خۆرێک کە هەمیشە لە درەوشانەوەدایە

عەتا مەحمود
نووسەر

لەگەڵ دەستپێکی چوونە ژوورەوەدا بە لای دەستە ڕاستدا، ڕێڕەوێک لە شێوەی ئەشکەوتێکدا درووستکراوە، هەرچەندە درێژیی ڕێڕەوەکە زۆر نییە، بەڵام ئەو هەستەت لەلا درووست دەبێت کە تۆ ئێستا دەچیت بۆ سەیری پارچەی شوێنەواری ئەو مرۆڤانەی کە لە سەردەمانی زوودا لە ئەشکەوتدا ژیاون. دواتر دیمەنی ئەو پارچانە دەبینیت کە هەموویان لە بەرد درووستکراون، ئەوەش بەڵگەیە بۆ ئەوەی مرۆڤی سەرەتای چاخی بەردیین بۆ پاراستنی خۆی و بۆ ڕاوکردن تەنها بەردی بەکارهێناوە. دواتر قاپ و دەفر و گۆزەی لە گڵ درووستکراو دەبینیت، ئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی لە سەردەمانی دواتردا مرۆڤ نیشەجێبووە و کشتوکاڵی دۆزیوەتەوە و دانەوێڵەی بەرهەم هێناوە بۆ هەڵگرتنی خواردن و دانەوێڵە پێویستی بە ئەو دەفر و گۆزانە هەبووە.

ئەم شوێنە مۆزەخانەی سلێمانییە، خۆرێکە لە ئاسمانی ئەم شارەدا کە هەمیشە لە دەرەوشانەوەدایە و لاپەڕەکانی مێژوومان بۆ ڕووناک دەکاتەوە، لە (١٤ی تەممووزی ١٩٦١) لە بینایەکی بچووکی گەڕەکی شۆڕشدا دامەزراوە، یەکەم بەڕێوەبەری (ڕەفیق فەتحوڵڵا) بووە. لە ناوەڕاستی ساڵانی حەفتاکاندا لەسەر شەقامی سالم، زەوییەکی بە ڕووبەری (٦٠٠٠)م بۆ دانرا و لە ساڵی (١٩٨٠)دا ئەم بینایەی ئێستای لەسەر بنیات نراوە، یەک نهۆمە و لە دوو هۆڵی سەرەکی پێکهاتووە، بەپێی داتاکانی ڕێکخراوی یونسکۆ، لە دوای مۆزەخانەی نیشتمانی ئێراق لە بەغداد، دووەم گەورەترین مۆزەخانەیە، خاوەنی نزیکەی (٦٠) هەزار پارچە شوێنەواری سەردەمە جیاوازەکانە، بەڵام بەهۆی بێ جێگایی و بچووکیی ڕووبەری بیناکەوە، نەیانتوانیوە هەموو پارچەکان بخەنە ڕوو.

بۆ یەک جاریش بێت لە ژیانتدا گرنگە سەردانی ئەم مۆزەخانەیە بکەیت و بە چاوی خۆت سەدان پارچەی شوێنەواری میژوویی ببینیت، کە باس لەوە دەکەن هەزاران ساڵ بەر لە ئێستا خەڵکی ڕەسەنی ئەم ناوچەیە لێرە لەسەر خاکی خۆیان ژیاون. پاشماوەی شوێنەوارەکانی گوندی چەرمۆی لێیە، کە (٧) هەزار ساڵ پ.ز بۆ یەکەمجار لە جیهاندا کشتوکاڵ لەم گوندە دۆزراوەتەوە، شوێنەواری ناوچەی بێستانسووری لێیە، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ (٩) هەزار ساڵ پ.ز، لە سەردەمی پێش مێژوو (چاخی بەردین)ەوە تا سەردەمی ئیسلام و عوسمانییەکان، کەرەستە و پارچە شوێنەوارییەکان نمایش کراون.

وەک نموونە بە کورتی باس لە سێ پارچە دەکەین:

- کۆنتریین پارچەی شوێنەواریی لە ڕووی مێژووییەوە، لەم مۆزەخانەیەدا بریتییە لە پاچەکۆڵەیەکی بەردینی دەستی، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ چاخی بەردینی کۆن، قۆناغی ئاشولی (١٠٠٠٠) پ.ز، نزیک چەمچەماڵ- سلێمانی، کە درێژیی (١٣.٩) سم و پانی (٧.٩) سم-ە، لێوارەکانی بەردی داتاشراون و نووکێکی تیژی هەیە، بۆ مەبەستی داربڕین و ڕاوکردن و خۆپاراستن بەکارهاتووە.

- جوتێک گوارەی ئاڵتوون، لە باشووری وڵاتی نێوان دوو ڕووبار دۆزراوەتەوە، سەردەمی پاشای شوڵکی (٢٠٩٣-٢٠٤٦)پ.ز، بە نووسینی مێخی لەسەری نووسراوە، باسی ئەوە دەکات کەسێک بە ناوی خازی پێشکەش بە خواوەندی مامیتومی کردوون، کە خواوەندی قەدەر و چارەنووس بووە لە ژێر زەوی.

- میلی پاشا ئیدی- سین، سەردەمی بابلی کۆن، گوندی قەرەچەتان- سلێمانی، کە بەرزییەکەی (٧٦)سم و پانی (٣٧)سم، ئەستووریی (٢٧) سم، (١٠٨) دێڕ نووسینی مێخی بە زمانی ئەکەدی لەسەرە، دەقی نووسینەکە کارە سەربازییەکانی پادشا دەگێڕێتەوە، گرنگییەکەی لەوەدایە ناوی زۆر ناوچەی جوگرافی کوردستان تۆمارکراوە. دیاری شەهید غەریب هەڵەدنی (١٩٩٣).

وڵاتی ئێمە تەنها بە سامانی سرووشتی و کانزا و نەوت دەوڵەمەند نییە، بەڵکو خاوەنی دەیان ناوچەی شوێنەوارییە، دەتوانرێت وەبەرهێنان لەم بوارەدا بکرێت، جگە لەوەی لە ڕووی فەرهەنگی و کەلتوورییەوە دەبێتە دەستکەوتێکی گەورە و گرنگ، لە هەمان کاتیشدا دەتوانرێت بکرێتە سەرچاوەیەک بۆ زیادکردنی داهات و ڕاکێشانی گەشتیاری ناوخۆ و بیانی. لە دوای (٦١) ساڵ ئیتر پێویستە ئاوڕێک لە مۆزەخانەی سلێمانی بدرێتەوە، بینایەکی باشتر و گەورەتر و شایستەتری بۆ بنیات بنرێت، کە بە شێوەیەکی ستاندارد هەموو تایبەتمەندییەکانی مۆزەخانەیەکی هاوچەرخ و سەردەمییانەی تێدا ڕەچاوکرابێت، چونکە لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە و گەڕان و کنە و پشکنین ڕۆژ بەڕۆژ پارچەی شوێنەواری تر دەدۆزنەوە، تا بتوانن ئەو پارچانەی لەبەر بێ جێگایی لە نێو دۆڵابەکاندا دانراون، بینهێننە دەرەوە و بەشێوەیەکی باشتر نمایشیان بکەن.

* بەشێکی زانیارییەکانم، لە شوێنەوارناس خاتوو (بەهرە ساڵح) لە مۆزەخانەی سلێمانی و بەشێکیشیان لە کوڕاس و دەلیلێکی ئامادەکراوی مۆزەخانەکە وەرگرتووە.




ئەم وتارە دید و بۆچونی تایبەتی نووسەرەکەیەتی

PM:12:52:16/11/2022



ئه‌م بابه‌ته 71 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌