کۆنگرەی پاریس، زێڕیترین دەرفەتی لەدەستچوی کورد

برایم محێدین عارف
نووسەر

هەرچەندە لە بەرەبەیانی مێژووەوە کورد جاروبار هەلومەرجی لەباری بۆ وەدەست هێنانی سەربەخۆیی بۆ ڕەخساوە، بەڵام هەرگیز خۆی هەلی لەباری نەڕەخساندووە، هەلومەرجەکان بەپێی زەمەن دەگۆڕێن، جارهەبووە لە ناوەندێکی جیهانی گەورەی سەردەمی خۆیدا کورد بووەتە بابەتی گفتوگۆی ناوەندە جیهانیەکان. دەتوانین بڵێین کۆنگرەی پاریس زێڕیترین هەلی دروستبونی دەوڵەتی کوردی بوو لەناوەندە جیهانیەکانی سەردەمی خۆیدا، شەریف پاشاش یەکەم ئەندازیاری سەرکەوتوی نەخشەکێشی دەوڵەتەکەبوو، بە توانای خودی خۆی و کەش و هەوای ڕەخساوی نێودەوڵەتی سەردەمەکەی، ویستی نەخشەی دەوڵەتی کوردی لەکۆنگرەیەکی جیهانیدا بکێشێت، لەئاکامدا، هەلومەرجەکە لەدەستچوو، لەڕۆڵی شەریف پاشاش کەمکرایەوە، نەتوانرا شتێک بۆدۆزی کورد بهێنرێتە سەر گۆڕەپانی سیاسەتی نێودەوڵەتی ئەوسەردەمە، لەکاتێکدا هەلێکی باش ڕەخسابوو بۆ دیاریکردنی نەخشەی سنوری دەوڵەتێکی کوردی.

هۆکاری سەرەکی لەدەستچوونی دەرفەتەکەش جگە لە نەبوونی نیازی وڵاتانی زلهێزی سەردەمەکان بۆ دروست بونی دەوڵەتێکی کوردی، ناتەبای وخۆخۆری نێو کوردخۆی بوو هەرناتەبایی کورد نەیهێشت ناسنامەیەکی نێو دەوڵەتی دان پیانەر بۆ کورد دروست ببێت، بێگومان فشارە دەرەکیەکانی دوور لە ویستی کورد خۆشی یەکێکە لە هۆکارەکانی لەبارچوونی دەرفەتەکان، بەڵام هۆکارە دەرەکیەکانیش ڕەنگدانەوەی ئەنجامی ناتەبایی کورد خۆیبووە بە تایبەتی لە کۆنگری پاریسی ساڵی 1919دا، چونکە کوردەکان تەبا نەبوون نەیان توانی هەلی لەباری دەوڵەتێکی کوردی بڕەخسێنن بۆیەفشاری دەوڵەتانی نەیاری کورد توانیویان هەلەکە بقۆزنەوە و ناتەبایی کوردبکەنە پاساوی لەباربردنی هەلومەرجە نێودەوڵەتیەکە، لەدرزی نێوان لایەنە کوردیەکانەوە کەلێنی 
گەورەیان دروست کرد، خەونە مێژوویەکەی کوردیان لەباربرد.

سەرەتا نوێنەرە کوردەکانی شارەکانی (ئورفە، وان، تەبلیس، دەرسیم، دیار بەکر، ماڵانیا)بە پیلانی ئاغا تورکەکانیان ئاماژەیاندا ئەوان نایانەوێ لەتورکیا جیاببنەوە دەیانەوێ لە چوارچێوەی تورکیای ئەوسەردەمە بمێننەوە، هەرئەو سەردەمە ناکۆکی لە نێوان شەریف پاشا و شێخ عەبدوڵای نەهری پەیدادەبێت، بەوەی شێخ داوای ئۆتۆنۆمی دەکات لە چوارچێوەی تورکیای ئەوسەردەمەدا، بروسکە دەنێرێ بۆ کۆنگرەی ئاشتی لە پاریس"1". ئەمەش پێچەوانەی داوا و ویستی شەریف پاشا بوو کە داوای دروستبون و نەخشەکێشانی دەوڵەتی بۆگەلی کورد دەکرد.

لەکۆنگرەکەدا "2". ئەم داوایەی شێخی نەهری ئەوەی سەلماند شەریف پاشا لە کۆنگرەکەدا نوێنەری ئەوان نییە "3". بروسکەکەی شێخی نەهری هەڵوێستی شەریف پاشای لەکۆنگرەدا لاوازکرد، چونکە هەندێ لە لایەنە کوردییەکان گوێ ڕایەڵی وڵاتە نەیارەکانی دۆسیەی کوردبون، هەڵوێستەکە کەشێکی وای ڕەخساند کە شەریف پاشا نوێنەری هەموو کوردنیە لەکۆنگرەکەدا، ڕاستە وڵاتە زلهێزەکانی ئەو سەردەمە مەبەستیان نەبوو کورد دەوڵەتی سەربەخۆ دروستبکات، بەڵام ناتەبایی کوردخۆی ڕۆڵی کاریگەری لە لەبار بردنی هەلومەرجە نێودەوڵەتیەکەی کە بۆ کورد ڕەخسابوو، لەو ڕوانگەوە کۆنگرەی پاریس جیاوازه لەهەموو دەرفەتە لەکیس چوەکانیتر، چونکە لەناوەندی نێودەوڵەتیدا دان بەمافی کوردا دەنرا، زل هێزەکانی ئەوسەردەمە بەفەڕمی دەوڵەتەکەیان دەناساند، کۆنگرەکە لە ساڵی 1919بەسترا. بە سەرۆکایەتی (کلیمانسۆ) سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتەی فەڕەنسا.

مەبەست لە کۆنگرەکە سێ تەوەری سەرەکی بوو کە هەرسێ تەوەرەکە، دەتوانرا کێشەی کوردی تیا جێبکرێتەوە و ڕاستەوخۆ پەیوەندی بەکێشەی کوردەوە هەبوو، تەوەرکان بریتی بوون لە:

یەکەم: دابەش کردنی خاکی ئەودەوڵەتانەی کە وڵاتەزلهێزەکانی ئەو سەردەمە داگیریان کردبوو، کە زۆربەی خاکی کوردستانیشی بەردەکەوت.

دوو: دابەشکردنی سنوری دەوڵەتی عوسمانی کە خاکی کوردستانیشی دەگرتەوە.

سێ: دیاریکردنی مافی کەمینە نەتەوایەتیەکان لەناو دەوڵەتە داگیرکراوەکانی ئەوسەردەمە کە کورد و ئەرمەن بوون.

سەرەڕای کەشوهەوای گشتی کاتی کۆنگرەکە لەڕەوابینینی مافدان بەکورد لەلایەن ئەو وڵاتانەی ئابڵوقەی کوردستانیان دابوو. لە سەرەتای پێش بەستنی کۆنگرەکەوە، کورد خۆی دەستی لە دابەزینی ئاستی کێشەکەی لەوناوەندە جیهانیەدا کرد، بە هۆکاری نەنواندنی یەک هەڵوێستی و ناتەبایی، لەکاتێکدا کێشەکە لە ئاستێکی باڵادا باسی لێوەدەکرا. دەتوانین بڵێین کۆنگرەی پاریس زێڕیترین هەوڵی نێودەوڵەتی گەورەبوو بۆ کورد ڕەخسا لەسەردەمێکی زۆر ناسکدا لەنێوان وڵاتەزل هێزەکانی ئەوسەردەمەدا.

هەرچەندە لە ئەنجامی هەوڵ و کۆششە بەردەوامەکانی شەریف پاشا لە کۆنگرەکەدا، دواتر لە سێ بەندی پەیماننامەی سیڤەردا باس لە چارەسەری کێشەی کورد کرا، بەڵام هەلی زێرینی کێشانی نەخشەی سنوری دەوڵەتێکی کوردی لە کۆنگرەکەدا پشت گوێ خرا کە دیاری کردنی سنورە تازەکانی وڵاتانی نێوکێشەکە بە کوردستانیشەوە لە تەوەرە سەرەکیەکانی کۆنگرەبو، دەکراسنوری دەوڵەتی کوردیش دیاری بکرایە، لەبارچوونی نەخشەنەکێشانی سنوری دەوڵەتی کوردی لەئەنجامی فرە کوێخایی و نەبونی یەک هەڵوێستی کوردەوەبوو، هەر ڕەنگدانەوەی ئەم نا تەباییە بوو، دواتر لە پەیمان نامەکانی لۆزان و سایکس بیکۆدا کێشەی کورد بەیەکجاری لەباربرا، چونکە زلهێزەکان زۆر مکوڕ نەبوون لە دروست کردنی قەوارەیەکی کوردیدا.

بەریتانیای زلهێزی سەرەکی ئەوسەردەمە ڕێگەی نەدا شێخ مەحمود خۆی بچێتە کۆنگرەکەوە هەرچەندە داوایکرد، لەسەر ئەم ڕێنەدانە نێوان شێخ مەحمود و ئینگلیزەکان تێکچوو، چونکە شێخ داوای مافی ڕەوای کوردی دەکرد لەڕێگەی نوێنەرانی کورد لە کۆنگرەکەدا و ویستی خۆشی بەشدار بێت، جگە لەوەی شێخ مەحمود، شەریف پاشای وەک نوێنەر دیاری کردبوو بۆ کۆنگرەی پاریس. شەریف پاشا، پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ئینگلیزەکانەوە هەبوو، پیاوێکی ژیربوو دەیویست ڕای هەموو بەشەکانی ئەوکاتەی کوردستانی پێ بێت، پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە شێح مەحمودەوە هەبوو، شێخ مەزبەتەیەکی بە ئیمزای کوردان ئامادەکرد بەدەستی ڕەفیق حیلمی نوسراو بە ئاگاداری میجەر نوئیل.

شێخ هەوڵیدا لەڕێگەی ڕەشید زەکی کابان و سەید ئەحمەد بەرزنجیەوە بگەیەنرێتە پاریس، بەڵام فەڕەنسای زلهێز و داگیرکاری ئەوسەردەمە، حوکمڕانی سوریای دەکرد، وەفدکە لە حەڵەب گیران و زیندانیکران و گەڕێنرانەوە بۆ سلێمانی نەهێڵرا یاداشتەکە بگاتە کۆنگرەی ئاشتی "4". هەروەها شەریف پاشا پەیوەندی بە سمکۆی شکاک و سەید تەهای نەهریەوە کردبوو، بۆدروست بوونی دەوڵەتێکی کوردی، کە دوو سەرکردەی دیاری ئەو سەردەمەی کوردستان بون، شەریف پاشا دەیویست وەک نوێنەری هەر چوار پارچەکەی ئێستای کوردستان بەشدار بێت، لەکوردستانی ڕۆژ هەڵاتی ئەوسەردەمەدا دەنگێکی ناڕەزایی ئەوتۆ دژی شەریف پاشا لە ئارادا نەبو، بەڵام هەوڵەکان لەئەنجامی ناتەبایی گشتی کورد لەناوبرا، بەتایبەتی کوردەکانی ژێر فەرمانڕەوایی دەوڵەتی عوسمانی کە تورکەکان وەک فشارێکی کاریگەر بەکاریان هێنا لە کۆنگرەکەدا، کە کورد خۆی دەوڵەتی سەربەخۆی ناوێت و دەیانەوێ لەگەڵ برا تورکیەکانیان دابژین.

هەرچەندە لایەنه کوردیەکان خۆخۆری زۆریان نواند بەرانبەر شەریف پاشا، بەڵام شەریف پاشا هەرکۆڵی نەدا، چونکە ڕای گشتی هەموو سەرکردە کوردەکانی پێ نەبوو، لە کۆنگرەی پاریسدا خەونە گەورەکەی سنوری دەوڵەتی کوردی لەباربرا، دەتوانین بڵیین کۆنگرەی پاریس، گەورەترین دەرفەتی زێرینی هەلی نەخشە کێشانی سنوری دەوڵەتی بوو بۆ کورد لە ناوەندە جیهانیەکانی ئەو سەردەمەدا، بەرئەنجامی ناتەبایی و خۆخۆری کورد خۆی هەلی نەخشەکێشانی سنوری دەوڵەتە کوردیەکە  لەبارچوو وە خەونی دەوڵەتی کوردی لە کۆنگرەی پاریسیشدا، لەبارچوونی خەونی لەدایکبونی کوردستانی گەورەی له ناوەندێکی جیهانیدا خستە ژێرخاک، لەبەرئەم هۆیانەی خوارەوە:

یەکەم: کۆنگرەکە بۆ دابەش کردنی خاکی دەوڵەتی عوسمانی بوو کە بەشێکی زۆری کوردستان دەکەوتە چوارچێوەی دەوڵەتی عوسمانیەوە، دەتوانر کوردستان داببڕایه لە سنوری دەوڵەتی عوسمانی. بەجیابونەوەی کوردستانی ژێر دەستی دەوڵەتی عوسمانی لە ژێرکونترۆڵی دەوڵەتە گەورەکاندا دان بە دەوڵەتی کوردیدا دەنرا، ئەمەش هەلێکی مێژووی زێرین بوو کە کێشەی ئەوتۆ بۆدەوڵەتە کوردیەکە دروست نەدەبوو، چونکە وڵاتانی سەردەستی پارچەکانی ئێستای کوردستان دروست نەبووبوون.

دوو: شەریف پاشا داوای لە شێخ مەحمود کردووە دەسەڵاتی بداتێ بەناوی کوردەوە شتێ لە کۆنگرەی پاریس پێشکەش بکات بۆ کورد، شێخ ڕازی دەبێت و جگە لە مەزبەتەی کوردی باشور ڕەزامەندی زۆر سەردار و سەرۆکی گەورەی ئەوکاتەی کورد درا بە شەریف پاشا و وەک نوێنەری زۆربەی کورد لە کۆنگرەکەدا بوو، هەرچەندە بەشێک لە کوردەکانی کوردستانی بە دەستی تورکەکان ئەویان بە نوێنەری خۆیان نەدەزانی، بەڵام ئەگەر نەخشەی دەوڵەتی کوردی بکێشرایە، زۆربەی سەکردەکانی کوردی ئەوسەردەمە پشتگیریان دەکرد. 

سێ: زلهێزەکانی ئەوسەردەمە، (بەریتانیا و فەڕەنسا) قەڵەمڕەویان لە ناوچەکەدا هەبوو ئەگەر دەوڵەتێکی کوردی دروست ببوایە لەو سەردەمەدا، دەوڵەتانی ئێستای نەیاری کورد نەیان دەتوانی لەباری ببەن، چونکە خۆیان لە ژێر ڕکێفی زلهێزەکاندا بوونە دەوڵەتی سەربەخۆ.

چوار: دروست بوونی دەوڵەتی کوردی لەوسەردەمەدا لە ناوەندێکی گەورەی جیهانیدا دەبوو بەریتانیا و فەڕەنسا وەک زلهێزی ئەو کاتە ڕازی دەبوون، دواتر لەلایەن کۆمەڵەی گەلانەوە بەئاسانی دانی پیادادەنرا، چونکە تەنها کورد و ئەرمەن وەک دووگەلی ئەوکاتەی ناو هاوکێشەی ناوچەکە بێ دەوڵەت بوون، ئەرمەن بوون بە دەوڵەت و کەس دژی نەوەستایەوە، کوردیش هەلومەرجەکەی لەدەستچوو تا ئێستا هەلێکی وا نێودەوڵەتی نەهاتۆتەوە مەیدان. ساڵانی دواتر کوردستان بەفەرمی کرایەچوار پارچەی سەرەکیەوە. 


پەراوێز و سەرچاوەکان:

2,1- بڕوانە،شەریف پاشای خەندان،یەکەم ئەندازیاری دەوڵەتی کوردی، www.khaktv.net.10\8\2016.

3- بڕوانە کۆنگرەی ئاشتی پاریس(1919)،بۆتان نەجات، ماڵپەڕی ڕێگای کوردستان،16دیسەمبەری،2017.

4- بڕوانە،هەمان سەرچاوەی پەراوێزی یەک ودوو.

ئەم وتارە دید و بۆچونی تایبەتی نووسەرەکەیەتی

PM:04:10:28/06/2022



ئه‌م بابه‌ته 111 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌