ئەنفال پرۆسە نیە، ئەو کاتەی میدیاکەمان خزمەتی داگیرکەر دەکات

سەردار عەبدوڵا
نووسەر

نیسانی ساڵی (١٩٤٦)، واتا حەفتا و شەش ساڵ لەمەوبەر، نووسەری ناوبانگی جیهانی جۆرج ئۆرویل، وتارێکی یەکجار گرنگی لەژێر ناونیشانی (سیاسەت و زمانی ئینگلیزی)دا بڵاوکردۆتەوە. وتارەکەی بێئەندازە قووڵ و دەوڵەمەندە، لێرەدا تەنها ئاماژەیەکی خێرای پێ دەکەم. زۆر سەیر وا هەست دەکەیت کە باسی زمانی کوردی ئەم سەردەمە دەکات. ئۆرویل پێیوایە پەیوەندییەکی پتەو لەنێوان داڕووخانی زمان و داڕووخانی فیکردا هەیە، مەسەلەکە لەوە دەچێت کە مرۆڤ لەتاو شکستهێناندا، پەنا بۆ ئالوودەبوون بە مەی دەبات. شکستەکەی دەبێتە هۆی ئالوودەبوونی، ئالوودەبوونەکەشی دەبێتەوە بەهۆی شکستی زیاتر. واتا لە یەک کاتدا هەر خۆی هۆ و دەرەنجامیشە. واتا بەهۆی ئەو بیروبۆچوونە ئەحمەقانەی گوزارشتیان لێ دەکات، زمان ناشیرین و داڕزاو دەبێت، بەڵام ئەم داڕزاویی و شەقوشڕیەی زمان هەر خۆی وا دەکات خاوەنەکەی بەئاسانی بگاتە بیر و بۆچوونی ئەحمەقانە.

ئەمە وەک بنەمایەکی سەرەکی باسە بەنرخەکەی ئۆرویل، سەبارەت بەباتەکەی خۆشمان، ئۆرویل پێیوایە زمانی هاوچەرخ کە ئەو بە بێفەڕ وەسفی دەکات، دوو خەسڵەتی بنەڕەتیی هەیە، کە بریتین لە چەقبەستویی وێنەی زیهنی، و نەبوونی دیقەت. واتا نووسەر وێنەیەکی دیاریکراوی لایە و ناتوانێت گوزارشتی لێ بکات، یان بەهەڵە گوزارشت لەم مانایە دەکات، یان هەر بەلایەوە گرنگ نیە ئەگەر قسەکانی هیچ مانایەکیان هەبێت.

لەمەش بترازێت، ئۆرویل لەو وتارەیدا باس لەوە دەکات کە سیاسییەکان چۆن زمان بۆ باسکردنی ئەو مەسەلانە بەکار دەهێنن کە قابیلی داکۆکیلێکردن نین. ئەمەش لەڕێگەی پەنابردن بۆ بەکارهێنانی (کاری بکەر نادیار). ئەم مەسەلەیەش لەم وتارەدا سەبارەت بە ئەنفال بە نموونەوە دەخەمە ڕوو.

کاتێک کە میدیاکار و نووسەر و دەزگای میدیایی کورد، ئەنفال بە (هێرش، یان شاڵاو، یان پرۆسە) ناوی دەبات، بەخۆی بزانێت یان نەزانێت، ئەوا بەجۆرێک لە جۆرەکان ڕژێمی سەدامی لە تاوانباری داماڵیوە. بۆ ئەنفال، ناکرێ جگە لە (تاوانەکانی ئەنفال)، یان هەر دەستەواژەیەکی دیکە کە بۆ پیشاندانی سەختیی و قورسیی زنجیرە تاوانەکە بەکار بهێنرێت. دەستەواژەکانی (شاڵاو، هێرش، پرۆسە)، کە بەداخەوە زوربەی دەزگا میدیاییەکانمان بەردەوام بەکاریان دەهێنن، دەستەواژەی وەسفی بێلایەنن و هیچ دەلالەتێکی تاوانبارکردنیان تێدا نیە، بە جۆرێک کە تەنانەت خۆشت لە جەنگدا بیت دەڵێی: هێرشم کرد، لەکاتێکدا وەکو پێشتر گوتمان ئەم دەربڕینە سەربازییە هیچ تاوانبارکردنێکی تێدا نیە، بۆیە بەکاری دەهێنیت. ئەم دەستەواژەیە هێندە بێلایەنە، کە پەڕیوەتە ناو کایەی وەرزش و بە تایبەتیش فووتبۆڵ.

دەکرێت نەیارەکانی کورد، لەکاتی باسکردن لەم زنجیرە تاوانە بێوێنەیەدا، بڵێن "پێنج هەزار گوند خاپوور کرا"، یان "١٨٢ هەزار کرانە قوربانی"، یان تەنانەت "کوژران یان بێسەروشوێن کران"، بەڵام ناکرێ کورد ئەم دەستەواژانە وەک (بکەر نادیار) بەکار بهێنێ، چونکە لێرەدا، بکەر کە ئەو ڕژێمە دڕندەیەیە کە تاوانەکانی کردوە، نادیار دەمێنێ و جۆرێک لە پاساوی بۆ دەهێنینەوە. منداڵ بەو وشیارییە سەرەتاییەی خۆیەوە کە پەرداخێک دەشکێنێت وگوێت لە زرمەی شکانەکە دەبێت و لێی دەپرسیت: ئەو دەنگە چی بوو؟ لە وەڵامدا ناڵێ پەرداخەکەم شکاند، بەڵکوو بەبێ دوودڵیی لە وەڵامدا دەڵێ: پەرداخەکە شکا.

زمان دەسەڵاتێکی ترسناکی هەیە، هەربۆیە دەبێت زۆر بەدیقەتەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. سەبارەت بەو تاوانانەشی داگیرکەران دەرهەق بە گەل و نیشتمانەکەمان کردوویانە، دەبێ زۆر ورد و بەدیقەت بین، هەر لە بەکارهێنانی ناو و دەستەواژەکانەوە، تا دەگاتە دەربڕین و بەتایبەتیش لە بەکارهێنانی کاردا. حوکمە لەسەرمان ئەو کاتەی باسی ئەو تاوانانە دەکەین لە جیاتی (کوژرا، رووخێنرا، وێران کرا، کرایە قوربانی) دەستەواژەکانی (کوشت، ڕووخاند، وێران کرد، کردە قوربانی) بەکار بهێنین. ئاخر ناکرێ داگیرکەران ئەو هەموو تاوانە قێزەون و بێوێنەیەمان دەرهەق بکەن و خۆشمان بەنەزانیی لە گێڕانەوەکەماندا کە لە بنەڕەتدا دەبێت ئامانجەکەی بەزیندووهێشتنەوەی یادی تاوان و تاوانبار بێت، هەر خۆی دەبێتە جۆرێک لەوەی کە گەواهینامەی بێتاوانییان پێ ببەخشین. ئێمە بەمجۆرە نەک هەر خزمەت بە گەلەکەمان و قوربانییەکانمان ناکەین، بەڵکو بەپێچەوانەوە، بێئەوەی بەخۆمان بزانین، خزمەتی داگیرکەرمان کردوە.

ئەم وتارە دید و بۆچونی تایبەتی نووسەرەکەیەتی

AM:12:54:09/08/2022



ئه‌م بابه‌ته 109 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌