چه‌ند كورته‌ سه‌رنجێك له‌سه‌ر دۆخی عێراق!

سامان ساڵح
ماسته‌ر له‌ سیسته‌مه‌ سیاسییه‌كاندا

یه‌كه‌م: به‌ گوێره‌ی پێوه‌ره‌ سیاسییه‌كان، عێراق ده‌وڵه‌تێكی شكستخواردووه‌، ده‌وڵه‌تی شكستخواردوو له‌ناو خۆیدا قه‌یران دروستده‌كات، چونكه‌ له‌ بنه‌مادا سیسته‌مێك نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی شوناسی ده‌وڵه‌ت له‌ واقیعدا بخاته‌به‌رچاوی هه‌مووان، بۆیه‌ كه‌س خۆی به‌ هاوڵاتی وڵاته‌كه‌ نازانێت و له‌ كۆتاییدا ئاڵۆزیی سیاسیی به‌رده‌وام ده‌بێته‌ سیمای گشتی ده‌وڵه‌ت.

دووه‌م: ژماره‌ی لاوانی عێراق به‌ خێرایی زیاد ده‌كه‌ن، راپۆرتی رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان رێگه‌ی ئه‌وه‌یان نیشانداوه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر حكومه‌ت نه‌توانێت ئه‌م ژماره‌ زۆره‌ كۆنتڕۆڵ بكات، ئه‌وا ده‌بنه‌ مه‌ترسی له‌سه‌ر سیسته‌می سیاسی، عه‌ره‌ب منداڵی زۆر ده‌خاته‌وه‌ بێئه‌وه‌ی حسابی ئاینده‌ بكات.

سێیه‌م: به‌ڵێنه‌كانی حكومه‌تی ئێستای عێراق بۆ رازیكردنی خۆپیشانده‌ران، له‌ بنه‌ڕه‌تدا دژی ستراتیژیی به‌هێزبوونی حكومه‌ته‌، چونكه‌ هێنده‌ی تر باری دارایی حكومه‌ت قورستر ده‌كات، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆكاری زیاتربوونی به‌رپرسیارێتی، له‌ هه‌مانكاتیشدا ده‌زگاكانی حكومه‌تی عێراق چونكه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای دابه‌شكاریی مه‌زهه‌بیی و حیزبایه‌تی دامه‌زراون و ئاستی دامه‌زراوه‌ییان نییه‌ و لای خه‌ڵك متمانه‌یان نه‌ماوه‌، ناتوانن ئه‌و به‌رپرسیارێتیه‌ له‌ ئه‌ستۆبگرن.

چواره‌م: له‌ عێراقدا دوو هێز دژ به‌یه‌ك وه‌ستاونه‌ته‌وه‌، هێزی نوێی لاوان و هێزی دامه‌زراوه‌ی مه‌زهه‌بی و ئاینی، هێزه‌ ئاینییه‌كه‌ به‌ توندی به‌رگری له‌ نه‌مانی وه‌لائی لاوان بۆ مه‌زهه‌ب و ئاینی ته‌قلیدی ده‌كات، زۆریی ژماره‌ی لاوان-یش، توانای له‌ مه‌زهه‌ب و ئایین بڕیوه‌ و تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی سنووری ئاینی و مه‌زهه‌بیی بڕیوه‌ و ئێستا تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی مه‌زهه‌بی به‌هێزی لاوانه‌ و "كار و ئاینده‌ی باش" بۆته‌ دوا قسه‌ی لاوان و مه‌زهه‌بیش كه‌ ده‌سه‌ڵات به‌ڕێوه‌ده‌بات ناتوانێت وه‌ڵامی ئه‌وه‌ بداته‌وه‌، ئه‌م دوو ئاراسته‌ به‌ شه‌ڕی نێوماڵی شیعه‌ رووپۆشكراوه‌ و به‌ شێوازی دیكه‌ نمایشده‌كرێت.

پێنجه‌م: رووداو و شتی تر زۆرن، گروپ و تۆڕه‌ سیخوڕییه‌كان ده‌ست ده‌خه‌نه‌ نێو هه‌مووشته‌كان، راستتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ جیهانی سیاسی به‌ هێز و پاره‌ و سیخوڕ، به‌ڕێوه‌ ده‌ڕوات، به‌ جۆرێك كه‌كوشتنی خۆپیشانده‌ره‌كان زۆرجار، ده‌بێت به‌ ده‌ستكه‌وت بۆ زۆر گروپی مشه‌خۆر و هێزی تایبه‌ت.

ئەم وتارە گوزارشت لەڕای نوسەر دەكات


PM:09:56:06/10/2019



ئه‌م بابه‌ته 147 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر