ڕێژەی دڵەڕاوکێ ڕۆژبەڕۆژ بەرزتر دەبێتەوە

سۆزان جەمال
نووسەر
توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەدەن، کە مرۆڤ لەم سەردەمەدا زیاتر لە سەردەمەکانی پێشوو لە ژیانیدا هەست بە (سترێس) دڵەڕاوکێ و گرژی دەکات و ڕێژەکەش ساڵ بە ساڵ زیاتر دەبێ. یەکێک لەو توێژینەوانەی لە زانکۆی پینسلڤانیا لە ئەمەریکا ئەنجام دراوە، ئاماژە بەوە دەکات، کە خەڵکانی تەمەن نێوان 40 بۆ 65 ساڵ، لە نەوەدەکاندا کەمتر هەستیان بە دڵەڕاوکێ کردووە، بە بەراورد بە هەمان تەمەن لە دوو هەزارەکاندا.

هۆکاری ئەمەش دەگەڕێننەوە بۆ ئاڵۆزبوونی ژیان. ئەو نەوەیە لەسەر زۆربەی ئاستەکانی ژیان لە دوو هەزارەکاندا ڕووبەڕووی گۆڕانی گەورە بوونەوە، لەگەڵ بەرەوپێشچوونی تەکنەلۆژیا، بەرپرسیارێتیی ئەم نەوەیە زیادی کرد؛ لەلایەک بەرامبەر بە منداڵەکانیان کە داواکاریی زۆرتریان هەبوو بە بەراورد بە منداڵانی نەوەی سەردەمی نەوەدەکان، لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسیارێتییان بەرامبەر بە باوانی خۆیان زیاتر بوو، چونکە ڕێژەی بەساڵاچووانیش بەرز بووەوە.

سەرباری هەموو ئەمانەش، نەوەی سەردەمی دوو هەزارەکان خۆیان ناچار بوون، کە هەوڵی زیاتر بدەن بۆ خۆپێگەیاندن و ڕاهاتن لەگەڵ تەکنەلۆژیا و سیستمی نوێی بەڕێوەبردنی کار لە زۆربەی شوێنی کار و فەرمانگەکاندا. ئەمە بەگشتی لەسەر ئاستی جیهان، بێگومان لە کوردستانی خۆشمان خەڵکی بە هەمان ئەم قۆناغانەدا ڕۆیشتوون و هەمان دۆخی دڵەڕاوکێیان تاقی کردووەتەوە.

وێڕای ئەو دڵەڕاوکێیانەش، کە بەهۆی هەلومەرجی سیاسی و ئابووری و کولتوورییەوە بۆ خەڵک دروست بوون، لەگەڵ کەمێک هێوربوونەوەی دۆخەکان و سەقامگیربوونی ژیانی خەڵک (بێگومان بەگشتی دەڵێم، نەک لە کوردستان) سەردەمێکی تازە و بە جۆرێکی تازە لە دڵەڕاوکێ دەستی پێکرد، کە ئەویش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و کەرەنتینە و ڤاکسینی دژی نەخۆشییەکە بوو.

بەگشتی، خەڵک لە سەرتاسەری دونیادا تووشی جۆرێکی نوێی دڵەڕاوکێ بوو.

بە شێوەیەکی ئاسایی، ئەگەر خەڵک ژیانێکی ئارام و سەقامگیریان هەبێ، کەمتر هەست بە دڵەڕاوکێ دەکەن. دڵەڕاوکێ کاتێ دروست دەبێ کە مرۆڤ لە شتێ دەترسێ ڕوو بدات، بۆ نموونە، لە کاتی فشاری ئابووریدا، خەڵک دەترسێ کرێی خانووی پێ نەدرێ، یان نەتوانێ خەرجیی خێزانەکەی بە باشی بکات.

لە کاتی تێکچوونی باری تەندروستی، خەڵک دەترسێ تووشی نەخۆشییەکی کوشندە ببێ، یان لە لەدەستدانی ئەندامێکی خێزانەکەی دەترسێ، کە نەخۆش کەوتووە. لە کاتی ڕوودانی گرژی لە پەیوەندییە سۆزدارییەکانیش، خەڵک تووشی دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی دەبن، چونکە لە دەرنجامی تێکچوونی پەیوەندی و جیابوونەوە و بەرپرسیارێتیی ماڵ و منداڵ دەترسن.

مەرج نییە هەموو کات هۆکاری دڵەڕاوکێ شتێکی خراپ بێ، هەندێ جار ڕوودانی گۆڕان لە شێوازی ژیان، وەک چوونە ناو پەیوەندییەکی نوێ، یان دەستپێکردنی کارێکی تازە، ئەمانەش هەر بۆ ماوەیەکی کاتی دڵەڕاوکێ دروست دەکەن. واتە بەزۆری دڵەڕاوکێ کاتێ دروست دەبێ کە ئەو دۆخە هاوسەنگە تێک دەچێ، کە تاک لەسەری ڕاهاتووە. ئەمە تا ئاستێك ئاساییە و لە ژیانی هەریەکەماندا چەندبارە دەبێتەوە، وەلێ ئەوەی ئاسایی نییە، مانەوەیە لەسەر ئەو دۆخی دڵەڕاوکێیە و ڕاهاتنە لەگەڵیدا.
لە وتارەکانی داهاتوودا باسی کاریگەرییەکانی دڵەڕاوکێ بۆ سەر دەروون و جەستە و چۆنیەتیی ڕووبەڕووبوونەوەی دڵەڕاوکێ دەکەین.

ئەم وتارە دید و بۆچونی تایبەتی نووسەرەکەیەتی

PM:02:38:25/11/2021



ئه‌م بابه‌ته 96 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌