هه‌ر وڵاتێك بیه‌وێت په‌یوه‌ندی دیبلۆماسی هه‌بێت له‌گه‌ڵ چیندا، ده‌بێت دان به‌وه‌دا بنێت كه تایوان به‌شێكی جیانه‌كراوه‌یه له وڵاتی چین، دیبلۆماتكارێكی ئێراقی واده‌ڵێت. به‌رپرسێكی باڵای ئه‌مه‌ریكیش ده‌ڵێت؛ ئیسرائیل له‌نێوان پاراستنی خاك و پارێزگاری له سیستمی فه‌رمانڕه‌واییه‌كه‌ی دره‌نگ بێت یان زوو، ده‌بێت یه‌كێكیان هه‌ڵبژێرێت، یاخود رێگه به فه‌له‌ستینیه‌كان بدات ده‌وڵه‌تی خۆیان هه‌بێت. له پاكستانیش سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته له‌نێوان پێنج هه‌زار میلی چوارگۆشه خاكی وڵاته‌كه‌ی‌و ئازادكردنی (93) هه‌زار دیل، بژارده‌ی یه‌كه‌می په‌سه‌ندكرد. پرسی خاك و سه‌ربه‌خۆیی گه‌لان یه‌كێكه له بابه‌ته گه‌رم و درێژخایه‌نه‌كانی سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی. ده‌وڵه‌ته زلهێزه‌كان، رێگه به جیابوونه‌وه‌ی گه‌له‌كانی ژێرده‌ستیان ناده‌ن. ئه‌و خاكانه‌شی له ئاكامی له شه‌ڕو ململانێدا ده‌بنه ناوچه‌ی جێناكۆكی، دوای ده‌یان ساڵ و چه‌ندان گه‌ڕی گفتوگۆ و هه‌وڵی نێوه‌ندگیری هه‌ر به چاره‌سه‌رنه‌كراوی ده‌مێننه‌وه. ئه‌م راپۆرته سه‌ربورده‌ی به‌شێكی كه‌م له بابه‌تی پرسی خاك له ململانێی نێوان ده‌وڵه‌تاندا ده‌گێڕێته‌وه.
“خاكی عه‌ره‌ب‌و ده‌وڵه‌تی جووله‌كه”
له‌دوای راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل له ساڵی (1948)، كێشه‌ی خاك له‌نێوان جووله‌كه و عه‌ره‌بدا تا ئه‌مڕۆ به‌رده‌وامه. له‌وكاته‌وه تائێستا ده‌یان شه‌ڕو ململانێی كورت و درێژخایه‌ن له‌نێوان هه‌ردوولایاندا روویانداوه، هه‌ندێكجار له‌و شه‌ڕانه‌دا وڵاتانی دیكه‌ش تیایدا به‌شداربوون. له (5/حوزه‌یران/1967) شه‌ڕی شه‌ش رۆژه‌ی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عه‌ره‌بی میسر و سووریا و ئوردن روویدا، ئه‌م شه‌ڕه به سه‌ركه‌وتنی ئیسرائیل و ده‌ست به‌سه‌را گرتنی كه‌رتی غه‌زه و كه‌ناری خۆرئاوا‌و سینا و به‌رزاییه‌كانی جۆلان له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه كۆتایهات. ئه‌وه‌ش سێیه‌مین شه‌ڕی نێوان عه‌ره‌ب‌و ئیسرائیل بوو له‌دوای راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیله‌وه. به‌شێك له جوله‌كه‌كان داگیركردنی خۆرئاوا به كارێكی ئاینی ده‌زانن و پێیانوایه كه‌ناری خۆرئاوا ئه‌و خاكه‌یه كه خودا به جوله‌كه‌ی به‌خشیوه. له‌وكاته‌شه‌وه فه‌له‌ستینیه‌كان خه‌ون به‌وه‌وه ده‌بینن رۆژێك بێت ئۆرشه‌لیم ببێته پایته‌ختی ده‌وڵه‌تی داهاتوویان.
“هیلاری كلینتۆن” كه بۆ ماوه‌ی هه‌شت ساڵ (1993 – 2001) خانمی یه‌كه‌می ئه‌مه‌ریكا بووه، ماوه‌ی چوار ساڵیش (2009 – 2013) وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی بووه، له بیره‌وه‌رییه‌كانیدا به‌ناونیشانی “بژارده سه‌خته‌كان” ده‌ڵێت: هه‌ڵبه‌ته ناتوانین بگه‌ڕێینه‌وه بۆ هێڵه‌كانی پێش (1967). گه‌شه‌ی ئۆردوگا جووله‌كه‌نشینه‌كان به‌درێژایی سنوور، وایكردووه ئه‌و بیرۆكه‌یه مه‌حاڵ بێت. ده‌كرێت له به‌رامبه‌ر ئه‌و خاكه‌ی ئۆردوگا جوله‌كه‌نشینه‌كانی له‌سه‌ر دروستكراوه، هه‌مان رووبه‌ری خاك له ناوچه‌ی دیكه بدرێته فه‌له‌ستینیه‌كان. بۆ پته‌وكردنی ئه‌و بۆچونه‌شی ئاماژه به وتارێكی باراك ئۆبامای سه‌رۆكی پێشوتری ئه‌مه‌ریكا ده‌ڵێت؛ سه‌رۆك ئۆباما له وتارێكدا له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه له به‌هاری (2011) رایگه‌یاند؛ پێمانوایه ده‌بێت سنووری ئیسرائیل و فه‌له‌ستین له‌سه‌ر بنه‌مای هێڵه‌كانی (1967) بێت، له‌گه‌ڵ ئاڵوگۆڕی ئه‌و خاكه‌ی رێككه‌وتنی له‌سه‌ر كراوه، به‌و جۆره سنوورێكی ئارام دروست ده‌بێت، كه هه‌ردوو ده‌وڵه‌ت دانی پێدا ده‌نێن.
هیلاری هۆشداری به ئیسرائیلییه‌كان ده‌دات له‌باره‌ی زۆربوونی ژماره‌ی فه‌له‌ستینییه‌كان‌و له‌وباره‌یه‌وه ده‌ڵێت؛ به‌هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی له‌دایكبوون له‌نێو فه‌له‌ستینیه‌كان و كه‌مبوونه‌وه‌ی له‌نێو ئیسرائیلییه‌كان، له‌و رۆژه نزیكده‌بینه‌وه كه فه‌له‌ستینییه‌كان ده‌بنه زۆرینه‌ی دانیشتوانی ئیسرائیل و خاكی فه‌له‌ستین. زۆربه‌شیان ده‌بنه هاوڵاتی پله دوو كه مافی ده‌نگدانیان نابێت. مادام ئیسرائیل سووره له‌سه‌ر پاراستنی خاك، زۆر قوورسه، بگره مه‌حاڵیشه له‌كۆتاییدا پارێزگاری بكات له سیستمی فه‌رمانڕه‌واییه‌كه‌ی وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی جووله‌كه و دیموكراسی له یه‌ك كاتدا، دره‌نگ بێت یان زوو ده‌بێت یه‌كێكیان هه‌ڵبژێرێت، یاخود رێگه به فه‌له‌ستینییه‌كان بدات ده‌وڵه‌تی خۆیان هه‌بێت”.
بۆ چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تی پرسی فه‌له‌ستین، كلینتۆن بیرۆكه‌ی دوو ده‌وڵه‌تی به باشترین بژارده ده‌زانێت، بۆیه ده‌ڵێت؛ خه‌ونه ره‌واكانی گه‌لی فه‌له‌ستین نایه‌نه‌دی، پێش ئه‌وه‌ی پشت به رێگه‌چاره‌ی دووده‌وڵه‌تی ببه‌ستن كه زامنی شكۆمه‌ندی و دادپه‌روه‌ری و ئاسایشه بۆ فه‌له‌ستینی و ئیسرائیلییه‌كان. سوورم له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه یاسر عه‌ره‌فات ساڵانی (2000) و (2001) هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌ی كرد‌و نه‌چووه پاڵ ئیهۆد باراك بۆ قبوڵكردنی “پێشنیاره‌كانی سه‌رۆك كلینتۆن” كه فه‌له‌ستینیه‌كانی ده‌كرد به خاوه‌نی ده‌وڵه‌تێك له كه‌رتی غه‌زه و كه‌ناری خۆرئاوا، پایته‌خته‌كه‌شی ئۆرشه‌لیمی خۆرهه‌ڵات ده‌بوو”.
“چین و تایوان، مافی ڤیتۆ”
د. محه‌مه‌د سابیر كه له‌دوای رووخانی رژێمی به‌عس بووه‌ته یه‌كه‌م باڵێوزی وڵاتی ئێراق له چین، له ماوه‌ی ساڵانی (2004 – 2010) باڵێوزی ئێراق بووه له چین، باس له‌وه ده‌كات؛ چین پێشكه‌شكردنی یارمه‌تییه‌كانی به هه‌ر وڵاتێك ده‌به‌ستێته‌وه به‌وه‌ی كه ده‌بێت ئه‌و وڵاته‌ی یارمه‌تی له چین وه‌رده‌گرێت، ده‌بێت پابه‌ند بێت به سیاسه‌تی چینێكی یه‌كپارچه و تایوان به به‌شێكی جیانه‌كراوه له چین بزانێت. ئه‌و دیبلۆماتكاره روونیده‌كاته‌وه له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی چیندا گه‌ڕانه‌وه‌ی دوورگه‌ی تایوان بۆ سه‌روه‌ری نیشتیمانی به‌ردی بناغه‌ی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌یه. هه‌ر بۆیه “چینیه‌كان په‌یوه‌ندی دیبلۆماسی‌و ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌یان له‌سه‌ر بناغه‌ی هه‌ڵوێستی ئه‌و وڵاتانه داده‌نێن كه هه‌ڵوێستیان چییه له‌سه‌ر تایوان. هه‌ر وڵاتێكیش بیه‌وێت په‌یوه‌ندی دیبلۆماسی هه‌بێت له‌گه‌ڵ چیندا ده‌بێت دان به‌وه‌دا بنێت كه تایوان به‌شێكی جیانه‌كراوه‌یه له وڵاتی چینی دایك و باوه‌ڕی به‌وه هه‌بێت كه چین هه‌ر یه‌ك چینه”. هۆكاری ئه‌و بۆچونه ده‌گێڕێته‌وه بۆ هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی چینیه‌كان، چونكه “هه‌ست به‌و زوڵمه ده‌كه‌ن له‌كاتی كۆلۆنیاڵی ژاپۆنی و داگیركردنی وڵاته‌كه‌یان له‌لایه‌ن رۆژئاواوه، بۆیه گه‌ڕانه‌وه‌ی تایوان بۆ سه‌ر وڵاته‌كه‌یان به به‌شێكی بنه‌ڕه‌تی ده‌زانن بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی كه‌رامه‌تی وڵاتی چین. هه‌روه‌ها هه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافی تایوان و بوونی سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكی له‌و دوورگه‌یه‌دا به مه‌ترسییه‌كی گه‌وره له‌سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییان داده‌نێن”.
چین یه‌كێكه له پێنج ئه‌ندامه هه‌میشه‌ییه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی و خاوه‌نی مافی ڤیتۆیه، د. محه‌مه‌د سابیر ده‌ڵێت ” بۆ سه‌رنه‌خستنی ئه‌و بڕیارانه‌ی كه له ئه‌نجومه‌نی ئاسایش‌دا سه‌باره‌ت به كێشه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌درێن، چین تائێستا به‌ده‌گمه‌ن مافی ڤیتۆی خۆی به‌كارهێناوه، جگه‌له هه‌ر بڕیارێك كه په‌یوه‌ندیدار بێت به دوورگه‌ی تایوانه‌وه له ئه‌نجومه‌نی ئاسایش، ئه‌گه‌ر بڕیاره‌كه له به‌رژه‌وه‌ندی یه‌كپارچه‌یی چین نه‌بێت ئه‌وا مافی ڤیتۆ به‌كارده‌هێنێت”.
“رووسه‌كان به چاوچنۆك بۆ زه‌ویوزار به‌ناوبانگن”
له‌نێوان ژاپۆن و یه‌كێتی سۆڤییه‌تی پێشوو (وروسیا) چه‌ند دورگه‌یه‌ك هه‌ن كه ناوچه‌ی جێناكۆكن، ژاپۆن له‌ڕێگه‌ی هاوكاری نێوده‌وڵه‌تی و نێوه‌ندگیری سه‌رۆكی وڵاتانه‌وه هه‌وڵی وه‌رگرتنه‌وه‌یانی داوه، به‌ڵام لایه‌نی به‌رانبه‌ر قایل نه‌بووه. سه‌رۆك وه‌زیرانی سه‌نگاپوور “لی كوان ی‌و” له بیره‌وه‌رییه‌كانیدا به‌ناونیشانی (له جیهانی سێیه‌مه‌وه بۆ یه‌كه‌م؛ چیرۆكی سینگاپۆر 1965 – 2000) ده‌ڵێت؛ نابورو ناكیشیتا له‌و ماوه‌یه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی ژاپۆن بوو خه‌یاڵی سه‌ندنه‌وه‌ی دورگه‌كانی (كوریل) له یه‌كێتی سۆڤییه‌ت له مێشكی‌دا ده‌هات و ده‌چوو. گۆرباچۆڤ پێویستی به هاوكاریی نێوده‌وڵه‌تی دارایی بوو، ژاپۆنییه‌كانیش ئاماده‌بوون ده‌ستبڵاوانه بیده‌نێ، به‌و مه‌رجه‌ی مۆسكۆ چوار دوورگه‌كه‌یان پێبداته‌وه، یان لانیكه‌م به‌ڵێننامه‌یه‌كی پته‌ویان بده‌نێ دووپات له‌وه بكرێته‌وه كه ده‌یانده‌نه‌وه.
لی كوان ده‌ڵێت؛ له شووباتی (1989)و له تۆكیۆ له كاتی پرسه‌ی ئیمپراتۆر هیرۆهیتۆدا، تاكیشیتا پێی گووتم؛ یه‌كێتی سۆڤییه‌ت هێشتا ده‌ست له داگیركردنی دورگه‌كانمان هه‌ڵناگرێت. دواتر نامه‌یه‌كی بۆ ناردم داوای لێكردبووم، كاتێك له سه‌ره‌تای (1990) سه‌ردانی مۆسكۆ ده‌كه‌م، به‌ڵكو له‌به‌رده‌م ریچكۆفی سه‌رۆك وه‌زیرانی سۆڤییه‌تدا، پشتیوانی خۆم بۆ گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و دوورگانه بۆ ژاپۆن ده‌رببڕم. جارێكیان له سه‌رۆك وه‌زیرانی ژاپۆن، تاكیۆمیكی-م پرسی، ده‌بێت هۆی چی بێت، وێڕای ئه‌و پانتاییه فراوانه‌ی زه‌وی له ئاسیا و له ئه‌ورووپا، كه‌چی سۆڤییه‌ت ده‌ستبه‌رداری ئه‌و چوار دوورگه‌یه‌ی نزیك نیمچه دورگه‌ی (كامشاتكا) نابێت، میكی ده‌موچاوی دا به‌یه‌كداو به توڕه‌ییه‌كی زۆر و به‌جۆشوخرۆشه‌وه وتی؛ رووسه‌كان به‌وه به‌ناوبانگن كه بۆ زه‌ویوزار چاوچنۆكن. باشه دانیشتوانه ژاپۆنییه‌كه‌ی ئه‌و دورگانه‌ی كۆریل چی‌یان لێهات‌و بۆ كوێ چوون؟ به شه‌رمه‌زارییه‌وه گووتی؛ هه‌موو ژاپۆنییه‌كان له زه‌وییه‌كانیان هه‌ڵكه‌ندران و به‌ره‌و ژاپۆن ده‌ركران”. تاكیشیتا به هه‌مان جۆش و خرۆشه‌وه ده‌یویست ژاپۆن ئه‌و دوورگانه به‌ده‌ست بهێنێته‌وه. كه ریچكۆف سه‌ردانی سینگاپوری كرد، له‌گه‌ڵیدا باسی ئه‌و دورگانه‌م كرد، وه‌ڵامه‌كه‌ی له هه‌موو چاوه‌ڕوانیه‌كه‌وه دوور بوو، وتی؛ هیچ ناكۆكییه‌ك له‌سه‌ر هیچ دورگه‌یه‌ك نییه، چوونكه ئه‌و دورگانه سۆڤیه‌تین”.
“خاك یان هه‌زاران دیل؟”
له سه‌ره‌تای مانگی دیسه‌مبه‌ری (1971)دا هێزه‌كانی هیندستان په‌لاماری پاكستان ده‌ده‌ن، له‌و شه‌ڕه‌دا كه ماوه‌ی سیازده رۆژی خایاند، چاره‌كێكی هێزی ئاسمانی پاكستان له‌ناوچوو، جگه‌له‌وه‌ی (93) هه‌زار سه‌ربازی پاكستانی به دیل گیران. له‌سه‌رو هه‌موو ئه‌وانه‌شه‌وه سووپای هیند پێنج هه‌زار میلی چوارگۆشه له خاكی پاكستانی رۆژئاوا (به‌نگلادیشی ئێستا)ی داگیركرد. سه‌رۆكی ئه‌وده‌مه‌ی پاكستان یه‌حیاخان، بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی دۆسییه‌ی ئه‌و شه‌ڕه زولفه‌قار عه‌لی بۆتۆ (1928 – 1979) ره‌وانه‌ی ئه‌مریكا ده‌كات، تاوه‌كو له‌ڕێگه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه‌وه كۆتایی به شه‌ڕه‌كه بهێنێت. بێ نه‌زیر بۆتۆی كچی زولفه‌قار له‌وكاته‌دا خوێندكاری زانكۆی هارڤار ده‌بێت. بۆیه باوكی داوای لێده‌كات له‌گه‌ڵیدا به‌شداری كۆبونه‌وه‌كان بكات. زولفه‌قار له (1971 – 1973) سه‌رۆكی وڵات بوو، له (1973 – 1977) سه‌رۆك وه‌زیرانی پاكستان بوو. بێ نه‌زیر بۆتۆ (1953 – 2007)، كه له ماوه‌ی ساڵانی (1988 – 1990)و (1993 – 1996) سه‌رۆك وه‌زیرانی پاكستان بووه، له بیره‌وه‌رییه‌كانیدا به‌ناونیشانی (كچی رۆژهه‌ڵات) ده‌ڵێت؛ له (9ی دیسه‌مبه‌ری 1971) باوكم گه‌یشته نیویۆرك. له كۆمه‌ڵه‌ی گشتی رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان (104) وڵات ده‌نگیاندا به مه‌حكوومییه‌تی هیند. به‌ڵام له ئه‌نجومه‌نی ئاسایش دوای حه‌وت كۆبونه‌وه‌و (12) ره‌شنوسی بڕیارنامه، به‌هۆی ڤیتۆی سۆڤیه‌ته‌وه، پێنج ئه‌ندامه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش له‌سه‌ر ئاگربه‌ست رێكنه‌كه‌وتن. بۆیه باوكم به ناچاری گه‌ڕایه‌وه پاكستان.
له (20/12/1971) به‌هۆی ناڕه‌زایی جه‌ماوه‌ره‌وه، یه‌حیاخان واز له ده‌سه‌ڵات ده‌هێنێت و زولفه‌قار بۆتۆ وه‌كو رێبه‌ری هه‌ڵبژێردراوی گه‌وره‌ترین گرووپی پارله‌مانی ده‌بێته سه‌رۆك كۆماری نوێی پاكستان. له مانگی جونی (1972) سه‌رۆك كۆماری پاكستان بڕیارده‌دات بچێته هیندستان و له‌گه‌ڵ ئه‌ندێرا گاندی سه‌رۆك وه‌زیری هیند كۆتایی به كێشه‌كانی نێوانیان بهێنێت. دوای پێنج رۆژ له كۆبوونه‌وه‌ی به‌رده‌وامی وه‌فدی هه‌ردوولا، سه‌ره‌نجام به رێككه‌وتنی (سمیلا) كۆتایی به گفتوگۆكانی نێوانیان ده‌هێنن.
به‌گوێره‌ی رێكه‌وتنه‌كه؛ هند له‌سه‌ر گێڕانه‌وه‌ی (5000) میلی چوارگۆشه له خاكی پاكستان رازی ده‌بێت. بێ نه‌زیر له‌م گه‌شته‌دا هاوسه‌فه‌ری باوكی بووه. ده‌ڵێت؛ دوای ته‌واوبوونی كۆبوونه‌وه‌كه باوكم هات بۆ لام‌و وتی؛ خاتوو گاندی رازی بوو یا زه‌ویمان بۆ بگێڕێته‌وه یان به‌دیلگیراوانی شه‌ڕ. پێتوایه بۆچی زه‌وینم هه‌ڵبژارد؟ من به ته‌واوه‌تی شۆك بووم وتم به‌ڕاستی نازانم باوكه. ئه‌گه‌ر دیله‌كان ئازاد ببوایه‌ن، خه‌ڵكی پاكستان خۆشحاڵتر ده‌بوون. ئه‌و دڵنیای كردمه‌وه “ئه‌وان ئازاد ده‌بن، به‌دیل گیراوان كێشه‌یه‌كی ئینسانین، ئه‌وان (93) هه‌زارن، دابینكردنی خۆراك و جێگه بۆ ئه‌وان كێشه‌یه‌كی تره. به‌ڵام خاكی وڵاتێك كێشه‌یه‌كی ئینسانی نییه. زه‌مین ده‌توانێت ببێته خاكی هه‌ر وڵاتێك، به‌ڵام به‌دیل گیراوان نا. داگیركردنی سه‌رزه‌وی وه‌كو كێشه‌ی دیله‌كان نییه كه پێویستی به سه‌رنجی نێو نه‌ته‌وه‌یی ببێت”.
بێ نه‌زیر باس له‌وه‌ده‌كات گه‌ڕانه‌وه به‌بێ هیچ رێككه‌وتنێك سه‌باره‌ت به ئازادی دیله‌كان بڕیارێكی سه‌خت بووه بۆ باوكی، هه‌ر به‌و جۆره‌ی كه پێشبینی ده‌كرا گازنده‌ی زۆری له‌لایه‌ن سیاسه‌توانانی پاكستانی‌و به‌رهه‌ڵستكاران و بنه‌ماڵه‌ی به‌ندكراوانی به‌دواوه‌بووه. به‌ڵام “دوای به فه‌رمی ناسینی به‌نگلادیش له‌لایه‌ن پاكستانه‌وه له ساڵی (1974)، ته‌واوی (93) هه‌زار دیله‌كه ئازادكران”.
سه‌رچاوه‌كان:
1. هیلاری رۆدهام كلینتۆن: بژارده سه‌خته‌كان، و: فارووق جه‌میل كه‌ریم، (بیره‌وه‌ری)، له بڵاوكراوه‌كانی ناوه‌ندی رۆشنبیری‌و هونه‌ری ئه‌ندێشه، چاپی یه‌كه‌م، سلێمانی، 2018.
2. د. محه‌مه‌د سابیر ئیسماعیل: چین له روانگه‌ی دیبلۆماتێكی كورده‌وه، له بڵاوكراوه‌كانی رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ، چاپی یه‌كه‌م، سلێمانی، 2019.
3. لی كوان ی‌و: له جیهانی سێیه‌مه‌وه بۆ یه‌كه‌م: چیرۆكی سینگاپۆر (1965 – 2000)، (بیره‌وه‌ری)، و: نه‌ریمان تالیب، له بڵاوكراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای فه‌رهه‌نگی ئه‌حمه‌دی خانی، چاپی یه‌كه‌م، سۆران، 2021.
4. بێ نه‌زیر بۆتۆ: كچی رۆژهه‌ڵات، (بیره‌وه‌ری)، و: محه‌مه‌د ناسری، له بڵاوكراوه‌كانی خانه‌ی چاپ‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی چوارچرا، چاپی یه‌كه‌م، سلێمانی، 2013.