زمان لەژێر چەكوچی ڕاگەیاندندا

جەبار جەمال غەریب
ئەدیب و نووسەر و رۆمان نووس

پرسیارێكی زۆرم لەسەر بەلاڕێدابردنی زمان لێ دەكرێت ڕاستە پرسیارەكە بە زۆر شێوە دووبارە دەبێتەوە، بەڵام كڕۆكی پرسیارەكە ئەوەیە:

- بۆچی ڕاگەیاندنی كوردی ئەوەندە فەرامۆشكارانە ئازاری زمان دەدا؟

- بۆچی ئەوەندە نابەرپرسیارانە زمان بەكار دەهێنن؟

- ڕاگەیاندن، كە سەردەمانێك پارێزەری زمانی كوردی و پەرەپێدەری بوو، بۆچی ئێستا ئەوەندە نەزانانە پێشێلی دەكەن؟

- ئایا بەڕاست زمان نازانن، یان هەر دەیانەوێ ئەوەی تا ئێستا نەتوانراوە بەو زمانە بكرێت، ئەوان بیكەن؟ مەبەستم ڕیسواكردنیەتی؟.

من نیازم بوو وتارەكانم لەسەر مامۆستا هێمن بەردەوام بن، بەڵام بۆ ئەوەی بە ئاسوودەتر بگەڕێمەوە سەریان، دەمەوێ وەڵامی ئەو پرسیارنە بدەمەوە و لەو ئەركە ڕزگارم بێ.

ڕاگەیاندن مەیدانی گەشەی زمانە 

سەرەتا دەمەوێ شتێك لەو ڕۆڵە گرنگە باس بكەم، كە ڕاگەیاندن لە گەشە و پەرەپیدانی زماندا گێڕاویەتی.

نامەوێ مێژووی ڕاگەیاندن، یان ڕاستتر مێژووی ڕۆژنامەگەریی كوردی بەسەر بكەمەوە، تەنیا دەمەوێ سیمایەك لە هەوڵی ڕۆژنامەگەرەكان، یان بە زمانی ئێستا ڕاگەیاندكارەكان باس بكەم.

- زۆر ناگەڕێمەوە دواوە، تەنیا دەچمەوە سەرەتای سەدەی ڕابردوو، واتا سەدەی بیست، سەرەتای سەدەی بیست ڕۆژنامەگەریی كوردی گەشەیەكی گەورەی بەخۆیەوە دیت.

- لە ١٩١٧ شوكری فەزڵیی شاعیر، ئەوەی شیعر شیعرێنی لەگەڵ شێخ ڕەزای گەورە دەكرد، بە ڕاسپاردەی مێجەر سۆن لە بەغدا، ڕۆژنامەی (تێگەیشتنی ڕاستی) دەردەكات، بابەتی گریگ و ناوازەی تێدا بڵاو دەكاتەوە.

- مێجەر سۆن، هەر كە دەشگاتە سلێمانی، یەكەم كاری هێنانی چاپخانە و دەركردنی ڕۆژنامە بووە.

ئەدیب و ڕۆژنامە

- مێجەر سۆن لەبەرئەوەی كوڕی ڕۆژنامە و خوێندەوارییە، دەزانێ نووسین و دەركردنی ڕۆژنامە كاری خوێندەوار و ئەدیب و نووسەرانە، بۆیە لە بەغدا شوكری فەزڵیی شاعیر دەكاتە هاوكاری خۆی و لە سلێمانی مستەفا پاشای یاموڵكی، عەلی كەمال باپیر و چەندان نووسەر و خوێندەواری دیكە هاوكارییان كردووە.

قسەی گرنگ ئەوەیە:

- ئەو كاتە، كە نووسەر و خوێندەواری كورد جڵەوی ڕۆژنامەیان بەدەستەوە بوو، یەكەم ئەرك و بەرپرسیاریەتییان بەكارهێنانی كوردییەكی ڕەسەن و پەرەپێدانی ئەو زمانە و ئەدەبەكەی بوو. بە جۆرێكی دیكە، ئەوانەی ڕۆژنامەیان دەردەكرد، لە قووڵایی كتێب و خوێندنەوەوە هاتبوون، ڕۆشنبیر و زانا و دانا بوون، بە دیار كتێبەوە شەونخوونییان كێشابوو. بۆ ساخكردنەوەی تاكە وشەیەك، عەرەقیان دەڕشت، سەرەڕای ئەوەی شارەزای كولتوور و فەرهەنگ و ژیانی نەتەوەكەیان بوون، زمانە ناوچەییەكانیشیان دەزانی. پێرەمێرد، شێخ محەمەدی خاڵ، گۆران و جەمیل سائیب و مستەفا سائیب و جەمال عیرفان تا دەگاتە هەژار و عەلائەدین سوجادی و نەوەی ئەو، ئەوانە ڕۆژنامەنووسەكان بوون، بەسەر ورد و درشتی زمان و دەربڕیندا دەچوونەوە. لەوپەڕی داناییەوە بەوپەڕی خاكەڕایی، بە سەعات خەریكی ڕاستكردنەوەی وشەیەك دەبوون.

- بە كورتی، ڕۆژنامەنووسەكانی ئەوكات ئەدیبەكان بوون، خوێنەرە بەردەوامەكان بوون، ئەوانە بوون لەگەڵ خوێندنەوەدا خوێنیان دەبوو بە ئاو. فانۆس لاپەڕەی بۆ رووناك دەكردنەوە.

- بە كورتی، ئەوان خۆبەخش و تەمەنبەخش و ژیانبەخش بوون، مرۆی قەڵەم و كاغەز و پێنووس بوون، بەكرێگیراوی نەتەوەكەی خۆیان بوون.

ڕۆژنامەوان، یان ڕاگەیاندكار و میدیاكاری ئێستا

- دیسانەوە بەكورتی، لەو ڕۆژەوەی ڕاگەیاندن، كاری میدیای بوو بە خۆدەرخستن و خۆ ڕەپیشكردن و (عەقد) و پارە، ئەدیب و نووسەران بە هێمنی و زانایی خۆیانەوە، خوێنیان تاڵ بوو، هەر لەخۆوە ناشیرین بوون، بوون بە بار بەسەر ڕۆژنامە و بەتایبەتی بەسەر شاشەوە.

- ئەدیبیش بژێویی دەویست، بەڵام هەڵپەی بۆی نەبوو، نەیدەتوانی بەدوایدا هەڵێ.

- دەركەوت ئەدیبەكان كوا دەتوانن بۆتۆكس بكەن، فیلەر بەكەڵكی دەموچاوی ئەوان نایە. ئەوان نەگبەت بوون و نەیانتوانی دۆشەكەڵەكانیان بە سمتی هیندی و تایلەندی و چینی بگۆڕنەوە.


ئەنجام

شاشەیەكی هەزار ڕەنگ هاتە ناو ماڵەكان، هەموو شتێكی نایاب، تەنیا هەندێك شت گۆڕان، وەكوو:

- دێڵەسەگ و گۆڵەسەگ و تووتك، بوونە سەگی نێر و مێ، جووجكە سەگ.

- ماین و ئەسپ و جوانوو، بوونە ماینی نێر و مێ، یان ئەسپی نێر و بەچكە ئەسپ.

- مەڕ و بەران و بەرخ، بوونە مەڕی نێر و مێ.

- بزن و نێری و كار، یان كاریلە و گیسك، بوونە بزنی نێر و مێ، جووجكە بزن.

- هەر لەو كاتەوەی خوێندنەوە بۆ ڕاگەیاندكار پێویست نەما، جگەرە لەجیاتی ئەوەی بكێشرێ دەخورێت و چا لەجیاتی ئەوەی بخورێتەوە، ئەویش دەخورێت.

- كڵاو و ملوانكە و ئەنگوستلە و بازن و چاویلكە و پێڵاو، هەموویان لەبەر دەكرێن، كە سەردەمی خوێندەواری، كڵاو لەسەر دەكرا و ملوانكە لە مل دەكرا و ئەنگوستیلە لە پەنجە دەكرا و بازن لە دەست و چاویلكە لە چاو و پێڵاو لە پێ دەكران.

- دیسانەوە بە كورتی، هەوا و هەوەسی شاشە و عەقد، بەسەر هەموو شتێكدا زاڵ بوو، ئەو كایەی كە نەدەكرا بەبێ زانیاری بچییە ناوی، بووە جێی نماییشی (قات و ریبات)، ئەوەی حورمەت بێ بۆ زمان و پاراستنی ئەمانەتی وشە و پیشە نەما.

- دیسان بەكورتی، كودەتایەكی خوێناوی بەسەر نووسەر و ئەدیباندا كرا، خوێنی لاپەڕە و قەڵەمی تێدا ڕژا. وشە كەوتە ژێر پێ و ڕستە پان كرایەوە.

- پیرەمێرد نەك بە جەستە، بە ڕووحیش مرد، هەرگیز كار بە چاپخانەكەی ناكاتەوە، شێخ محەمەدی خاڵ و مستەفا پاشای یاموڵكی، گیو و حوزنی موكریانی و گۆران، تازە هەرگیز دەست بۆ قەڵەم و كاغەز نابەنەوە.

- زۆر بەكورتی، ئەو كاتە كوالێتی گرنگ بوو، ئێستا سەردەمی ڕواڵەتە. دەتوانی شارێك لە زبڵ بە دیوارێكی بەرزی هەزار ڕەنگ بشارییەوە.

ئەم وتارە دید و بۆچونی تایبەتی نووسەرەکەیەتی

PM:07:21:13/05/2022



ئه‌م بابه‌ته 92 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر