پەکەکە وەک یاریپێکراوێکی مەترسیدار

دییە عەلی مەحمود
ژمێریار

لەمساڵانەی دوایدا پارتی کرێکارانی کوردستان زیاتر و زیاتر هاتووەتە قوڵایی هەرێمی کوردستان و لەگەڵ هەموو کشانێکی بۆ قوڵایی هەرێمی کوردستان ناوچەی زیاتری داوە بەدەستی تورکیاوە، ئەوە واز لە باکوری کوردستان بهێنە، کەبەهۆی خراپی سیاسەتیان نەک هەر باکوری کوردستان بەڵکو هەدەپەشیان لاوازکردووە و کارێکیان کردووە وەک دەڵێن، کەس ئیرەییان پێنابات.

ئەمەش وایکردووە هەڵگری زیاتر لەخوێندنەوە پەیامێک بێت، بەجۆرێک مرۆڤ گومان دەکات ئەم هێزە بەتەواوەتی بووەتە داردەستی وڵاتانی ئیقلیمی و چاودێرانی سیاسی پێیان وایە پەکەکە بەم دوواییانە بەتەواوەتی پشتی کردووە پرۆژەی نەتەوەیی و لەیەک کاتدا لەسەر هەردوو خەتی میت و ئیتڵاعات درێژە بەپیلانەکانی خۆی دەدات، کەدواجار هەموو پیلانەکان بەمەترسی و زیانی هەرێمی کوردستان تەواو دەبێت، کەتاکە قەوارەیەکە بووەتە مەکۆیەک بۆ کۆکردنەوەی کوردانی هەموو پارچەکانی تر و هەموو چاوەکان لەسەر باشوری کوردستانە. 

لەلایەکی ترەوە بۆردومانکردنی ناوچەیەکی گەشتیاری لەسنوری زاخۆ لە20ی تەموزدا کەبووەهۆی کوژرانی نزیکەی 10 گەشتیاری عەرەب و برینداربوونی زیاتر لە 20 کەس کاردانەوەی توندی ناوخۆیی و جیهانی بەدواداهات، تاکار گەیشتە ئەوەی ئاڵای تورکیا لە ئێراق دابگیرێت و پەلاماری باڵیۆزخانەکەیان و پاشکۆکانیان بدرێت، لەلایەکی تریشەوە داوای داخستنی سنوری ئەرز و ئاسمان و بایکۆتی کاڵای تورکی دەکرێت، ئەمەش پێی وتین ئەو ئێراقە هیچکات کوردییان وەک هاوڵاتی پلە یەک قبوڵ نەبووە، خۆ رۆژانە بۆردومان دەکرێت و هاوڵاتیانی کورد شەهید دەکرێن و ڕەز و باخی گوندنشینان وێران دەکرێت، بەڵام حکومەتی ئێراق خۆی ناکاتە خاوەنی، ئەمەش دەلالەتێکی تری ئەو ڕووداوانەیە کە تورکیا بەبیانوی بونی پەکەکەوە بەردەوام بۆردومانی کردووە.

بابه‌كر زێباری، سه‌رۆكی پێشوی ئه‌ركانی سوپای ئێراق و راوێژكاری سه‌رۆكی هه‌رێم، له‌ ماوەی پێشودا راشكاوانه‌ ده‌ڵێت "ئەو گەنجانەی لەناو ریزەكانی پەكەكەدان لەوانەیە نیەتیان باش بێت، بەڵام سەركردایەتییەكی موجریمیان هەیە"  هەروەها دەشڵێت "نیوه‌ی‌ سه‌ركردایه‌تی په‌كه‌كه‌ میتی توركیان" هەر شتێك توركیا بە پەكەكە بڵێت دەیكات، ئەوان هۆكاری سەرەكین كە توركیا رابكێشن بۆ ناو خاكی هەرێمی كوردستان، ته‌ئكید له‌وه‌شده‌كاته‌وه‌ كه‌ "ئەگەر پەكەكە نەبوایە، توركیا بەهیچ شێوەیەك نەدەهاتە كوردستان، بیانوی توركیا بونی پەكەكەیە " لەلایەن خۆشیەوە فه‌ریبورز ئاودانان، نوسه‌رو چاودێری سیاسی له‌ بابه‌تێكدا ده‌ڵێت: "پەکەکە بەدڕێژایی مێژوی خۆی کوردی توشی زۆر شکست و لاوازی کردوە لە هەمو پارچەکانی کوردستان، بۆیه‌ یان دەبێ گۆڕانکاری لە ستراکتۆری ڕێکخراوه‌یی و ستراتیژی خەباتی سیاسی و ئایدۆلۆژی و چەکداری خۆیدا بکات کە ئەویش دره‌نگە، هەمیش هەتا خێڵی‌ جەمیل بایک و پرۆژەی ئێرانی گەورە مابن شتێکی مەحاڵە".

ئاودانان رونیده‌كاته‌وه‌، كه‌ باڵی بەهێزی پەکەکە کە بە باڵی ئێران یان سوپای قودس ناسراوە، بەشێکە لە پرۆژەی ده‌وڵەتی ئێرانی گەورە یان ئێرانی فەرهەنگی و هەژمونی ئێران بۆ دروستكردنی هیلالی شیعی ئێران كاری زۆری بۆ ئەو باڵە لەناو پەکەکەدا کردوە و تەنانەت چەندین کادیر و ئەندامی سەرکردایەتیانی بۆ ئەم پرۆژەیە پەروەردەی پراكتیکی و تیۆری كردوه‌و ڕەوانەی ناو پارته‌كه‌ کراون و لە ئاستی باڵای سەرکردایەتی و لق و پۆپه‌کانیدا شوێنیان هه‌یه‌.

به‌پێی جوڵه‌ سیاسی و سه‌ربازییه‌كانی په‌كه‌كه‌، رونده‌بێته‌ ئه‌م پارته‌ ستراتیژی‌ سه‌ربه‌خۆیی له‌ بڕیارداندا نییه‌و به‌هۆی دزه‌كردنی ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانی وڵاتانی ناوچه‌كه‌ بۆ ناو سه‌ركردایه‌تیه‌كه‌ی‌ و بڕیاره‌ چاره‌نوسسازه‌كانی‌، سه‌ركێشیه‌كی گه‌وره‌ به‌ گیانی هاوڵاتیانی كوردو كێشه‌ ره‌واكانییه‌وه‌ ده‌كات. لەلایەن خۆشیەوە ئیسماعیل بێشكچی، دەڵێت: "ئه‌وه‌ی په‌که‌که‌ ده‌یکات، نه‌ناسینی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه‌و ده‌یه‌وێت قه‌واره‌ی هه‌رێمی کوردستان له‌ناو ببات"  تەنانەت لەماوەی پێشوودا پەکەکە ڕێگری و بەربەستی گەورەی بەردەم ڕێککەوتنی شنگال بوو، کەلەنێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ئێراقدا واژۆکرا و بەرپرسێکی پەکەکە وەک شانازییەک باس لەوە دەکات کە ئەگەر ئەوان نەبونایە پێشمەرگە نەیدەهێشت هێزە ئێراقییەکان بچنە شنگالەوە، لەم لێدوانەوە تێدەگەیت ئەمانە چۆن بونەتە داردەستی ئێراق و زانیاریش هەیە کە حەشدی شەعبی لە شنگال و لە دەوربەری ناوچە دابڕێنراوەکان چۆن پەکەکە پڕچەکدەکات و موچەیان دەداتێ ئەمەش بێگومان بۆ دژایەتی پێشمەرگەیە و هیچی تر.


ئەم وتارە دید و بۆچونی تایبەتی نووسەرەکەیەتی

PM:03:13:25/07/2022



ئه‌م بابه‌ته 162 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌