“دەستپێك”
لێكۆڵینەوە لە بارەی كەسایەتییە ناودارەكانی مێژووەوە كارێكی گرنگ و پڕ بایەخە، لە هەمان كاتدا گرفت ئامێزو بەگرێ و گۆڵیشە، بەتایبەت بۆ ئەو كەسایەتییانەی وەك پێویست نەخرابێتنە بەرباس و لێكۆڵینەوە و پەردەی فەرامۆشییان بەسەر درابێت، شاوەیس یەكێكە لەو كەساتییانە. دكتۆر دلێر لەم بارەوە دەنووسێت:- داخەكەم خۆنەویستی و بەخشندەیی وای لە شاوەیس كرد باسی خۆی نەكات، لە ئاكامدا بیرەوەرێكانی لە تەك خۆیدابردە ژێر گڵەوە. دكتۆر كەمال مەزهەریش لە بارەی ئەوەو دەڵێت؛ یەكێك بووە لەو كەڵە پیاوانەی لە مێژووی هاوچەرخی كورد دا ڕۆڵێكی گرنگی گێراوە، داخەكەم ئەوزانیاریانە هێشتا لەبن لێوانە و نەوەی نوێ لە زۆربەی ئەو ڕاستیانە شارەزا نین.
“خانەوادەی ئیسماعیل حەقی شاوەیس”
ئیسماعیل حەقی عەلی ڕەسول ئەحمەد ئاغایە، لە سەرەتای دروستكردنی شاری سلێمانییەوە خانەوادەكەی لە شار جێگیربوونە، لە سەرەتای سەدەی ڕابردوودا لە گەڕەكی گۆێژە جێگیربوون، باوكی ڕوناكبیرو كەسایەتیەكی سەردەمی خۆیی بووە، زۆر داخ لە دڵ بووە بەرانبەر پەیوەندی باوەكانی كۆمەڵگای كوردەواری ئەو سەردەمە، هەوڵیداوە بنەماڵەكەی لەو بازنەیە دەربهێنت، دواتر نازناوی ئاغای لە خۆیی داماڵیوەو (ئەفەندی) وەك ڕۆشنبیرێك كردووە بە نازناو بۆ بنەماڵەكەی. بابی لە تەك بڵباسییان پەیوەندی توند و تۆڵی هەبووە.
“لە دایكبوون و دەورانی ژیانی”
ساڵی 1894 لە موسڵ لە دایكبووە، ئەوكات باوكی لەوشارە ئەفسەر بووە، (عاصم)ی داكی هەمەوەندە، دوو براو سێ خوشكی هەبووە. سەرەتا لە حوجرە خوێندوویەتی، ساڵی 1904 ڕوشدیەیی عەسكەری تەواو دەكات، ساڵی1907 بۆ خوێندنی سەربازی دەچێتە ئەستەنبوڵ، ساڵی 1911 دەبێتە ئەفسەر بە پلەی مولازمی دوو ئەستیرە. كاتێك بە مەبەستی سەربەخۆیی نەتەوەكانی باڵكان دەست دەدەنە چەك و شۆرش لە ناوچەكانیان هەڵدەگیرسێت، ئیسماعیل وەك ئەفسەری سووپا بەشدار دەبێت، لە شاری سالۆنیك بە دیلی دەكەوێتە دەست شۆڕشگێڕان. دواتر بەشداری جەنگی جیهانی یەكەم دەكات و دوای بڕانەوەی شەڕ دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی و دەداتە پاڵ شێخ محمود. پەیوەندی شێخ مەحمود و شاوەیس تا ڕادەیەك بووە، بۆ داخوازێكانی نەتەوەكەی وەك نوێنەر دەنێردرێتە لای ئینگلیزەكان و دواتر ئەو داواكاریانە ڕاپەڕینی ساڵی 1919 لێدەكەوێتەوە.
“ڕەفتار و هەڵسووكەوتی”
مەسعود محەمەد لە گەشتی ژیانمدا لە بارەی شاوەیسەوە دەنووسێت؛ لە ڕووی كۆمەڵایەتی و چۆنێتی ڕەفتاركردنەوە، مرۆڤێك بووە تا بڵێی ڕاستگۆ، حەق پەرستێكی بێ فێڵ بووە. هەروەسا محەمەد مەلا كەریم دەڵێت؛ بیری خۆی بە دوورە پەرێزی و سڵكردنەوە خەریك نەدەكرد، هەموو هەفتەیەك ئامادەی كۆبونەوەكانی ئاشتی خوازی شاری سلێمانی دەبوو، بێ سڵكردنەوەی قسەی دەكرد و واژۆی خۆی دەخستە سەر هەر یادداشتێك كە دەخرایە بەر دەستی. دكتۆر مارف خەزنەدار لە بارەی خووڕەفتاری شاوەیسەوە دەڵێت؛ زۆر لەگەڵ لاواندا تێكەڵاو دەبوو، قسەی بۆ دەكرن و هەوڵیدەدا تێیان بگەیەنێت كێشەی كورد پێویستی بە هەوڵ و تێكۆشانی چڕە. شوكریە ڕەسوڵا لە دیمانەیەكدا لە بارەی شاوەیسەوە دبێژێت؛ ساڵی 1966 هەوڵی زۆریدا بۆ ئاشتەوایی نێوانی هەردوو باڵی پارتی دیموكراتی كوردستان، گەلەك بەوبارودۆخە دڵتەنگ و ناشاد بوو. دڵێر شاوەیس دەڵێت؛ تەنانەت لە بەندیخانەدا كۆڕی دەبەست و قسەی بۆ حەپسێكان دەكرد، دوای خانەنشین بوونیشی هەوڵی ئیرشادی نووسەرانی تازە پێگەیشتوو داوە و گوتوویەتی
ئێمە بێستانێك بووین نیوەیمان بەرهەم هێناوە، نیوەكەی تریشی لە سەر ئێوەیە، واتە بەرهەمە بە گەیویی بدەن بە دەستەوە.
“ئیسماعیل حەقی شاوەیس و كوردایەتی”
1-شاوەیس و شێخ محمود
دوای ئەوەی شۆڕشی شێخ محمود شكست دەهێنێت و شێخ بە دیلی دەكەوێتە دەست ئینگلیزەكان، شاوەیش بە نهێنی دەگەڕێتەوە شارو خۆیی شوێن بزردەكات، لە كاتێك شوێن پای هەڵدەگرن و گەرەكیانە دەستگیری بكەن، بە پۆشاكی مەلاوە لە شارەوە خۆیی دەگەیەنێتە گوندی بێستان سوور و شۆرەتی بە مەلا شاوەیس بڵاودەبێتەوە، دواتر ئەم لەقەبە تامردن بۆ “ئیسماعیل” و پاشان بۆ بنەماڵەكەی دەمێنێتەوە. لە تاو ڕاوەدونانی لە لایەن ئینگلیزەوە لە ڕێگای تەورێزەوە دەگەڕێتەوە بۆ توركیا ساڵی 1923 پلەی سەربازی بەرزدەكرێتەوە بۆ نەقیب. ساڵی 1924 كاتێك كەمالییەكان پاشگەز دەبنەوە لە مەڕ ئەو بەڵێنانەی دابوویان بە كورد دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی، لەم بارەوە مەعروف جیاوك دەڵێت؛ خۆی لە زوڵم و زۆری توركە كەمالێكان و سیاسەتە تووند ئاژۆكەیان ڕزگاركرد. دواتر لە ناسریە و ناوچەی گەرمیان وەك مامۆستا دەست بەكاردەبێت. ساڵی 1927 خۆیی لە ڕیزی سووپای ئێراقدا ناونووس دەكات، هەمان ساڵ سەفەری فەڕەنسا دەكات بۆ بەشداریكردن لە ڕێ و ڕەسمی كۆمەڵەی خۆیبوون لە لوبنان.
ساڵی 1936 كراوە بە جێ نوشین” قائیمقام” ی ئاكرێ و ساڵی 1940 قائیمقامی ڕانیە بووە، لە نێوان ساڵانی 1943ـ 1945 لە ئینحساری توتن لە قەڵادزێ دەست بەكاربووە، لەم بارەوە تاهیر ئەحمەد حەوێژی دەنووسێت؛ مەبەستیان دوور خستنەوەی شاوەیس بووە.
ساڵی 1945بەشداری كۆماری مهابادی كردووە، سدیق ساڵح دەنوسێت؛ دواتر بەپرۆژەیەكی نەتەوایەتییەوە گەڕاوەتەوە. لە پەنجاو شەستەكانی سەدەی ڕابردوودا، شاوەیس بۆ بژێوی ژیانی دووكانێك دەكاتەوە، لەم بارەوە “محەمەد مەلا كەریم” دەنووسێت؛ تەنانەت گوزەركردنیش بەو خانەدا كە دووكانەكەی شاوەیسی لێبوو بیانوویەكی لێپرسینەوەبووە لە درێژەی نووسینەكەیدا دەنووسێت؛ ساڵی 1954 كاتێك گیرام یەكێك لە خەفییەكان شایەتی دابوو كە سەردانی دووكانەكەی شاوەیسم كردووە. سەرباری نان بڕین و دوورخستنەوە چەندین جار شاوەیس گیراوە، به تووندی حەپسخانە كراوە، دواجار بە هۆی پەیوەندی بە بزووتنهوەی ڕزگاری خوازی كوردستان لە 29مارتی 1965 گیراوە. لە 13مایسی 1976 لە خەستەخانەی سلێمانی ژینئاوایی دەكات و لە گۆڕستانی سەیوان ئەسپەردەی خاك دەكرێت.
2-كۆمیتەی ئیستقلالی كورد
كۆمیتەی ئیستقلالی كورد سەرەتا بە ناوی”جڤاتا ئازادی كورد” ناسراوە، ڕێكخراوێكی نەتەوە پەروەری كورد بووە، ساڵی 1921 و لە ئەرزڕووم بە دەست پێشخەری خالید بەگی جبرانلی بە نهێنی دامەزراوە. بەپێی فەرمانەكانی كۆمیتە ئەركی كردنەوەی لقەكانی لە ناوچە جۆراوجۆرەكان بە شاوەیس سپێردرابوو، سەرەتا بە كردنەوەی بارەگای كۆمیتە لە شاری دیاربەكر دەست پێدەكات، دوای ماوەیەكی كەم كۆمیتە لە نێو چینە جۆربەجۆرەكانی ئەوسای كۆمەڵگای كوردەواریدا جێگای خۆیی كردەوە بە نموونە خوێندكاران، كرێكاران و بازرگانان و …هتد. یەكەمجار بووە ڕێكخراوێك بەوشێوە تۆكمەیە دەست بەكاربێت، كارەكانی بە شێوەی شانەی نهێنی دەست پێكردبوو هەرشانەیەك پێكهاتبوو لە دوازدە كەس و لێپرسراویان هەبووە. ئیسماعیل لە نێو ئەو ڕێكخراوەدا تا ڕاپەڕینی ئالكی “بیت الشباب” لە ساڵی 1924 درێژە بە خەبات و كاركردن دەدات، دوای ڕەشبگیری هەمانساڵ لە لایەن كەمالێكانەوە و دەستگیركردنی (یوسف زیا بەگ، خالد جبرانلی) و چەند سەركردەیەكی تر، ناتوانێت لە سەر كاركردن بەردەوام بێت و پایزی هەمانساڵ دەگەڕێتەوە كوردستانی باشوور. شایانی باسە كۆمیتە ئامانجی رزگاركردنی كورد بووە لە جەوری كەمالێكان.
3-كۆمەڵەی خۆیبوون
پاش دامركانەوەی شۆڕشەكەی شێخ سەعید تا ساڵی 1927 پارتێكی ڕابەر لە كوردستاندا نەبووە، لە تشرینی یەكەمی هەمانساڵ پارتی خۆیبوون دادەمەزرێت و شاوەیس یەكێك دەبێت لە ئەندامانی لقی سلێمانی ئەو حیزبە، دامەزراندنی، خۆیبون كەنالێكی لا گرەوە بووە بۆ كوردستانی گەورە و چەند لقێكی پارتەكە لە ناو كوردستاند دادەمەزرێنێت، لەم پێناوەدا شاوەیس سەفەرێكی وڵاتی فەڕەنسا دەكات، لەمكارە هەوڵی سازكردنی پەیوەندی لە تەك ئەرمەنێكاندا دەدات و ساڵی 1928 دەگەڕێتەوە.
4-كۆمەڵەی زەردەشت
ساڵی 1928 لە تەك كۆمەڵێ لاوی خوێن گەرمدا و بە سەرۆكایەتی شاوەیس “كۆمەڵەی زەردەشت” درووست دەبێت، ئامانجی كۆمەڵە خود موختاری و هاندانی گەنجان بووە، مێژوو دەڵێت؛ كۆمەڵە هێندە چالاك و پڕكاربووە كەسایەتیەكی وەك “شێخ مەحمود” داوی كردووە بە ئەندام وەریبگیرێت. دواتر و بە تێكڕای دەنگ بە سەرۆكی فەخری كۆمەڵە دەست نیشانكراوە. ساڵی 1929 لە ئەنجامی ڕاوە دوونانی كۆمەڵە لە لایەن ئینگلیز و دەوڵەتی عێراقەوە لە كاردەكەوێت.
5-كۆمەڵەی پێشكەوتنی كوردان
كۆمەڵەی پێشكەوتنی كوردان زیاتر لە ناو نیشتمان پەروەروان ئەفسەرانی خانە نشینن برەوی هەبووە، لقی موسڵی كۆمەڵە “شاوەیس و مەحمود جەوت” بەڕێوەیان بردووە، دواتر لە لایەن ئینگلیزەوە كۆمەڵە خرایە ژێر فشارەوە و لەوسەروبەندەدا شاوەیس لە موسڵەوە بۆ بەغدادو دواتر بۆ شاری حیللە گۆێزرایەوە.
6-كۆمەڵەی برایەتی
ساڵی 1937 كۆمەڵەیەكی ڕامیاری نەتەوەی نهێنی دروستبوو، سەرەتا كۆمەڵە بە قەوارە بچووك بوو، ئەندامەكانی كەسایەتییە ناودارەكانی شاربوون وەك شێخ لەتیف، محەمەد سەدیق شاوەس و …هتد.
سەرەتا دەسەڵاتی تەنیا بە سەر سلێمانیدا دەشكا، بەڵام ئامانجی زۆر بەرزی هەبوو كە بریتی بووە لە رزگاركردنی كوردو كوردستان، یەكەمین هەوڵی كۆمەڵە بۆ ڕزگاركردنی ” حەمە ڕەشید خانی بانە” بووە كە ئەوكات لە سلێمانی لە بەندیخانە تووندكرابوو. دواتر كۆمەڵە لقی لە بەغداد، كەركوك و كۆیە كردەوە. ساڵی 1939 شاوەیس سەردانی سكرتێری ڕۆژهەڵاتی لە سەفارەتی بەریتانیا لە بەغداد كردووە لەگەلیدا باسی زوڵم و ستەمی نەتەوەی كوردی كردووە. دوای دامەزراندنی شاوەیس یە جێنوشین “قائیمقام” ی ڕانیە و دووركەوتنەوەی لە حیزبی برایەتی، حیزب سست دەبێت و ئەو چالاكی و كۆششەی جارانی نامێنێت.
7-حیزبی هیوا
پاش گەڕانەوەی “مەلیك مەحمود” سەرەتا بۆ سیتەك و دواتر بۆ داریكەلی، پاش ڕاپەرینەكەی ساڵی 1941 حیزبی هیوا لەو پەری تین و گەشە كردندا بووە، حیزبی هیوا دوای ماوەیەكی كەم چین وتوێژێكی خزانە نێو ڕیزەكانێوە بۆ نموونە مامۆستا، پزیشك، ئەفسەر، سەرباز و سەرەك عەشیرەتەكان، تەنانەت ڕێكخستنەكانی تا شاری بەغداد درێژ بووەوە، تا ساڵی 1943 حیزبی هیوا بەهێزترین پارتی كوردی بووە لە مێژووی بزاڤی ڕزگاری كورد لەو سەردەمەدا، هاوكات بەڵگە نامەكانی بەریتانیا چالاكییەكانی شاوەیسی بە مەترسیدار ناوبردووە. شایانی باسە مامۆستا ڕەفیق حلمی سەرۆكی پارتی هیوا بووە.
8-بایەخدان بە كەلەپوور، خوێندەواری لە كۆمەڵگای كوردەواریدا
مێژووی كۆكردنەوەی كەلەپورو تۆماركردنی لە ئێراقدا دەگەڕێتەوە بۆ سییەكانی سەدەی بیستەم، لەم بوارەدا هەوڵەكانیش تاكەكەسیبوون، یەكەم هەوڵیش سەرچاوەیەكی چاپكراوە لە لایەن ئیسماعیل حەقی شاوەیسەوە لە ژێر ناوی “قسەی پێشینان و گۆستاو لۆبون” دا مەبەستی پاراستنی ئەو قسانە بووە لە فەوتان و پیشاندانی ئەو گەوهەرانە بەگەلانیتر، كتیبەكە شەش سەدو دوازدە پەندی لە خۆگرتووە كە بە سەر لایەنەكانی ڕامیاری، كۆمەڵایەتی، گاڵتەگەپ، ئەدەبی و ئابوریدا دابەشبوونە. ساڵی 1938 پەرتوكێكی دیكەی بە ناونیشانی هەندێك پڕووپوچی پێشینان و مەتەڵ بە چاپ گەیاندووە بڵاوو كردۆتەوە، لەم كتێبەدا خراپی ئەو خورافیاتانەی و كاریگەریان لە هزری مرۆڤ بەگشتی بە تایبەت بۆ منداڵان پیشاندەدات. هەروەها چەندین وتارو نووسینی بە مەبەستی پێشخستنی لایەنی ڕۆشنبیری كوردی نووسیوەوەو بڵاو كردۆتەوە بۆ نموونە لە وتارێكدا باس لە ڕێنووسی كوردی، كێشە و ناتەواێكانی دەكات، هەروەسا كاریگەری زمانی بێگانە بە سەر زمانی كوردیەوە. شاوەیس لە ڕۆژنامەكانی ژیان، هاوار و دەنگی كورد، وتارو نوسینی هەبووە، هەروەسا لە گۆڤارەكانی ڕۆژی كورد، برایەتی و ڕۆژی كوردستانیشدا.