زیرەک و ڕەخنەکەی شاڕوخ

ڕەسووڵ سوڵتانی
نووسەر

ئەو گلەییەی مامۆستا عەزیز شاڕوخ کە لە فەزای مەجازیدا وەکوو هەموو شتێکی دیکە کرا بە هەوێن و دەسکەلای چەندبەرەکیی کورد و کۆمەڵێک پشتیوانییان لێ کرد و هێندێ لەسەر ئەو قسە ڕەقە لە مامۆستا کەوتنە تەقە، شیاوی لێ بوردبوونەوەیە.

یەکەم: ئێمە بە گەورە و چووکەوە فێر نەبووین ڕەخنە بگرین، ئاخر ڕەخنە تەرازووی ژیرانەی هەڵسەنگاندنی بەرانبەرە، نەک گەیاندنی بە لووتکە، یان تووڕهەڵدانی بۆ نێو زبڵدان، کەوابوو مامۆستا شاڕوخ لەگەڵ ئەوەدا کە گلەییەکەی بەجێ و شیاوی سەرنج بوو، بەڵام سفرکردنەوە و سووککردنی هەموو هونەرەکەی زیرەک لەسەر چەند هەڵەیەک، خۆی هەڵەیەکی گەورەیە.

دووەم: ئێمەی کورد فێر بووین پلەی خوایەتی و پیرۆزی بە گەورەکانمان ببەخشین، لەو سۆنگەیەوە هەرکەس ڕەخنەیەکی لێ گرتن یەکسەر تەکفیری دەکەین ئەوەش نیشانەی کرچوکاڵیی ئەقڵی ئێمەیە، ئەگینا ڕەخنەگرتن لە مەزنانی مێژوومان کارێکی باشە و وامان لێ دەکا هەڵەکانیان دووبارە نەکەینەوە، وەکوو چۆن دکتۆر قاسملوو لە چل ساڵ خەباتدا ئاکادیمیانە ڕەخنە لە پێشەوا و کۆمار دەگرێ و ئەو ڕەخنەیەش نە پێشەوای پێ شکاوە و نە کۆماری پێ سووک بووە، بەڵکوو ئێمەی فێر کردووە چۆن ڕەخنە لە مەزنەکانمان بگرین.

شاڕوخ لەهەموومان باشتر دەزانێ کە زیرەک کۆڵەکەیەکی سەرەکیی گۆرانی و ئاوازی کوردییە و ناسنامەیەکی دیاری هونەری میللەتەکەمانە، بەڵام ڕاست دەکا زیرەک چەند جارێک زۆر خراپ هەڵخلیسکاوە و ئەو هەڵخلیسکانەش بۆ شاردنەوە نابێ.

لێرەدا دەبێ دوو شتمان لەبەر چاو بێ:

یەکەم: کارە چەوتەکەی زیرەک یانی پێداهەڵگوتن بە شا و شاژن و جاشکەشا، لەگەورەیی هونەری زیرەک کەم ناکاتەوە.

دووەم: گەورەیی هونەرەکەی زیرەک، ئەو چەوتییەی پێ داناپۆشرێ و پێی ناشاردرێتەوە.

مامۆستا حەقی خۆیەتی و زۆر کاری باشیش دەکا ئاماژە بەو کردەوە چەوتەی زیرەک دەکا، بەڵام نەک بەهەڵچوون و بەهیچکردنی زیرەک، بەڵکوو چاوەڕوانیمان لێی هەبوو بە زمانێکی بابەتی و لۆژیکی فێری کردباین چۆن ڕەخنە لە گەورەکانمان بگرین،جا جێی خۆیەتی، ئێمەش لەسەر ئەو دەربڕینە، گلەیی لەمامۆستا شاڕوخ بکەین، بەبێ ئەوەی لەگەورەیی و هونەرەکەی کەم بکەینەوە.



ئەم وتارە دید و بۆچونی تایبەتی نووسەرەکەیەتی

AM:01:25:05/07/2022



ئه‌م بابه‌ته 83 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر