سزای لەسێدارەدان لە فەلسەفەی سزادا

ئەرکان حەسەن
پارێزەر و یاسا ناس

سزای لەسێدارەدان: بریتییە لە کوشتنی کەسێک لەبەر ئەوەی تاوانێکی گەورەی ئەنجامداوە بە گوێرەی یاسای وڵاتەکە و ئەو تاوانەی کەسەکە ئەنجامیداوە شایستەی ئەو سزایە دەبێت کە لەلایەن دادگایەکی فەرمی وڵاتەوە بڕیارەکە بە ڕاشکاوی لە ماوەی دادگایی کردنەکەدا داردەبڕدرێت.

ئاڕاستەیەک دەربارەی فەلسەفەی سزا پێی وایە ڕێڕەوی ئاسایی یاخود مەبەستی سەرەکی لە سزادان (زجر الژات و ردع الغیر)ە بەو واتایەی سزا پێویستە بەو شێوازە بێت کە هەم تاوانبار جارێکی تر تاوان ئەنجام نەدا هەم کەسانی تریش بوێری ئەوەیان نەبێت تاوان ئەنجام بدەن، ئەمە ڕوانینی ئەم ئاڕاستەیەیە دەربارەی فەلسەفەی سزا بە ئامانجی بەرژەوەندی گشتی و پارێزگاری کردن لە کۆمەڵگە واتا ئەبێت هێندە مەبەست لە سزا چاکسازی بێت هێندە مەبەست لێی سزا نەبێت. 

ئاشکرایە ئەوانەی لایەنگری ئەم ئاڕاستەیەن هەمیشە ئەوە ئەهێننە پێش چاوی خۆیان کە کەسانێکی بێ تاوان سزا دراون و ئەکرێت لە بری ئەوەی لەبەر تاوانێک تۆڵە لە کەسێک بکەیتەوە و کۆتایی بە ژیانی بهێنیت و لەسێدارەی بدەیت بیکەیت بە کەسێکی سوودبەخش بۆ کۆمەڵگە و لایەنی مرۆیی و ئەخلاقی لەبەرچاو بگیریت بۆ تاوانبار واتا بە شێوەیەکی گشتی سزای مردن ڕەت دەکەنەوە(لەسێدارەدان بە نموونە)، ئەگەر تاوانبارێک کە سزاکەی لەسێدارەدانە، لەسێدارەی نەدەین و قەرەبووی کەسوکاری قوربانییەکە بکەینەوە، بۆچی ناتوانین قەرەبووی کەسوکاری کەسێک بەهەمان شێوە بکەینەوە کە بە ناهەق لەسێدارە دراوە....؟

نکۆڵی لەوە ناکرێت کە هێندەی تاوانباری شایستە بە سزای شایستەمان هەیە هێندە تۆمەتباری بە ناشایستە سزادراومان نییە، کەواتە بێ تاوانە سزادراوەکان کەمینەیەکن کە ئەوەش ئەو جیاوازیەیە کە لە نێوان دادپەروەری خوای گەورە و دادپەروەری مرۆڤ هەیە لەبەرئەوەی دادپەروەری ڕەها تەنیا لای خودا هەیە و دادپەروەری مرۆڤ ڕێژەییە و ئەکرێت نا دادپەروەری تێدا بێت و هەموو کات ئامانجەکە وەکو خۆی نەپێکێت. 

ئەم ئاڕاستەیە بۆچوونیان وایە کە سزای لەسێدارەدان یان سزای مردن بە گشتی نابێتە هۆی ئەوەی خەڵکی بوێری ئەوە نەکەن تاوان ئەنجام بدەن و تاوان کەم بکرێتەوە، ئەگەر بەم شێوەیە بیر بکەینەوە هەموو چاکسازییەکیش نابێتە هۆی دروست کردنەوەی کەسایەتییەک کە بەرژەوەندی کۆمەڵگەی لەبەر چاو بێت ئەوەش گونجاو نییە و لە بەرژەوەندی کۆمەڵگە نییە کە کەسێک تاقی بکەیتەوە بزانیت ئایا دوای چاکسازی بووە بە کەسێکی باش یان هەر لەسەر خراپە بەردەوامە (گەر نابێتە هۆی دروست کردنی ترس بۆچی پەنا بۆ ئاشتەوایی ئەبرێت..؟ بێگومان لە ترسی سزا. چەند هۆکارێک هەن وا لە مرۆڤ ئەکەن لە تاوان دوور بکەوێتەوە وەک لایەنی مرۆڤایەتی یان دین... هتد

هەروەها هەروەک چۆن کەسێک لە ترسی دۆزەخ بوێری ئەنجامدانی تاوانی نییە ئەکرێت جێبەجێکردنی سزایەکی وەک لە سێدارەدانیش ترسێک لە دڵی کەسانێک دروست بکات و بوێری تاوانیان نەبێت یاخود بوێرییان بۆ ئەنجامدانی تاوان کەم ببێتەوە، ئەمەش لێرەدا پاراستنی کۆمەڵگە و بەرژەوەندییەکانییەتی وەک ئامرازێک پێش ئەنجامدانی تاوان. 

بۆچوونێکی تری ئەم ئاڕاستەیە چاکسازی کردنە لە کەسی تاوانباردا بە شێوازێک وای لێبکەیت جارێکی تر تاوان نەکاتەوە دیارە ئەمەش بە لەبەرچاو گرتنی بارودۆخی تاوانبار بۆچوونێکی جوان مرۆڤ دۆستانەیە، بەڵام ئەمە ناکرێت ڕەها بێت واتا ناکرێت بۆ هەموو کەسێک هەوڵی چاکسازی بدرێت و لە پێناو بەرژەوەندی کەسێک چاوپۆشی لەو مەترسییە بکرێت کە بۆ دووبارە ئەنجامدانی تاوان هەیەتی ڕوونتر بیڵێم هەندێک جار چاکسازی بۆ کەسانێک کۆتایی هاتووە و ناتوانرێت وایان لێ بکەین سوودبەخش بن بۆ کۆمەڵگە، بە نموونە (کەسێک چەند تاوانێکی کوشتنی ئەنجامداوە بە هۆی داڵدەدان یاخود خۆشاردنەوە دەستگیر نەکراو، دواتر چەند تاوانێکی تری ئەنجامداوە و چەند کەسێکی کوشتووە و دەستگیر کراوە).

پرسیارەکە ئەوەیە چ چاکسازییەک بۆ ئەم جۆرەکەسە گونجاوە؟ 

یان با بڵێین چاکسازی لەم جۆرە کەسانەدا کە سەدان نموونەمان هەیە چ بەرژەوەندییەکی کۆمەڵگەی تێدایە؟ 

کەواتە گەر سزایەکی چاکسازییانە مرۆیی و ئەخلاقی بێت کاتێک تاوانێک لە ئەخلاق و مرۆڤایەتی بوون دەرئەچێت پێویستە ئاڕاستەی سزاش بگۆڕێت بە تۆڵە کردنەوە لە کەسی تاوانبار ئەمەش لە پێناو بەدیهێنانی دادپەروەری بەوەی چۆن و بە چ ڕێگایەک بەرگری لە کەسی تاوانبار ئەکەین بە هەمان ڕێگاش بەرگری لە کەسی تاوان لەسەرکراو بکەین. 

ئاڕاستەیەکی تر دەربارەت فەلسەفەی سزا پێیان وایە سزا پێویستە تۆڵە کردنەوە بێت لە کەسی تاوانبار، مادام تاوانبار تاوانی ئەنجامداوە پێویستە سزایەکی شایستە بە تاوانەکەی وەربگرێت جا هەر سزایەک بێت ئەمەش بۆچوونێکە کەمتر مەجال بۆ دادپەروەری و ڕەچاوکردنی بارودۆخی تاوانبار ئەهێڵێتەوە، ئەم ئاڕاستەیەش بەدەر نییە لە ڕەخنە بە تایبەت ئەگەر هێندە بە ڕەهایی سزا بە ئامرازێکی تۆڵە سەندنەوە بزانێت لێرەدا مەجالی هەڵسەنگاندنی دادگا بۆ بارودۆخ و کەسایەتی تاوانبار کەم بکاتەوە یاخود نەیهێڵێتەوە، هەروەها ئەم بۆچوونە کەمتر لایەنی مرۆیی لەبەرچاو ئەگرێت بە جۆرێک بە ئامرازێکی سیاسی دائەنریت زیاتر لەوەی ئامرازێکی بەدیهێنانی دادپەروەری بێت، لەبەر ئەوەی بوار بۆ هیچ شتێک ناهێلێتەوە جگە لە جێبەجێکردنی سزاکان وەکو خۆی.

پێویستە ئەو ڕاستییەش بخەینە ڕوو کە هەندێک تاوان پێویستی بەوەیە بە سروشتێکی تۆڵەوە سزای ئەنجامدەرەکەی بدرێت بەم جۆرە زیاتر بەرژەوەندی کۆمەڵگەی لێ ئەخوێندرێتەوە بەو پێیەی ترس لە تۆڵەسەندنەوە بە هۆکارێک دائەنرێت بۆ کەمکردنەوەی تاوان، ئەکرێت تۆڵەسەندنەوە گونجاو بێت بە تایبەت بۆ ئەو تاوانبارانەی کە تاوانەکانیان مەترسییەکی گەورەی هەیە و لە ڕێڕەو و سروستی مرۆڤ بوون دەرئەچێت، 
هەروەها لەبەرچاو گرتنی لایەنی مرۆی زیاتر بۆ تاوان لەسەرکراو و کەسوکارەکەی پێویستە نەک بۆ تاوانبارێک کەبەبێ هیچ بەزەییەک جۆرە تاوانێک ئەنجام ئەدات کە ویژدانی گشتی ئەجوڵێنێت و لەوانەیە زیاتر لە قوربانییەک هەبێت وەک منداڵ و خێزان.

لە کۆتاییدا سزای لە سێدارەدان ئەگەرچی بەشی خۆی مەترسی هەیە، بەڵام لە زۆر بارودۆخدا جێبەجێکردنی پێویستە بە تایبەت لە کوردستان لەبەر ئەوەی  لێرە سیستمی پەروەردەکەمان کەڵکێکی ئەوتۆی نییە چۆن متمانە بە سیستمی چاکسازییەکەمان بکەین کە تاوانبار ئەچێتە زیندان تاوانبارتر ئەبێت و هێندەی خزمەت ئەکرێت هێندە وای لێناکرێت هەست بە تاوان بکات و پەشیمان بێتەوە، کەواتە پێویستە سزای لە سێدارەدان جێبەجێ بکرێت، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی کەسایەتی تاوانبار و ئەو بارودۆخەی کە تاوانبار تاوانەکەی تێدا ئەنجام ئەدات و هەوڵدانی دادگا بۆ گەیشتن بەوپەڕی دڵنیایی لە سەپاندنی ئەم سزایە و بۆ سزاکانی تریش بەهەمان شێوە چەنێک ویستی ژیان بۆ تاوانبارێک پێویستە بۆ تاوان لەسەرکراویش بەهەمان شێوە پێویستە، ئەمەی باسم کردووە بە مەنتیق و شیکردنەوەی فەلسەفەی سزا بووە کە هەردوو ئاڕاستەکە چەند فەیلەسوفێک پشتگیری ئەکات بەو هیوایەم سوودبەخش بێت. 

ئەم وتارە دید و بۆچونی تایبەتی نووسەرەکەیەتی

PM:02:24:08/05/2022



ئه‌م بابه‌ته 79 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر