عەربەت و زەعیم سەدیق و شەخسە بچکۆلەکە

سامان ساڵح
ماسته‌ر له‌ سیسته‌مه‌ سیاسییه‌كاندا

عەربەت، شارۆچکەیەکی دێرینی ناوچەی شارەزووری مێژووییە کە تەمەنی زیاترە لە چەند هەزار ساڵ و نزیکەی ٢٠ کیلۆمەتر لە شاری سلێمانی دوورە و دەکەوێتە بەشی باشووری ڕۆهەڵاتی سلێمانی. ئەوەی لەم نووسینەدا مەبەستمە هەڵدانەوەی پەڕەکانی مێژووی کۆن نییە، بەڵکو خستنەڕووی لایەنێکی کەمی ڕووداوێکی دڕندانەی سەردەمی بەعسە کە بەسەر کوردستان و عەربەتیش وەک گوندێکی کوردستاندا هاتووە، هاوکات شیکارییەکی بچوکە وەک کلیلێک بۆ کردنەوەی دەرگای هۆشمان سەبارەت بە دۆخی ئێستا.

لە ساڵی ١٩٦٣ و دوای ماوەیەک لە هاتنەدەسەڵاتی بەعسییە گڵاوەکان کوردستان دیسانەوە توشی هێرش و کاولکاریی بوویەوە، لە مانگی حوزەیران واتە(مانگی شەش) کە گەرمەی دورینەوەی دەغڵ و دان و بەرهەمە کشتوکاڵیەکانە، هێرشکرایە سەرکوردستان و بە تایبەت پارێزگای سلێمانی ڕووداوێکی کۆمەڵکوژی تێیدا ڕوویدا کە بە ناوی تاوانبارەکەیەوە زۆرتر دێتەوەیاد کە زەعیم سەدیقی عەرەبی ئێراقی بەعسییە. زەعیم سەدیق، باوکی ناوی موستەفایە و لەوکاتەدا فەرماندەی لیوای ٢٠ی ئێراق بووە، سلێمانی لە ساڵی ١٩٦٣ یەکێک لە ناخۆشترین ساڵەکانی بەڕێکرد، کۆمەڵکوژی (حامیە) زۆر بەناوبانگە.

عەربەت، لەسەر ڕێگەی کاروانە دز و جەردەو گڵاوەکەی زەعیم سەدیق بوو، بە ڕەحمەت بێت باوکم نەهامەتی ئەو ڕۆژانەی سووتانی عەربەت و دەغڵ و دانەکەی و گوندەکانی دەوروبەری و جێهێشتنی ماڵ و ڕووخاندنی بۆ باسکردووم. زەعیم سەدیقی عەرەبی ئێراقی بەعسی بەبێ هیچ پرس و لێکۆڵینەوەیەک هەرچی بهاتایەتە بەردەستی لە مرۆڤ دەیکوشت، لە ماڵ دەیدزی و دەیسووتان، ئاوەدانی کاولدەکرد، لەوکاتەدا (مەنع تەجەول)لەلایەن بەعسەوە ڕاگەیەنرابوو، بەڵام بەعسی و حەڕەس قەومیەکان بەوەشەوە نەوەستان دوای کۆمەڵکوژییەکەی سلێمانی سوپای خوێنڕێژی بەعس بەرەو دەربەندیخان دەڕوات، لە ڕێگەداو لە گوندی خەراجیان زەعیم سەدیقی دڕندە دوو ژن لەناو ماڵەکانی گوندەکەدا دەسووتێنێت، پاشان عەربەت و گوندەکانی دیکەش دەسوتێنن تا دەگەنە گوندی چنارەو لەوێش کۆمەڵکوژیی دەکەن و دواتر بەرەو دەربەندیخان.

یەکێک لەو کەسانەی زەعیم سەدیق دەیکوژێت و شەهید دەبێت(چاوپێکەوتنی کچەزاکەی)پیاوێکە بەناوی سەید قادری شێخ ڕەزای باوەکۆچەک، ئەو پیاوە خەڵکی هەڵەبجەیەو لەو کاتەدا لە نزیک شەقامی نێوان سلێمانی ـ دەربەندیخان دەکەوێتە بەردەستی دڕندەکانی سوپای ئێراق و دەستبەجێ بێ دادگاو دادوەر لەوێدا دەیکوژن.

تەرمی ئەو پیاوە لە کەناری شەقامەکە بە خاک دەسپێردرێت و كفنی بۆ دروستدەکرێت و دارێکی بەڕوو کە ئێستا وشکبووە و ئەرخەوانێکیشی لەسەر دەڕوێنرێت، ساڵ دێت و دەڕوات ئەو گۆڕە لە ناوچەکەدا بە(شەخسە بچکۆلەکە)ناو دەردەکات و لەشێوەی پیاوچاکێک لێی دەڕوانرێت.

دەمەوێت ئەو باسە ببەستمەوە بە شتێکی دیکەوە بەمجۆرە:

لە ئێستادا گۆڕی ئەو شەهیدە وێران بووەو تێکچوە بەسەریەکداو گۆڕانکارییەکانی ڕۆژگار بە فەرامۆشیی سپاردووە، هەر لەنزیکی گۆڕەکەی ئەو زەوی جووتیارەکانی عەربەت کە زەعیم سەدیق سووتاندنی کراوە بە کەمپ و شوێنی نیشتەجێبوون بۆ عەرەبە بەعسییەکانی ڕاکردووی شەڕی تایەفی و مەزهەبی ئێراق.

لە دوای ٢٠٠٣ وە عەرەب هەنگا و بە هەنگاو هاتنە عەربەت لە چەند ساڵێکدا ژمارەی عەرەب لە دانیشتوان زیاتربوون بەشێکی زۆر لەو عەرەبانە لەدایکبووی شەستەکان و پەروەردەی حیزبی بەعسن، سمێڵی ڕەشی هەشتی شوباتی دەهێڵنەوەو بە شەقام و کۆڵانەکاندا پیاسە دەکەن، لەناو ئەواندا تێیدایە پلەی سەربازی باڵای هەبووە و کوردی ئەنفالکردووە، خۆیشیان ئەم ڕووداوانە بە ناڕاستەوخۆ باسدەکەن و دەسەڵاتیش ئەوە دەزانێت.

جگە لەوە بەهۆی مردنی ئاساییەوە ئێستا بەشێکی گۆڕستانی نوێی عەربەت لە (گردیاتکە)بۆتە شوێنی ناشتنی عەرەبەکان، کە ئەمە مەترسییەکی گەورەیە بۆ داهاتوی کوردستان، گۆڕی پاک و هەڵبەستراو و سەوزایی بۆ ئەو عەرەبانەی کە لە کەرکوک و ناوچە داگیرکراوەکانی کوردستان ناهێڵن کورد گۆڕیشی هەبێت دابینکراوە.

لەوانەیە بڵێن ئەوە ترسی بۆچییە؟ 

بەڕوون و ڕەوانی دەڵێم نەک ترس، تۆقینی دەوێت، چونکە ئێمەی کورد حیزب و دەسەڵاتدارەکانمان شتمان لەبیر دەبەنەوەو غیرەتی کوردایەتیمان تێدا دەکوژ، دەنا، با ئەم پرسیارە بۆ هەموو کورد بێت، بەتایبەت پارتی و یەکێتی، ئێوە چۆن وەڵامی خەڵکی کوردستان و سلێمانی دەدەنەوە کە زەعیم سەدیق کۆمەڵکوژی کرد و سووتانی، بەڵام هەتا مرد قائیمقام بوو لە ئێراقداو ئێستاش هەربەو پۆستە خانەنشینە لە دەوڵەتی ئێراقدا؟

هاوار بە ماڵم بۆ ئەو ڕۆژە ڕەشەی عەرەب حوکمی عەربەت دەکات!


ئەم وتارە دید و بۆچونی تایبەتی نووسەرەکەیەتی

PM:01:45:19/09/2022



ئه‌م بابه‌ته 59 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌