ئایا خەمۆکی کار دەکاتە سەر قەبارەی مێشک؟

سۆزان جەمال
نووسەر

خەمۆکی، نەخۆشییەکی دەروونیی ڕاستەقینەیە، تەنیا دڵتەنگییەکی کاتی نییە کە بە تێپەڕبوونی کات و گۆڕانی بارودۆخ بڕەوێتەوە. کاریگەرییەکانی خەمۆکی بۆ سەر تەندروستی بە گشتی زۆرن، لێرەدا ئاماژە بە کاریگەرییە خراپەکانی دەدەین بۆ سەر مێشک.
درێژەکێشانی خەمۆکی و چەندبارەبوونەوەی، یان فەرامۆشکردنی بۆ ماوەیەکی درێژخایەن و وەرنەگرتنی چارەسەر، کاریگەریی مەترسیداری بۆ سەر مێشک هەیە. یەکێک لەوانە کاریگەریی خراپیەتی بۆ سەر قەبارەی مێشک. چەند توێژینەوەیەک لەم بارەیەوە ئاماژە دەدەن بە چوونەوە یەکی مێشک لەو نەخۆشانەدا کە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن خەمۆکییان هەبووە.

هایپۆکەمپەس، یەکێک لەو بەشانەی مێشکە کە لە کاتی خەمۆکیدا زۆرترین زیانی بەردەکەوێت، ئەم بەشە لە پڕۆسەی فێربوون و یادەوەریدا گرنگە و هەروەها بەستراوە بە بەشی دیکەی مێشکەوە کە کۆنترۆڵی سۆز و هەڵچوونەکان دەکەن. هەر لەبەر ئەوەشە ئەو کەسانەی خەمۆکییان هەیە، یان بۆ ماوەی درێژخایەن هەیانبووە، تووشی لەبیرچوونەوە دەبن، یان لە ڕووی سۆزداری و پەیوەندییەوە بەردەوام کێشەیان دەبێ. هاوکات ئەم بەشە کاردانەوەی بۆ سەر ئەو هۆرمۆنانە هەیە کە پەیوەندییان بە دڵەڕاوکێ و فشارەوە هەیە.
بەشێکی دیکەی مێشک کە بە هۆی خەمۆکییەوە بەر زیان دەکەوێ، ناوچەوانە توێکڵی مێشکە، ئەم بەشە ڕۆڵی هەیە لە پڕۆسەی بیرکردنەوە و پلانداناندا. هەر لەبەر ئەوەیە ئەو کەسانەی کە تووشی خەمۆکی بوون، ناتوانن وەک کەسانی ئاسایی بیر بکەنەوە و ژیانی خۆیان بەڕێوەبەرن.

هەروەها بچووکبوونەوەی مێشک بە هۆی خەمۆکییەوە، چەندەها نیشانەی هەیە وەک: کێشەی یادەوەری، کێشەی بیرکردنەوەی دروست، هەستکردن بە گوناه، دڵەڕاوکێی بێ هۆ، نائومێدی و ڕەشبینی، کێشەی نووستن (خەوی زۆر، یان خەوزڕان)، ئارەزووی خواردن (زۆرخۆری، یان نەبوونی ئارەزووی خواردن)، سستی لە چالاکی جەستەیی، کەم قسەکردن، یان قسەکردن بە خاوی و بێحەوسەڵەیی، هەروەها هەوکردنی خانەکانی مێشک، هەرچەندە ئەستەمە ئەوە یەکلایی بکرێتەوە، هەوکردن یان خەمۆکی کامیان لە پێشتردا ڕووی داوە و بووەتە هۆکار بۆ ئەوی دیکەیان.
هەر کامێکیان بێ پشگوێخستنی ئەم هەوکردنە، زیانی گەورە بە خانەکانی مێشک دەگەیەنێ، یان بە تەواوی لەناویان دەبات، یان ڕێگە دەگرێ لە گەشەکردنی خانەی نوێ و یارمەتیدەر دەبێ لە زوو پیربوونی مێشک. بێگومان بە شێوەیەکی دیاریش نەخۆش کێشەی دەبێ لە کرداری بیرکردنەوە و دەربڕین و بڕیارداندا.
سەبارەت بە وەڵامی ئەو پرسیارەش ئایا ئەم گۆڕانانە هەمیشەیی دەبن یان کاتی؟ ئایا لەگەڵ چارەسەرکردنی خەمۆکیدا قەبارەی مێشک وەک پێشتری لێ دێتەوە؟
لە ڕاستیدا زاناکان هێشتا نەیانتوانیوە وەڵامێکی یەکلاییکەرەوەیان بۆ ئەم پرسیارە هەبێ. وەلێ پێویستە گەشبین بین بەرامبەر بەو پێشکەوتنە زانستییەی لە بواری چارەسەرکردن و دەرمانسازییدا بەردەوامە. شارەزایان خۆشیان هیوای گەورەیان هەیە کە چارەسەرکردنی خەمۆکی ڕێگر بێ لە تێکدانی خانەکانی مێشک بە هەمیشەیی و بچووکبوونەوەی قەبارەکەی. ئەوەی ئێستا تا ئاستێکی زۆر لێی دڵنیان ئەوەیە ئەگەر خەمۆکی زوو چارەسەر بکرێ، ئەوا کار ناکاتە سەر قەبارەی مێشک.


ئەم وتارە دید و بۆچونی تایبەتی نووسەرەکەیەتی

PM:12:42:14/01/2022



ئه‌م بابه‌ته 89 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌