ئێراق؛ وڵاتی نەگونجان و ئاڵۆزییەکان

م. تەحسین وسو عەبدوڵڵا
نووسەر، ومامۆستای زانکۆ

ساڵی ١٩٢١ ئەو ساڵە بوو کە وڵاتێک دروست کرا بە ناوی دەوڵەتی ئێراق، ئەم دەوڵەتە دروستکراوە دەرئەنجامی یەکەمین جەنگی جیھانی بوو، کە بەریتانیەکان لەپێناو بەردەوامیدان بە ھەژموونی خۆیان و بەبێ لەبەرچاوگرتنی ویست و ئیرادەی پێکھاتە جیاوازەکانی ھەردوو ویلایەتی بەغدا و بەسرەی سەر بە ئیمپراتۆیەتی دەوڵەتی عوسمانی خستە سەر یەک دەوڵەتەتێکی تازەیان دروست کرد، پاش چەند سالێکی کەم ویلایەتێکی تری ئیمپراتۆریەتی عوسمانیان لکاند بە سنووری دەوڵەتی ئەویش ویلایەتی موسڵ بوو، کە ئەم ویلایەتە تەواو جیاواز بوو لە ھەردوو ویلایەتەکەی تر بەمەش ئێراق بوو بە دەوڵەتێکی پڕ لە کێشە لە ناوچەکەدا.

توێژەرە سۆسیۆلۆژییەکان زۆر توێژینەوەی جیاوازیان لەسەر ئێراق ئەنجام داوە، بەشێکی لە توێژەرەکان بەو دەرئەنجامە گەیشتوون کە بارودۆخ و سروشتی کۆمەڵگەی ئێراق ھاوکار و یارمەتیدەرە بۆ بەرھەمھێنانی قەیران و ئالۆزی، ئەمەش پەیوەندیی بە ئالۆزیی پێکھاتە جیاجیاکانەوە ھەیە، بۆیە لەسەر ئەم بنەمایە ئەگەر سەیری مێژووی زیاتر لە ھەشتا ساڵی ڕابردووی ئێراق بکەین، ئەو ڕاستیەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە، لەبەر ئەوەی ھەر لە دوای دروستکردنی دەوڵەتی ئێراق ناسەقامگیری و قەیران لەگەڵ ناوی دەوڵەتی ئێراق بەستراوە، تەنانەت ئێراق بە دەوڵەتی کودەتا ناسرابوو لە ناوچەکە.

بە درێژایی مێژوو لایەنی فەمانڕەوا ئەوەندەی کاری لەسەر ئەوە کردووە کە لایەنەکانی تری نێو کۆمەڵگە پەراوێز بخات و بیانچەوسێنێتەوە ھێندە کاری لەسەر ئەوە نەکردووە کە بە چ شێوەیەک ئیدارەی دەوڵەت بکات تا وەکوو بتوانێ ئارامی لەنێو وڵات بەرقەرار بکات، بەمەش لەنێو پێکھاتە جیاوازەکانی ئێراق گرێیەکی سایکۆلۆژی دروست بوو بە شێوەیەک کە ھەر یەکێک لە پێکھاتەکان خەسڵەتی تۆڵەسەندنەوەی لەناو دەروونیدا بچەسپێت، ئەمەش زۆر بە ڕوونی لە ڕابردوو و تەنانەت لە ئێستاشدا ئەم خەسڵەتە بەدی دەکرێت لە ئێراق.

مێژووی سەد ساڵی ڕابردوو و بارودۆخی ئێستا سەلمێنەری ئەوەیە کە پێکھاتە جیاوازەکانی نێو ئێراق ناتوانن بەیەکەوە لەژێر دەوڵەتێکی یەکگرتوو و مەرکەزییدا بژین، چونکە دەوڵەتی ئێراق لە دەرئەنجامی بارودۆخێکی مێژوویی بەرھەم نەھاتووە، بۆ ھیچ کاتێ ڕەفتاری دەسەڵاتدار و فەرمانڕەواکانی ئێراق بەو ئاراستەیەکە نەبووە کە بەرەو دروستبوونی ھاوبەشی بێت لە دەسەڵات بەڵکوو ھەردەم ڕەفتارەکە بە شێوەیەک بووە کە باڵادەستیی لایەنێک لەسەر حیسابی لایەنەکەی تر بێت، ئەمەش دەرھاوێشتەی ئەوەیە کە ئێراق بە شێوەیەکی نائاسایی لەدایک بووە و لە دەرەوەی ئیرادەی تاکەکانی نێو دەوڵەت.

کاتێ ڕژێمی سەرەڕۆیی و ستەمکاری ئێراق لە دوای کۆتاییھاتنی شەڕی ھەشت ساڵە نێوان عێراق پەلاماری کوەیتی دا،لەبەرامبەردا ھێزەکانی ھاوپەیمانان بە سەرکردایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ھێرشێکی گەورەیان کردە سەر سوپای ئێراق و توانیان سوپا سەرکەشەکەی ئێراق تێک بشکێنن و بیگەڕێننەوە بۆ ناو خاکی ئێراق، ھەر لەو کاتەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گەیشتبووە ئەو بڕوایەی کە دەبێت ئەو ڕژێمە دیکاتۆرە لە ناوچەکە کۆتایی پێ بێنێت کە مەترسییەکی گەورەیە، بەڵام لەبەر کۆمەڵێ ھۆکاری بابەتی و زاتی پرۆسەکەی دوا خست.

تەنانەت لە ساڵی ١٩٩٩ ئیدارەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڕیاری ئازادکردنی ئێراقی دەرکرد، بەڵام ڕووداوەکانی ١١ی سێپتەمبەر بووە فاکتەری خێراکردنی کۆتاییھێنان بە ڕژێمی ستەمکاری بەعس لە ئێراق، ئەوە لە ٢٠٠٣ بە پاساوی ھەبوونی چەکی کۆکوژی کیمیاوی و پەیوەندیی ڕژێمی بەعس لەگەڵ ڕێکخراوی تیرۆریستیی قاعیدە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڕیارەکەی خۆی ھەمبەر ئێراق جێبەجێ کرد و ھێرشی کردە سەر ئێراق بە یارمەتیی ھێزە ھاوپەیمانەکان، بەمەش ساڵی ٢٠٠٣ بووە وەرچەخانێکی گەورە نەک تەنیا لە ئێراق، بەڵکوو لە ناوچەکەش کە ٢٠٠٣ کۆتاییھاتنی قۆناغێک و سەرەتای ھاتنەکایەی قۆناغێکی تر بوو لە ئێراق.

بۆیە بە شێک لە شارەزایان و توێژەران گەشبین بوون بەوەی کە ئێراق بەرەو دیموکراسی و سەقامگیری دەچێت، بەڵام وا دیار بوو زۆر بە باشی بارودۆخی ناوخۆی ئێراقیان لە ڕووی کۆمەڵایەتی، کولتووری، سیاسی، ڕۆشنبیری و ئابووری دیراسە نەکردبوو، بۆیە ئەو ئومیدەی ئەوان تەنیا لە چوارچێوەی تیۆر و بیری خۆیان مایەوە و لە بواری کرداری و واقیعی لە ئێراق شوێنی جێبەجێ نەبوو، تەنانەت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش دوای ٢٠٠٣ چەند پرۆژە و پێشنیاری جیاوازی خستە ڕوو جا چ لەلایەن خودی ئیدارەی ئەمریکا یان توێژەر و ئەکادیمیستەکانەوە بێت.

بەڵام سەرجەمیان شکستیان ھێنا و نەیانتوانی لە ئێراق جێبەجێی بکەن، بۆیە لە دوای ٢٠٠٣ەوە ئێراق بەرەو ڕووی بارودۆخێک بووەتەوە کە بە ناکۆکی و شەڕی تائیفی و مەزھەبی ناودێر دەکرێت کە دەرئەنجامەكەی بوویتە ھۆکاری گیان لەدەستدان ھەزاران ھاووڵاتیی مەدەنی، کەواتە بە ڕووخان و نەمانی ڕژێمی بەعسی دیکتاتۆر ئێراق سەقامگیر و ئارام نەبوو، بەڵکوو زیاتر نوقمی کێشە و ئالۆزیی وەها بوو کە بە ھیچ شێوەیەک ئێراق بەو فۆڕم و پێکھاتەی کە ئێستا دەبینرێت سەقامگیری بە خۆوە نەبینێت، بەمەش ھەموو ئەو ھیوا و ئومێدەی لە دوای ٢٠٠٣ەوە ھەبوون لەگۆڕ نران.


ئەم وتارە دید و بۆچونی تایبەتی نووسەرەکەیەتی

PM:02:45:09/01/2022



ئه‌م بابه‌ته 153 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌