هەڵبژاردنی پێشوەختە

ئاریان ڕه‌ئوف
نووسه‌ر

"هەڵبژاردنی پێشوەختە وەک مۆدێلكێک بۆ درێژەدان بە چەقبەستنی سیاسی"

موقتەدا سەدر ئەمجارەش هەڵبژاردنی پێش وەختەی بۆ دەرچون لە قەیرانی سیاسی ئێراق وەک رێگە چارە خستە روو ، هەر بەزووی محمد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان پشتگیری ئەم هەڵوێستەی سەدری کرد، بە دوریش نازانرێت سەرکردە سیاسیەکانی تری پیشتگیری ئەم هەڵوێستەیە بکەن. ئەمە لە کاتێکدایە ئەم قەیرانە سیاسیەی ئێستای ئێراق تێی کەوتەوە لە هەڵبژاردنێکی پیشوەختەوە هات، کە پێشتر دەرئەنجامی خۆپیشاندانەکانی ئێراق لە کۆتای ساڵی ٢٠١٩ کە بە (شۆرشی تشرین) ناسراوە، هاتە کایەوە، کە ئەو کات هێزە سیاسیەکان لە نێویشیاندا (موقتەدا) سەدر بۆ دەرباز بون لەو باردۆخە و قەیرانە سیاسیەی عێراق هەڵبژاردنی پیشوەختەی بە رێگە چارە دانا. بەڵام دوای هەڵبژاردنە پیشوەختە کە لە 10/10/2021 ئەنجامدرا ئێراق لە دۆخێکی چەقبەستوی سیاسی مایەوە نەتوانر حکومەت پێکبهێنرێت سەرئەنجام روتی سەدر پاشەکشەی خۆی لە نوێنەرایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئێراق لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٢ راگەیاند، پاشەکشەی سەدریەکان دۆخەکەی بەشێوەیەک ئاڵۆزتر کرد، کە چارەسەرکردنی مەحال کرد، چونکە جوڵەی لایەنگرانی سەدر لەسەر شەقام دەستی پێکرد چ بە هەڵکوتانە سەر پەرلەمان و دواتر پاشەکشەکردن یان لە رێگەی نوێژی هەینی بە کۆمەڵ لە سەر شەقام، لە دوای ئەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی رێکەوتن لە سەر (محمد سودانی) وەک کاندیدی هاوبەشیان بۆ سەرۆک وەزیران قەیرانی هەڵکوتانە سەر باڵەخانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئێراق لە لایەن لایەنگرانی سەدرەوە دەستی پێکرد وا بۆ نزیکەی هەفتەیەکە چۆڵیان نەکردوە. قەرانەکەنا بەشێوەیەک ئاڵۆز بوە هەندێک لە چاودێران پیشبینی جەنگی هەڵگیرسانی شەری نێوخۆی نێوان شیعەی دەکەن.

سەرەرای ئەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختە بەشێک لە هێزە سیاسیەکان لێی دەترسن، لەگەڵ ئەوەشدا هەڵبژاردنی پیشوەختە رێگە چارە نیە، چونکە هێزە خاوەن بەرژەوەندیەکان ئامادەی هیچ سازشێک نین، بە پێچەوانەوە هەمانکاتدا ئاڵەنگاری گەورەتر بۆ ئێراقیەکان لە گەڵ خۆیدا دەهێنیت، چونکە دەرئەنجامەکانی هەرچیەک بێت هێزە ململانیەکەرەکان پێی رازی نابن و رێگە نادەن چارەسەری قەیرانەکانی پێ بکرێت بە بێ پاراستنی بەرژەوەندیەکانیان، وەك چۆن دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پیشوەختەی سالێ ٢٠٢١ ئەو قەیرانە سیاسیە ئالۆزەی ئێستای بە دوای خۆیدا هێنای.

ئامانجی سەدریەکانیش لە هەڵبژادنی پیشەوختە زیادکردنی دەنگەکانیەتی لە هەڵبژاردنی ئایندە ولاوازکردنی پێگەی جەماوەری نەیارەکانیەتی (هێزەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی)، بەڵام هەڵبژاردنە پێش وەختیە پەرلەمانیەکەی ساڵی ٢٠٢١ ئەوەی بە دەر خست ئەگەر چی سەدریەکان دەنگی یەکەمیان هەبوو لە ئاستی ئێراق، بەڵام هێزە رکابەرەکانی توانیان رێگری لێبکەن کە حکومەت پێک بهێنیت بە بێ ئەوان. لە لایەکی تریشەوە هێزە نەیارەکانی سەدر خاوەنی میلیشیایی سەربازین کە ئەمەش وا دەکات پێگەیان چەندە لە ئاستی جەماوەری لاواز بیت بەلام کاریگەریان هەبێت لە سەر دامەززراوەکان و لە لایەکی تریشەوە ئیرانیەکان لە رێگەیانەوە ئامانجەکانیان لە ئێراق بەدەست ئەهێنن، بۆیە پالپشتیان دەکەن، لە بەر ئەو هۆکارانە و هۆکاری تریش رێگە بە سەدر نادەن بە ئاسانی کۆنترۆڵی حوکمرانی ئێراق بکات.

ئەم وتارە دید و بۆچونی تایبەتی نووسەرەکەیەتی

PM:01:01:06/08/2022



ئه‌م بابه‌ته 92 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌