جگه‌ له‌یه‌كگرتن هیچ بژارده‌یه‌كی دیكه‌مان نیه‌

شاهۆ عه‌بدولڵا
نووسه‌ر

له‌یه‌ك كاتدا سێ پارچه‌ی كوردستان له‌به‌رده‌م داگیركاری ئه‌نقه‌ره‌ و تاراندایه‌، له‌ئاسمان و زه‌وییه‌وه‌ هێرش و داگیركاری ده‌كرێته‌سه‌ر گه‌له‌كه‌مان، له‌باشوری كوردستان ده‌وڵه‌تی تورك سڵ له‌به‌كارهێنانی هیچ چه‌كێكی قه‌ده‌غه‌كراو ناكاته‌وه‌، ده‌یان هاوڵاتی مه‌ده‌نی شه‌هیدبوون سه‌دان گوند چوڵكراون، هه‌زاران دۆنم له‌ڕه‌ز و باخ و بێستان ستونێراو. 

له‌ڕۆژئاوای كوردستان ته‌نیا له‌چه‌ند چركه‌یه‌كدا 14 هاوڵاتی شه‌هیدبوون، ده‌یان شوێنی مه‌ده‌نی كراونته‌ ئامانج، زیان به‌ژێرخانی ده‌یان شوێن كه‌وتووه‌، ئه‌و كۆبانییه‌ی به‌هیمه‌تی شه‌ڕڤان و پێشمه‌رگه‌ پاراستیان و ڕزگاریان كرد له‌ده‌ست داعش، ئێستا كه‌وتووه‌ته‌ به‌ر ڕه‌حمه‌تی فڕۆكه‌ جه‌نیگییه‌كانی سوپای داگێركه‌ری تورك، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌داگیركردنی عه‌فرین له‌و به‌شه‌ی نیشیتمان. 

له‌ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، ته‌نیا له‌ماوه‌ی سێ ڕۆژدا 25 كورد شه‌هیدكراون به‌ته‌قه‌ی ڕاسته‌وخۆی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی سه‌ربه‌ كۆماری ئیسلامی ئێران، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ زیندانیكردنی هه‌زار هاوڵاتی له‌ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، له‌ئێستاشدا قورسترین گه‌مارۆ له‌سه‌ر پیرانشار و مه‌هاباده‌كه‌ی قازی هه‌یه‌ و مه‌ترسی كۆمه‌ڵكوژی له‌سه‌ره‌، هاوكات ئاماده‌كاری ده‌كات بۆ هێرشی زه‌مینی بۆ سه‌رباشوری كوردستان. 

هه‌روه‌ها موشه‌كبارانكردنی هه‌رێمی كوردستان به‌چه‌ند كیلۆمه‌ترێك له‌دوری هه‌ولێری پیته‌خته‌وه‌، ئه‌وه‌مان ده‌خاته‌ پێش چاو، گه‌له‌كه‌مان له‌هه‌ركوێیه‌ك بێت به‌چاوی كورد و كوربوونه‌وه‌ سه‌یرده‌كرێت و هیچ جیاوازی نیه‌ له‌هه‌ولێری پایته‌خت یان له‌سنه‌ و كرماشان، یان كۆبانی و ئامه‌د، چون نه‌یار و دوژمنانی كورد باش ده‌زانن ده‌نگی كوردێكی ئیلام هه‌مان ده‌نگی كوردێكه‌ له‌سلێمانی و عه‌فرین و ماردین. 

ئێمه‌ی گه‌لی كورد نه‌ته‌كنه‌لۆژیای جه‌نگی پێشكه‌وتوومان هه‌یه‌ و نه‌پشتیوانێكی به‌هێز، دووربڕوات ته‌نیا به‌یاننامه‌ی وڵاتێكی زلهێزه‌و له‌بڵاوكراوه‌یه‌ك زیاتر هیچی كه‌نیه‌، ته‌نیا یه‌ك ڕێگا پێشك ده‌به‌ین له‌ناو به‌رمیله‌ باروته‌كه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ئه‌ویش یه‌كگرتن و كۆده‌نگیه‌ له‌چوارچێوه‌ی كورد بوون وه‌ك خه‌می هاوبه‌ش، به‌ده‌ر تاكه‌ پشتیوان خۆمانین، هه‌ر كۆده‌نگی و به‌ده‌مه‌وه‌هاتنه‌ی یه‌كتره‌ له‌هه‌رپارچه‌یه‌كی كوردستان تا بۆته‌واوی دنیا بیسه‌لمێنین شایه‌نی ژیانكردن و سه‌ربه‌خۆبووین.

ئەم وتارە دید و بۆچونی تایبەتی نووسەرەکەیەتی

PM:06:41:22/11/2022



ئه‌م بابه‌ته 82 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌