ڕاوێژکار لە ناوەندى چاوى کورد

مامۆستا ئەنوەر برزو

یەکێکە لە کەسایەتییە دیارەکانى شارى سلێمانى خۆشەویست، تاوەکو ئێستا سەرقاڵى کتێب و خوێندنەوە و بەڕێوەبردنى کۆشکى کتێبەکانیەتى لەشەقامى سالم لەبەردەم باخى گشتى شارى سلێمانیدا، ئەوەى بەو ناوەدا گوزەر بکات، مەحاڵە لاى مامۆستاى بەڕێز ڕۆژنامە یان گۆڤار یان کتێبێکى نەسەندبێت یان بەدیارى لاى بەڕێزیانەوە پیشکەشی نەکرابێت.

مامۆستا لە ساڵى ١٩٣٩ لە گوندى بارۆیی سەر بە ناحیەى بازیان لە شارى سلێمانى لەدایک بووە، لە تەمەنى شەش ساڵیدا و لە ساڵى ١٩٤٥ چۆتە بە خوێندنى ئاینى و لە حوجرەکەى مامۆستا مەلا عەبدول ڕەحمان دەستى بە خوێندن کردووە، دواتر لاى مامۆستا مەلا مەحمود لە ساڵى ١٩٤٩ و لە مزگەوتى تەکییە ڕووتە لە شارى سلێمانى درێژەى بە خوێندنى ئاینى داوە.

مامۆستا بەمەبەستى خوێندنى زانستە سەردەمییەکان ڕووى کردۆتە قوتابخانەى فەیسەلییەى ئێواران و قۆناغى ناوەندى بەشەو تەواو کردووە، ئەمەش هۆکاریک بووە بۆ ئەوەى بە هەریەک لە زانستەکانى شەرعى و زانستەکانى سەردەم ئاشنا بێت و بتوانێت خزمەتى میللەتەکەى خۆى بکات لە ڕێگاى ئەو زانستەى بەدەستى هێناوە.

لە ساڵى ١٩٥٨ مامۆستا ئەنوەر لە ڕێگاى یەکێتى قوتابیانەوە پەیوەندى دەکات بە پارتى دیموکراتى کوردستانەوە، لەوە بەدوا خەباتى سیاسی دەست پێدەکات و چەندین هەوراز و نشێوى دەبینێت کە تاکە مەبەستى خزمەتکردنى میللەتى کورد و کوردستان بووە، وەکو هەستى نەتەوایەتى لە دواى هەڵگیرسانى شۆڕشی ئەیلولەوە لە ساڵى ١٩٦٣ دژ بە چەوساندنەوەى میللەتى کورد پەیوەندى بە شۆڕشەوە دەکات و بەردەوام دەبێت تاوەکو ساڵى ١٩٧١.

لە ١٩٨٠/٤/١٦ تاوەکو ١٩٨٢/٧/١٧ لە زیندانى ئەبو غریب، کە شۆڕشگێڕانى گەلى کوردستانى تیادا زیندانى دەکرا، مامۆستا زیندانى کراوە، دواتر لەگەڵ ١٢٠٠ زیندانى سیاسی دیکەدا بەر لێبوردنى گشتى دەکەوێت و جارێکى دیکە چاوەکانى بەکەژ و کێو و دەشتە سەوز و هەوا سازگارەکەى کوردستان ڕۆشن دەبێتەوە.

مامۆستا کتێبى خۆشویستووە هەردەم هەوڵى داوە کە هاوڕێیەتى لەگەڵ تاکە هاوڕێیەکدا کە چراى ڕۆشنى هزر و بیرى نەتەوایەتى بووە نەپچڕێنێت، لە ساڵى ١٩٧٧ ەوە تاوەکو ئێستا خاوەنى کتێبخانە بووە و لەو ڕێیەوە توانیویەتى خزمەت بەگەل و نیشتمانەکەى بکات.

مامۆستا ئەنوەر خاوەنى چوار کتێبى وەرگێڕدراوە بۆ سەر زمانى کوردى لە زمانى عەرەبییەوە وەکو خۆى دەڵێت ( تاکە ئاواتم سەربەخۆیی کوردستانە).