بڕیاری دادگا ئێراقی خستە گێژاوەوە

د. هێمن عەبدوڵا
مامۆستای زانکۆ


ئێراق لە دەرەنجامی بڕیارێکی هەڵەی دادگای باڵای دەستوری لە گێژاوێکی قوڵدایە.

دادگای باڵای فیدڕاڵی ئێراق لە داوای ژمارە 16/اتحادی/2022 لە بەرواری 3/ 2/ 2002 کەلەلایەن سەرۆک کۆمار پێشکەشکرا بوو بڕیاریدا بە دیاریکردنی ڕێژەی دەنگی پێویست بۆ کۆبوونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار (نصاب انعقاد جلسة انتخاب رئيس الجمهورية) بە 2/3 ی ئەندامانی پەرلەمان پێچەوانەی ماددەی 59/یەکەم لەدەستوری هەمیشەیی ئێراق، بەم پێیەش 1/3ی پەکخەر(110) ئەندام پەرلەمان دەتوانێت پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و پێکهێنانی حکومەت پەک بخات.


پێشتر و لەچەند جێگەیەک ئەوەمان وتووە کە پێکهاتەی نوێی دادگای فیدڕاڵی ـ دوای هەمواری یاساکەی نادەستورییە و بۆلایەنی شیعەی دڵخوازی ئێران یەکلایی بۆتەوە و لەو بەروارە بەدواوە ئێراق لەبەردەم ستەمی دادگای دەستوری و هەمواری دەستوری(ضمني)دایە لەڕێگەی دەسەڵاتی تەفسیری دادگای باڵای فیدڕاڵی یەوە.


ئەم بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی نادەستوری یە لەبەرئەم هۆکارانە:


یەکەم:
ڕێژەی دەنگی پێویست بۆ ئەنجامدانی کۆبونەوەکانی پەرلەمانی ئێراق لە یەک ماددەی دەستوریدا هاتووە کە ماددەی 59/ بڕگەی یەکەمە و دەڵێت ::(المادة ٥٩): اولاً : يتحقق نصاب انعقاد جلسات مجلس النواب بحضور الاغلبية المطلقة لعدد اعضائه)گەر سەرنج لە دەربڕینی ماددەکە بکەیت هیچ ڕیزپەڕـ (استثناء)ێکی لەدواوە نەهاتووە، وە لەهیچ بڕگەو ماددەیەکی تری دەستوردا باسی (نصاب انعقاد الجلسات)نەکراوە تا خوێندنەوەی دووەم هەڵبگرێت.


دووەم: لە بڕگەی دووەمی هەمان ماددەدا باس لە ڕێژەی دەنگی پێویست دەکات بۆ دەرکردنی یاسا و بڕیارەکانی پەرلەمان و بە زۆرینەی سادە(الاغلبية البسيطة) ـ زۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئامادەبوو لە کۆبونەوەکانی پەرلەمان دیاریدەکات و دەڵێت (ثانيا: تتخذ القرارات في جلسات مجلس النواب بالاغلبية البسيطة، بعد تحقق النصاب ما لم ينـص على خلاف ذلك). گەر سەرنج لەم بڕگەیە بدەن بەڕەهایی نەهاتووە و مەرجی(ما لم ينـص على خلاف ذلك) لە کۆتایی بڕگەکەدا هاتووە، بۆیە دەبینین ڕێژەی دەنگی پێویست بۆ بڕیاردان (نصاب التصويت فی اتخاذ القرارات) کە وەک پرەنسیپ زۆرینەی سادەیە دوای ئامادەبوونی (نیوە کۆ یەکی ئەندامانی پەرلەمان)، بەڵام لەچەند شوێنێکی دەستوردا بە 2/3ی دەنگەکان دیاریکراوە، بێگومان دوای تەواو بوونی (نصاب انعقاد الجلسات) کە(50+1)ی کۆی ئەندامانی پەرلەمان کەلە بڕگەی یەکەمی ماددەی 59 هاتووە لە نمونەی دەنگدان لەسەر یاسای پێکهێنانی دادگای فیدڕاڵی ـ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ـ ڕاستاندنی پەیماننامە و ڕێکەوتننامە نێودەوڵەتیەکان و چەند پرسێکی تر، بەڵام ئەم مەرجە لە بڕگەی یەکەمدا نییە و لادان لێی نادەستوری یەو(نصاب انعقاد الجلسات) بۆ هەموو پرسەکان زۆرینەی ڕەهایە.


سێهەم: گرنگترین بنەما لە سیستەمی دیموکراسی پەرلەمانیدا حوکمی زۆرینە و بوونی بەرهەڵستکاری پەرلەمانی و پابەندبوون بە پاراستنی مافی کەمینەکانە، ئەم بڕیارەی دادگا هیچ بەهایەکی بۆ ئەم بنەمایە نەهێشتۆتەوە، بەڵکو سیستمی فەرمانڕەوایی خستۆتە دوڕیانێکەوە کە پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی پەکخستووە ئەمەش پێچەوانەی فەلسەفەی دیموکراسی پەرلەمانی یە.


چوارەم: گەر ڕایەک هەبێت گوایە ئەم ڕاڤەکردنەی دادگای دەستوری لەگەڵ ڕۆحی فیدڕاڵیەت دەگونجێت ـ هەڵەیە، چونکە ئەو یەکە دەستورییەی سیستمی فیدڕاڵیەت دەپارێزێت و هەرێمەکان لە هەژموونی دەسەڵاتی ناوەندی دەپارێزێت فرە ئەنجومەنی دەسەڵاتی یاسادانان (ثنائية السلطة التشريعية))و پێکهێنانی ئەنجومەنی هەرێمەکانە، کە هەرلەسەرەتاوە دروست نەکرا و پشتگوێ خرا ـ نەک پەکخستنی پڕۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار وپێکهێنانی حکومەت.


ئەم وتارە دید و بۆچونی تایبەتی نووسەرەکەیەتی

PM:11:50:29/03/2022



ئه‌م بابه‌ته 119 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌