چۆن دژی کوشتنی ژنان ئەوەستینەوە؟

پەیمان عیزەدین
نووسەر و یاساناس

بەر لە هەر بڕیارو دروشم و هەنگاوێک بۆ دژ وەستانەوە بەڕووی کوشتنی ژناندا، ئەبێ لەوە دڵنیابین کە کوشتنی ژنان هۆکارو ڕەگوڕیشەیەکی قوڵی مێژویی لە پشتەوەیە. 
چونە ژێرباری ڕاوەستانەوە دژی کوشتنی ژنان ئەرکێکی گرانە و لەهەمان کاتیشدا جێی پێزان و پشتیوانیکردنە، چونکە ئیشکردنە لەسەر گۆڕینی کەلتورێکی کەڵەکەبوو، بەڵام بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە ئەبێ لەسەر ئەنجام کارنەکرێت کە کوشتنی ژنەکەیە.

دەستگیرکردن و سزادانی بکوژی ژنان چارەسەری گرفتەکە نییە، لەڕاستیدا جگە لەوەی تاوانبارێک سزای خۆی وەرئەگرێت، هیچ گرنگیەکی ئەوتۆی نابێ بۆ کۆتایی هێنان بە کەلتوری ژن کوشتن، چونکە پاڵنەرەکانی پشت کوشتنی ژنان گەورەتر و زۆرترن لەوەی لە سێدارەدانی بکوژێک ترس دروست بکات.

بڕوانەبوون بە ژن وەک تاکێکی سەربەخۆ و هاوبەش لە ژیان و مرۆڤایەتیدا کێوێک لە ڕووداوی مێژویی و جەنگ و ئاینی لە پشتەوەیە، لەهەر کۆمەڵگەیەکیشدا بڕیاردرابێ کارلەسەر گێڕانەوەی ماف بۆ ژن بکرێ دەستبراوە بۆ بنکۆڵکردنی ئەو کێوە. ناکرێت و نابێ بێ ڕاوەستان لەسەر تێگەیشتن، پەروەردە، یاسا، گوتاری ئاینیی توندڕەوە، وا پیشان بدەیت دژ بە کوشتنی ژنان ئەوەستیت.

ئێستا کاتێتی لەگەڵ دەستپێکی ئەو کەمپەینە بۆ دژایەتی کوشتنی ژنان، بە وردی چاودێری ڕاگەیاندنەکان و سیستمی پەروەردە و گوتارە ئاینیەکان بکرێت، هەموو ئەو ئاڕاستەو دەستەواژانەی بیری کۆنەپارێزی و بەکەم سەیرکردنی تواناکانی ژنان ئەبوژێننەوە قەدەغەبکرێت. ئەبێت چاودێری ئەو ریکلام و گۆرانی و درامایانە بکرێت کە بەڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ ژنان و ڕۆڵ و کاریگەرییان بچوک ئەکەنەوە و بە تێکدەر و زۆربڵێ و دووزمان و زمان درێژ و بێکەڵک پیشان ئەدات.

ئەبێت بابەتی یەکسانی و وەک یەک سەیرکردنی تواناکانی مرۆڤ لە پڕۆگرامی خوێندندا جێگیربکرێت و سزا هەبێت بۆ هەر مامەڵەیەکی مامۆستایان کە جیاوازیە ڕەگەزیەکان تۆختر ئەکاتەوە. ئەبێت چاودێری جێبەجێکردنی ئەو یاسایانە بکرێت کە لەبەرژەوەندی ژنان هەموارکراونەتەوە و بەبڕیاری تەمیزیی و بەهۆی بیرکردنەوەی بەشێک لە دادوەرەکانەوە جێبەجێناکرێن.

هەروەها ئەبێت چاودێری ئەو بانگخواز و مامۆستا ئاینیانە بکرێت کە گوتارەکانیان دژایەتی ژن و جلوبەرگ و هەڵسوکەوتی ژنانی لێدەربهێنرێت دادەمێنن بۆ گوتارێک. ئەبێت ڕێگە بەهیچ کەسێک نەدرێت شوێن و پێگەی کۆمەڵایەتی هەرچیەک بێت بۆ بەناوبانگ بون یان سەرنج ڕاکێشان سوکایەتیکردن بەژنان بکاتە ئامڕاز. کارکردن بۆ قەدەغەکردنی کوشتنی ژنان کارکردنێکی قوڵ و فرە ڕێگاو سەرچاوەیە، بەڵام گرنگ و کاریگەرە.

ئەم وتارە دید و بۆچونی تایبەتی نووسەرەکەیەتی

PM:01:38:18/09/2022



ئه‌م بابه‌ته 62 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌