دوای هەڵبژاردن چی بکرێ

هیوا ئەحمەد مستەفا
نوسەر

هەڵبژاردن لە وڵاتەدیموکەسیەکاندا عورفێکی سیاسیە و حوکمڕانی وڵاتانی لەسەر بنیاد دەنرێ.

لە ئێراقی تازەشدا، واتا ئێراقی دوای (سەدام حسێن) سیستەمی وڵات بەشێوەیەکی مۆدێرن و بەبژاردە و خواستی دانیشتوانەکەی (دیموکراسی و فیدراڵی) بۆ بڕیادرا و لە ساڵی ۲٠٠٥ لە ڕاپرسی گشتیدا کە زیاتر لە سەدا هەشتای ئێراقیەکان دەنگیان پێیدا، ئەو شێوازەش لە دەستورێکی هەمیشەییدا جێگیر کراو هەرێمی کوردستان بەفەرمی دانی پێدانرا و بەشێکی زۆر لەمافەکانی (نەتەوەی کورد)یش وەک دووەمین و هاوبەشی سەرەکی لەئێراقدا تێیدا دەستەبەر کران. ژمارەیەک کێشەش کە کێشەی زەوی و خاک و نیشتیمانن بەشێکن لە مبادئی نەتەوەییمان بە هەڵواسراوی مانەوە و لە ماددەی (٥۸)ی مەجلیسی حوکمەوە خرانە ناو مادەی (۱٤٠) ی دەستوورەوە و ماوەیەکی بۆ دانرا دەبوایە لەمێژبوایە هەنگاوی چارەسەری بۆ بهاوێژرا بوایە.

لە ئێستادا دوو هەفتەیە خولی پێنجەمی هەڵبژاردنەکان ئەنجومەنی نوێنەرانی ئێراق ئەنجام دراوە، تا ئێستا هیچ ڕۆشناییەک بۆ ئەوە نیە بەو زوانە کابینەی تازەی حکومەتی ئایندەی ئێراق دروستبکرێت.

ئەوەش بۆ زۆر هۆکار دەگەڕێتەوە، لە ناویاندا بە کرۆکترین و جەوهەری ترینیان دەرنەچوونەوە، یان زۆر کەم کردنەوەی ڕێژەی زۆری کورسیەکانی شیعەکانە ئەو ۱۸ ساڵەی ڕابردوو ئەوان حوکمی ئێراقیان بەدەستەوە بووە و لەو هەڵبژاردنەدا جەماوەری دەنگدەری ئێراق پەیامی خۆیان بە گوێچکەی دونیا گەیاند کە (شیعە) لە حوکمی ئیدارەدانی دەوڵەتی تازەدا سەرکەوتوو نەبووە.

ئەو پەیامە پێ ناچێ هەروا بەئاسانی لەلایەنی زیان مەدەوە پەسەند بکرێ ، بۆیە شانۆی سیاسی ئێراق چاوەڕوانی زۆرێک لە کێشەو بەردەی لێدەکرێ.

بەتایبەتی ئەو گروپە شیعانەی کە توند ڕەو بوون و لای شەقامی سیاسی سەر بە ئێران ناسراون خاوەنی هێزە زۆر و زەبەندە کانی چەکداری حەشدی شەعبین و دەیان فڕۆکەی شەڕکەر و کۆپتەر و ئەبرامز و چەکی قورسی جۆراو جۆریان لەبەردەستدایە، ئەوان زۆر زیان بەر کورسیەکانیان کەوتووە ، بەردەوام هەڕەشەی قبوڵ نەکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەکەنلە بەرامبەردا تاڕاددەیەک سوننەکان شیعەی خۆ بەئێراقی زانی وەک تەیاری سەدری کورسیەکانیان زیادی کردووە.


لە هەرێمی کوردستانیش پارتی دیموکراتی کوردستان، کوردسیەکانی زیادی کردوو هەندێ حزبی تریش یەکجاری بۆ ئەم هەڵبژاردنە یان هەڵوەرین یان یەک پنجەوە گیرساونەتەوە!

لە ئیستادا ئەوەی شەقامی کوردی چاوەڕوانی دەکات ئەوەیە کە حزب و لایەنە سیاسیە کوردستانیەکان بە خیتابێکی سیاسی یەکگرتوو بچنە بەغدا و یەکڕیزی سیاسی هەرێمی کوردستان گەلی کوردبپارێزن.

یەکێک لەو ئەرکانەی خەڵک چاوەڕوانی لە ئەندام پەڕلەمانەکانە دەرچوەکان دەکات، پێداگریە لەسەر چەسپاندنی بەندەکانی دەستوور و پاراستنی هەموو ئەو مافانەی کە تێیدا بۆهەرێمی کوردستان دیاری یان دەستەبەر کراونگرنگی دانی زۆرتر بە ماددەی ۱٤٠ کە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەگرێتەوە.

هەروەها دروستکرنی پەیوەندیەکی باش بەناوی کوردستانە وە لەگەڵ (عەرەب/ سوننە و شیعە)وە لەگەڵ تورکمان و مەسیحی و هەموو ئەوانەی لەپەرلەمانی ئێراق کورسیان هەیە.پەرلەمانتارەکانمان دەتوانن هەوڵی توند ترکردنی پەیوەندی لەگەڵ سەرۆکایەتی و ئەنجومەنی وەزیران بدەن و کارێک بکەن ڕای باش لەسەر پڕۆژە و بڕیار و بەرکەوتەکانی هەرێمی کوردستان بدەن، هەموو ئەو بەرکەوتە و مافانەی کەتێکڕای سێکتەرەکان دەگرێتەوە .

ئەوەی مایەی نیگەرانیە ۱ـ۲ حزب بەحەجمی بچوک یان ناوەندی خۆیانەوە لە ئێستاوە بانگی ترازانی ئەو یەک دەنگیە دەدەن، دەڵێن لەهیچ کۆدەنگیەکدا نابین کە پارتی و یەکێتی تێدا بەشداربێت، ئەوەش بەزەرە بۆ خۆیان و بۆ هەموو گەلی کوردستان دەشکێتەوە.خۆ ئەگەر پەیامی ئێستایان تەنها ئەوەبێ کە گەرمەتای هەڵبژاردن بەری نەدابن، ئەوە بۆ زەمەنێکی کورت ئاساییە، ئەگەرنا باش نیە و خۆشیان پێویستە ڕابردووی هەڵوێستی ئەو پەڕلەمانتارانەیان لەبیرنەچێتەوە کە لە بەغداوە گروپی (هیوا) و شتی تریان دروستکرد و سەرئەنجام وەک ئەوەی ئەوان پێیان وابوو هەرچی دژی پارتی و یەکێتی بێت دەنگ دێنێ، پێچەوانە بۆوە و وادەرنەچوو، کورسیەکانی پێشوتری خۆیان تێدا دۆڕاند.

ئەوەش مانای ئەوە دەدات کە کارە هاوبەشە دەستە جەمعیە نەتەوەییەکان نابێ بەهیچ پاساوێک بکرێنە قوربانی مەرامی سیاسی حزبی و قۆستنەوەی شەقامی ناڕازی ناوخۆیی، چونکە ئەوە دوو بابەتی لێک جیاوازن.

لە ئیستادا لەسەر ئێمەی پارتیەکان بووبە ئەرک کە دەبێ زۆرتر لەجاران لە ناوخەڵکدا بین و خۆشی و ناخۆشی خەڵک بە هی خۆمان بزانین و بەردەوام داخوازیە ڕەواکانی خەڵک بە حکومەت و سەرکردایەتی سیاسی بگەیەنین و هەوڵبدەین ڕاستیەکان وەک خۆیان مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێ و خۆمان پێ لە خەڵک گەورەتر نەبێ، دەبێ جەماوەر لەسەرووی خۆمان دانێین و بەرژەوەندی ئەوان واتا پاراستنی ئەو کورسیانەی بەدەست هاتوون و وەفاداری بۆ دەنگدەرانمان نیشان ئەدات.

بۆ ئەوەی بۆ هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان ڕێژەی بەشداربوون زۆرتر بێت و پارتی وەک هەمیشە دەنگی یەکەم بێت، هەموو ئەو پڕۆژە خزمەتگوزاریانەی بڕیاریان لەسەر دراوە بخرێنە بواری جێبەجێکردن و ڕەوشی بازاڕ و ژیانی هەوڵاتیان لە هەموو بوارەکاندا باشتر بکرێ کە هەر ئەوەش لە حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوان دەکرێ.


ئەم وتارە دید و بۆچونی تایبەتی نووسەرەکەیەتی

PM:02:43:25/10/2021



ئه‌م بابه‌ته 150 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر