چ تەموزێک بۆ ئێراقییەكان بەڕێوەیە؟

دییە عەلی مەحمود
ژمێریار

مانگی تەموز لەمێژووی ئێراقدا مانگێکە کەمتر خێری تێدابووە و زیاتر لەوەی کە گەرمایەکی تاقەتپڕوكێنی هەیە و پلەی گەرما دەگاتە ئەوجی خۆی، واتە سەرو 50 پلەی سەدی، بەڵكو ئەم مانگە لە ڕووی سیاسیشەوە پڕە لە ڕوداو و كارەسات بەجۆرێک ئێراقییەکان ساڵانە لەم مانگە دەستیان لەسەر دڵیان و دوعا دەکەن، ئەم تەموزە بەخێر و خۆشی بەڕێوەبچێت چونکە كەم ساڵ هەبووە مانگی تەموز لە ئێراقدا بە ئاسایی تێپەڕ بووبێت و ڕوداوێك یان كارەساتێكی تێدا ڕووینەدابێت کە ئێراقی هەژاندبێت.

 نمونەی بەرجەستەی ڕووداوەکان لە 14ی تەموزی ساڵی 1958 دا بە سەرۆكایەتی عەبدولكەریم قاسم و عەبدولسەلام عارف كودەتا كرا بەسەر دەسەڵاتی پاشایەتیدا و كۆتایی پێهێنرا و لەسەردەمی ڕژێمی پێشووی بەعسیشدا هەموو ساڵێك لەو مانگەدا بە گەرم و گوڕی یادی كودەتای بەعسییەكان دەكرایەوە و گرنگییەكی زۆری پێ دەدرا، كەناسرابوو بە شۆڕشی 17 و 30 تەموز و دەكرایە پشووی فەرمی، چونکە لە 17ی تەموزساڵی 1968 بەعس و ئەفسەرە نزیكەكان لە عەبدولسەلام عارف ناوبراویان لەسەر كار لابرد و ئەحمەد حەسەن بەكرییان کرد بە سەرۆك.

 لە 30 تەموزی هەمان ساڵ حزبی بەعس بزوتنەوەیەكی ناوخۆیی ڕاگەیاند و كۆمەڵێك لە ئەندامەكانی خۆی دوورخستەوە كە بەشدارببوون لە ڕوداوەكانی لەسەر كارلابردنی عەبدالرحمن عارف، ئێستاش کەچوینەتە مانگی تەموزەوە کێشەی گەرما و نەبونی کارەبا و کەمی ئاوی خواردنەوە و هەژاری و بێکاری، جگە لەتیرۆر و میلیشیاکان ئەمانە هەڕەشەی جدین لەسەر ئێراق لەلایەک و لەلایەکی ترەوە نزیکەی نۆ مانگ تێپەڕبووە بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێراقدا هێشتا ئاسۆکانی پێکهێنانی حکومەت دیار نییە سەدر کە گەورەترین لیست بوو دواتریش گەورەترین هاوپەیمانی هەبوو، بەرەکەی تری شیعەکان(چوارچێوەی هەماهەنگی) کە ئەجندای ئێران جێبەجێدەکەن، بەبەکارهێنانی دادگای فیدراڵی ڕێگایان لە سەدر و هاوپەیمانەکانی گرت حکومەت پێکبهێنن.

سەدر لەم پرۆسە تەقەتپڕوکێنەدا بەدڵی شکاوەوە گۆڕەپانەکەی جێهێشت، زەحمەتە هەروا بینەر بێت و زەق زەق سەیری ئەو هێزانە بکات کەبەربەستیان بۆ ڕەوتەکەی ئەو دروست دەکرد حکومەت پێکبهێنێت ئەمیش هەروا بینەری گەمەکە بێت هەتا ئەوان کاری خۆیان تەواو بکەن و حکومەت پێکبهێنن، هەرچەندە ناوەناوە گوێمان لە پەرلەمانتارانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەبێت مژدەی پێکهێنانی حکومەت لەدوای جەژنەوە دەدەن بەگوێی هاونیشتیماناندا.

 لە پێشهاتێکی نوێدا، دادگای فیدراڵی ئێراق پەیرەوی ناوخۆی خۆی هەموارکرد و بەپێی مادەی (45)ی هەموارەکە دادگاکە لەمەولا بۆی هەیە هەرکات ویستی پەشیمان ببێتەوە و لابدات لەهەر بڕیارێکی پێشووتری خۆی بەپاساوی (پێویستی-چرورە) و هەرکات بەرژەوەندی گشتی و دەستوریی بخوازێت ئەم دادگایەش کە بەئاشکرا بووەتە مەقاشی دەستی بەرەی دۆڕاوەکانی هەڵبژاردن(چوارچێوەی هەماهەنگی) دوور نییە لە بڕیاری پێشووتری 2لەسەر3ی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار پەشیمان نەبێتەوە بڕیارەکە نەگۆڕێت بەبڕیاری زۆرینەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بەوەش گرێ کوێرەی پرۆسەکە نەکاتەوە، هەتا پێکهێنانی حکومەت بۆ بەرەی دۆڕاوەکان ئاسان نەکات.

بەڵام وەک پێشتر وتمان ئایا سەدر هەروا دادەنیشێت و بینەر دەبێت؟ بێگومان نەخێر، سەدر بەکشانەوەی لە پەرلەمان ئەوەندەیتر جەماوەریبونی خۆی زیادکرد، سەدر بەدەر لەوەی میلیشیای چەکداری هەیە، بەهێزترین کارتی دەستی بەکار‌هێنانی شەقامە بەم کارتەش هەموو لایەنە ئێراقییەکانی ترساندووە، بۆیە ئەگەر حکومەتیش بەبێ سەدر پێکبێت، زەحمەتە چەند مانگێک زیاتر بەپێوەبوەستێت لەهەموو حاڵەتەکاندا لەئێراقدا هیچ ئاماژەیەکی خێر نییە بۆ ئێراقییەکان، ئەگەری بەهێز ئەوەیە ململانێکان بگاتە ئاستی پێکدادانی چەکداری و بەوەش جارێکی تر بەدەر لەکوشت و بڕ دەبێتەهۆی ئاوارەبوونی ملیۆنان خەڵک.


ئەم وتارە دید و بۆچونی تایبەتی نووسەرەکەیەتی

PM:03:07:04/07/2022



ئه‌م بابه‌ته 192 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌