌ند) له لایه‌ن (هوهانس شیراز)؛ شاعیری ئه‌رمه‌نی هۆنراوه‌ته‌وه و ته‌نانه‌ت تا شوێنێک ڕۆشتۆته پێشه‌وه که ناوه‌رۆکه‌که‌ی بۆ ئه‌رمه‌نییه‌کان به سرووشتی و خۆجێیی زانیوه و له‌م ڕێگه‌یه‌وه، سوودێکی له فۆلکلۆری کوردی گه‌یاندۆته نه‌ته‌وه‌که‌ی خۆی. به‌ڵام له ئێران‌دا که کورد دراوسێی له‌مێژینه‌ی فارس بووه و له زۆر ڕووه‌وه(نه‌ژاد، ئایین، دابونه‌ریت…) لێیانه‌وه نێزیکه چ ڕووی داوه؟ ئایا هه‌نگاوێک به‌م ئاڕاسته‌یه‌دا هه‌ڵگیراوه؟
هه‌نووکه ژماره‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی که به شیوه‌ی کۆن و نه‌ریتی له گونده‌کان ده‌ژین به‌ره‌و که‌مبوون ده‌چێت و ڕاستییه‌کی تاڵی دیکه‌ش ئه‌مه‌یه که ڕاده‌ی گه‌شه‌سه‌ندن و بره‌په‌یداکردنی زانست و ته‌کنه‌لۆژیا له کوردستانیش ئه‌وه‌نده جێی سه‌رنج نییه؛ به‌هۆی نه‌بوونی ئه‌ده‌بی نووسراوه‌یی له درێژه‌ی چه‌ندین سه‌ده، سه‌ربورده و ڕووداوه‌کانی کۆمه‌ڵگای کورد له قه‌واره‌ی به‌یت و جۆره‌کانی دیکه فۆلکلۆر گونجێندراوه. له ناخی هه‌ر کام له‌م به‌رهه‌مانه‌دا جیهانبینی پانوبه‌رین و به‌رزه‌فڕی باوباپیرانی ئێمه هه‌یه؛ هه‌ر به‌م هۆیه‌وه فۆلکلۆر به‌ها و بایه‌خێکی ڕه‌مزی و سهمبوولیکی هه‌یه و نه‌ک ته‌نها له تایبه‌تمه‌ندییه که‌لتوورییه‌کانی خه‌ڵکی کوردستانه به‌ڵکوو له پاشماوه دانسقه و تاقانه‌کانی ئه‌ده‌بی کوردیشه که زۆرێک له خه‌ڵک به باشی ده‌یناسن. (ئه‌ده‌بی کوردی زیاتر له هه‌ر شتێک فولکلۆریکه. له‌م فۆلکلۆره‌دا نه‌ک ته‌نها به‌رهه‌مه‌کانی پێشینان به‌دی ده‌کرێت به‌ڵکوو ئامۆژگاری و ڕینوێنیش ده‌بینرێته‌وه که له سه‌رده‌می ئێمه‌شدا جێگه‌ی سه‌رنج و بایه‌خن و ڕۆژ له دوای ڕۆژ به‌پیت و پاراوتر ده‌بێت.) ویشلوڤیسکیش باوه‌ڕی وایه؛ (گه‌شه و پێشکه‌وتنی زیاتر له ڕاده‌ی فۆلکلۆر، نه به‌هۆی نه‌بوونی زانست له ناو کورددا، به‌ڵکوو به هۆی پێویستییه‌ک بووه که بۆ پاراستنی نه‌ریته ڕه‌سه‌نه‌کانیان له‌ئارادا هه‌بووه.)
نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ی دونیا زۆر زووتر له ئێمه به‌م وشیارییه گه‌یشتن که ده‌بێت فه‌رهه‌نگ و فۆلکلۆری خۆیان کۆکه‌نه‌وه و تۆماری که‌ن و لێکی ده‌نه‌وه و هێشتاش به تامه‌زرۆییه‌کی زۆر و زهبهندهوه، سه‌رقاڵی ئه‌م ئیشه‌ن. ئه‌ده‌بی فۆلکلۆری کوردی سه‌ره‌ڕای پاراوی و به‌پیتبوونی زۆر به هۆکارگه‌لی زۆره‌وه پشتگوێ که‌وتووه و په‌راوێز خراوه.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که کاری شیاو و شایسته و به بایه‌خ له لایه‌ن تۆژه‌ر و لێکۆڵه‌ره بیانییه‌کان و کورد خۆیه‌وه ئه‌نجام دراوه، به‌ڵام ده‌بێت بزانرێت که به‌ربڵاویی ئه‌م کاره به ڕاده‌یه‌که که پێویستیی به ڕێکخراو یان ده‌زگایه‌کی که‌لتووری بۆ پشتگیریی و پشتیوانی له تۆژه‌ران له‌م بواره‌دا هه‌یه. تۆژه‌رانی که‌لتوور و ئه‌ده‌بی کوردی به‌هۆی ئه‌و هۆکارانه‌ی سه‌ره‌وه و کێشه‌گه‌لی دیکه که‌متر ده‌توانن هه‌موو ناوچه‌کانی کوردستان بخه‌نه ناو خشته‌ی لێکدانه‌وه‌کانی خۆیان؛ به هه‌موو ناوچه‌کاندا بگه‌ڕێن و کاری تۆژینه‌وه‌یی خۆیان له زۆر ڕوه‌وه به چڕ و پڕی یان لانیکه‌م به که‌مترین لاوازی بخه‌نه ڕوو.
له‌م نووسراوه‌یه‌دا له ڕاستیدا یه‌ک له چواری بابه‌ته‌کان خراوه‌ته ڕوو که پاژێک له ده‌قی کتێبێکی سه‌ره‌کییه که به هیواین له داهاتوودا چاپ ببێت و به بێ زێده‌ڕۆیی و به خاکه‌ڕاییه‌وه ده‌بێ بگوترێت له یه‌که‌مین هه‌نگاوه ساوا و کرچ و کاڵه‌کانی دانه‌ره بۆ کردنه‌وه‌ی ده‌ربیجه و ده‌روازه‌یه‌کی هه‌رچه‌ند بچووک و لێڵ به‌ره‌و دونیای پانوبه‌رینی به‌یتی کوردی. له سه‌رچاوه‌گه‌لێکی وه‌کوو ئینسۆکلۆپیدیاکان، کتێبه‌کان، وتاره‌کان، نامیلکه و نامه‌کانی زانکۆ، ماڵپه‌ڕه ئینته‌رنێتییه‌کان، بڵاڤۆک و مانگنامه ئه‌ده‌بییه‌کان، وتووێژ و هه‌روه‌ها ڕینوێنییهکانی مامۆستایانی شاره‌زا و پسپۆڕ و دۆستانی دیکه، سوود و به‌هره‌ی زۆر وه‌رگیراوه.
گه‌ڕان و هه‌ڵکۆڵین له ئاوه‌ها پانتایه‌کی فراوان پێویستیی به زانیاریی زۆر له بواری ئه‌ده‌بی فۆلکلۆریکی دونیا و به تایبه‌ت ئه‌ده‌بی فۆلکلۆری کوردی هه‌یه و هه‌روه‌ها کات و تێچووی زۆری ده‌وێت و بێگومان ده‌بێت به‌ستێن و ڕه‌هه‌نده‌کانی زیاتری به‌یت بکه‌وتایه‌ته به‌ر باس و شیکاری، و به ڕاستی کام لایه‌ن له به‌یت ده‌کرێ به بێ بایه‌خ بزانین؟! ده‌بوو بۆ هه‌ر لایه‌ن و ڕه‌هه‌ندێکی به‌یت نموونه‌گه‌لێک له به‌یته‌کان خرابایه‌ته ڕوو تاکوو تێگه‌یشتنێکی ورد و ته‌واو له‌م ڕه‌هه‌ند و لایه‌نانه بهاتبایه‌ته ئاراوه؛ هه‌روه‌ها ده‌بوو هه‌موو سه‌رچاوه به‌رده‌سته‌کان لێک بدرایانهوه تاکوو شتێک پشتگوێ نه‌خرێت و زۆر ده‌بێتی دیکه، به‌ڵام به‌هه‌ر حاڵ به سه‌رنجدان به که‌میی کات و هه‌وڵی به‌رده‌وام له ماوه‌ی سێ مانگدا، ئه‌نجامی ئیشه‌که ئه‌وه بوو لێره خرایه به‌رده‌ست؛ به‌و هیوایه‌ی که بکه‌وێته به‌ر سه‌رنج و به‌دواداچوونی تۆژه‌ران.
له کۆتاییشدا وێڕای سوپاس له هه‌موو ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی که به ئاماده‌بوونیان یان له دووره و له ڕێگه‌ی وه‌رگێڕان، نووسین، وتووێژ و…له ڕێنوێنی و بیروڕاکانیان له‌م نووسینه‌دا که‌ڵکم وه‌رگرتووه، وتنی ئه‌م خاڵه‌ش پیویسته که هه‌ر جۆره هه‌ڵه، ناته‌واویی، لاوازیی، که‌موکوڕیی له نووسین و که‌م وکورتی له باسه‌که‌دا نووسه‌ر لێی به‌رپرسه نه‌ک به‌یته کوردییه‌کان که به دانپێدانانی هه‌موو تۆژه‌ران که له‌م بواره‌دا زه‌حمه‌ت و ماندووبوونی زۆریان تووش بووه، نه‌ک ته‌نها به‌شیکه له یه‌کێک له شاکاراه ئه‌ده‌بییه فۆلکلۆرییه کوردییه‌کان به‌ڵکوو مایه‌ی شانازیی و سه‌ربه‌رزیی ئه‌ده‌بی زاره‌کیی و فۆلکلۆری جیهانه.
وه‌رگێڕان: سپێده ساڵحی
سه‌رچاوه؛
*میکائیلی، دکتر حسین، (بیت) در ادب فولکلور کردی، پژوهشنامه‌ی ادبیات کردی، سال اول، شمارهی 1، پائیز 1394 ص 57 تا 82