لەپەراوێزی شۆڕش وحکومەتەکەی مەلیک مەحمود دا

برایم محێدین عارف
نووسەر

 

 
داریکەلی،مەحمود دێ،ئاوباریک،بەردە قارەمان

چوار وشەی لێکدراون، سیانیان ناوی گوندن و ئەوی تر ناوی بەردێکی گەورەی ڕەمزی خۆڕاگڕیە، ناوەکان بەناوبانگ و ناسراون لەسەر ئاستی کوردستان و جیهان، هەریەکەیان لەدوو وشەو پیتێ یا دووپیت پێکهاتون بەیەکەوەلکاون، ناوی ئەم سێ گوند و بەردە هێندە ناسراون هەموو تاکێکی کورد بەم ناوانە گوێی دەزرنگێتەوە و هەڵوێستەی لەسەر دەکات، لەکاتێکدا چەندەها گوند و شوێنی ترمان هەن ڕووداوی مێژوویی تیایاندا ئەنجامدراوە، بەڵام هێندەی ئەم ناوانە بەناوبانگ نین، ناوەکان لە ئەرشیفی مێژووی نەتەوەدا تۆمارکراون و چوونەتە لیستی مێژووی بزاڤی کوردەوە، هەرچەندە هەمووگوندەکانی کوردستان پریشک و ئاگری شەڕیان بەرکەوتوە، شانازی خۆڕاگریان تۆمارکردوە لە مێژوودا، بەڵام ئەم ناوانە بەرانبەر بەناوی گوند و شوێنەکانی تری کوردستان زیاتر ناسراون، چونەتە خانەی ئەرشیفی سیاسی مێژووی بزاڤی  کوردەوە لەجیهاندا، کەم تاکی کورد هەیە ئەم وشانەی نەبیستبێ و لێیان ڕانەمابێ.

ئەم وشە لێکدراوانە، پەیوەندییان بەڕووداوەکانی سەردەمی شۆڕشی مەلیک مەحمودی نەمر و یەکەم حکومەتی کوردی شێوە هاوچەرخەوەهەیە، لە پەراوێزی خەباتی سەردەمی شێخ مەحموددا هەمیشە وەک ئەستێرەیەکی پرشنگدار دەدرەوشێنەوە. لێرەدا ئاماژەبەهەریەکەیان دەدەین لەڕووی سیمای کەلتوری سیاسی و بەناوبانگ بونیان لەم کوردستانە ئازیزەدا.

داری کەلی:

شاعیری ناودار حەمدی(1878-1936)، دەڵێ:

وەک مەدینەبێ نەبی بێ، یانەجەف بێ بێ عەلی
شاری غەزنەش ئێستە بێ مەحمودە وەک داریکەلی

لێرەوە دەتوانین ئاماژە بە گوندی داری کەلی بدەین، کەچۆن بەپیرۆزی چۆتەلیستی مێژووە و هەموو تاکێکی کورد دەزانێ داریکەلی چییە؟ کوێیە! سەردەمێک بارەگای سەرەکی شێخ مەحمود لەوگوندەدا بوە، گوندەکە دەکەوێتە ناحیەی بازیانەوە، لەم ساڵانەی دوواییدا خانوەکەی شێخ لەسەر هەمان شێوەی پێشوو نۆژەن کرایەوە، ڕۆژانە خەڵک دەچنە دیدەنی وەک ئاسەوارێکی مێژوویی ماوەتەوە، هەرچەندە بازیان شوێنێکی ناودار و بەپیتە بۆ کشتوکاڵی، بەڵام ئێستا دۆڵی بازیان بوەتە مەنزڵگەی کارگە گەورەکانی چیمەنتۆ و شیش و پاڵاوتگەی نەوت، خەڵکی کوردستان بە ناوی زۆربەی گوندەکانی بازیان ئاشنان، هەندێکیان بەشداری گەورەیان لە شۆڕش و شەهید داندا کردوە، وەک گوندی باڕۆیی شەهیدان، بەڵام داری کەلی زیاتر چۆتە  بیری تاکی کورد و سەرچاوەکانی مێژووی کەلتوری کوردەوە بەهۆی ئەوەی ماوەیەک مەنزڵگەی حەسانەوە و ماڵی مەلیک مەحمودی نەمری لێبوە.

مەحمود دێ:

ناوەکە دوو مەبەست دەدابەدەستەوە، یەکەم ناوەکە ناوی گوندە، دووەم گوندەکە بەناوی مەحمودەوە ناونراوە، ئەمەبۆهەرکەسێک کە گوێ بیستی وشەکە بێت، دەزانێ گوندێک بەناوی مەحمودەوە ناونراوە، بەڵام ڕەنگە نەزانێ کەسایەتیەکە مەلیک مەحمودە، ئەگەر هەرکەسێک بەدواداچوون بۆناوەکە بکات، دەگاتە ئەو ڕاستیەی کە ئەو کەسایەتیەی گوندەکەی بەناوەوە ناونراوە، شێخ مەحمودی نەمرە، ئەم گوندە شێخی نەمر ئاوەدانی کردۆتەوە، دەکەوێتە سەر ڕێگەی دەربەند باسەڕە - سەنگاو، خوار گوندی ژاڵەی دەربەند، لە بناری گردی باوەئەلیاس، کە گردێکی مێژووییە و نزیکەی پێنج سەد مەترێک بەرزە، سەرووی گوندەکەش جۆگە و ئاشێکی شێخی نەمربوە، کە تائێستاش شوێنەوارەکان ماون و خەڵک دەچنە سەردانی، جۆگە و ئاشەکە وەک شوێنێکی پیرۆزلێی دەڕوانرێت، تەنانەت واباوە هەرکەس زیان بە جۆگەکە بگەیەنێت، مار پێوەی دەدات، وەک سزای زیانگەیاندن بە پیرۆزی پاشماوەکانی شێخی نەمر.

لەبەرئەوەی خەڵکی بە چاوی پیرۆز سەیری پاشماوەکان دەکەن، وەک شوێنەوار لەناوچەکەدا ماون، جگە لە زیانی سروشتی باو باران کەس زیانی بە شوێنەوارەکان نەگەیاندووە، مەحمود دێ تا ساڵانی پێش شاڵاوی ئەنفالەکانیش وەک گوند مابوو، چەند ماڵێک لە شێوەی هەڕەمێکی بازنەیی بەربڵاودا گوندەکەیان دروست کردبوو، بەڵام دوای ڕاپەڕین گوندەکە ئاوەدان نەکرایەوە، پاشماوەی گوندەکە وەک شوێنێکی پیرۆز ویردی سەرزاری خەڵکە، دانیشتوانی گوندەکە ئێستا زۆرتر لە شاری سلێمانی و شارەکانی تری کوردستاندا نیشتەجێن، بەڵام شوێنەوارەکانی جێگەی ساوەر کوتان و تەخت و تاوێری شوێن ماڵەکان ماون، ناوچەکە هەربەناوی مەحموددێ و مەلیک مەحمودەوە ناودەبرێت، لەکاتی ناوهێنانی زەویە کشتوکاڵیەکانیش، ناوی مەلیکی کوردستان دێت.

ئاوباریک:

له کتێبی کورد و تورک و عەرەبی ئەدمۆنز، کتێبی کورد لە سەدەی نۆزدە و بیستی مێژوونوسی ناوداری دۆستی کورد کریس کۆچێرا، زۆر سەرچاوەی تری جیهانی و عەرەبی و کوردیدا ناوی ئاوباریک هاتوە.

دیلانی شاعیریش (1927-1990)دەڵێ:

ئێستەئاوباریک وەک بومەلەرزە 
هەرهەڵئەلەرزێ یالە وەستانە

ئاوباریک وەک ناوی شەڕێکی مێژوویی بەناوبانگ چۆتە لیستی مێژووەوە، هەرچەندە ناوەکە گوندێکی کوردستانە لەدەڤەری بناری گلی گەرمیان، بەڵام شەڕی ئاوباریک ناوی گوندەکەی بە جیهان ناساندوە. لەم گوندەدا سوپای شێخی نەمر  بەرەنگاری سوپای ئینگلیز بوەتەوە و شەڕ ڕویداوە لەنێوان دوو هێزی نابەرانبەردا و شەهیدیش دراوە، شەڕەکە لە (5\4\1931)دا ڕویداوە، زۆربەی هۆزە کوردیەکان پشتی شێخیان گرتوە و دژی ئینگلیز شەڕیان کرد، هەرچەندە دار و بەردی ئەم کوردستانە نیە شەڕ و پریشکی شەڕی بەرنەکەوتبێ، بەڵام وەک چۆن لە جیهاندا چەند شەڕێک ناودارن و چونەتە لیستی ئەرشیفی بەرەنگاری میللەتەکەیانەوە لە مێژوودا، شەڕی ئاوبارێکیش یەکێکە لەشەڕە ناودارەکانی مێژووی خەباتی کورد و شۆڕشی شێخ مەحمود، چووەتە لیستی شەڕە ناودارەکانەوە، هەموو کوردێک ناوی شەڕی ئاوباریکی بیستوە، هەرچەندە ئێستا ئاوباریک گوندێکی ڕووت و ڕەجاڵی وشک و کەم ئاوی وشکە ساڵی سەردەمە، بەڵام تائێستاش وەک ناو، ویردی سەر زمانی خەڵکە، لەبەر بەشداری و ئازایی شێخ و بەرەنگاری خەڵکەکە.

کاپتن هۆڵت یەکێک لە ئەفسەرانی ئینگلیز دەڵێت: شێخ مەحمود ئازایانەوخۆڕاگرانە دەجەنگا، ئەگەرهێزی ئاسمانی بەریتانیا نەبوایە، نەمان دەتوانی بە سەر شێخ مەحمودا زاڵ بین هەموو سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەدەن ئەگەر نابەرامبەری جۆری چەک و فڕۆکە نەبوایە هێزەکەی شێخ مەحمود بە ئاسانی نەدەشکا و خۆڕاگریان بێوێنەبوو.

هەروەک پیرەمێرد(1867-1950) وتویەتی :

ئاخ گەر نەدەبو ڤڕەی تەیارە
حیز و ئازایی ئەوسادیارە

بەردە قارەمان:

بەردێکی گەورەی خۆڕاگرە، لە دەڤەری بازیان، ئاماژەیه بۆ قارەمانێتی شێخ مەحمود کە لەپاڵیدا بریندار بووە خۆڕاگریەکی کەم وێنەی نواندوە، بەردەکە بەناوی ئازایی ئەوەوە ناونراوە بەردە قارەمان، لەپای ئەوقارەمانێتیەی لەپاڵ بەردەکەدا نواندویەتی، بەردەکە دەکەوێتە دەربەندی بازیانەوە، ئێستا بووە بە شوێنێکی ناودار، وەک ئاسەوار سەیردەکرێ و پاسەوانی بۆ دانراوە. چەندەها قوتابخانە و فەرمانگەی ناوچەکە بە ناویەوە ناونراوە، بەردەکە بووەتە ڕەمزی بەرگری و بەرخۆدانی کورد، چونکە شێخ مەحمود لە پاڵیدا بەرەنگاری کردوە و بریندار بووە وەک کەسی یەکەمی جوڵانەوەکە، تەنانەت زۆر شیعر و ئەفسانە بە باڵای بەردە قارەماندا هەڵدراوەوەک: 

دیلانی شاعیری ئازادیخوازی کورد دەڵێت:

بەردە قارەمان لەجێی خۆی ماوە
هەرلەدەربەندە یا لە پیرانە.


پەراوێزو سەرچاوە:

١- بڕوانە، شەڕی گوندی ئاوباریک، واڵای عەشیرەتی زەنگەنه،
 f.book,2018.

٢- بڕوانە شەڕەکەی ئاوباریک ساڵی 1931،(www.kurdstapost.com)ئەرشیفی بابەتەکانی نوری کەریم.

٣- حرکە الشیخ محمود الحفید البرزنجی، محمد عبد العاگیwww.aljazeera.net
3-24\5\2006.
 
٤- ویکیپدیا، گۆگڵ، لاپەرەکانی تایبەت بە دیوانی شاعیرانی نەمر: حەمدی، دیلان، پیرەمێرد.بەpdf.

ئەم وتارە دید و بۆچونی تایبەتی نووسەرەکەیەتی

PM:06:53:21/06/2022



ئه‌م بابه‌ته 136 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌