چۆن ڕووبەڕووی تاوان ببینەوە؟

فرسه‌ت سه‌ید شكور
نووسه‌ر

کوشتن بە خراپترین بەشی تاوان دادەنرێت، تاوانێک کە ڕۆح لە جەستە دەستێنێتەوە تاوانێک کە کاریگەرییەکانی باڵ بەسەر خێزان، کۆمەڵگە، وڵاتدا دەکێشێت، ترس، تۆقاندن، بێمتمانەیی دەخاتە نیشتمانەوە، لەم ساڵانەی دواییدا، تاوانەكانی كوشتن لە شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان زیادیان كرووە، بە شێوەیەك ھەفتە نییە، گوێمان بە ھەواڵی، کوشتن، خۆکوشتن، تاوانە جۆراوجۆرەکان نەزرینگێتەوە، لە ھەموو دەوڵەتە پێشکەوتووەکانی دونیاش، ئەوانەی سەرداری یاسا و ڕێساکانن، سزای قورس و داپڵۆسێنەریان لەسەر تاوانباران داناوە، چونکە بە ھۆیەکی ھەڵتەکاندنی کۆمەڵگە و لەبنەوەبڕیی جوانییەکانی وڵات دێت.

ھۆکارەکانی زیادبوونی تاوانی (کوشتن):

ھۆیەکی رووداوەكانی کوشتن لە ھەرێمی کوردستان زۆرن، ئەگەر لەسەر چەند خاڵێک ھەڵوەستە بکەین و بوەستین:

یەکەم: ھەڵە بەکاھێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی بەتایبەت "ئینتەرنێت" کە بەشێوەیەکی خێرا لە کۆمەڵگای کوردیدا تەشەنەی کردووە و بەبێ ھیچ سنووردارکردنێک بەکار دەھێنرێ، بەتایبەت لەلایەن (نەوجەوانان).

دووەم: پەخشکردنێکی زۆر و بێ سنووردارکردنی دراما بیانییەکان کە توندوتیژیی تێدایە کە دەرھێنەر کەسی بکوژ وەکوو قارەمانێک نیشانی بینەر دەدات و وەکوو کارێکی ئاسان دێتە پێش چاوی و بەتایبەت لە منداڵاندا ھەوڵی دووبارەکردنەوەی دیمەنەکانی دەدەن و دەرئەنجامەکەی نازانن.

سێیەم: سەرەڕای ھەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت کە ئەمەش کاریگەرییەکی گەورەی ھەیە، بەھۆی دابونەریتی کۆمەڵگە لە ھەر ماڵێکدا چەک ھەیە و بە شتێکی پێویستی دەزانن کاتێک بچووکترین کێشە لەنێوان دوو کەسدا ڕوو دەدات ڕاستەوخۆ پەنا بۆ کوشتن دەبرێت.

بەپێی یاسای سزادانی ئێراقی ژمارە 111ی ساڵی 1969 تاوانی کوشتن بە ھەموو شێوازەکانیەوە ھەریەک لە ماددەکانی 405 تاکوو 409 دەیگرێتەوە کە تێیدا لە  ماددەی 405 دا ھاتووە: (ھەر کەسێک تاوانی کوشتنی بە مەبەست ئەنجام بدا، سزا دەدرێت بە زیندانیکردنی ھەتاھەتایی یاخود کاتی).

ھەروەھا ماددەی 406 ھاتووە: بۆ ئەم جۆرە تاوانە سزاکەی لەسێدارەدان دەبێ ئەگەر یەکێک لەم حاڵەتانە بێت ئەگەر ھاتوو تاوانی کوشتنەکە لەگەڵ پلانی پێشوەختە بێت یان بە بەکارھێنانی ژەھر بێت بۆ کوشتنی کەسەکە یان کوشتنی کەسێک بێت لەپێناو پارە جا بۆ بەدەستھێنانی میراتی بێت یاخود لە بەرامبەر وەرگرتنی کرێیەک بێت... چەندین حاڵەتی تریش ھەیە ئەم حاڵەتانەش کە سزاکەیان لەسێدارەدانە حاڵەتەکانی توندکردنی سزان.

ئێستاش سزای لەسێدارەدان ڕاگیراوە لە ھەرێمی كوردستان، ئەمەش یەکێکی ترە لە کێشەکان و وای کردووە تا ڕادەیەک ئەو کەسانەی بیر لە ئەنجامدانی ئەم تاوانە دەکەنەوە، سڵ نەکەنەوە لە سزاکەی، چونکە ئەگەر زیندانیش بکرێن لە ئەنجامدا ئازاد دەکرێن یاخود لێبوردنی گشتی یاخود تایبەتی دەیگرێتەوە یان سزاکەی لەسەر کەم دەکرێتەوە، کەمکردنەوەی سزاکانیش پێویستە لەسەر بنەمای چاکسازیی تاوانبار بێت.

سوڵحی عەشائیری:

یەکێکی تر لەو کێشانەی وا دەکات تاوانی کوشتن ڕوو لە زیادبوون بکات، سوڵحی عەشائیرییە، تاوانبار سڵ ناکاتەوە لە ئەنجامدانی ئەمەش وا دەکات لایەنەکان لە کاتی بوونی کێشە لەنێوانیان ھیچ بیر لە بوونی یاسا و دادگا نەکەنەوە و کێشەکانیان بە سوڵحی عەشایەری چارەسەر بکەن کە کێشەیەکی گەورەیە تاوانباریش بەبێ سزادان لە تاوانەکەی ڕزگار دەبێت.

کێرڤی باڵای ئەم رووداوانە، دەگەڕێتەوە بۆ چەند خاڵێک کە پێویستە لەپێش چاو بگیرێن:

یەکەم: لاوازیی گوتاری پەروەردەیی خێزان و نەبوونی ھۆشیارییەکی پێویست کە ئەرزش بداتە گیانی مرۆڤ لەپێشەوەی ھۆکارەکاندایە، نەوەی پاش راپەڕین نەوەیەکی پەرت و بڵاوی ئایدیۆلۆژییە و رێچکەیەکی پەروەردەیی بۆ تەبایی خێزان و ئەرزشی مرۆڤ و مافەکانی ئامادەیی نییە، میتۆدێکی تەندروست بۆ گۆشکردنی ئەم نەوەیە رۆڵی نەبووە و ھۆشیاری لەبارەی ئاکامەکانی کوشتن و سزا و لێپێچینەوە لاوازە.

دووەم: میدیای کوردی و ھەژموونی میدیای رووزەردی دەرەکی لە ئاستێکی ترسناکدایە، ئەدەبیات و کولتوورە جیاوازەکان، وێنای کوشتن و بڕین و خیانەت بەتەواوی گوێی لاوانی کوردی ئاخنیوە و لەبەردەم پرسی کوشتن و تاواندا چاونەترسی کردوون، ھیچ فلتەرێک بۆ پەروەردەی دەرەکی و ھیچ ئەجێندایەک لە پەیامی میدیایی ناوخۆدا شک نابرێت.

سێیەم: پرۆژەی وڵاتانی ھەرێمی، بەردەوام پرۆژەی لاوازکردنی گیانی پێکەوەیی و نەمانی تەناھیی کوردستان بووە و لەم نێوەندەدا کارکردنێکی شاراوە و مەنگ لەگۆڕێدایە.

چوارەم: ناتەوانیی یاسا و دادگاکان و بوونی چەندین تاوانبار کە لە دەرەوەی زینداندا بێباکن لە ھەر لێپێچینەوەیەک، ئەوانی سروشتی تاوانیان ھەیە، زیاتر دەستکراوەی کردوون.

پێنجەم: بوونی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەک دیاردەیەکی نوێ و ئامێرەکانی پەیوەندی، دیسانەوە مەچەکێکی بەھێزی تاوان و دۆسیەکانی نێو دادگانە و لەم نێوەندەشدا ھۆشیاری لەسەر بەکارھێنانیان ئێجگار لاوازە.

شەشەم: گرووپە رادیکاڵ و توندڕەوەکانی پاش سەدام و نموونەی داعش لە ناوچەکەدا و کارەکانیان بە کاوەخۆ ئەدەبیاتی توندوتیژی و کوشتاریان گەیاندە رادەی ئاساییبوونەوە لەنێو ئەم نەوە نوێیەدا، ھەر بۆیە بە شێوەی ناڕاستەوخۆ بوونی داعش و ریکلامەکانی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان شوێنیان لەسەر توندوتیژیی تاکی کوردیی جێ ھێشتووە، ھەموو ئەم دیاردانە و چەندیان دیاردەی تر، زەمینەی رووداوەكانی کوشتنیان زۆرتر قووڵ کردووەتەوە.

‌بە داخبارییەوە، دوێنێ ڕێككه‌وتی ۲۸ی ٦ی ۲٠۲۲ كاتژمێر ۸:۱٥ ده‌قیقه‌ی به‌یانی، قوتابییه‌ک هه‌ڵده‌كوتێته‌ سه‌ر ئۆفیسی ڕاگری كۆلێژی یاسای زانكۆی سه‌لاحه‌دین - هه‌ولێر و د‌ێی نوێی زانكۆ، كه‌ ماڵی مامۆستایانی زانكۆی سه‌لاحه‌دینی لێیه‌، ئه‌مه‌ش له‌ ئه‌نجامی پێشینه‌ی مامه‌ڵه‌یه‌كی نه‌قلكردنی به‌ر له‌ (۲) دوو ساڵ بووه‌، ئه‌مڕۆ هه‌مان قوتابی هه‌ڵیكوتایه‌ سه‌ر ‌ ئۆفیسی ( پڕۆفیسۆر د.كاوان ئیسماعیل –ڕاگری كۆلێژی یاسا) و ماڵی ( پ.ی.د. ئیدریس حه‌مه‌ خان- مامۆستا له‌ كۆلێژی ئه‌ندازیاری) له‌ ئه‌نجامدا هه‌ردووكیان شه‌هید ده‌كات و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كارگوزارێكی كۆلێژی یاسا بریندار ده‌كات.

ئەم ڕووداوە بە بۆچوونی مامۆستایانی زانکۆ و ڕۆشنبیران و ھاووڵاتیان بە گشتی، زەڕبەیەکی گەورەیە لە پرۆسەی زانست و خوێندن و لە ھەرێمی کوردستان، بەتابیەت تیرۆری کەسانی ئەکادیمی و زانستپەروەر کە ھەموو تەمەنیان خۆیان لەپێناو پێشکەوتنی کۆمەڵگە و شارستانیەتی وڵاتەکەیان تەرخان کردووە.

ئەوە نادیدە ناگیرێت؛ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەپێی یاسا تاوانبارانی سزا داوە، سەڕەرای دەستوەردانەکان، بەڵام بۆ ئەم قۆناغە ڕەنگە بەشێک لە چارەسەرییەکان ئەمانە بن:

1. توندکردنی سزای کوشتن و تاوانکاری، سزادانی تاوانباران بە ھەتاھەتایی بەڵام بە شێوەیەک جێبەجێبکرێن کە تاوانەکان نەک کەم بکرێنەوە بەڵکوو بنبڕ بکرێن.

2. ھەڵمەتی چڕتر و باشتری ھەڵگرتنی چەک لە ھەرێمی كوردستان، ھەتا ئێستاش ھەڵگرتنی چەک وەک شانازی و كەشخەچێتی تەماشا دەکرێت، سنووردارکردن و کەمکردنەوەی ھەتا بۆ ئەوانەی مۆڵەتیان ھەیە.

3. ڕۆڵی خێزان؛ دایک و باوک ڕۆڵیان دەبێت لە شێوازی پەروەردەکردنی منداڵەکانیان، بە شێوەیەک ھەر لە پێڕاگەیشتنی ئەم منداڵە ئاگاداریی ڕەوشت و ئاکارییەکانیان بن، چاویان لەسەر ئەو ھۆیەلانە کەم بکەنەوە کە نزیکی چەک یان تاوانی دەکەنەوە.

4. پەروەردە و خوێندن، ناوەندەکانی فێرکردن؛ لە سەرەتاییەوە تا ناوەندی، وانەی تایبەت بە ھۆشیارکردنی قوتابیان و منداڵان لەسەر تاوان و سزاکانی ھەبێت، ئاشناکردنیان بە مەترسییەکانی تاوان لەسەر خودی خۆیان و کۆمەڵگە و داھاتوویان.

5. کۆنتڕۆڵکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان؛ بە شێوەیەک ئەو ئامرازانەی کە تاوانەکانی کوشتن یان ڕفاندن و تۆقاندنی مرۆڤ دەخەنە بەرچاو، سنووردار بکرێن، بەتایبەت پارێزی میدیاکان لە بڵاوکردنەوەی ئەو ڤیدیۆ و وێنانەی کە بە کوشتنەوە بەستراونەتەوە.

6. دەسەڵاتی یەکەم بدرێتە دادگان؛ ڕێگری لە ھەموو جۆرە سوڵحێکی عەشائیری بکرێت کە ببێتە ھۆی ئازادبوونی بکوژ و دووبارەکردنەوەی تاوان.


ئەم وتارە دید و بۆچونی تایبەتی نووسەرەکەیەتی

PM:04:18:29/06/2022



ئه‌م بابه‌ته 115 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌