شانازی بە زمانەکەتەوە بکە

سالار عوسمان
بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان

لە ڕوانگەی زمانناسێکەوە چکۆڵەترین بابەتی زمان دەبێ بە خەم، ئەو... نیشتیمان، شکۆی مرۆڤەکان، تەنانەت ئاماژەیەکی سیاسی و کەلتووریش ھەر لە ڕێی زمانەوە دەپێوێ و ئیتر پێ و دانی ئەو، پێودانی زمانە و لەوێوە، لەو بەرزاییەوە سەیری بوون، ژیان و چەمکەکان دەکات.

ئەوەی لەو بەرزاییە ڕانەھاتبێ، لە نزمایی خۆڵ و خاشاک و زبری و پیسی بێزمانییەوە ڕادێ و، نەزانانە نزانێ زمان واتە بوون و ناسنامە و پەڕینەوە !..

لەم ڕۆژانەی جەژن، ھەندێ کارتی جەژنە پیرۆزەم بینی، کە ھی ھەڵوەستەن، دەمەوێت ئەو ھەڵوەستەیە بقۆزمەوە بۆ قسەلێکردن، دەمەوێ قسەلێکردنەکەیش پارڤە بکەمە سەر دوو بەش، بەشی یەکەم ئەو کەسانەن، کە کوردن و زمانی کوردی وەک زمانی دووەم دەبینن و لەبەر ھەر ھۆ و ھۆکارێکەوە بێت زمانی عەربی، یا ئینگلیزی، یا فارسی و تورکی بە زمانی یەکەم دەزانن، بە نموونە دەنووسن: ( عیدکم مبارک، ئینجا بە فۆنتێکی بچووکتر و لە خوارەوە دەنووسن، جەژنتان پیرۆز )، کورت و پوخت ئەمە خەوشێکی گەورەیە و ئینسان نابێ زمانی دایکی بە زمانی دووەم بزانێ، جا لە ھەر جوگرافیا و ژینگەیەکی خوێندن بووبێت و ھەر پاساوێکی ھەبێت، بەشی دووەمیش ئەو بەرێزانەن، کە لەیەککاتدا، یەک ڕستە و دەق بە دوو شێوەزارە سەرەکییەی زمانی شیرینی کوردی دەنووسن، واتە بە شێوەزاری کرمانجی سەروو و خواروو، واتە ھەردوو شێوەزارەکە بە دوو زمان حیساب دەکەن، بە نموونە دەنووسن: (جەژنتان پیرۆز بێت، ئینجا لە ژێریدا دەنووسن، جەژنا ھەوە پیرۆز بیت)، ئەمەیشیان ھەر خەوشێکی تری گەورەیە، ئاساییە بە ھەر شێوەزارێک لە شێوەزارەکان بنڤیسی، لێ نائاساییە زمانی کوردی تەرجەمەی زمانی کوردی بکەیتەوە، تەنانەت ئەگەر شێوەزارەکە قورسیش بێت، ئەوە خەتای ھەمووانە کە نەمانتوانیوە گوێی کورد بە شێوەزارەکانی زمانی کوردی ڕابێنین، خەتایەک، کە دەکرێ ئیشی رژدی لەبارەوە بکەین، بەڵام تەرجەمەکردن، یا حیسابکردنی شێوەزار وەک زمانی جیاواز، ئەمە خەوشێکە و پتر لەوەیش، ئەم بە زمان حیسابکردنەی شێوەزار، خەون و حەزی دوژمنانی کوردە، دوێنێ زۆر ھەوڵیان بۆ دا و، ڕۆژنامە و پارە و کەرەسەی جیاجیایان بۆ تەرخان کرد و، ئێستێش، دوای پتر لە سی ساڵ ئازادیی باشووری کوردستان، ناحەزانی کورد لێی سارد نەبوونەتەوە و ھەر ئیش بۆ ئەو فیتنە گەورەیە دەکەن، ئەو فیتنەیەی، کە کورد بە گژ یەکدا دەدات و درزەکان گەورەتر و برینەکان قووڵتر دەکاتەوە !..

لێرە و لەم دەلیڤەیەدا، کە قسەمان لەسەر زمانە و سەرێکی ڕۆدەچێتە نێو سیاسەتەوە، ھەقە ئەوە بڵێین، کە ھەندێ سیاسی و نووسەر و میدیاکاری کورد بە ئاگاوە کەوتوونەتە سەر پەتی یٔەو فیتنەیە و، ھەندێکیش بێ ئاگا، لەبەر بچووکبینی خۆیان، یا بۆ خۆشەویستیی شێوەزارەکەیان دەکەونە ڕۆخی پەتی ئەم فیتنەیە و جارجارە، بەداخەوە قسە و ڕا و پەیڤینەکانیان چ فەرقێکی ئەوتۆی نییە دەگەڵ ھی دوژمنان !..

دوماھی دەمەوێ زەلال و ڕوون بئاخفم و بێژم:ـ زمانی دایکت زمانی یەکەمتە و شانازی بە خۆت و زمانەکەتەوە بکە.

ـ شێوەزارەکان لق و چڵی درەختی زمانن و ھەر لق و چڵێکیش کۆرپەی حەڵاڵی ڕەگن و، ڕەگیش وا لە نێو خاکدا قووڵ قووڵ ئاوێتەی ئاوە، ئاوێک، کە تامی شیرینی خوێنی شەھیدانی لێ دێت !..

"دەوڵەت/ ھەرێم و زمان" 

ھەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتی و دامەزراوەکان، چۆن و بە کام تێگەیشتن  بەرخورد دەگەڵ زماندا دەکەن؟.. ھەر بە نموونە زمانی دادگاکان، زانکۆ و قوتابخانەکان، زمانی نووسراوە فەرمییەکان، تایبەت ئەو نووسراوانەی نێوان ھەرێم و بەغدا، یان نێوان وەزارەتێک و کۆنسوڵگەریی وڵاتێک، ئایا بە کام تێگەیشتن و لەسەر چ بنەمایەک بەرخورد دەگەڵ زمانی کوردی و زمانەکانی تردا دەکەن، تۆ بڵێی بنەمایەکی ڕوونی پێشتر قسەلێکراوی یەکلاکەرەوە ھەبێت و ھەموو ھەرێمی کوردستان -  مەبەستم دامەزراوە فەرمییەکانە - بە یەک ڕوانگا و تێگەیشتنی زمانییەوە، ئامانجبین کار بکەن ؟..

بەرسڤی ئەم پرسیارە، بەداخەوە دڵخۆشکەر نییە، بەداخەوە تا ئێستێ تێگەیشتنێکی ڕوون و یەکلاکەرەوە نییە بۆ پرسی زمان، تەنانەت بەشی زۆری سیاسییەکانی کوردستان خۆ لەقەرەی ئەو بابەتە ھەستیارە نادەن، بگرە بە خەمی خۆیشیان نازانن!..

دەبێ پرسی زمان چڕ نەکەینەوە لە ئەکادیمیای کوردی، لە وەزارەت و دامەزراوەیەک، دەبێ پرسی زمان ببێتە پرسی ھەمووان، دەبێ ببێتە خەمی ھەمووان، رێک دەبێ وەک پرسی بوون، ناسنامە و پەڕینەوە بەرخوردی دەگەڵدا بکرێت !..

"ڕاگەیاندنی کوردی و وەرگری بێ زمان"

تاک و تەرای لێ دەرچێ، ئەگینا زۆربەی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی کوردی نەک ھەر تێگەیشتنی زمانیی، ڕوانگا و چارەسەریی زمانیی - نەتەوەییان نییە، بەڵکو بێ سەواد، بێ خەم و بێ پەروا خۆیان داوەتە بەر قەدەری شوومی بێ پلانیی زمان، کە ئەمەیش گوێگر، بینەر و خوێنەرێکت بۆ بەرھەم دێنێ، کە دەکرێ ناوی لێ بنێین: وەرگری بێ زمان.

ئەگەر لەو چەمکەوە: (وەرگری بێ زمان)، قسە لە خەمە قووڵەکانی بێ سەوادی ڕاگەیاندنی کوردی بکەین بۆ پرسی زمان، دەگەینە ئەو قەناعەتەی، کە ڕاگەیاندنی کوردی - زۆربەیان - لە پرسی زماندا ڕۆڵی نێگەتیڤ، پاسیڤکردن و لێسەندنەوەی ناسنامە دەبینن، لەبەرئەوەی وەرگرێکت بۆ دەخوڵقێنن بێ زمان، ئاخر کورتترین پێناسەی بێ پلانیی زمان، واتە بێ زمانی!..

وەرگری کورد ئێستێ وەرگرێکی بێ زمانە، کۆمەڵێک پارچەی سەقەتی زمانی جیاجیا  وەردەگرێ، کە کۆکردنەوەیان نەک ھەر زەحمەتە، بگرە ئەستەمیشە، سەرلێشێواو بەرەو سبەینەیەکی ناڕوونی بێ زمانی ھەنگاو دەنێ، کە شیمانەی ئەوەی ھەیە لە نزیکترین کەسی خۆی حاڵی نەبێت، ئەوەی دەیڵێین زێدەگۆیی نییە، زمانی خانەوادەکان، چین و توێژەکانی کۆمەڵگە، ھی خودی یەک میللەت، نابێ زۆر لێک دوور و پێک ناحاڵی بن، ئەوەی ئێستێ ھەستی پێ دەکەین، بەداخەوە ئەو سەرەتا خراپەیە، جوتیارێکی کورد و قوتابییەک، ھاوڵاتییەک و ئەکادیمیستێک، پزیشکێک و شوفێرێک خەریکە باش لێک حاڵی نابن، نابێ ئاستە جیاوازەکان کەلێنی چارەسەرنەکراوی زمانی دروست بکەن، دەبێ زمانی بەھێز کەلێن و دوورییەکان چارەسەر و لێک نزیک بکاتەوە، بەداخەوە ڕاگەیاندنی کوردی، ڕێک وەک زۆربەی سیاسییە بێ خەمەکانی کورد، خەمێ زمانی نییە، بۆیە دەکرێ ناو لەو زەمەنە بنێین : زەمەنی بێ خەمیی زمان !..

"ھەستی شانازیی زمان"

چی بکەین؟.. وەک کوردێک شانازیی بە زمانەکەتەوە بکە، ئەگەر وەرزێری یا وەزیر، ئەگەر لە ماڵەوەی یا لە نێوەندێکی ئەکادیمی، ئەگەر لە ھەندەرانی یا لە شار و گوندێکی کوردستان، وەک دایکت بئاخفە و کوردانە، شیرین شیرین بدوێ و ئەو ڕاستییە بزانە، کە زمانێک نییە لە دونیا لە زمانی تۆ باڵاتر و پیرۆزتر.

دەرفەتە لێرە ھەموو ئەو تێگەیشتنە نازانستییانە ڕەت بکەینەوە، کە پێیانوایە زمانێک لە زمانێکی تر پیرۆزتر و باڵاترە، ھەموو زمانەکان وەک یەکن، ھەموویان ڕایەڵەی لێکتێگەیشتن و پێوەندیی کۆمەڵایەتیین و پێویستیی ژیان و ژیارن، بۆیە لە ھەر کوێ بووی، لە ھەر دوان و دوانگەیەک بووی، چوون چیاکانی کوردستان، سەربڵندانە بە کوردی بئاخفە و لەنێو ئەو ھەقیقەتەوە بدوێ، کە زمانی تۆ، ھی نەتەوەیەکە، کە تائێستایش ھەڕەشەی لەسەرە و بە مافە سەرەتاییەکانی خۆی نەگەیشتووە، نەتەوەیەک، کە دوژمنەکانی زۆریان ھەوڵدا زمانەکەی وشک بکەن، کەچی ئەو، چوون کانیی تەقیو، ھەر زەڵاڵ و زوڵال مایەوە و تادێش دەمێنێتەوە، نەتەوەیەک، دوای ئەو ھەموو ستەمە، ھەر مایەوە و زمانەکەیشی دەگەڵ خۆیدا ھێشتەوە.

کورد ھەڕەشەی لەسەرە، زمان ڕۆڵی گەورە لە ڕووبەڕووبوونەوە و تێکشکاندنی ئەو ھەڕەشەیە دەبینێت، بۆیە دەبێ ھەموومان منداڵەکانمان لە شانازیی، ڕۆڵ و مەزنیی زمانی کوردی ڕابێنین، قوتابخانەکان دکارن ڕۆڵ و نەخشێکی مەزن لەو پێناوەدا بگێڕن، دەبێ بە ھەموو ورد و درشتی تێگە و تێگەیشتنەکانی پرسی زمان دابێینەوە و ھەستی شانازیی زمان بۆ تاکەکان دروست بکەین، دەبێ زەمەنی بێ خەمیی زمان، کە پێشتر باسمان کرد، چارەسەر بکرێت، دەبێ ھەموومان، تایبەت پەرلەمان، حکومەت، سیاسییە نیشتیمانپەروەرەکان و ئەکادیمیستەکانی بواری زمان ئیش بکەین بۆ چێکردنی (ھەستی شانازیی زمان)، ھەستێک، کە وەک پێشمەرگە، وەک دیموکراسی و عەدالەت پێویستە بۆ کورد و کوردستان!..


ئەم وتارە دید و بۆچونی تایبەتی نووسەرەکەیەتی

PM:11:43:06/08/2022



ئه‌م بابه‌ته 74 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر