تیۆری فەوزای دروستکەر و دۆخی ئێراق

م. تەحسین وسو عەبدوڵڵا
نووسەر، ومامۆستای زانکۆ

بە شێوەیەکی گشتی، تیۆری فەوزای دروستکەر بۆ بارودۆخێک بەکار دێت کە دووبارە پێویستی بە بنیاتنانەوە بێت ئەویش کاتێک سیستەمێک غەرقی گەندەڵی و نادادی بووبێت. مێژووی بەکارهێنانی چەمکەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئەفلاتوون، کە بە ڕژێمە گەندەڵەکەی ڕەفاهیی دەگوت. لە سەردەمی ئێستادا، ئەم زاراوەیە بۆ ڕێکخستنەوەی بارودۆخی وڵاتانی عەرەبی بەکار دێت، کە لە ناواخنیدا بەرنامەیەکی نادیار و ئایندەیەکی ناڕۆشن و مەترسیداری هەڵگرتووە.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە سیاسەتی دەرەوەی خۆیدا، لە بەرامبەر وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سەردەمی جۆرج بۆشی کوڕەوە، بەتایبەت ئاراستەی پارێزگارە نوێیەکانی ئیدارەی ئەمریکا، بەشێوەیەکی بەرچاو کاری لەسەر ئەم تیۆرە کردووە. بە واتایەکی دیكە، بەشێک لە شرۆڤەکار و لێکۆڵەرەوان ستراتیژییەت و سیاسەتی ئەمریکای لەسەر بنەمای تیۆری فەوزای دروستکەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بنیات نراوە.

لە سەردەمی ئیدارەی بۆشی کوڕ، یەکەم کەس كە ئەم چەمکەی داڕشت (مایکل لیدن)ئەندامی چالاکی پەیمانگای ئینتەرپرایز و سەرپەرشتیاری گرووپی گۆڕینی ڕژێمەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو. ئەم پەیمانگایە بە قەڵای پاریزگارە نوێیەکان ناسرابوو کە وەک سەنتەرێکی گرنگ هەژمار دەکرا بۆ داڕشتنی بڕیارە گرنگەکان. پوختەی بیرۆکەی لیدن لەمبارەیەوە بریتی بوو لە کاولکاریی دروستکەر، کە سیمای سەرەکیی ئەو سەنتەرەی پێکدەهێنا، بۆ ئەوەی شۆڕشی کۆمەڵایەتی هەناردەی ئەو وڵات، یان کۆمەڵگایانە بکرێت.

سەرۆک بۆشی کوڕ لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی (ئەلعەرەبییە)ئاماژەی بەوە کردووە و دەڵێت: "ئەگەر دەتانەوێت لە روانگەی من لە سیاسەتی دەرەوە تێبگەن، ئەوا کتێبەکەی ناتان شارانسکی، کە بە ناوی (مەسەلەی دیموکراسی)یە، بخوێننەوە. شارانسکی لە بنەڕەتدا جوویەکی ڕووسییە و بۆ ئیسرائیل کۆچی کردووە، جارێک لە حکوومەتەکەی شارۆن کراوەتە وەزیر و بۆشی کوڕیش لە کۆشکی سپی لە چاوپێکەوتنێکیدا سەرسوڕمانیی خۆی بە بیرۆکەکانی دەربارەی پرسی فەوزای دروستکەر دەربڕیوە.

شارانسکی لە پەرتووکەکەیدا ڕاڤەی وردی بۆ تیۆری فەوزاری دروستکەر کردووە، پێشنیاری کرووە، ئەمریکا کێشەی، یان ناکۆکیی تایەفی/ مەزهەبی بەکار بێنێت، وەک هۆکارێک بۆ زاڵبوون بەسەر تەوەری شەڕ و بەرقەرارکردنی دۆخێکی دیكە کە جیاواز بێت لەگەڵ دۆخی پێشوو.

ئەم بیردۆزە لە ئێراق لەدوای نەمانی ڕژێـمی بەعس / سەدام حوسێن، یەکێک لە تایبەتمەندی و سیما هەرە دیارەکانی بریتی بووە لە هەڵایسان و خۆشکردنی ئاگری شەڕ و ناکۆکیی تایەفی لەنێوان مەزهەب و ئیتنیکە جیاوازەکان. ئامانجی سەرەکیی لەم جۆرە سیاسەتە بریتی بوو لە هەڵتەکاندنی بنەما کلاسیکییەکان، کە دەوڵەتی لەسەر دامەزراوە. بەم جۆرە ئەم تیۆرە ڕەگوڕیشەی لەنێو کۆمەڵگەی ئێراق داکوتا.

دیارترین نموونە، یاخود دەتوانین بڵێین دوا ڤێرژنی ململانێی تایەفی لە ئێراق، بریتییە لە ناکۆکیی نێو مەزهەبی شیعە، نەک نێوان مەزهەبی سوننە و شیعە. ئاماژەکانی ئەم جۆرە ململانێیەش پێمان دەڵێن، دەرەنجامەکان کاولکاریی زۆر زیاتر لە چەشنی ململانێیەکانی پێشووتر بەدوای خۆیدا دێنێت، بە جۆرێک، ئێستا ناکۆکی و ململانێییەکانی نێو تائیفەی شیعە لە لێواری شەڕێکدایە، کە ڕەنگە کۆتایی بەو دەوڵەتە بێنێت، کە لەدوای نەمانی ڕژێمی بەعس شیعەکان لە پڕۆسەی سیاسی خۆیان سەردار و دەستکراوە بوونە، بەڵام لێرەدا نابێت ڕۆڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران نادیدە بگیرێت، دەربارەی قووڵکردنەوەی ناکۆکییەکان لەنێو پێکهاتەی عەرەبی شیعە.

تاران لەدوای نەمانی ڕژێمی دەسەڵاتخوازی بەعس، ڕۆڵێکی نێگەتیڤی دەبینێت و لەپێناو چەسپاندنی پایەکانی هەژموونی خۆی، بەرنامەکانی خۆی لە ئێراق جێبەجێ دەکات، بە جۆرێک، ئێراقی کردووەتە گۆڕەپانی یەکلاییکردنەوەی ململانێیەکانی خۆی لەسەر ئاستی ئیقلیمی و تەنانەت جیهانیش.

ئێستا بووەتە گەورەترین کۆسپی بەردەم پڕۆسەی سیاسیی ئێراقە، چونکە هەموو ناکۆکییەکانی چ ئیتنیکی، یان مەزهەبی/ تایەفی بن، ئەوا ئێران بە ئاراستەی نەرێنی دەستی باڵای تیادا هەیە، بۆیە لە دوا هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەران لە ئێراق، کە لە ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوودا كرا، بەڵام بە حوکمی ئەوەی دەرەنجامەکان بە ویستی ئێران نەبوون، بە هیچ شێوەیەک نەیهێشتووە لایەنەکان بگەنە چوارچێوەی هاوبەش، بۆ ئەوەی کابینەی حکوومەت پێکبهێنرێت.

ئەم وتارە دید و بۆچونی تایبەتی نووسەرەکەیەتی

PM:03:17:18/09/2022



ئه‌م بابه‌ته 111 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌