کۆدی جیۆپۆلیتیک و سیاسەتی دەرەوە

م. تەحسین وسو عەبدوڵڵا
نووسەر، ومامۆستای زانکۆ

ئەگەر بێینە سەر باسکردنی کۆدی جیۆپۆلیتیک بە پێی ناساندن و تێڕوانینی کۆلن فلینت (Colin Flint)؛ " کۆدی جیۆپۆلیتیک بریتییە لەو هەڵوێستەی کە وڵاتان وەریدەگرن لەبەرامبەر جیهان" یان ئەو شێوازەی، وڵاتێک خۆی بەرەو جیهان ئاڕاستە دەکات بە کۆدی جیۆپۆلەتیکی هەر وڵاتێک لە جیهاندا کۆدی جیۆپۆلەتیکی خۆی پێناسە دەکات، کە  پێنج ئاماژەی سەرەکی لە خۆدەگرێت؛ 

هاوپەیمانەکانی ئێستا و شاراوەکانمان کێن؟

نەیارەکانی (دوژمنەکان)  ئێستا و شاراوەکانمان کێن؟

چۆن دەتوانین هاوپەیمانەکانمان بپارێزین و زیادیان بکەین؟

چۆن دەتوانین لەبەرامبەر نەیارەکانمان و ئەو هەڕەشانەی کە بەرەو ڕوومان دەبنەوە بووەستین؟

ئەو چوار خاڵەی کە دیاریمان کرد وەک ئامانج، چۆن دەتوانین بۆ خەڵکی خۆمان و کۆمەڵگەی جیهانی نیشان بدەین بە شێوەیەکی مەشروع و ڕەوا.؟

هەروەک ئاشکرایە لە مێژووی سیاسی نێودەوڵەتییدا وڵاتان بۆ ئەوەی بگەن بەو پێنج ئامانجە هەموو ئامرازێک بەکاردێنن. لە رووانگەی کۆدی جیۆپۆلیتیکیەوە هەر یەکە لە مێژوو، کلتوور، زمان، ئایدۆلۆژی و ئایین لە پێناو دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییە ژیارییەکانی دەوڵەت وەکو ئامراز بەکاردەهێرێن. لەسەردەمی مۆدیرندا وڵاتان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی گەشەپێدانی هاوکاری و هەماهەنگی هاوبەش چەمکەکانی "ستراتیجی هاوبەش"، "پەیوەندی تایبەت"، "هاوپەیمانی بڕوا پیکراو" و "وڵاتی دۆست" بەکاردەهێندرێن. ئەگەر چەمکی "نەیار" لەلایەن دروستکەرانەوە بە دەگمەن بەکاربهێندرێت، ئەوا بۆ زیادکردنی هاوپەیمانان سوود لەم چەمکە وەدەگیرێت. لەسەردەمی جەنگی سارد "مەترسی کۆمۆنیزم" کە لەلایەن ئەمریکاوە بەکارهێنراوە و دوای رووداوەکانی ١١ی سپتێمبەریش دەرکەوتنی چەمکی "شەری دژە تیرۆر" کە لە ڕاستیدا لە سایەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی زیاتر گەشەی پێدرا و بڵاوبوویەوە. ئەم چەمکانە لە هەمان کاتدا ڕەوایەتی دا بە ئەمریکا بۆ ئەوەی دەستوەردان بکات لە کاروباری وڵاتان. 

بەشێوەیەکی گشتی هەر وڵاتێک بۆ ئەوەی شەرعیەت بە کردەوەکانی خۆی بدات لە سیاسەتی دەرەکی چەمکی "بەرژەوەندی نەتەوەیی" بەکاردەهێنێت. لەهەمان کاتدا چەمکەکانی وەک "ناسیۆنالیزم" و "کۆمۆنیزم"، ئایدۆلۆژی و تایبەتمەندی دینی بەم شێوەیە بەرهەمهێنانی بۆ کراوە. لە ڕووانگەی جیۆپۆلیتیکیەوە لە مێژوودا هەموو ئەو جەنگانەی بەهۆی هۆکاری ئایین یان ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراو بەرپاکراون لە بنەڕەتدا یان جەنگی بەرژەوەندی دەوڵەتەکانە یانیش جەنگی گروپەکانی نێو سنوری دەوڵەتێکن. لە دەرئەنجامدا جیۆپۆلیتیک دوو پایەی سەرەکی هەیە: ئەوانیش جوگرافیا و سیاسەتن. کاتێک کە دەلێین کۆدەکانی جیۆپۆلیتیکی سیاسەتی دەرەوەی دەوڵەتێک لەلایەکەوە مەبەستمان پێی ئەو سیاسەتەیە کە وڵاتێک بەگوێرەی شوێنی جوگرافی دایدەڕێژیت، لەلایەکی تریشەوە مەبەستمان پێی ئەو سیاسەتەیە بەرهەمی دێنێ، لەسەر ئاستی ململانێی هێزە هەرێمییەکان. لە راستیشدا  سیاسەت هەر بە مانای ململانێی هێز دێت. لە ڕووانگەی ململانیی هێزەوە هەر یەکە لە ئامرازەکانی بەرفراوانی شوێنی جوگرافیا، دەوڵەمەندی لە سەرچاوەکان، نفوس (دانیشتوان) و سوپا گرنگن. هەموو وڵاتێک کۆدێکی جیۆپۆلەتیکی تایبەت بە خۆی هەیە بۆ زۆرێک لە وڵاتەکان، ئەگەر تەنیا نەبێت، خەمی دراوسێ ڕاستەوخۆکانیانە؛ ئایا دۆستن یان دوژمنن، ئایا بازرگانی زیاد دەکات یان هێرشکردنە سەر دراوسێکەی کێشەکە؟ بەڵام هەندێک لە وڵاتان کار دەکەن بۆ پەرەپێدانی کۆدێکی جیۆپۆلەتیکی ناوچەیی کە کاریگەریان هەیە لە دەرەوەی دراوسێ ڕاستەوخۆکانیان ژماردنی چین بۆ فراوانکردنی کاریگەری لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا نموونەیەکی بەرچاوە. هەندێک وڵات کۆدی جیۆپۆلەتیکی جیهانییان هەیە سەرکردەکانی جیهان لەم ڕووانگەیەوە ڕۆلی بریکارێکی سەرەکی دەبینن.

تەحەدایەک بۆ دەسەڵاتەکەیان لە هەر شوێنێکی جیهان پێویستی بە وەڵامدانەوەی خێرا هەیە، چونکە شەرعییەتی دەسەڵاتیان لەسەر بنەمای گەیشتنی جیهانیانە لە لایەکی ترەوە، سەرکردایەتی جیهان پێویستی بە وزەی دیبلۆماتی زۆر  هەیە بۆ دڵنیا بوون لەوەی کە وڵاتەکان لە ناو کارنامەی سەرکردەی جیهاندان هەر هەوڵێک لەلایەن وڵاتێکی ترەوە بۆ دروستکردنی کۆدێکی جیۆپۆلەتیکی جیهانی وەک تەحەدایەک بۆ سەرکردەی جیهان لێکدەدرێتەوە کاریگەری یەکێتی سۆڤیەت لە نێو ئەفریقا و کاریبی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا لە ماوەی جەنگی سارددا نموونەیەکی مێژووییە کە چۆن شەڕکردن بەشێک بووە لە دوو کۆدی جیۆپۆلەتیکی جیهانی پێشبڕکێکار لە نێوان دوو بلۆکی دژ بەیەک لەسەر ئاستی جیهان.

هەرچەندە دەتوانین هێز و کاریگەری وڵاتێک لە ڕێگەی دیاریکردنی کۆدی جیۆپۆلەتیکی خۆی وەک لۆکالی، ناوچەیی، یان جیهانی جیابکەینەوە، بەڵام ئەوە هەڵەیە کە کۆدەکانی جیۆپۆلەتیکی لۆکالی لە چوارچێوەی جیۆپۆلەتیکی جیهانی بەراورد بکرێت. بۆ نمونە بڕیاری "هەنگاریا" بۆ پەیوەست بوون بە ناتۆ، حسابی تێوەگلاوە دەربارەی ڕەگەزی "هەنگاریا" لە وڵاتانی دراوسێ و هەڕەشەی داهاتوو لە ڕووسیا بەڵام هێشتا لە چوارچێوەی دەسەڵاتی جیهانی و ئەجیندای ئەمریکادا بوو. هەنگاریا گۆڕانکارییەکانی لە چوارچێوەی جیۆپۆلەتیکی جیهانیدا بینی، چونکە ڕابەری جیهان دەسەڵاتی خۆی لە ئەورووپادا بە ڕووخانی یەکێتی سۆڤییەت بەستەوە، وەک دەرفەتێک بۆ بەرەوپێشبردنی ئاسایشی خۆی. هەمان بیرۆکەیە دەتوانرێ لە کۆمارەکانی ئاسیای ناوەڕاست بەدی بکرێت لە جەنگی تیرۆریزمیان قۆستەوە بۆ دەستەبەرکردنی یارمەتی سەربازی لە ئەمریکاوە. جیۆپۆلیتیک هەڵسوکەوتی عەقلانی دەوڵەتان وەک ئەکتەرێک پەسەند دەکات. لە قوتانخانەی "ریالیزم" بەکارهینانی چەمکی (Raison d, etat) کە وشەیەکی فەرەنسیە بە مانای عەقلی دەوڵەت دێت، بەگوێرەی ئەمەش ڕژێمەکان لە بەڕێوەبردندا بە هەمان شێوە هەڵسوکەوت دەکەن. بۆ نموونە جیاوازییەکی ئەوتۆ نابینرێت لە سیاسەت دەرەوەی نێوان ڕووسیای قەیسەری و ڕووسیای سۆڤییەتی، هەردوو دەوڵەت لە ناوچەی ئۆراسیادا کاریان کردووە بە گوێرەی پێداویستی کۆدەکانی جیۆپۆلیتیک. بە مانایەکی تر؛ شوێنی جیۆپۆلیتیکی ڕووسیایە کە ناچاری کردووە بەهەمان شێوە سیاسەتی دەرەوە جێبەجێ بکات. 

لەسەر بنەمای ئەم تێگەیشتنەش پسپۆرانی بواری جیۆپۆلیتیک لەو بڕوایەدان کە گروپێکی نهێنی دەوڵەت بەڕێوە دەبەن، ئەم گرووپەش بە "دەوڵەتی قووڵ" یان "دەوڵەتی پارالێل" ناودەبرێت. ئامانجی دەوڵەتی پارالێلیش ئەوەیە کە لەڕێگای بەکارهێنانی هەموو ئامرازەکانەوە داهاتووی دەوڵەت بپارێزێت،  هەژموون و نفوزی خۆی زیاتر دەکات. لەم ڕووانگەیەشەوە بنەماکانی ئایدۆلۆژی، ئایین، کلتوور، زمان، شارستانییەت، هاوپەیمانی، برایەتی و ناسیۆنالیزم هەموو ئەمانە لە پێناو بەرژەوەندی باڵای دەوڵەت یان داهاتووی دەوڵەت وەک ئامرازیک بەکاردەهێندرێت. بەمانایەکی تر، عەقڵی دەوڵەت یان دەوڵەتی قووڵ هیچ بەها و نرخ، مەعنەوییەت و پیرۆزی ناناسێت و بۆ بەرژەوەندی دەوڵەت هەموویان پێچەوانە دەبنەوە. بەم شێوەیە ڕیالیزم سیاسەتی دەرەوە لە ڕووانگەی سیاسەتی ناوخۆ بەرژەوەندییەکانی دەوڵەت بە بەرژەوەندی نیشتیمانی ناودەنێت لە پێناو دەستەبەرکردن و هێنانەدی مەشروعیەت. بە گوێرەی پسپۆرانی بواری جیۆپۆلیتیک گشت وڵاتان هەر لە کۆنەوە بەم شێوەیە هەڵسوکەوتیان کردووە و لەسەر هەمان شێوەش بەردەوام دەبن. 

پەراوێزەکان:

1.Colin Flint, Introduction to Geopolitics, Routledge the Taylor & Francis Group, 2006.

2.دینموحەمەد ئامێد بەک، کۆدەکانی جیۆپۆلیتیکی سیاسەتی دەرەوەی ئێران، وەرگێڕان:تەحسین وسو عەبدوڵڵا، لە بلاوکراوەکانی سەنتەری دیراسات و توێژینەوە و ئەکادیمیای پارتی دیموکراتی کوردستان، ٢٠٢١.

ئەم وتارە دید و بۆچونی تایبەتی نووسەرەکەیەتی

PM:05:26:30/12/2021



ئه‌م بابه‌ته 150 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌