چۆن میدیا بەگەڕ بخرێت؟

فرسه‌ت سه‌ید شكور
نووسه‌ر

مالكوم ئێكس لەبارەی میدیایەوە دەڵێت :"ئامرازەکانی ڕاگەیاندن بەهێزترین قەوارەن لەسەر زەوی و توانایەکی بێسنووریان هەیە لە نپیشاندانی کاری خراپ وەک باش و کاری باش وەک خراپ، ئەمەش بەو دەسەڵاتەی، کە یاریی بە بیر و هۆشی جەماوەر دەکات".

میدیا بە گشتی لە سەرانسەری دونیا ڕۆڵی باڵا لە ئاراستەکردنی کۆمەڵگە بە باشی و خراپییەکانەوە دەبینێت. میدیا دوای پەرلەمان، حکوومەت، دادوەری، بە دەسەڵاتی چوارەم دادەنرێت. ھەریەک لەو چەمکانەی لە سەرەتادا ناویان ھات، بە داڕێژەری سیاسەت و شێوازی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و ئیدارەدانی دادەنرێت، ھەر خۆی بەکارھێنانی میدیا وەک دەسەڵاتێکی کارا و کاریگەر دەمانگەیەنێتە ئەو ئەنجامەی میدیا دیاری دەکات، کە فیکر و ئایدۆلۆژیای کۆمەڵگە چ ئاراستەیەک وەردەگرێت.

وەکوو مومارەسەی پرۆسەی دیموکراسی و ئەوەی بە دیاریکراوی پێی دەگوترێت میدیای ئازاد، لە تەواوی دونیادا خوێندنەوەی جیاوازی بۆ دەکرێت، بۆچوونی زۆرینەیان بە ئاراستەی ئازادبوونی میدیایە بە ھەموو شێوەیەک، بەڵام بەشێکی دیکە لە ئایدیاکان، ئازادکردنی ڕەهای میدیا ڕەت دەکەنەوە، پێیان وایە دەبێت (سانسۆر)ێک بۆ ھەندێک ھەواڵی نادروست ھەبێت، کە بە ھەواڵە چەواشەکار و بێبنەماکان وێنا دەکرێن.

ئازادیی ڕەھا بۆ میدیا دروستە؟

چۆنیەتیی ئیدارەدانی (ئازادی) بۆ خۆی ڕا و بۆچوونی جیاوازی لەسەرە، چ جای ئەوەی بە میدیاوە بلکێت! لەڕاستیدا میدیا جیا لەوەی پلاتفۆرمێکی گرنگە بۆ دەستڕاگەیشتن بە دونیای نوێ و پێشکەوتنە جیھانییەکان لە ھەموو سێکتەرەکان، بەڵام بەھەمان شێوە لایەنی نەرێنیشی ھەیە، ھەرێمی کوردستان، کە 31 ساڵە بە ھەندێک ئازادیی سیاسی و ئیداری و ئابووریی خۆی گەیشتووە، ئەزموونێکی باشی لەگەڵ چۆنیەتیی ئیدارەدانی میدیادا نییە، بەشێوەیەک، لەم قەوارە 6 ملیۆن كەسیەدا، دەیان میدیای جۆربەجۆر ھەن، کە زۆرینەیان لەلایەن حزبەکانەوە ئاراستە دەکرێن، ئەمە حاڵەتێکی ئاساییە، لە ئەمریکا و وڵاتانی پێشکەوتووی دیموکراسیی ئەوروپاش ئەوە ھەر ھەیە، بەڵام بەدروستی میدیا دەبێت لە خزمەتی بیری تاک بە تاکی نیشتماندا بێت و سەربەخۆیی لەدەست نەدات، بەڵام بەدروستی دەتوانین بگەینە ئەو بڕوایەی، کە میدیا بە ھەموو شێوە و فۆرمەکانییەوە، لە ھەرێمی کوردستان لەژێر پرسیاردایە، و پێویستی بە پێداچوونەوە و ڕێکخستنەوەی ورد ھەیە.

میدیای کوردی پێوستی بە ئیتیک ھەیە، ئیتیكێک، کە ھاوسەنگ و یەکگرەوە بێت لەگەڵ بنەما دروستەکانی ڕۆژنامەوانی، نەک سەرپێچیی بەھا کۆمەڵایەتییەکان بقۆزێتەوە و بە ئارەزووی دڵی خۆی ھەواڵ بھۆنێتەوە. ڕاستە ئیتیک لە ڕاگەیاندن وابەستەیە لەگەڵ کولتوور و نەریت، بەڵام بەسوودوەرگرتن لە میدیا پێشکەوتووەکانی دونیا، بێ شک کاریگەریی گەورەی گۆڕانکاریی بەخۆیەوە دەبینێت.

دواجار ھەرێمی کوردستان پێویستی بە بەگەڕخستنی میدیا ھەیە، بەشێوەیەک، خۆی لەو قاڵبە ھەڕەمەکییە لە کارکردنە دابماڵێت و لە چوارچێوەی كاركردنیدا ڕەچاوی بنەما ئیتیكییەكان بكات. هەرچەندە ئێمە ئێستا خاوەنی میدیای نیشتمانیی نین، بەڵام دەتوانرێت ھەر لە چوارچێوەی کاری میدیادا و لە چوارچێوەی ئاشتەوایی و یەکگرتوویی و دووركەوتنەوە لە بڵاوکردنەوەی ڕک و دووبەرەكی و هەواڵی گواستنەوەی هەژموونی تاڵ و بێ ئیرادەیی بەخشینەوە كار بۆ گوتاری نیشتمانیی بكرێت.

لەدوای پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا و بەجیهانیبوون، ڕۆڵی ڕاگەیاندن لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناخۆییدا بەهێزتر بوو، ئەمەش وای کرد ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەهێزتر بێت و توانایەکی بێ سنووری لە باوەڕپێهێنانی جەماوەردا هەبێت. بۆیە دەتوانین بڵێین، دەسەڵاتی چوارەم بەرهەمی سیستەمی دیموکراتیەتە، کە ئەرکی سەرەکییان چاودێریکردنی دەسەڵاتە و نوێنەرایەتیی هاووڵاتی دەکات، هەروەک بەکارهێنانی سیستەمی دیموکراتی بۆ بەرژەوەندیی چەند کەسانێک بەكار دێت، بێ گومان دەزگا ڕاگەیاندنەکانیش بۆ هەمان مەبەست بۆ بەرژەوەندی و چەواشەکاریی دژ بەیەک بەکار دێن.

لەکۆتاییدا، گرنگە میدیا بەشێوەیەکی گشتی ڕۆڵێکی بەرپرسیارانە بگێڕێت، بەتایبەت لەو دۆخە سەختانەی دێنە ڕێ، وەک ھەر ھەڕەشەیەک، یان مەترسییەک لەسەر خاک و نەتەوە، گرنگە میدیا ڕۆڵی نیشتمانییانەی خۆی ببینێت. ناکرێ میدیا، وەک ھەواڵنێری نەیار و دوژمن مامەڵە بکات، ئاخر ئەم مۆدێلە لە ڕاگەیاندن، کە کەناڵەکەی پێش سوپای داگیرکەر دەخات و سەنگەری پێشمەرگەی پیشان دەدات، لە تەواوی دونیادا نییە. بەکورتی، میدیا دەبێت ڕۆڵی کارا لە ھوشیارکردنەوەی کۆمەڵگە لە ھەموو ئەو کێشە و گرفتانە ببینێت، کە ڕووبەڕووی نیشتمان دەبنەوە و خستنەڕووی چارەسەرییەکان بۆ کێشە کۆمەڵایەتییەکان، کە ئێستا لە تەواوی سێکتەرەکان بەرۆکی وڵاتیان گرتووە، بەمە دەتوانین بگەین بە پێشکەوتنە جیھانییەکان و لەم ژاوەژاوە ناتەندروست و ناعەقڵانییەی ئێستا دوور بکەوینەوە.

(بەگەڕخستنی میدیا بەشێوەی عەقڵانی و لۆژیک، ھاوکاتە لەگەڵ بەرھەمھێنانی نەوەیەکی ھوشیار و بەئاگا لە خزمەتی بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمان).

ئەم وتارە دید و بۆچونی تایبەتی نووسەرەکەیەتی

PM:02:33:03/07/2022



ئه‌م بابه‌ته 65 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌